هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: عیماد گەنجی.

  زاراوەی بەوبوون لە کارەکانی فرۆیددا، ئاماژە بۆ ئەو کردەیە دەکات، کە لە میانەیدا کەسێک خەسڵەتێک یان چەند خەسڵەتێکی کەسێکیتر دەگرێتە خۆی ( واتە دەبێتە هەڵگری خەسڵەتەکانی کەسێکیترو دەبێت بە ئەو، دەرەنجامیش بە خەسڵەتی خۆی دەزانێت). “وەرگێڕ” .  دواترو لەگەڵ بەرەوپێشچوونی هزری فرۆید سەبارەت بە من و منی باڵا لەسەر بنچینەی زنجیرەیەک لە بەوبوون، چەمکی بەوبوون هاوتەریبی ” هەمان ئەو پرۆسەیە بوو کە خودی مرۆڤی لەسەر بونیاد دەنرێت   Laplanche and Pontalis / ٢٠٦: ١٩٦٧”. کەوابێ ئێمە لەبەردەم چەمکێکی گرنگ و سەنتەریداین لە تیۆری دەروونشیکارییدا، کە چەمکێکە کۆمەڵێک گرفتی تیۆریی گرنگ پێشنیاز دەکات. یەکێک لە گرنگترینی گرفتەکان، کە فرۆیدیش مامەڵەی لەگەڵدا کردووە، زەحمەتی دیاریکردنی پەیوەندییە ڕوونەکانی نێوان بەوبوون و خۆشەویستی بابەتە  (Object-love).

  بە هەمان گرنگییەوە ئەم چەمکە لە کارەکانی ” لاکان”یشدا جێگەی تایبەتی هەیە. لاکان گرنگییەکی تایبەت بە وەزیفەی وێنە دەدات لە بەوبووندا، بەمجۆرە دەیناسێنێت کە ” بەدەستهاتنی گۆڕانکارییەک لە خوددا کاتێ وێنەیەک دەپۆشێت، پۆشینی وێنەیەک واتا، کە خۆت لە وێنەیەکدا ببینیتەوەو وێنەکە وا وەربگریت وەک ئەوەی وێنەی خۆت بێت.

  هەر لە سەرەتای کارەکانییەوە، لاکان جیاکاریی لە نێوان بەوبوونی خەیاڵیی و بەوبوونی سیمبۆلییدا کردووە.

  بەوبوونی خەیاڵیی ئەو میکانیزمەیە کە لە میانەیەوە من لە قۆناغی ئاوێنەوە دروست دەبێت و بەتەواوەتیی تایبەتە بە سیستمی خەیاڵیی. کاتێ ساوا وێنەدانەوەی خۆی لە ئاوێنەدا دیاریی دەکات، لەگەڵ ئەم وێنەیەدا بەوبوون دروست دەبێت. داڕشتنی ” من” بەوبوون لەگەڵ ئەوی لە دەرەوەی خوددایە ” تەنانەت دژەکانیش” خود بە ڕکابەری خۆی دەزانێت، بە شەڕەنگێزیی و دەستبەسەداگرتنەوە تێکدەچڕژێن. قۆناغی ئاوێنە ” بەوبوونی یەکەم” دادەمەزرێنێت و منی نمونەیی لەدایک دەبێت.

  بەوبوونی سیمبۆلیی بەوبوونە لەگەڵ باوکدا لە قۆناغی کۆتایی گرێی ئۆدیبداو داینەمۆی پێکهێنانی نمونەی ” من” ە.

  بەهۆی ئەم بەوبوونەوە خود باڵاتر دەبێتەوە لەو شەڕەنغێزییانەی هەڵیگرتووە لە بەوبوونی یەکەمدا، لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین بەشێکە لە ئاساییکردنەوەی لیبیدۆ، شێوەشی لە بەوبوونی یەکەمینەوە وەردەگرێت، لەبەرئەمەش وەک هەموو بەوبوونێکی تر کە لەگەڵ خەیاڵییدا بەشداریی دەکات پێی دەوترێت ” سیمبۆلیی” تەنها لەبەرئەوەی تێپەڕینی خود بۆ ناو سیستمی سیمبۆلیی تەواو دەکات.

  هزری لاکان دەربارەی سروشتی بەوبوون لە کاروانی کارەکانیدا بە گۆڕانکاریی ئاڵۆزدا تێپەڕبووە. ساڵی ١٩٤٨ لە ڕێگەی چەمکەکانی ” بەخۆداچوونەوە-  أجتياف (Introjection)”و ونبونی سیمبۆلی باوک- أيماجو الوالد”ەوە لە هەمان ڕەگەزەوە تەماشای دەکرد، لە کاتێکدا ساڵی ١٩٥٨ گۆڕی بەوەی لە میانەی بەوبوونەوە لەگەڵ باوکی ڕاستەقینەدا تەماشای بکات لە قۆناغی سێیەمی گرێی ئۆدیبدا.

  ساڵی ١٩٦١ لاکان پێیەک چوە پێش و بەوبوونی سیمبۆلیی بەوە وەسف کرد کە بەوبوونە لەگەڵ دالدا. پاڵپشتی ئەم بیرۆکەیەشی لەو پۆلینکردنەی فرۆیدەوە بینییەوە، کە فرۆید خستبوونیە سێ پۆلی بەوبوونەوە لە بەشی حەوتەمی دەروونزانیی و جەماوەرو شیکردنەوەی ” من”دا ” فرۆید/ ١٩٢١”. لە دوو پۆلی یەکەمینی بەوبووندا ” لەگەڵ بابەت و لەگەڵ دژ”دا، جاروبار خود لە بەوبوونیدا نیشانەیەک دەردەبڕێت، هاوشێوەی ئەو نیشانانەی کە دووچاری ئەو کەسە بووە کە خۆی پێ کراوە ” واتە کەسی پێ بوو”. لەم بارانەدا بەوبوون کەم و چڕە تا ڕاددەیەکی زۆرو لە کەسی بەوبوودا تەنها ” شەقڵ/ سمة”ێک خوازراوە. ئەم ” شەقڵە تاک و تەنهایە” (‘unbroken line’ ‘single-stroke’ یان‘unitary trait’) لە دیدی لاکاندا چەمکێکی سیمبۆلیی لێدەری پێشینە کە بەخۆداچوونەوەی تیا ڕوودەدات و نمونەی من دەخوڵقێنێت. لەگەڵ ئەوەی کە ئەم شەقڵە وەک سیمبۆل دەست پێدەکات، بەڵام خێرا دەگۆڕێت بۆ دال کاتێ لە سیستمی دەلالەتەکاندا ئاوێتە دەبێت. لاکان ساڵی ١٩٦٤ شەقڵە تاک و تەنهاکە بە دالی یەکەمین دەبەستێتەوەو بەو ڕووشاوییەی بەراورد دەکات کە مرۆڤی کۆمۆنی سەرەتایی دەیانکردە داردەستەکانیان، کە ئاماژەی کوشتنی یەک ئاژەڵ بووە.

 لاکان بە توندیی بەرهەڵستیی هەندێ نوسەری کردووە وەک ” بالینت Balint” بۆ نمونە کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد بەوبوون لەگەڵ شیکەرەوەدا کۆتایی شیکردنەوەیە، بەڵکو بە پێچەوانەی ئەمەوە ئەو سووربوو لەسەر ئەوەی نەک هەر ” دەکرێت بەربەستی بوون بەو ببڕرێت” بەڵکو ئەمەمەرجێکی پێویستی دەروونشیکاریی ڕاستەقینەیە، لەبەرئەمە کۆتایی شیکردنەوە وەک باری بەتاڵبوونەوەی خود تەماشا دەکرێت لە دیدی لاکانەوە؛ وەک ساتێک تیایدا بوون بەوەکانی خود دەبێتە جێی گومانێکی قووڵ، بە جۆرێک کە ناتوانێت وەک جارانی پارێزگاریی لێ بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا کە هەرگیز ناکرێت کۆتایی شیکردنەوەی بوون بەویی لەگەڵ شیکەرەوەدا ببەسترێنەوە بە یەکەوە، کەچی لاکان بانگەشەی ئەوە دەکات، کە دەکرێت بە مانایەکی جیاواز قسە لەسەر بوون بەو بکرێت: بەوبوون لەگەڵ بەرهەڵستدا.

التماهي: ترجمة : هشام روحانا

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە