دکتۆرحلمی ره‌سوڵ ره‌زا: هه‌نگاوه‌كانی ماڵی مام جه‌لال.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

به‌كارهێنانی ناونیشانه‌كه‌ پڕ به‌ پێستی سه‌رجه‌م حزبه‌كانی كوردستانه‌، به‌وه‌ی كه‌سی یه‌كه‌می حزب یان ماڵباته‌كه‌ یاخود له‌ كۆتاییدا چه‌ند كه‌سێك خاوه‌نێتی و ئۆرگانه‌كان و رێكخستن وه‌رگرتنی بۆچونی شاره‌زایان و ده‌سترۆیشتوانی تر رۆڵێكی وه‌ها ناگێڕن له‌ سیاسه‌ت و داڕێژانی نه‌خشه‌ رێگای حزبه‌كه‌. دیاره‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا ماڵی مام جه‌لال گوڕو تینێكی زیاتریاندا به‌ لێكنزیك بونه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و حزبانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی مانگی 5 دا كورسی په‌رله‌مانیان به‌ ده‌ست هێناوه‌و ده‌ستڕاكێشانی ئه‌و بنه‌ماڵیه‌ بۆ لایه‌نه‌كان و پاشان چونیان بۆ لای سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌ره‌تایه‌كی زۆر باشه‌ و له‌ قازانجی دانیشتوانی ده‌ڤه‌ری ئه‌م دیو دێگه‌ڵه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی و كوردستانیشه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی‌، رونیشه‌ كه‌ له‌ هه‌ر فه‌وزاو نارێكیه‌كدا له‌ نێوان حزبه‌كان خه‌ڵكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی بونه‌ته‌ قوربانی و باجی زۆر گه‌وره‌شیان داوه‌ له‌ سه‌رجه‌م روه‌كانه‌وه‌.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك بوه‌ستم، له‌وانه‌، ئه‌گه‌ر بێت و ماڵی مام جه‌لال به‌ جدی بێنه‌ پێشه‌وه‌ له‌ به‌شداری پێكردنی خه‌ڵكه‌ ته‌كنۆكراته‌و راوێژ پێكردنیان به‌ رونتر بڵێم پێدانی جڵه‌و به‌ده‌ست پیاوێكی لێوه‌شاوه‌و ده‌وڵه‌مه‌تداری ئه‌زمونكراوی له‌ شێوه‌ی “دكتۆر به‌رهه‌م” له‌ پێناو ژیانی خه‌ڵك و چاككردنی ئیداره‌ی سلێمانی به‌تایبه‌تی و راگرتنی باڵانسی هێزو باڵانسی سه‌رجه‌م كایه‌كانی تری كوردستان به‌رانبه‌ر دروست نه‌بوونی حزبی قائید كه‌ ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی پێوه‌ ده‌تلێته‌وه‌ و كوردستانیش سه‌ره‌رای كێشه‌ سیاسی و ئابوریه‌كانی خه‌ریكه‌ به‌ره‌و ئه‌و ره‌وته‌ ده‌رواو له‌لایه‌ن یه‌ك ماڵباته‌وه‌ هه‌ڵده‌لوشرێ، ئه‌وا بێگومان هه‌نگاوێكی پۆزه‌تیفه‌و له‌ قازانجی پرۆسه‌ی دیموكراسی و راستكردنه‌وه‌ی باره‌ لاره‌كه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ كۆتایی دێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ریانه‌ ته‌نها بۆ تاكتیك بێت و بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخێكی كاتی بێت، به‌ دڵنیایه‌وه‌ نه‌ك ته‌نها خه‌ڵك زیانی به‌رده‌كه‌وێت و ئاخ بۆ دوێنێی هه‌ڵده‌كێشێ، بگره‌ ماڵباتی تاڵه‌بانی و یه‌كێتیش ده‌كه‌ونه‌ ژێر ره‌حمه‌تی هه‌ژمونی تاك جه‌مسه‌ریه‌وه‌و ئه‌و كات وه‌كو دیفاكتۆیه‌ك مه‌جبورن قبوڵی دۆخه‌كه‌ بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر بۆ له‌مه‌ودا ماڵی مام جه‌لال به‌ شێوه‌یه‌كی زانستیانه‌و سیاسیانه‌ی هاوسه‌نگ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخ و پێدانی پۆسته‌كاندا بكه‌ن و مه‌زاج و قینی هه‌ندێ خزم و كه‌س و كاری خۆیان و هه‌ندێ فه‌رمانده‌ی گێچه‌ڵاوی و سیاسی سودمه‌ند له‌ ناكۆكیه‌كان وه‌لا بنێن.. و ته‌نها بیریان لای قازانجی گشتی لایه‌نگره‌كانیان بێت، نه‌ك بالانسی هێز له‌ كوردستان هاوسه‌نگ ده‌بێته‌وه‌ به‌ڵكو ئه‌و كات یه‌كێتی ده‌بێته‌ مه‌رجه‌عێكی گه‌وره‌ی حزبه‌كانی تریش و پرس و راوێژی پێده‌كرێ.. بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ولا، به‌ لوت به‌رزیه‌وه‌ هه‌ڵس و كه‌وت له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی مام جه‌لال و یه‌كێتی و موعاره‌زه‌ی جدیش نه‌كرێ ده‌بێ یه‌كێتی وه‌كو ستراتیج سه‌یری هه‌نگاوه‌كانی بكات و هیچیش سڵ له‌وه‌ نه‌كاته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی پۆسته‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌ ده‌به‌ن خزمن یان نزیكه‌ خزمن، به‌ڵكو ده‌بێ بزانێ كێ دڵسۆزه‌و چاكه‌كاره‌و لێوه‌شاوه‌و لێهاتوه‌و ده‌یه‌وێ به‌ زانستیانه‌ مامه‌ڵه‌ بكات هه‌م له‌ ئاستی هه‌رێمایه‌تی و هه‌م له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی.

قسه‌ زۆره‌ بۆ گوتن، هه‌نگاوه‌كان زۆر پۆزه‌تیڤن و له‌ قازانجی خه‌ڵكی و ماڵباتی تاڵه‌بانی ته‌واو ده‌بن، به‌ مه‌رجێ تاكتیك نه‌بێت و غه‌دری له‌ پشته‌وه‌ نه‌بێت.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
دکتۆر حیلمی ڕەسوڵ ڕەزا

About دکتۆر حیلمی ڕەسوڵ ڕەزا