هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ئه‌وڕۆ، سێ ساڵی ته‌واوی داگیرکردنی خاک و ڕه‌شه‌کوژیی کورد،‌ سێ ساڵی ڕه‌به‌قی پڕ له خوێنڕشتن و فرمێسکی گه‌رم، سێ ساڵی ڕێکی لێوانلێو له‌ ده‌ربه‌ده‌ریی و برسێتییی، سێ ساڵی خشتی ماته‌مینیی و بێده‌نگیی، سێ ساڵی خڕی هه‌موو ڕۆژژمێره‌کانی زایینیی، کۆچیی، هه‌تاویی و کوردیی، به‌سه‌ر کاره‌ساته ئابڕووبه‌ره‌ ئه‌تکردنه‌که‌ی ژن و کیژانی (شه‌نگال)دا تێپه‌ڕده‌بێ. که‌چی هێشتا کێشه‌که‌یان، له‌ نێوان بێویژدانیی زه‌ویی و ئاسماندا، هه‌ر به‌ هه‌ڵواسراویی ماوه‌ته‌وه‌!‌
مێژووی عه‌ره‌ب و ئیسلام ده‌ریانخستووه‌، تیره‌ و هۆزه‌ دواکه‌وتووه‌کانی نیوه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌ب، بێڕه‌وشترین گرووپی ئیتنی بوون، چونکه‌ هیچ گرووپێکی دیکه‌ی ئیتنی، نه‌ ئه‌و کاته‌ و نه‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش، وه‌ک ده‌سکه‌وتی جه‌نگ، هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ‌ ئافره‌ت نه‌کردووه و‌ له‌ نێو خۆیاندا، به‌شیان نه‌کردووه‌! هه‌ڵبه‌ته‌، ئه‌م ڕه‌وشته نزمه‌ی عه‌ره‌بیش، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌، به‌ چاوێکی زۆر سووک، له‌ ئافره‌تیان ڕوانیوه‌!‌ بۆیه‌ هه‌ر پیاوێ، به‌گوێره‌ی توانای ئابووریی و ده‌سه‌ڵاتی خۆی، چه‌ن ئافره‌تی ویستبێ، له‌ ماڵه‌که‌ی خۆیدا کۆیکردوونه‌ته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌مووشیاندا نووستووه‌‌. واته‌ عه‌ره‌ب ئافره‌تی، وه‌ک مێگه‌ل ڕاگرتووه‌ و‌ وه‌ک ئاژه‌ڵیش، ته‌ماشای ره‌گه‌زی مێیان کردووه!‌
له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م ڕاستییه‌دا، با بزانین، ئه‌م عه‌ره‌به‌ داگیرکه‌رانه‌، له‌ ئه‌و ڕۆژه‌ تاریکانه‌ی ژیانیاندا تا ئه‌وڕۆ، تا چ ئه‌‌ندازه‌یه‌ گۆڕاون و پێشکه‌وتوون؟! لێره‌دا ته‌نیا (فه‌توا)ی پێشه‌وایه‌کی ئیسلام، به‌ نموونه‌ دینمه‌وه، چونکه وه‌ک ده‌ڵێن:‌ مشتێ‌ نموونه‌ی خه‌روارێکه‌! به‌ڵێ، با بزانین، یه‌کێ له‌ ڕێبه‌ر‌انی رێبازی سه‌له‌فیی ئیسلامیی، سه‌باره‌ت به‌ ئافره‌ته‌‌ کورده‌ یه‌زدییه‌ ڕفێنراو و تاڵانکراوه‌کان، چی گوتووه‌ و چ جۆره‌ (فه‌توا)یه‌کی داوه‌؟!!
(زاکیر نایکی)، خه‌ڵكی (هیندستان)ـه‌ و به‌ یه‌کێ له‌ ڕابه‌ره‌ سه‌له‌فییه‌ ئیسلامییه‌ دیاره‌کان داده‌نرێ. ڕاژه‌یه‌کی زۆری بیری سه‌له‌فیی عه‌ره‌به‌کانی (سعوودیه‌)ی کردووه‌ و که‌ناڵێکی تێلێفیزیۆنیشیان بۆ داناوه‌.‌ کاتێ هێزه‌ دڕنده ئیسلامییه‌‌کانی (داعش)، شارۆچکه‌ی (شه‌نگال)یان داگیرکرد، ئه‌م (جاشبیر)ـه‌ خۆفرۆشه‌ زۆر موسوڵمانه‌، (فه‌توا)یه‌کی ئیسلامییانه‌ی دا و گوتی: ئافره‌ته‌ ‌ یه‌زدییه به‌دیلگیراوه‌کان، ده‌سکه‌وتی جه‌نگن و موسوڵمانه‌کان ده‌توانن، سێکسیان له‌گه‌ڵ بکه‌ن. له‌سه‌ر ئه‌م شه‌کرشکاندنه‌ش‌، شای (عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌) خۆی خه‌ڵاتیکرد، مەدالیایەکی زێڕین و (20) ده‌فته‌ر دۆلاری وه‌رگرت! ئاخر ده‌بێ، چ ئایینێ هه‌بێ، ڕێ به‌ ئه‌م بێڕه‌وشتیی و سووکایه‌تییپێکردنه‌ به‌ مرۆ بدا و‌ قه‌بووڵیکا؟!!
ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌ ئه‌و تاوان و کاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌، له‌ ئاستی نێوخۆ و نێوده‌وڵه‌تییشدا، تا ئێسته‌ کورد خۆی چی کردووه‌؟! ئایا هه‌ڵویستی پارته‌ ئیسلامییه‌کانی (کوردستان) چی بووه‌‌؟! به‌رۆکی چه‌ن ده‌زگه‌ی ئیسلامیی جیهانیان گرتووه‌ و ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕیوه‌؟!! به‌ داخه‌وه‌، له‌ ئه‌وه‌ ده‌چێ، نه‌ته‌وه‌ی کورد ڕانه‌مه‌ڕێکی بێ خاوه‌ن بێ، هه‌رچی هه‌ڵده‌سێ، په‌لاماری خاکه‌که‌ی ده‌دا، کوڕ و کاڵانی به‌ دیل ده‌گرێ و ده‌یانکوژێ، سه‌روه‌ت و سامانه‌که‌ی تاڵانده‌کا، ده‌س بۆ ئابڕووی ئافره‌ته‌ پاکیزه‌کانی ده‌با … له‌ ئه‌وه‌ ده‌چێ، ویژدانی مرۆڤایه‌تیی، له‌ ئاستی کورددا تلیسابێته‌وه‌! ئه‌دی کوا دادی یه‌زدانیی، بۆچی بارانی پڕ له‌ سۆز و به‌زه‌یی خۆی، به‌سه‌ر ئه‌م نه‌ته‌وه‌ هه‌ژاره‌ بێکه‌سه‌دا نابارێنێ؟!
ئه‌ی هاوار، له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ ده‌ورمان گیراوه‌، داگیرکه‌رانی عه‌ره‌ب، توورک و فارس، وه‌ک دره‌ختێکی سه‌وزی به‌ردار ده‌مانبڕنه‌وه‌، ڕۆڵه‌کانمان به‌ پێوه‌ ده‌مرن، که‌چی که‌سێ نییه‌، له‌سه‌رمان هه‌ڵبداتێ! خوا سه‌رکرده‌ی پارته‌کانی خۆمان بگرێ، ئه‌و باره‌ناله‌باره‌یان ئه‌فراندووه‌ و له‌پێناوی کورسی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌یانه‌وێ، یه‌کدی بسڕنه‌وه و کوردیش له‌به‌رده‌م دوژمناندا، له‌ ئه‌وه‌ که‌ساس و لاوازتر بێ‌!

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە