هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

گەوادیی و عەقڵ

{ 41 }
دەپرسن پێوەندی فەلسەفە و بابەتی عەقڵ بە [ئاخاوتنی گەوادیی] یەوە چییە؟
پێشتر وتم: پرینسیپ و پرۆسە و پراکتیسی [گەوادیی، گەوادبوون، گەوادکردن] لە سەر ستراتیجی سڕکردن و زڕکردن و قفڵکردنی عەقڵ دامەزراوە، بە مانایەکی تر دروستکردنی مرۆڤی حیزعەقڵ. ئەمەش مانای مرۆڤێکی بەدواکەوتوو[ هی حیزب، شەخس زیندوو یان مردوو، بت ] یان پاڵکەوتوو [لە مزگەوت، گوێگرێکی غەبی- غەیبیی- خەرافیی بزنە ڕیشدارەکان] کە هەموو ئاخاوتنەکانی دەسەلات، یان بیری کۆن، یان پێشباوەڕییە کۆنەواریی و کۆمەڵییەکان [بێ پرسیار و بەدواداچوون و بەکارخستنی عەقڵی ئازاد] قبوڵ دەکات و بەم جۆرە بە ئاسانی دەکەوێتە ناو [تۆڕی پارە، سێکس، دەسەلات] ەوە.
بەڵام بۆچ ئەوەندە بەس نییە؟
بۆ ئەوەی بزانین چۆن عەقڵ سڕ و زڕ و شڕ و وڕ دەکرێ دەبێ بزانین عەقڵ چۆن کار دەکات، چۆن کاری کردووە، بە چ پرۆسەیەکدا تێپەڕیوە – ئەمەش بابەتیکی فەلسەفییە.

{ 42 }
بەداخەوە چار نییە لە پرس و باسکاریی فەلسەفییدا، بابەتەکان قورستر دەبن هەرچەند هەوڵی ئاساندەربڕینیان بدەین. ئەمەش ئاسایی یە چونکە بابەتی فەلسەفیی بە سروشتیی ئالؤزکارییە.
لە زمانی شیرین و دەوڵەمەندی کوردییدا، ئێمە وەسفی [ئالۆز] بەکاردێنین بۆ کۆمەڵەشتیک پێکەوە تیکەڵ بووبن و جیاکرنەوەیان ئاسان نەبێت. واتە پێوەندیی تێکەڵیی نێوان زیاتر لە یەک شت یان هۆکار یان دیاردەمان هەبێت. دەکرێ دەیان شت پێکەوە تێکترنجابن بێ ئەوەی بزانین چۆن یان وەک دەلێن سەرەدەزوویەک بۆ جیاکردنەوەیان بدۆزینەوە.

{ 43 }
ئالۆزیی فەلسەفە یان بیری فەلسەفییش لەوەوە دروست دەبێ کە فەلسەفە یان هەر بۆچوونێکی عەقڵیی تیۆریی، شتەکان بە تەنیا وەر ناگرێت، بەڵکو:
A- وەک پرۆسە سەیری دەکات: هەموو بوویەک، دیاردەیەک، بیرێک و… هتد، دەبێ لە شتیکەوە، شوینێکەوە هاتبێت، پەیدا بوو بێت، دەستیپێکردبێت تا بەو شێوە و ڕەوشی بوونی ئێستای گەیشتبێت. واتە لە سەرەتاکان و پرینسیپەکان و پرۆسەکان دەگەڕێت.
B- وەک دیمەنە گەورەکە سەیر دەکات: واتە هیچ شتێک بوونی تەنیا ی نییە، بەڵکو پێوەندی بە دەیان شت، سەدان، هەزاران شتی ترەوە هەیە.
بۆیە کە تۆ ئاوا ىڕوانیە هەر شتێ زۆر گرێبەند [معقد، کۆمپلیکەیتید] دەیبینی واتە وەک گرێیەک لە دەیان گرێی پێکەوە بەند، کە تا سەرەدەزووی عەقڵیی لێککردنەوەکەت دەست نەکەوێ کردنەوەی گرێکان زەحمەت و مێشکگووش دەبێت.

{ 44 }
کە دێینە سەر کردەی بە ئاگایی زانین، بۆ هەر دوو تێڕوانینەکە وەک پرۆسە و وەک دیمەنە گەورەکە پێویست بە سەرەتایەکی تیۆرییە. وشەی تیۆریی ئینگلیزیی، ئەسڵ یۆنانیی و راستیی سانسکریتیی ‘ کوردیی ئاریی [ هەر لە وشەی تێڕوانینەکەی کوردییەوە هاتووە. نەزەریەی عەرەبیش هەر لە [نظر] ڕوانینەوە هاتووە. کەواتە تێڕوانیی و ڕوانگە [جۆری ڕوانین و شوێنگەی ڕوانین] مانای تییۆریین.
بەڵام لە وشەوە بۆ چەمک: تیۆریی بە سیستمێکی دامەزراوی فەلسەفیی یان زانستیی پرینسیپەکانی پرسین و بۆچوون و باسکاریی دەوترێ کە یارمەتیمان دەدەن لێیانەوە دەستپێبکەین: واتە میتۆدی بۆچوون و پرسیارکردن و لیکۆڵینەوە و لێکدانەوە و شیکاریی و بە ئەنجامگەیشتن.

{ 45 }
لە بەشی پێشوودا دوو بۆچوونی بنەمایی فەلسەفاندن یان عەقلاندنی ڕوانگەییمان بە کورتی باس کرد:
A- ڕوانگەی ئایدیالی کە لە ئەفلاتوونەوە سەرچاوەی گرتووە بە سادەکراوی: بیر بەر لە ماددە، هۆشی گەردوونیی بەر لە بوونی گەردوون
B- ڕوانگەی ماددیی کە لە لایەن ئەرستۆوە وەک سەرەکییترین و فراوانترین و کاریگەرترین میتۆدیی فەلسەفیی زانستیی دامەزراوە:
سەرنجدان و پێناسەی شتەکان [ماددی یان بیریی] وەک هەن بەر لە بیرەکانیان.
هەردووکیان ڕوانگە، سەرەتاگە یان سەرەداوەکەیان بۆ ناسین و ناساندن بە شێوەیەکی کۆبەندیی [سیستماتیکی] بۆ ڕەخساندووین.

{ 46 }
گوناهی ئەفلاتوون نییە کە بیرەکانی ئەو لە کۆئاخن [کۆنتێکستی] خۆیان دابڕێندران و کرانە بنەمای فەلسەفەی لاهووتی/ تیۆلۆجیی.
ئەفلاتوون ڕاستیی هیچ رایەکی بنبڕ وکۆتایی دەربارەی هیچ نەداوە.
ئەو تەنیا بیر و بۆچوونی جیاوازی بە شێوەی دایەلۆگ و گفتوگۆ پێشکەشکردوون.
لە سەر زمانی سۆکرات و کەسەکانی ناو دایەلۆگەکانی بیروڕا جیاوازەکان پێشکەش دەکات.
ئەوە بنکۆلکار و لێکدەرەوە و شیکارەوانن کە بیرەکانی ئەفلاتوونیان وەک فەلسەفەیەکی ئایدیالی سیستیماتیک کردوون.
میتۆدی ئەفلاتوون میتۆدی دیمۆکراسی فەلسەفیی یان فەلسەفەی ڕاستەوخۆ یە هەر وەکو چۆن لە سەردەمی یۆنانییدا دیمۆکراسی راستەوخۆ هەبوو: بەشداری هەموو هاوولاتانی پۆلیتی [کۆمەڵگای شاریی] لە بڕیاری سیاسییدا.
پەیامی ئەفلاتوون ئەوەیە کە مرۆڤ بیربکاتەوە، فێری بیرکردنەوەی بکات، فێری بەکارهێنانی عەقڵ و عەقڵاندن و ئاخاوتنی لۆجیکیی بکات.
لە ساوێلکەیی و ‌ هەڵەشەیی و هەڵەشیاویی هەستەکانەوە بگاتە هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی عەقڵیی.
دایەلۆگ و دایلەکتیکی سۆکراتیش [ کۆکردنەوە و بەربەرەکانی بیرە جیاوازەکان و پێناسە جیاوازەکان] بە باشترین ڕێبازی گەیشتن بە راستیی و دەرخستنی ڕاستییە جەوهەرییەکان دەزانیت.
بۆیە ئەفلاتوون [ئاخاوتنی گفتوگۆیی، واتە بە قسە] ی لە نووسین پێ باشتر بوو.
لە گفتوگۆدا هاوئاخاوتنەکەت بەرامبەرتە، یەکسەر دەتوانێ بەرپەرچی قسە و ڕایەکانت بداتەوە. لە نووسراودا ئەم دەرفەتە دەڕوات.

{ 47 }
ئەوانەی پێیان دەوترێ [فەیلەسوفانی پلاتۆنیزمی نوێ] واتە نوێکردنەوەی فەلسەفەی ئەفلاتون، لە سەدەی سێیەمی زایینیدا تا دەگاتە سەدەی حەوت، هەوڵیکی سەرکەوتووانەی [دیناندنی] بیرەکانی ئەفلاتۆنیان دا. فەلسەفەشیان لە پرۆسەی دایەلۆگیکی فەلسەفیی کۆمەڵیی راستەوخۆ کە مرۆڤانی ئاسایی دەتوانن بەشداری بن، وەک ئەفلاتوون دەیخواست و بە نموونەی دایەلۆگە سۆکراتییەکانی بەرجەستەی دەکرد، کردە بابەتێکی لاهووتیی سەرەوەیی سەربژاردەیی/ نوخبەیی کە دینناسەکان یان خوداناسەکان بە تەنیا دەیانتوانی پەیپێبەرن و سەرەداوە ئاڵۆزەکانی لێکبکەنەوە و کۆبەندێک بۆ لێکدانەوەی پرسەکانی بوون و ئامۆژگاریی و فێرکاریی خەڵکی ئاسایی دابمەزرێنن.

{ 48 }
ئەوان فەلسەفەی ئەفلاتوونیان کردە فەلسەفەیەکی ئۆنتۆلۆجی واتە لێکدانەوەی پرسی سەرەکی بوون بە گشتی:
1- [بوون و گەردوون هەمووی بەلای ئەوانەوە لە [یەک] وە سەرچاوە دەگرێت، بیر بەرجەستەی ئەو [یەکە تاکە هەمووەیە] و دەشێ بۆ ئەو [یەک] ەش بگەرێتەوە.]
2- ئەو بیرە یان هۆشەیان ناونا [نۆس] ئەمەش وەک [هەرە یەکەمین و هەرە بێگەردترین دەرکەوتەی [یەک] لە گەردووندا، کە هەر خۆی کۆکاری [نیزامی] خۆ-ئاگایی گەردوونە] پێناسە کرد.
بە واتایەکی ڕوونتر:
لە گەردووندا هۆشێکی یەکەمینی بێگەرد و تاک هەیە کە ئاگایی خۆیی ئەم هۆشە کۆبەندیی کۆکاریی [نیزامی] گەردوون ڕێک دەخات. ئەو هۆشە [نۆسە] یەکیتیی بوون و گەردوون لە کۆکاریی ئاگایی خۆیدا بەرجەستە دەکات.
خۆی ئاگایی خۆیەتی کە دەبێتە بوونی گەردوون و بووە ماددییەکان. ئەمە کرۆکی فەلسەفەی نیۆپلاتۆنیزمە.
3- لەم پرینسیپە تێڕوانییە ئایدیالییە نیوئەفلاتوونییەوە: شت، ماددە، بوونی فیزیکی وەک ئەرستۆ دایمەزراند، سەرەتاگەی پرس و روانگەی فەلسەفیی نین وەک بابەتی پرسی عەقلیی و ئەزموونیی، بەڵکو تەنیا هۆیەکی ئاسانکاریین بۆ روونکردنەوەی راستییە میتافیزیکییەکان. [بوونی گەردونیی تاک] کە بە عەقڵی رووت دەزانرێن.
4- واتە پێشبوون و زاڵبوونی عەقڵ بە سەر ماددەدا.
5- کەوایە ماددە، وابوو [واقع]، دیاردە ژیانیی و فیزیکییەکان و هزرییەکان و ڕۆحییەکان، هەموو بە پرینسیپێکەوە کۆبەندن کە [یەکبوویی] و [تاک] ـە. نیۆپلاتۆنیستەکان زۆر بە توندی خۆیان بەو پرینسیپە ئێکستریمییەی [یەکانەیی – وەحدانییەت] دەبەستنەوە کە هەوڵ دەدات هەموو شتیک و دیاردەیەک و ڕووداوێک و ڕەوشێک لە جیهان و گەردووندا لە سەر بنەمای [یەک تاکە هۆکار] لێکبداتەوە کە بە لایانەوە پیرۆزە، وەک: [هۆکارە]
[یەکتا] ، [یەکەمین] و [هەرەچاکەکە] ئاماژەی بۆ دەکەن.
6- ئەم [یەکەم هۆکار] ەوی بوونیان وەک [هۆکاری کارساز] و کاریگەر دانا. کە هەر چۆنێ بێت، بەر لە [ئەنجام] واتە دروستبوونی ماددەکان ودیاردەکان و… هتد، هەیە.
کەوایە [یەکەم هۆکاری کارساز] وەک بوونزانیی [ئۆنتۆلۆجی] بەر لە ئەو [ئەنجام] انە دێت کە لێیەوە [پەیدا] دەبن، واتە [بوونی پێشینەیی – ئەپرایۆریی] هەیە. کەواتە دەبێت هۆکارەکە لە ئەنجامەکە راستبوویی/حەقیقەتی پتری هەبێت یان بەلای کەمەوە وەک ئەو بێت.
7- ئەو [یەکەم هۆکارە] پرینسیپی [ئاگایی گەردوونییە] یە کە خۆی لە هەموو دیاردەیەکدا دەردەخا.

{ 49 }
فەیلەسوفانی ڕۆژاوایی [نۆس] ی یۆنانی بە مانای ئاگایی یان هۆشیاریی [وەعی- کۆنسسنێس] تەرجەمە دەکەن.]
بەلام [نۆس] خۆی هەرە بالاترین جۆری راستبوویی/ حەقیقەتە. چونکە ئەو [هۆکارە یەکتایە] لەو دیو بوونەوە یا سەرووی بوونەوە بوونی هەیە.
بوویەکە کە خۆی لە خۆیدا توانستی ناسین و زانینی هەیە.
هۆشیاریی – خاسێتیی دەرکەوتوو و ڕێکخراوی پێکهاتە ماددییەکان نییە، بەڵکو یەکەم چالاکی [یەکتا یان هۆکاری یەکەم] ە.
لەبەر ئەوە نیۆئەفلاتوونییەکان [ئاگایی] بە [هیپۆستاسیس] ی دووەم دادەنێن. واتە لە شوینگرتندا لە بوونی گەردوونیدا دەکەویتە دوای بوونی [یەکتا] وە و یەکەم چالاکی خۆدەرەوەییکردنی [یەکەم هۆکار/ یەکەم سەرەتا/پرینسیپ] ـە.
8- بەم جۆرە نیۆئەفلاتونیستەکان هایریارکی [ پلەداریی] یان بۆ بیری ئەفلاتوونی هێنا.
پێشینە، سەرەتای یەکەم
خۆدەرخستن و لیدەرکەوتی سەرەتای یەکەم وەک ئاگایی، نەک هەر ئەمە بەلکو پێوەندی سۆزداریی نێوان یەکەمین [یەکەم سەرەتا] و ئاگایی [یەکەم دەرکەوتی یەکەم سەرەتا] یان دیارییکرد.
9- دوای ئەوەی [ئاگایی] لە [یەکەم] ەوە دەردەکەوێت، بۆ ئەو دەگەڕێتەوە تا هەلومەرجی پێش بوونی خۆی تێبگات. بەم هەوڵەی بۆ تێگەیشتنی پێوەندیی خۆناسیی نێوان [خۆ] ی و [سەرەتا یان ئەسڵ] ـەکەی، [یەکێتی/ یەکبوونی سەرەتایی ئاگایی] بۆ دووانەیی کەرت دەکات.
10- لەم کەرتبوونە یان دروستبوونی جیاوازیی دووانەیی، چەشنەکانی [خۆناسیی و جیاوازیی] و [گەورەتر و بچووکتر] و [ژمارە] و [گۆران و چەسپیی] دەردەکەون. بەم جۆرە تەواوی جیهانی ئایدیالی فۆرمەکانی ئەفلاتوونیی لە پرۆسەی هەوڵی [ئاگایی/ هۆشداریی/ عەقل] بۆ تێگەیشتنی [خۆ]ی دەردەکەون.

{ 50 }
تا ئێرە ئەوەندە بەسە کە بیرۆکەیەکی دروستمان دەربارەی پرۆژەی بوونناسیی [ئۆنتۆلۆجی] نیۆپلاتۆنیستەکان هەبێت.
1- ئەوان هیچ بیریێک و تیۆرییەکی [ئافەریدەکردن- خەلق] یان دانەهێنا. یەکەم پرینسیپ، یەکەم هۆکار، ئەنترۆپیزە [مرۆڤیی] نەکراوە. بوویەکی سەرەوەیی شێوەمرۆڤی نییە کە وەک چۆن دارتاش کورسیی دروست دەکا، ئاوا زەمین و زۆرشتەکانی دی دروست بکات. بیری ئیرادە [ بە مانا ئینسانییەکەی] و هاتنەبوون وەک [بڵێ ببە دەبێ] نییە. ئەوان بوو وەک [بوونی هەبوو]، وەک گەردوون بە مانا فراوانە بیکۆتاییەکەی وەردەگرن کە هەیە و هەبووە و هەر دەبێت.
[بووی سەرەتایی یەکتای یەکەم هۆکار] لای ئەوان بوونێکی ئەنترۆیی/ ڕەوشمرۆڤیی نییە. بوویەک نییە وەک مرۆڤ بیر بکاتەوە، دروست بکات، نەخشە دانیت، تووڕە بیت، پاداشت بدات، سزا بدات، بەڵین بدات، هەڕەشە بکات، جنێو بدات، قسە بۆ مرۆڤ بکات، دەستی هەبێت، لەسەر تەختی فەرمانرەوایی دابنیشێت و… هتد.
2- ئەوان خۆیان بەو پرسەوە ماندوو کرد کە دەشێ ناوی بنێین [پرسی ئەفلاتوونی سەرەکی] .. پێوەندی نێوان بیر و گەردوون، عەقل و ماددە، حەقیقەت و پێناسە.
3- وتمان لای ئەفلاتوون بوونی ڕاستیی لە جیهانی بیر دایە. بووە ماددیەکان و فیزیکییەکان و ناوە زمانەوانییەکان فۆرمی ئایدیالەکانن.
وەک لە نموونەی گوڵ دا ڕوونمان کردەوە.
ئێمە ناتوانین هیچ پێناسەیەکی ڕاستبووویی گوڵ بکەین، هیچ تاکە حەقیقەتی گوڵبوون بزانین چونکە هەزاران جۆر گولی جیاواز هەیە، پێناسەیەک نییە هەموویان بگریتەوە، تەنیا بیری [گوڵبوون] هەموو گولەکان لای ئێمە وەک گوڵ ئاشنا و زانراو دەکات. ئەم بیرەش لە دەرەوەی جیهانی ماددیدا یە، نەگٶڕ و نەمرە. ئەم گولانەی لە زەمیندا هەن و هەموو بووە ماددیەکان و بیرەکان تەنیا وێنەی یان فۆرمی بوونی ئایدیالی ئەوانن لە دنیای بیر دا.
4- نیۆپلاتۆنیستەکان بە پرۆسەی عەقڵیی هەوڵیاندا زیاتر ئەم بیرە سەرەکییەی ئەفلاتۆن عەقلانیی بکەن:
یەکەم جار بیر وەک سەرەتا هۆکاری یەکەم هەیە.
کاتێ، ڕەوشی دووەمی بوون، ئەم سەرەتایە خۆی دەردەبرێ دەبێ بە ئاگایی.
ئەم ئاگایی یە دەیەوێت سەرچاوەی یەکەمی خۆی بناسێت
بۆیە دەگەڕیتەوە بۆ بوونی یەکەم، سەرەتای یەکەم، هۆکاری یەکەم
بەمگەرانەوەی دووانەیی بوون و ئاگاییبوون دروست دەکات. لەمەوە هەموو چەشنەکانی تری تێگەیشتنی بوون دروست دەبن.
بۆ ئاسانکردنەوە نموونەیەک پێشکەش دەکەم گەرچی تەنیا بۆ ڕوونکردنەوەی پێوەندییەکانە نەک کێشەی سەرەتای یەکەم.
منال لە دایک [ و باوک] ەوە دێتە بوون [بوونی یەکەم]
کە مناڵ فام دەکاتەوە [ پلەی دووەمی بوون وەک ئاگایی/ هۆشیاریی] هەوڵ دەدات ئەسلی خۆی بزانیت، دایک و باوکی کێن ، چین . چۆنن؟
لەمەوە دووانەی باوک و مناڵ دروست دەبێت
منالەکە لەوە زیاتر هەست دەکا زۆر جیاوازیی لەگەڵ باوکییدا هەیە؛
ئەو پیرە ئەم مناڵ
ئەو بالا بەرزە ئەم بالا کورت
ئەو بۆرە ئەم سپیی
ئەو بەهێزە ئەم لاواز
بەم جۆرە چەشنەکانی/ کەتیگۆرییەکانی بوون/ بیر زیاد دەکەن و زیاد دەکەن،
بەلام هەمووی لە ئەنجامی ئاگایی یەکەم ەوە: مناڵەکە بزانیت ئەسڵی چییە و کێیە، پەیدا دەبن.

{ 51 }
ئاواش بوونی یەکەم بە دەربرینی خۆی و دروستکردنی دووانەیی لە ئاگایی دا دەرژێتە ناو بوونەوە و شتەماددییەکان بەدەردەخات.
شتە ماددییەکان / بوونی فیزیکی و ماددیی و گەردوونیی/ خۆدەرەوەییکردنی بیر یان سەرەتای یەکەمن. [نەک خەلقکراو]
دیوی ناوەوە سەرەتای یەکەم، یەک، تاک، هۆکاری یەکەمی خۆساز،
بوونی دووەم گەردوون و بوون و زەمین
کەوایە [تاکی یەکەم] لە ناو هەموو بوویەکی دووەمدا. ئاگایی، [حەشار] دراوە.

{ 52 }
نیۆئەفلاتونیزم بەم مانایە چالاکییەکی تری قووڵڕۆ و گشتگر و لۆجیکاندنی عەقڵی مرۆڤە.
قۆناغیکی تری گەشتی عەقلە بۆ ناسینی خۆی و شوێنی خۆی لە گەردووندا.
هەولێکە بۆ تێگەیشتنی بوون و بوونناسی
هەوڵێک نییە بۆ دروستکردنی ئافەریدەکاریکی تاک بەڵام لە شێوە و وتار و ڕەفتاری مرۆڤدا.
مرۆڤاندنی بوون نییە تا ئەو ئاستە نەبێت کە چالاکی عەقل بۆ دروستکردنی دووانەیی مرۆڤ و بوون، عەقل و ماددە، بەکاردێنێت.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.