هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.

هەموومان دەزانین دوای ڕوخانی رژێمی پێشووی عێراق، کورد وەک هاوبەشێکی سەرەکی بەشداری کرد لە دروستکردنەوەی عێراقێکی نوێی دیموکراسی کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت هەر لەسەر ئەو بناغەیەشدا پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتی عێراق دیاری کرا هەرچەندە دوای ئەوە بە رێکەوتنێکی سیاسی لە کابینەکەی ئەیاد عەللاوی زیادکرا بۆ 17% تاوەکو ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە عێراق، کە هەڵەی سەرکردایەتی سیاسی ئەوسای کوردستان ئەوە بوو نەیانتوانی ئەو رێژەیە بچەسپێنن تاوەکو لەگەڵ گۆرینی هەر کابینەیەکی حکومی نەتوانن هەرەشەی کەمکردنەوەی ئەو رێژەیە بکەن، دوای ئەوەی لەسەرەتای ساڵی 2014ەوە ئەو بەشە بوودجەیە بڕدرا کاردانەوەیەکی زۆری لە شەقامی کوردی درووست کرد بەجۆرێک لە لایەن هەندێک سەرکردەی کورد بە ئەنفال و جینۆسایدی کوردیان وەسف کرد، ئەمە لەکاتێکدا بوو بە پێی رێکەوتنی حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم دەبوو رۆژانە هەرێم بری (250)هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی ناوەند بکات، ئەوەی شایەنی باسکردنە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم پابەندی ئەو رێکەوتنە نەبووە کە واژووی کردوە نەوەک حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی میزاجی یان وەکو زولمێک لە هەرێمی کوردستانی کردبێت بوودجەکەی بڕیبێت، راستیەکی حاشاهەڵنەگر هەیە کە حکومەتی ناوەند لە ساڵی (2011) تاوەکو ساڵی(2014) چاوپۆشی لەو پابەندنەبونەی هەرێم کردووە بە رادەست کردنی نەوت لەبەرامبەر ناردنی بەشە بوودجە تاکو دواتر شایستە داراییەکانی هەرێمی بڕی، ئەگەر راستگۆبین حکومەتی ناوەند هیچ زوڵمێکی لە هەرێم نەکردووە لەو بابەتە ئەوە حکومەتی هەرێمە پابەندی رێککەوتنەکانی نەبووە، ئێستاش لە پرۆژە بوودجەی 2018 رێژەی هەرێم لە 17% کەمکراوەتەوە بۆ 12.67% لەوەشیان کورد ناتوانێت هیچ فشارێک لەسەر ناوەند بکات چونکە ئەو بڕە بە پێی رێکەوتنی سیاسی کراوەو حکومەتی ناوەندیش پابەندی نابێت و هیچ پالپشتییەکی یاسایش نیە حەق بە کورد بدات.
لێرەدا ئەگەر باسێکی ئەو پرۆژە بوودجەیەی ئەمساڵ بکەین کەلەلایەن خەلک و حکومەت بۆتە باس و خواسێکی رۆژانە، من هیچ شتێکی تازەی تێدا نابینم لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێم پابەندی نابێت چونکە حکومەتی ناوەند داوای رادەستکردنی تەواوی نەوتی کوردستان و داهاتی ناوخۆو داهاتی خاڵەسنووری و فرۆکەخانەکان دەکات نەوەک وەکو جاران تەنها برێک نەوت و بەبێ داهاتە ناوخۆییەکان، بۆیە بە مەحاڵی دەزانم حکومەتی هەرێم پابەندی بێت لەبەر چەند خاڵێک، حکومەتی هەرێم نەوتی بە پارەی پێشوەختە فرۆشتووە واتە پارەکەی وەرگرتووەو دەبێت نەوت بداتە کۆمپانیاکان ئەگەر هەموو نەوت رادەستی بەغدا بکات چۆن ئەو نەوتە بداتەوە؟ جگە لەوە چۆن قەرزە دەرەکیەکانی بداتەوە ؟ چۆن دەستحەقی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت بدات؟ ئەوانە جگە لە قەرزی کۆمپانیاو بانقە ناوخۆییەکان و قەرزی پاشەکەوتی زۆرەملێی فەرمانبەران و… هتد. بەڵگەشمان بۆ ئەوە پرۆژە یاسای بوودجەی پارساڵ بوو کە نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران دوای شەرێکی زۆر و حزبەکان وەکو دەسکەوتێکی زۆر گەورە وەسفیان کرد و پەسەند کرا، حکومەتی هەرێم بە بەیاننامەیەک پابەند نەبوونی خۆی راگەیاندو گوریسەکەی کردەوە بە خوری.
لە کۆتاییدا ئەگەر تۆزێک بیر بکەینەوە دەگەینە ئەو راستییەی چۆن ئەم حکومە تی هەرێمە لەبەرامبەرتەنها (250)هەزار بەرمیلی رۆژانە رازی نەبووپشکی 17% وەربگرێت ئێستا چۆن بەرادەستکردنی تەواوی داهاتی نەوت و ناوخۆو خاڵەسنووریەکان و فرۆکەخانەکان لەبەرامبەر 12.67% ى بوودجە رازی ئەبێت؟

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.