هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

تەمەنی قەیرانی كارەبای هەرێم هاوتەمەن و هاوتەریبی 27 ساڵ حوكمڕانی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمە و ساڵ بەساڵ قەیرانەكە قووڵتردەبێتەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پلانی ستراتیژی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو.
پێموایە نەك هەر ئەم قەیرانە بەڵكو هاشێوەی دەیان قەیرانی دیكەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بە چەقبەستوویی ماونەتەوە، و هۆكارەكان زۆر ڕوون و ئاشكران، لەبەرئەوەی دەسەڵات ئیرادە وپلانی نییە بۆ چارەسەر، و ساڵ بەساڵ پاساو دەدۆزنەوە بۆ بەردەوامیدان بە قەیرانەكان.
لەگەڵ ئەوەی بەدرێژایی زیاتر لە چارەكە سەدەیەك فەرمانڕەوایی حكومەتی هەرێم لە باشووری كوردستان پارەیەكی خەیاڵی بۆ كەرتی كارەبا خەرجكراوە، بەڵام تا ئێستا پرۆژەیەكی ستراتیژیی و دوورمەودا جێبەجێ نەكراوە بۆ بەرهەمهێنان و دابینكردنی كارەبای هەمیشەیی. جێگای بیزاریی و نیگەرانییە بۆ حكومەت و دەسەڵاتێك بانگشەی دروستكردنی دەوڵەت بكات، و لە ساڵی 2018 دا تێكڕا پێنج بۆ شەش كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی لە شەو ڕۆژێكدا بۆ خەڵك دابینبكات.
لای هەمووان ڕوونە ئەگەر دەسەڵاتدارەكانی هەرێم بیانویستایە، بودجە و كاتی زۆری لەبەرداستبووە بۆ جێبەجێكردنی دەیان پرۆژەی ستراتیژی وەكو بەرهەمهێنانی كارەبا بە سوود وەرگرتن لە وزەی با و ووزەی خۆر و ئاوی بەنداوەكانی كوردستان و هەڵكەوتەی جوگرافی كوردستان زۆر لەبارە بۆ ئەم جۆرە پرۆژانە. سەركەوتنی ئەو جۆرە پرۆژانە لە هەرێمی كوردستان گارانتی كراوە، چونكە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان بەردەوام بای بەهێز و تیشكی خۆری هەیە، و ژینگە پیس ناكەن، تێچوونێكی كەمیشی پێویستە.
بەپێی داتاكانی كۆمەڵەی ووزەی بای جیهانی تێچووی یەك مێگاوات كارەبای بەرهەمهاتوو لە ئاشی هەوایی بۆ هەر كاتژمێرێك لە ساڵی 2015 دا بریتی بووە لە 170 دۆلاری ئەمریكی و لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای ئەم بوارەدا ساڵانە تێچوونی دانانی سیستمی تۆرباینی با كەمتر دەبێتەوە.
رۆژی 24ی ی مانگی تەمموزی ڕابردوو میسر گەورەترین كێلگەی وزەی بای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كردەوە، كە 290 تۆرباین هەوایی لەسەر ڕووبەرێكی 100 كیلۆمەتری چوارگۆشە لەخۆدەگرێت و لەتوانایدایە 580 مێگاوات كارەبا بەرهەمبهێنێت، و دانانی تۆربا پرۆژەكە تەنها بریتیە لە 670 ملیۆن دۆلار.
میسر كە رۆژانە 4.8 ملیار پێی سێجا غازی سروشتی بەرهەمدەهێنێت، و هاوشێوەی هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا پشت بە سەرچاوەكانی غازی سروشتی دەبەستێت ، بەجۆرێك لەسەدا 70ی غازی سروشتی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاردەهێنێت، دەیەوێت لەڕێگای ئەو پرۆژەیەوە دەیەوێت هەنگاو بە هەنگاو لە بەكارهێنانی غازی سروشتییەوە بۆ وزەی نوێبووەوە بگۆرێت.
دەكرادەیان ساڵ لەمەوبەر وێستگە كارۆئاویییەكانی هەرێم بەهێزتربكرێن و ستراتیژی گونجاو دابنرێت بۆ بەرهەمهێنان و ڕێكخستنەوەی دابەشكردن و بەكارهێنانی كارەبا، و دامەزراندنی چەند پرۆژەیەكی ووزەی نوێبووەوەی هەوایی و تیشكی خۆر، نەك ئەوەی دوای 27 ساڵ تازە بە تازە سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت پێوەری زیرەك بۆ كارەبا دادەنێین.
پاساوەكانی حكومەت بۆ بەردەوامی قەیرانی بێ كارەبایی هەمیشە ئەوەبووە كە هاوڵاتیان كارەبا زۆر بەكاردەهێنن و پارەی كارەبا نادەن، و هەندێك بە نایاسایی هێلی كارەبایان ڕاكێشاوە، هەرچەندە بەشێكی ئەو پاساوانە واقعیین، بەڵام لەچاو بێ پلانی حكومەت و گەورەیی قەیرانەكەدا بایەخێكی ئەوتۆی نییە، و ئەم ڕستانە خۆدزینەوەیەكی ئاشكرایە لە جەوهەری قەیرانەكە.
باشە هەر بەرپرس و دەسەڵاتدارێكی هەرێم چەند هێڵی كارەبای 24 كاتژمێرییان بۆ خۆیان قۆرخكردووە، و ئایا ئەوانیش وەكو خەڵك كارەبایان دەبڕێت و پارەی كارەبا دەدەن؟!
بۆیە، گەندەڵی و نادادپەروەریی لە دابەشكردنی كارەبای نیشتیمانی و نەبوونی عەقڵی ستراتیژی بۆ داڕشتنی پلانی تۆكمە و نوێ، فاكتەری سەرەكین بۆ داڕووخانی كەرتی كەرەبا.
بەپێی ڕیزبەندی گەندەڵی رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، ساڵانە عێراق لەنێوانیشیاندا هەرێمی كوردستان، لە خوارەوەی ڕیزبەندییەكە دێن و یەكێكن لەهەرە گەندەڵترین وڵاتی جیهان، و بەشی زۆری ئەم گەندەڵیانەش لە كەرتی وزە و كارەبادا ئەنجامدەدرێن.
هۆكارێكی سەرەكی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە باشوور و ناوەڕاستی عێراق بریتیە لە نەبوونی كارەبا. لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە هەفتەی ڕابردوودا وەزیری كارەبای حكومەتەكەی دوورخستەوە.
بەڵام ئەوەی هەرگیز لە كوردستان نەمانبینی ئەوەیە حكومەت و پارتە دەسەڵاتدارەكان وەزیرێك،یان بەڕێوەبەرێكی گشتی وەزارەتی كارەبا بەهۆی كەمتەرخەمی دووربخەنەوە یان سزایان بدەن!
كێشەی سەرەكی حكومەتی هەرێم ئەوەیە بەشێوەیەكی ستراتیژی بیرناكاتەوە وئەگەریش ناوەندەكانی توێژینەوەی ناوخۆیی و جیهانی پێشنیاری گونجاو و دروست بخەنەڕوو، فەرامۆشی دەكات.
لەجیاتی پشتبەستن بە چارەسەری موەلیدە ئەهلییەكان، دەتوانرا كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتی ناوخۆ و بیانی هانبدرێن وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی ووزەی كارەبا و ووزەی ئەڵتەرناتیڤدا بكەن، و بەو شێوەیە ئەگەر قەیرانەكەش بنبڕنەكرایە، تا ئاستێكی باش چارەسەردەكرا.
بەربەست لەبەردەم جێبەجێ نەكردنی پرۆژەی باش و ستراتیژیی لەم وڵاتەدا بریتیە لەوەی پشكی كۆمپانیاكانی حزب لە پرۆژەی لەو جۆرەدا چەند دەبێت یان چی كۆمپانیایەكی حزبی جێبەجێی بكات؟! ئەگەریش كۆمپانیای بیانی بیەوێ پرۆژەیەك جێبەجێ بكات، ئایا پشكی بەرپرسە حكومی و حزبییەكان چەند دەبێت؟!
نووسەری ئەمریكی جۆن جیم ڕۆن دەڵێت ” ئەگەر بخوازیت كارێك ئەنجامبدەیت، ئەوا ڕێگای ئەنجامدانی بۆ دەدۆزیتەوە، ئەگەریش نەخوایت كارەكە ئەنجامبدەیت، ئەوا پاساوی بۆ دەدۆزیتەوە” ئەم وتەیە لە حكومەتی هەرێم و پارتە دەسەڵاتدارەكان ڕوویداوە!

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.