هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

کاک نەوشیراون مستەفا لە کتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا (ل 122-124) باس لە جاوپێکەوتنەکەی دەکات لەگەڵ رۆژنامەی لۆمۆدی فەرەنسی:
” پارتی سۆسیالستی فەرەنسی لە رۆژانی 3 هەتا 5 ی مانگی ئەپریلی 987 لەشاری (لیل) کۆنفرەنسی ئەبەست. یەکیتی یش بۆ ئەو کۆنفرانسە بانگ کرابو. بۆ ئەو مەبەستە چوم بۆ پاریس و لەگەل ئەحمەد بامەڕنی چوین بۆ (لیل). پارتی سۆسیالیست لەناو ڕێکخراوە کوردییەکاندا حدکا یان بانگکردبو. دکتۆر قاسملۆ بەشداربو. وەفدێکی حیزبی بەعسی عیراق یشیان بانگ کردبو. بەعسیەکان ئیعترازیان گرتبو لەسەر بەشداربونی ئێمە، کار بەدەستانی پارتی سۆسیالیست گۆییان نەدایە ئیعترازەکەیان. هەلێکی باش بو بۆ بینینی زۆر لە نوێنەرانی پارتیە سۆسیالیستەکانی ئەوروپا، کە ئەو کاتە هەندیکیان لەسەر حوکم بون.
لەو سەفەرەی پاریس دا دوو گفتوگۆم کرد: یەکێکیان لەگەڵ ڕاویژکاریکی سیاسی سەرۆک میتران کە بۆ من زۆر بەسود بو، ئەوی تریان لەگەڵ نوسەرێکی رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی کە ئاژاوەیەکی زۆری دروستکرد.

دەرسێک لە دەوڵەتداری
لەو ماوەیەدا بە دوقۆڵی لەگەل ئەحمەد بامەڕنی ڕاویژکاریکی سیاسی سەرۆک میترانمان بینی. من قەوانەکەی خۆمم بۆ لێ دا کە لێ بومەوە، ئەو وتی: من خۆم بەڕەچەڵەک باسکم لەبەر ئەوە لە گیروگرفتی نەتەوەیی تێ ئەگەم و بە هاودەردیەوە سەیری مەسەلەی ئێوە ئەکەم، بەڵام ئێمە و ئێوە ئامانجمان جیاوازە.
ئێوە ئەتانەوێ عێراق بڕوخێنن چونکە ئەتان چەوسێنێتەوە، ئێمەش ئەمانەوێ عێراق بمێنێ و پایەدار بێ چونکە یەکەمین سەنگەر و دوایین سەنگەرە لەبەرامبەر لێشاوی شۆڕشی ئیسلامی دا. ئەگەر عێراق بکەوێ بەدوای ئەودا سوریا و سەروی ئەفریقاش ئەکەوێ. کێشەیەکی گەورە بۆ ئەوروپا دروست ئەبێ وەکو کێشەی سەردەمی عوسمانی کە چەند سەدە ئەوروپای خەریک کردبو. بێگومان ئەمە دەرسێکە لە جۆری پاراستنی قازانجی نەتەوەیی و دەوڵەتداری دا.

خەونی چۆلەکە !
لەگەڵ نوسەرێکی (لۆمۆند) دانیشتم بە درێژی باسی کوردستانم بۆ کرد. هۆی سەرنەگرتنی گفتوگۆی بەعس – یەکێتی و، هۆی هاوکاری ئێران- یەکێتیم، لەباری سەرنجی یەکیتی یەوە بۆ رونکردەوە و، باسی ئەگەرەکانی جەنگی عێراق – ئیران و باشەڕۆژی عیراقمان کرد و، یەکێ لەو ئەگەرانە دابەش بونی عێراق بو بۆ 3 دەوڵەتی شیعە، سوننە و کورد. لێی پرسیم : ( تۆ خۆت ڕەئیت لەسەری چیە؟) من وتم : لەناخی دڵەوە ئەوە بە ئاوات ئەخوازم عێراق لەت و پەت ببێ!)
کابرای رۆژنامەوان هەمو گفتوگۆکەی بڵاو نەکرد بوەوە، تەنیا ئەوانەی لێ هەلبژاردبو کە خۆی بەلایەوە گرنگ بون، کە یەکێکیان ئەو تەمەننایەی من بو.
ئەمە گەردەلولێکی سیاسی لە ئیران و سوریا و تورکیا خوڵقاند، وایان ئەزانی (موئامەرەیەکی غەربی) لە گۆڕێیە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی.
+ ئێران ناڕەزاییان دەربڕی و داوای ڕونکردنەوەیان لەسەرکردایەتی یەکێتی کردبو، کە ئەو قسەیە ڕەئی یەکێتتییە یان ڕەئی تایبەتی خۆمە. ئەگەر ئەمە رەئی یەکێتی بێ ئەوا ئەوان پەیوەندی خۆیان لەگەل یەکێتی ئەبڕن. هەر لەبەر ئەم هۆیە کاتێ ویستم بگەڕیمەوە بۆ کوردستان تا چەند مانگێ ڤیزایان پێ نەدام.
+ رۆژنامەی (السفیر) ی بەیروتی لە ژمارەی 16-4-87 دا کە ئەم هەواڵەی لە لۆمۆند ەوە وەرگرتبو، سوریەکانی توڕە کردبو. دکتۆر خەسرەو خاڵ یان سەغڵەت کردبو بە ناچاری لە 18-4-87 دا ڕونکردنەوەیەکی بەناوی نوسینگەی شامەوە بڵاوکردبو وەو، رۆژنامەی (لۆمۆند) ی بەدرۆ خست بوەوە.
لە ڕاستیا من ئەو ڕونکردنەوەم پێ ناخۆش بو. بێ ئاگاداری منیش بڵاوی کرد بوەوە. کە پێشم زانی بەتەلەفۆن نارەزایی توندی خۆمم پێ ڕاگەیاند، چونکە ئیستاش وەکو ئەوسا لەناخی دڵەوە لەت و پەت بونی ئەو عێراقەی، حەفتا ساڵە کوردی تێ دا ئەکوژرێ، بە ئاوات ئەخوازم.
+ تورکیاش لە رۆژنامەکانیاندا هەندێ لە قسەکانی من یان وەرگرتبو بە لێدوانەوە بڵاویان کرد بوەوە. تەنانەت هەر لەوماوەیەدا هەواڵنێرێکی ئاژانسی ئەنەدۆڵ و ڕۆژنامەوانێکی صەباح بۆ گفتوگۆ هاتن بۆلام.
جگە لەمانە لەناو کۆڕە شۆڤێنیەکانی عەرەبیش دا کەوتنە هێرش بۆ سەر من و بیروبۆچونەکانم. کابرایەکی فەلەستینی وتارێکی ناشرینی داژی من نوسی بو و، هەروەها ڕۆژنامەی (السفیر) ی بەیروت یش لە ژێر سەرناوی (امبراطوریە الحجل الکردیە) وتارێکی درێژی بەقەڵەمی یەکێ لە سەرکردەکانی بەعسی سوریا دژی من نوسیبو.
لەمانەش خراپتر بڵاوکراوەی (الغد الدیمقراطی) کە زمانی (الاتحاد الدیمقراطی العراقی) و. ئەمیش ڕیکخراوێکی کارتۆنی حشع بو بە سەرۆکایەتی صالح دگلە و، بڵاوکراوەی ( التیار الجدید) کە لە لەندەن دەرئەچو و، زمانی (حزب الامە الجدید) بو بە سەرۆکایەتی سعد صالح جبر، هێرشی توندیان هێنا بومە سەر. هەندێکیان جنیوی سوک یان پێ دابوم. رۆژنامەکەی دوگلە قسەکانی منی سەبارەت بەمافی کورد لە سەربەخۆیی دا بە خەونی چۆلەکە (حلم العصافیر) دانابو.
یەکیتی لەو کاتەدا تازە ڕێککەوتنی ئاشتبونەوەی لەگەڵ حشع ئیمزا کردبو. لەسەر ئەو هێرشە یەکێتی هاوکاری لەگەڵ حشع ڕاگرت. مام جەلال لەم هەڵوێستەی حشع کە ئەویش وەکو هەڵوێستی شۆڤێنییەکانی عەرەب بو زۆر تورە بو. بۆ داکۆکی کردن لە من و، بۆ بەرپەرچدانەوەی بیانوەکانی ئەوان و بۆ سەلماندنی ڕەوایەتی مافی کورد لە ئازادی بڕیاردانی چارەنوسی خۆی و، دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دا، کتێبێکی گەورەی نوسی لە ژێر سەرناوی ( اغد و دیمقراطی و حرمان شعب حتی من حق الحلم).

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە