هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

ئەردۆگان لە ساڵانی یەکەمی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێداندا خۆی وەک سەرکردەیەکی دیموکراتی عەیار بیست و چوار نمایش ئەکرد. زوو زوو ئەوەی ڕەتدەکردەوە کە خۆی و پارتەکەی بە ئیسلامی سیاسییەوە گرێبدرێن، ئەو دەیوت پارتەکەی ئێمە پارتێکی دیموکراتی پارێزگارە (موحافەزەکار دیموکرات). بە پێچەوانەی هەموو گروپ و پارتە ئیسلامییەکانی ترەوە، ئەردۆگان و پارتەکەی بەگەرمی پشتگیرییان لە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا ئەکرد. لە ساڵانی یەکەمی دەسەڵاتیدا لەم بوارەدا هەنگاوی گەورە نران. سیاسەتەکانی ئەردۆگان و حکومەتەکەی ئەوەندە کاریگەر بوون، کە تورکیا وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی پێکەوە هەڵکردنی بەهاکانی دیموکراسی و کۆمەڵگای ئیسلامی ئاماژەی پێدەکرا. لە پرسی ئەندامەتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا دەسەڵاتەکەی ئەردۆگان لە هەموو حکومەتە عەلمانییەکانی تورکیا زیاتر لەو یەکێتییە چووە پێشەوە. هەوڵی خۆگونجاندن تورکیا لە گەڵ نۆرم و پێورەکانی یەکێتی ئەوروپا دەرفەتێکی زێڕینی ڕەخساند بۆ لاوازکردنی دەسەڵات و پێگەی سوپا لە ژیانی سیاسی وڵاتدا، چونکە بە پێی نۆرمەکانی یەکێتی ئەوروپا ئەرکی سوپا پاراستنی سنوورەکانی وڵاتە و نابێت هیچ ڕۆڵێکی لە ژیانی سیاسیدا هەبێت. ئەردۆگان زۆر فێڵبازانە ئەم هەلەی بەکارهێنا و بە یارمەتی ئەوروپای عەلمانی پارێزەری عەلمانییەتی لە تورکیا (سوپا) ملکەچی هێزێکی سیاسی پاشخان ئیسلامی کرد. بە پێی لۆژیکی شتەکان دەبوایە یەکێتی ئەوروپا هاوپەیمانی سوپا بوایە لە بەرامبەر حیزبەکەی ئەردۆگان. بەڵام وڵاتانی ئەوروپا پابەندی بەها و پێورەکانی خۆیان بوون، ئەمە لە لایەکەوە و لە لایەکەی تریشەوە لە هەوڵی ئەوەدا بوون ئیسلامی سیاسی “میانڕەو” ی تورکیا بکەن بۆ مۆدێلێک بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە بەرامبەر ئیسلامی سیاسی ڕادیکاڵ و توندڕەودا جێگیری بکەن. وەکو دەوترێت خەمڵاندنەکانی کێڵگە و خەرمان جودا بوون. ئەزموونەکانی دواتر ئەوەیان دەرخست کە ئەردۆگان بۆ مەبەستی زۆر دوور لەوەی یەکێتی ئەوروپا کاری دەکرد. ئەو ویستی پشتگیری ئابوری و سیاسی ئەوروپا بەکار بێنێت بۆ بەهێزکردنی پێگەکانی حکومەتەی لە نێوخۆی تورکیا و لە هەرێمەکە و ئەوجا ڕووی ڕاستەقینەی خۆی بە هەموو لایەک پیشان بدات. ئەردۆگانیزم ئەوەندە لەخشتەبەر بوو وای لە باڕاک ئۆباما کرد لە دوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمێریکا یەکەم سەردانی بۆ تورکیا بێت. ئەم لە خشتەبردن و قۆڵبڕینەی ئەردۆگان بۆ لایەنگران و هەوادارانی لە نێوخۆی تورکیا و وڵاتانی ڕۆژهەڵات بە کوردستانەکەی خۆشمانەوە مایەی زیرەکی و سیاسەتبازییە.
ئەردۆگانیزم لە نێوخۆی تورکیاش هەمان یاری لە گەڵ هاوڕێ و هاوبیرە کاتییەکانیدا کرد. ناکرێت سەیری دەسکەوتەکانی ئەردۆگان لە دەرەوەی هاوکاری و پشتگیری بە هێزی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەر بە بزووتنەوە ئیسلامییەکان بکەین. بزووتنەوەکانی “نوری” مەلا سەعیدی نورسی و “خزمەتی” سەر بە فەتحوڵا گیولەن پشت و پەنای ئەردۆگان و حیزبەکەی بوون. لە هەموو ململانێ و جەنگەکانیدا لە دژی سوپا و هێزە عەلمانییەکان ئەمان لە سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕ بوون. ئەم بزووتنەوانە لە لایەکەوە زەمینەیەکی هزری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەهێزیان بۆ بەپیرەوەچوونی سیاسەتەکانی ئەردۆگان و حیزبەکەی دروست کردبوو، لە لایەکی تریشەوە لە کاری ڕۆژانەدا پشتگیری توندیان ئەکرد لە سیاسەتەکانی. لە تەک کاریگەرییە ناوخۆییەکاندا، بزووتنەوەی خزمەت ڕۆڵێكی گەورەی دەبینی لە دەسکەوتەکانی تورکیا لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی. ڕەنگبێ هۆیەکی سەرەکی مەترسی ئەردۆگان، کە ڕۆژانە لە دژی دەرەوە دووبارەی دەکاتەوە، ئەم ڕۆڵە گەورەیەی بزووتنەوەی خزمەت بێت، کە لە کاتی خۆیدا پێشکەشی ئەوی کردووە و ئێستا لێی هەڵگەڕاوەتەوە و دەتوانێت زیانی لێبدات. خزمەت بزووتنەوەیەکی چالاک و بەرفراونی کۆمەڵایەتییە و ئیلهامی لە سەرکردە ئاینییەکەی محەمەد فەتحوڵا گیولەن وەردەگرێت، کە لایەنگرانی بە خۆجە یا خواجە ئەفەندی “مامۆستا” ناوی دێنن. گیولەن لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە چایخانەکانەوە دەستیکرد بە پڕوپاگەندەکردن بۆ بیر و بؤچوونەکانی. هانی قوتابییە زیرەکەکانی ئەدا بۆ خوێندن و داهێنان، قوتابخانەی نموونەیی هاوچەرخ و ئاستبەرزی زانستی بۆ دەکردنەوە. باوەڕی وایە کە خوێندن و پەروەردەی ئاستبەرز و باش کلیلی باشکردنی ژیانی خەڵکە. قوتابییەکانی گیولەن، کە ناوی ” نەوەی ئاڵتونی” لێناون و چالاکوانە سیاسییەکانی لە دەسپێکدا لە تورکیا و لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووشەوە لە ناوەڕاستی ئاسیا، لەو وڵاتانەی لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەتی جارانەوە هاتنە ئاراواە، گەشەیان بەم کارانەیاندا. سەدان قوتابخانەیان کردەوە کە لە تەک خوێندنی زانستیدا بیر و بۆچوونەکانی گیولەنیان تێیاندا بڵاودکردەوە. ئێستا لە 140 وڵاتی دونیا قوتابخانەکانی گیولەن هەن و وەک درێژەپێدراوی باڵی دیپلۆماسی و کاریگەری تورکیا سەیرئەکران و زۆر کەس پێیانوابوو کە ئامانە دەبنە بناغەیەک بۆ ئامادەیی دوا ڕۆژی سیاسی و کولتوری تورکیا لەو وڵاتانە. ئەمە نوێنەر و جێبەجێکاری هێزی نەرمی تورکیا بوو لەو وڵاتانە. پەیوەندی و هاوپەیمانی توند و تۆڵی ئەردۆگان و گیولەن سودی زۆریان بۆ هەردوولا هەبوو. ئەردۆگان پشتگیری تەواوی بزووتنەوەی خزمەتی لە نێوخۆی تورکیا مسۆگەر کردبوو، چالاکییەکانیشی لە دەرەوە پشت و پەنای دیپلۆماسی دەوڵەت بوون. ئەوەی مایەی دڵخۆشی هەردوولا بوو ئەو ڕاستییە بوو کە ئەم ئەرکانە نەک هیچ پارەیان تێناچوو، بەڵکو ببوونە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ ئیمپراتۆرییاکەی گیولەن و ئابوری تورکیاش قازانجێکی زۆری لێیان دەبینی. بە پێی هەندێ بەڵگەنامەی دیپلۆماسی ئەمێریکی، کە ویکیلیکس دەستی پێیان گەیشتبوو. بزووتنەوەی خزمەت لە دوای حکومەت و سوپا سێیەمین ناوەندی خاوەن هێز و کاریگەری بوو لە تورکیا.
ساڵی 2013 ساڵێکی ناخۆش بوو بۆ ئەردۆگان. خۆپیشاندانەکان بە هۆی پارکی گێزییەوە لە ئەستەموڵ دەستیان پێکرد، بەڵام دواتر زۆر لە شارەکانی تری تورکیایان گرتەوە. دەسەڵاتخوازی ئەردۆگان مایەی نیگەرانی بوو لە ناوەندە دیموکراتی، لێبراڵی و عەلمانییەکانی تورکیا. کاردانەوەکانی ئەردۆگان زۆر توند بوون و بە هێزی پۆلیس خۆپیشاندانەکانی دامرکاندەوە. بۆچوونەکانی ئەردۆگان و گیولەن لەم بارەیەوە جیاواز بوون و لێرەوە ڕێگاکانیان لێک جودابوونەوە. ئەردۆگان خزمەتی بەوە تاوانبار کرد کە لە پشتی ناڕەزاییەکانی گێزییەوەیە و میدیای کۆنترۆڵکراو خۆپیشاندەرانی وەک تێکدەر و شەلاتی و ئەنارشیست پیشان ئەدا و چیرۆکی زۆری بۆیان هەڵدەبەست. لەو کاتەدا خزمەت ڕەخنەی لە هەڵس و کەوتی حکومەت گرت و دەسەڵاتی ئەردۆگانی بە ئەوتۆریتێر تاوانبار کرد. یەکسەر لە دوای ئەمە حکومەت ڕێگەی لەو ڕێکخراوەی گیولەن گرت کە ڕێنمایی پێشکەش بە قوتابیان ئەکرد بۆ ئەوەی بچنە زانکۆکانی تورکیا.
لە کۆتایی 2013 پۆلیسی تورکیا پەردەی لە سەر کەیسێکی گەورەی گەندەڵی هەڵماڵی کە زۆر لە پیاوە گرنگەکانی دەورو بەری ئەردۆگان تێوەی گلابوون. یەکێک لە تێوەگلاوەکان بیلالی کوڕی بوو و زاواکەشی دوور نەبوو لە گومان و تاوانبار کردن. ئەردۆگان گەلێک لەو پۆلیسانەی دوورخستەوە کە پەردەیان لە سەر ئەو کەیسە هەڵدابووەوە، ئەو دادوەرانەش کە لێکۆڵینەوەیان لە گەندەڵییەکە دەکرد ڕاگیران و دوورخرانەوە. ئەردۆگان و حیزبەکەی هەموو ئەم کارانەیان بە پیلان و ناوزڕاندن لە قەڵەم ئەدا. لایەنگرانی گوێیان بەم تۆمەتانە نەدا و لە پشتگیری کردنی بەردەوام بوون. لە کاتی هەڵبژادنیدا وەک سەرۆکی کۆماری تورکیا ئەمە بە زەقی دەرکەوت.
بە پێی دەستوری تورکیا سەرۆک کۆماری پێگەیەکی پرۆتۆکۆلییە و دەسەڵاتی جێبەجێکاری نیە. سەرۆک کۆمار کاتێک ئەو پۆستە وەردەگرێت دەبێت دەست لە پارتەکەی هەڵبگرێت و نابێت دەسەڵاتی بە سەر کابینەی وەزیراندا هەبێت. بەڵام لەو کاتەوە ئەردۆگان بووە بە سەرۆک کۆمار، هەموو دەسەڵاتەکانی حکومەتی گرتۆتە دەست و لە ناو پارتی داد و گەشەپێدانیشدا خۆی خاوەن دوا بڕیاڕە. ئێستاش دەیەوێت لە ڕێگەی دەستورەوە سیستەمی سیاسی لە پاڕلەمانییەوە بگۆڕێت بۆ سەرۆکایەتی. لە سێبەری ئەم سیستەمدا سەرۆکایەتی وەزیران نامێنێت و بۆ خۆی دەبێتە سەرۆکی حکومەت و فەرماندەی باڵای سوپا، هەروەها دەسەڵاتی دامەزراندنی گەورە بەرپرسانی وڵاتی بەدەست دەبێت وەک دانانی وەزیر، دادوەر، جێگری سەرۆک کۆمار، سەرۆک زانکۆکان…تاد. لە هەمان کاتدا پەیوەندی بە حیزبیشەوە دەمێنێت. بە واتایەکی تر هەموو بڕیاڕيکانی حکومەت و حیزبیش بە دەستی تاکە کەسێک دەبێت. ئەردۆگان ناوی لەمە ناوە سیستەمی سەرۆکایەتی بە ستایلی تورکی. لەمەدا چاوی لە ڤڵادیمێر پوتینی تازە “دۆستی ئازیزی” کردووە، بەڵام بێ سەرۆک وەزیرانێکی بوکەڵەی وەک میدڤێدەف، هەرچەندە بە ناوەکەی بوایە دەبوایە ورچ بێت. بە کورتی ئەردۆگان بۆ سیستەمێک دەگەڕێت هیچ کەسێک تێیدا کۆنترۆلی کردەوە و سیاسەتەکانی نەکات. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش ئامادەیە وڵاتێک وێران بکات.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت