هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

ئه‌ز چ له دووره‌وه‌ و چ له‌ نزیکه‌وه‌، چه‌ن جارێ مام (جه‌لال)م دیوه‌. به‌ڵام لێره‌دا، وه‌ک مشتێ له‌ خه‌رمانی یاده‌وه‌رییه‌کانم، ته‌نیا چه‌ن دیدارێ باسده‌که‌م‌.

(1)
ئه‌ز (مام جه‌لال)، له‌ ته‌مه‌نی (10-111) ساڵییه‌وه‌ ده‌ناسم. باوکم له‌ شارۆچکه‌ی (پێنجوێن) برینپێچ بوو، ئه‌ندامی لیژنه‌ی نێوچه‌ی (پارتیی)ش بوو. منیش دوای نیوه‌ڕوان، ڕۆژنامه‌ی (خه‌بات)م، به‌سه‌ر به‌شداربووانی ڕۆژنامه‌که‌دا دابه‌شده‌کرد.
ئێواره‌یه‌کی به‌هاری ساڵی (19611) بوو، له‌ ماڵه‌وه‌ دانیشتبووم، کوڕێ هات و گوتی: باوکت له لیژنه‌ی نێوچه‌یه‌ و ده‌ڵێ: هه‌ر ئێسته‌ با بێ بۆ ئێره‌، ئیشم پێیه‌تی. منیش هه‌ستام و له‌گه‌ڵی ڕۆیشتم. باره‌گه‌ی لیژنه‌ی نێوچه‌، له‌نێو بازاڕه‌که‌ له‌ دووه‌مین نهۆمی ڕیزه‌ دووکانێ بوو، له‌ ماڵی ئێمه‌وه‌، هه‌موو (5) خوله‌ک دووربوو. که‌ چووینه‌ سه‌ره‌وه‌، خه‌ڵکێکی زۆری لێ بوو، باوکم چاوه‌ڕییده‌کردم. یه‌کسه‌ر په‌لی گرتم و گوتی: وه‌ره‌ مام (جه‌لال) هاتووه‌، حه‌زده‌کا، بتبینێ. چوینه‌ ژووره‌وه‌، (مام) ڕاوه‌ستابوو، پشتی له‌ ئێمه‌ بوو. قسه‌ی بۆ کۆمه‌ڵێ لاو ده‌کرد. ده‌ستێ ڕانکوچۆغه‌ی شینکی له‌به‌ردابوو، جامانه‌یه‌کی به‌ستبوو، چاویلکه‌یه‌کی پزیشکیشی له‌ چاودا بوو، زۆر گه‌نج و قۆز بوو. ئه‌وه‌ یه‌که‌مین جاربوو، (مام) ببینم، پێشتر هه‌ر ناویم بیستبوو، زۆرم خۆشویست!
ڕه‌وانشاد کاک (موحه‌ممه‌دی حاجی سه‌فه‌ر) بانگیکردم و به (مام)ی گوت: ئه‌مه‌ ئه‌و مناڵه‌یه‌، که ڕۆژنامه‌ی (خه‌بات)مان بۆ ده‌به‌شده‌کا و کوڕی (شێخ موحه‌ممه‌د)ه‌. ئه‌ویش به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی شیرینه‌وه‌، سه‌یرێکی کردم، ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ کردم و منیش به‌خیرهاتنم کرد. پاشان گوتی: ناوت چییه‌؟
گوتم: (حوسێن).
گوتی: له‌ پۆلی چه‌ندی؟
گوتم: چوار.
گوتی: ڕه‌وشی ڕۆژنامه‌ی (خه‌بات) چۆنه‌، ده‌فرۆشرێ؟
گوتم: نازانم، چونکه‌ من نایفرۆشم، به‌ڵکوو ته‌نیا هه‌ر، به‌سه‌ر چه‌ن ماڵه‌ فه‌رمانبه‌رێکدا دابه‌شیده‌که‌م.
گوتی: ئافه‌رین، تۆ کوڕی کوردی، ده‌بێ، ڕاژه‌ی گه‌لی خۆت بکه‌ی و چالاکبی. به‌ ئه‌م زووانه‌ش ڕۆژنامه‌ی (کوردستان) ده‌رده‌که‌ین، بۆتان ده‌نێرین، ئه‌ویشمان بۆ دابه‌شده‌که‌ی؟
گوتم: به‌ڵێ.
(مام) هه‌ر ئه‌و جاره،‌ داوای لێ کردین، بایه‌خ به‌ لیژنه‌ی ناوچه‌ی (یه‌کێتی قوتابیانی کوردستان) بده‌ین و چالاکیی بنوێنین. داواشی له‌ لیژنه‌ی ناوچه‌ی (پارتیی) کرد، ژوورێکمان بده‌نێ و بیکه‌ین به‌ باره‌گه‌ی قوتابیان. ئه‌و ڕۆژه‌ چه‌ن قوتابییه‌ک و هه‌ردوو ڕه‌وانشادیش (حه‌مه‌سدیق پێنجوێنیی) و (به‌کری حاجی سه‌فه‌ر) له‌ ئه‌وێ بوون.
(مام) هاتبوو بۆ شارۆچکه‌ی (پێنجوێن)، بۆئه‌وه‌ی قسه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆک تیره‌ و هۆزه‌کانی نێوچه‌که‌ بکا و هانیانبدا، له‌گه‌ل شۆرشدا بن! بۆ به‌یانیی مام (جه‌لال) و باوکم و چه‌ن کادێرێکی دیکه‌ی (پارتیی)، به‌ره‌و گونده‌کانی ده‌وروپشتی (پێنجوێن) به‌ڕێکه‌وتن، پێوه‌ندییان به‌ سه‌رۆک تیره‌ و هۆزه‌کانی ئه‌و نێوچه‌یه‌وه‌ کرد. به‌ڵام من نه‌مده‌زانی، چی له‌ گۆڕێ دایه‌! دوای دوو ڕۆژ باوکم گه‌ڕایه‌وه‌ و گوتی: زۆربه‌ی سه‌رۆک خێڵه‌کانمان له‌گه‌ڵه‌، (پارتیی) داوای مافه‌ ڕه‌واکانی گه‌لی کورد له‌ میریی ده‌کا و به‌ ئه‌م زووانه‌ شۆڕش ده‌سپێده‌کا!
ئیدی ئه‌وه‌ بوو، ڕۆژی (11.9. 19611). له‌ (ده‌ربه‌ندی بازیان) شه‌ڕ ده‌سیپێکرد و باره‌گه‌ی (پارتیی)ش له‌ (پێنجوێن) داخرا. فه‌رمانگه‌ی (سیخووڕی) باوکمیان بانگکرد و گوتیان: تۆ لێره‌ فه‌رمانبه‌ری میرییت، یا له‌گه‌ڵ (مام جه‌لال) گونده‌کان ده‌گه‌ڕێن، سه‌رۆک هۆزه‌کان دژی ده‌وڵه‌ت هانده‌ده‌ن. ده‌بێ، له‌ ماوه‌ی مانگێکدا لێره‌ نه‌مێنێ. به‌ ئه‌و شێوه‌یه‌ بۆ (سوله‌یمانیی) گه‌ڕاینه‌وه‌.

* ئه‌م کورته گوتاره‌‌م، له‌ به‌رگی یه‌که‌می بیره‌وه‌رییه‌کانمدا – گه‌ڵاوه‌ریوه‌کانی دره‌ختی ته‌مه‌نم – لاپه‌ره‌ (123-124)، به‌ درێژیی باسکردووه‌.

(2)
دوای (3) ساڵ و (5) مانگ، ڕۆژی (27. 6. 19999)، له‌ ڕێی (ئێران)ه‌وه‌، بۆ پێنجه‌مین جار، سه‌رم له‌ (کوردستان) دایه‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی کوردانه‌ی خۆم، سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌کانی (31. 8. 1996) و جه‌نگی نێوخۆ نه‌مده‌توانی، له‌ ڕێی (توورکیا)وه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌.
له‌به‌رئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌کی زۆربوو، (کوردستان)م نه‌دیبوو، ئه‌م سه‌ردانه‌م زۆر لا خۆشبوو. گه‌لێ دۆست و براده‌ری خۆشه‌ویستم بینی. ئێواره‌یه‌کیان براده‌رانی (P.K.K.)، سه‌ریان لێدام و به‌ ناوی ڕێکخستنی (سوله‌یمانیی)ه‌وه‌، به‌خێرهاتنیانکردمه‌وه‌. پاشان داوایان لی کردم، وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی ناسراو و نووسه‌رێکی دیار، مام (جه‌لال) ببینم و تکای لێ بکه‌م، نامه‌یه‌ بۆ شالیاری ده‌ره‌وه‌ی (ئه‌مێریکا) بنووسێ، داوا له‌ سه‌رانی (توورک) بکا، (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) له‌ سێداره‌ نه‌‌ده‌ن. منیش گوتم: هه‌وڵده‌دم، گه‌ر بیبینم، داواکارییه‌که‌ی ئێوه‌ی پێ بگه‌یه‌نم.
کاک (نیاز سه‌عید)، لێپرسراوی په‌یمانگه‌ی کادێرانی (ی. ن. ک.)، تێلێفۆنی بۆ کردم و گوتی: حه‌زده‌که‌ین، داوه‌تتبکه‌ین، سیمینارێ له‌سه‌ر هوشیاریی نه‌ته‌وه‌یی، پێشکه‌ش به‌ کادێره‌کان بکه‌ی. منیش ڕه‌زامه‌ندی خۆم ده‌ربڕی. به‌یانی زوو هات به‌ دوامدا و به‌ره‌و (قه‌ڵاچوالان) ڕۆیشتین. کاتێ باسه‌که‌م ته‌واوکرد‌، باسی (مام) و (ئاراسی شێخ جه‌نگی) بۆ کردم. گوتم: (ئاراس) له‌ کوێیه‌؟ گوتی: له‌ ماڵی (مام جه‌لال)ه‌ و له‌ ئه‌و به‌ر ئێمه‌وه‌یه‌. منیش گوتم: تێلێفۆنێکی بۆ بکه‌، بڵێ براده‌رێ لێره‌یه‌ ده‌یه‌وێ، قسه‌ت له‌گه‌ڵ بکا. بۆی وه‌رگرتم و به‌ زمانی ڕووسیی، چۆنی و چاکیم له‌گه‌ڵ کرد، یه‌کسه‌ر ناسیمییه‌وه‌ و گوتی: ئه‌وه‌ له‌ کوێی؟ گوتم: له‌ په‌یمانگه‌ی کادێرانم. گوتی: تێلێفۆنه‌که‌ داخه‌، وا هاتم. دوای (5) خوله‌ک په‌یدابوو. کاتی خۆی له‌ شاری (کیشینۆڤ)ی پایته‌ختی کۆماری (مه‌ڵدۆڤه‌)، ساڵێ پێکه‌وه‌ بووین، زۆر هاوڕێ بووین. به‌ڵام پاشان له‌ ئه‌و شاره‌ نه‌ما و ماوه‌ی (7) ساڵ بوو، نه‌مدیبوو. زۆر به‌ کوڵودله‌وه‌، باوه‌شمان به‌ یه‌کدیدا کرد و که‌مێ قسه‌مانکرد. دوایی پێم گوت: کارێکی زۆر په‌له‌ و گرنگم هه‌یه‌، ده‌مه‌وێ، مامت ببینم. گوتی: هه‌ر ئێسته‌ ده‌ڕۆم، پێی ده‌ڵێم و وه‌ڵامت لێ ده‌گێڕمه‌وه‌. پاش که‌مێ تێلێفۆنی بۆ کردم و گوتی: سبه‌ینێ کاژێری (6)ی ئێواره‌، (مام جه‌لال) له‌ ماڵه‌وه‌ چاوه‌ڕێتده‌کا، کاک (نیاز)یش له‌گه‌ڵ خۆت بێنه‌.
ئێواره‌ی ڕۆژی (2. 7. 19999)،‌ له‌ کاتی خۆیدا چووین و (مام) چاوه‌ڕێیده‌کردین. زۆر به‌ گه‌رمیی پێشوازی لێ کردین و که‌مێ سه‌باره‌ت‌ به‌رهه‌مه‌کانم دواین. پاشان ماوه‌ی (30) خوله‌ک‌، باسی ڕه‌وشی خۆیان و (کوردستان)ی بۆ کردین. ئینجا گوتی: فه‌رموو. منیش ته‌ماشایه‌کی کاتژمێره هه‌ڵواسراوه‌‌که‌ی سه‌ر دیواره‌که‌‌م کرد، یه‌کسه‌ر گوتی: ته‌ماشامه‌که‌، کات بۆ تۆ کراوه‌یه‌. منیش گوتم: من هاتووم، (3) بابه‌تی جیاوازت له‌گه‌ڵ باسکه‌م. گوتی: فه‌رموو، با بزانین، چین؟
گوتم: یه‌که‌مین خاڵ ئه‌وه‌یه‌، دوێنێ ئێواره‌ براده‌رانی (P.K.KK.) سه‌ریان لێ دام، داوایان لێ کردم، تکات لێ بکه‌م، نامه‌یه‌ بۆ شالیاری ده‌ره‌وه‌ی (ئه‌مێریکا) بنووسی، داوا له‌ سه‌رانی (توورک) بکا، (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) له‌ سێداره‌ نه‌‌ده‌ن. ئه‌مه‌ کارێکی نه‌ته‌وه‌یی گرنگه‌ و تاهه‌تایه‌ بیریان ناچێته‌وه‌.
گوتی: زۆر باشه‌، به‌سه‌رچاو، له‌ ئینته‌رنێتیشدا بڵاویده‌که‌مه‌وه‌.
گوتم: زۆر سوپاس.
گوتی: دووه‌مین خاڵ چییه‌؟
گوتم: کۆنگره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بگرن، نوێنه‌ری هه‌موو پارته‌کانی باشووری (کوردستان) بانگکه‌ن. هه‌روه‌ها ده‌توانن، هێندێ له‌ مامۆستایانی زانکۆ، پیاوانی ئایینیی، که‌سایه‌تی ناسراو و نووسه‌رانی کوردیش به‌شداربن. کێشه‌ی دوو فه‌رمانڕه‌وایی و ناکۆکییه‌کانی نێوان (پارتیی) و (یه‌کێتیی) باسکه‌ن، به‌ڵکوو به‌ هه‌موو لایه‌، چاره‌سه‌رێ بۆ ئه‌م ڕه‌وشه‌ ناله‌باره‌ بدۆزنه‌وه‌. گه‌ر پێویستیشی کرد، من ده‌مێنمه‌وه‌ و به‌رنامه‌یه‌کی تێروته‌سه‌ل ئاماده‌ده‌که‌م.
گوتی: زۆر باشه‌. به‌ڵام (پارتیی) نایه‌ت.
گوتم: ئێوه‌ ئه‌وه‌تان له‌سه‌ره‌ نامه‌یان بۆ بنیرن و بانگهێشتیانکه‌ن، گه‌ر هه‌ر نه‌هاتن، ئه‌وا ئه‌و ده‌سپێشخه‌رییه‌، بۆ ئێوه‌ جێی شانازییه‌ و بێ ئه‌وانیش ده‌توانن، کۆنگره‌که‌ بگرن، ڕوو له‌ ئاماده‌بووان بکه‌ن و بڵێن: ئێمه‌ ویستمان، کێشه‌کانمان به‌ دیالۆگ چاره‌سه‌رکه‌‌ین و (کوردستان) یه‌کخه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام (پارتیی) نایه‌ت و نایه‌وێ، ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟ ئه‌و کاته‌ به‌شداربووانی کۆنگره‌که‌، هه‌ڵویستێکی دیکه‌یان ده‌بێ.
گوتی: ئێمه‌ له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌، له‌ (پارتیی) باشترین و ده‌ره‌قه‌تمان نایه‌ن، به‌ڵام نامانه‌وێ، چیدیکه‌ شه‌ڕی براکوژی بکه‌ین. بیرێکی لێ ده‌که‌ینه‌وه‌.
گوتم: خاڵی سێیه‌م ده‌مه‌وێ، وه‌ک چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی مامۆستا (برایم ئه‌حمه‌د)، دیدارێکی دوورودرێژ، هه‌ر له‌ له‌دایکبوونه‌وه‌‌ تا ئێسته‌، له‌گه‌ڵ به‌ڕیزتدا سازکه‌م.
گوتی: زۆرم پێ خۆشه‌. میوانخانه‌شمان هه‌یه‌، ده‌توانی، لێره‌ بمێنیته‌وه‌. به‌ڵام که‌مێ لێم بوه‌سته‌، زۆر سه‌رم قاڵه‌.
گوتم: سوپاس، پێویستم به‌ میوانخانه‌ نییه‌. به‌ڵام ڤیزه‌ی (ئێران)‌م ته‌واوده‌بێ و ده‌بێ، بگه‌ڕێمه‌وه.
گوتی: ئێمه‌ بۆت درێژده‌که‌ینه‌وه‌. په‌سپۆرتت پێیه‌؟
گوتم: به‌ڵێ. ئیدی لێی وه‌رگرتم. پێشمه‌رگه‌یه‌کی بانگکرد و گوتی: ئه‌و په‌سپۆرته‌ بده‌ن به‌ (ئاراس)، دوو مانگی بۆ درێژکاته‌وه‌.
به‌ ئه‌و شێوه‌یه‌، ماوه‌ی (33) مانگ مامه‌وه‌، (مام) خۆی به‌ده‌سه‌وه‌ نه‌دا و چاوپێکه‌وتنه‌که‌مان نه‌کرد. نامه‌یه‌کیشم بۆ نووسی و بیرمخسته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌.

(3)
ىڕیاربوو، (20. 9. 19999) بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ (سوید). هاوڕێیان ملازم (عومه‌ر) و (مسته‌فا چاوڕه‌ش) هاتن بۆ ماڵه‌وه‌، خواحافیزیم لێ بکه‌ن. ملازم گوتی: هه‌موو شتێکت ته‌واوه‌؟ گوتم: به‌ڵێ. گوتی: کوا په‌سپۆرته‌که‌ت، پیشانمبده‌، بزانم، ماوه‌ی مانه‌وه‌ت له‌ (کوردستان) ته‌واو نه‌بووه‌؟ کاتێ سه‌یریکرد، گوتی: کاکه تۆ مانگێ ڕێیان داوی، لێره‌ بمێنیته‌وه‌، که‌چی (3) مانگه‌‌ لێره‌ی. ده‌بێ بچی بۆ ئاساییش و چاکیکه‌یت، ئه‌گینا له‌ سنوور نایه‌ڵن، ڕه‌تبی.‌ ئه‌مه‌ش به‌ هۆی (مام)ه‌وه‌ بوو!
منیش چووم بۆ ئاساییش، پرسیم، کێ به‌رپرسی ئاساییشه‌؟ گوتیان: (خه‌سره‌و گوڵ موحه‌ممه‌د). ماوه‌ی (277) ساڵ بوو، ئه‌و هاوڕێ خۆشه‌ویسته‌م نه‌دیبوو. چووم بۆ لای و به‌رزه‌پێ له‌به‌رم هه‌ستا، یه‌کدیمان ماچکرد، دانیشتین و گه‌لێ یادگاری کۆنمان باسکرد. پاشان په‌سپۆرته‌که‌م دایه‌، هه‌ر زوو به‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کدا ناردی و بۆیان نوێکردمه‌وه‌. دوایی گوتی: ئه‌م شه‌و ده‌بێ، میوانی من بی، کۆمه‌ڵێ براده‌ری دیکه‌ش ده‌بینی.
ئێواره‌ چووم و جگه‌ له‌ دوکتۆر (خه‌سره‌و)، برایان (قادری حاجی عه‌لی، مسته‌فای سه‌یید قادر، دلێری سه‌ییدمه‌جید، دوکتۆر حه‌مه‌سابیر و مامۆستا موحسین)یش له‌ ئه‌وێ بوون. منیش بۆ به‌یانیی ده‌ڕۆیشتمه‌وه‌ بۆ (ئێران). هه‌واڵی (مام جه‌لال)م لێ پرسین، گوتیان: نه‌خۆشکه‌وتووه‌ و بردوویانه‌ بۆ (تاران)، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌تدا سه‌رێکی لێ بده‌ و ناونیشانیان دامێ. له‌ (تاران) تێلێفۆنم بۆ (به‌هرۆز گه‌ڵاڵیی) کرد و گوتم: ده‌مه‌وێ، (مام) ببینم.
گوتی: تێلێفۆنت بۆ ده‌که‌مه‌وه‌. هه‌ر دوای که‌مێ، تێلێفۆنی بۆ کردم و گوتی: سبه‌ینێ ئێواره‌، چاوه‌ڕێتده‌که‌ین. نهۆمێکیان له‌ ئوتێل (ئیستیقبال) بۆ گرتبوو، منیش چه‌پکێ گوڵی گه‌وره‌م بۆ کڕی، ته‌کسییه‌کم گرت و چووم. (ئاراس)ی برازای به‌ پیرمه‌وه‌ هات و زۆری پێخۆشبوو. خه‌ڵکێکی زۆر، له‌ هۆڵه‌که‌ دانیشتبوون، جگه‌ له‌ لیژنه‌ی پزیشکیی، هه‌ردوو به‌ڕێز (عومه‌ری سه‌یید عه‌لی) و دوکتۆر (ئه‌حمه‌د بامه‌ڕنی)ش له‌ ئه‌وێ بوون.
پاش که‌مێ (مام) هات و یه‌کدیمان ماچکرد. ته‌ندرووستیی زۆر باشبوو. که‌مێ به‌ شانوبازووی مندا هه‌ڵیدا و گوتی: گوتاره‌که‌ی له‌ (کوردستانی نوێ)دا، له‌سه‌ر دۆسییه‌ی (که‌رکووک) بڵاوتکردووه‌ته‌وه، له‌ هه‌موو گوتاره‌کانی دیکه‌، باشتربوو.
گوتم: ڕاسپارده‌یه‌کی مامۆستا (مه‌سعوود)م پێیه‌.
گوتی: چییه‌؟
گوتم: داوا له‌ به‌ڕێزتان ده‌کا، کارگه‌یه‌ک له‌ (کۆیه‌) بکه‌نه‌وه‌.
گوتی: کارگه‌ ناکه‌ینه‌وه‌، به‌ڵکوو زانکۆیان بۆ داده‌مه‌زرێنین. پاشان گوتی: تۆ رات چییه‌، ده‌مانه‌وێ، ئاو به‌ (ئه‌زمڕ)دا سه‌رخه‌ین و وه‌ک شه‌قامی (وه‌لی عه‌هد) له‌ (تاران)، به‌ نێو شاری (سوله‌یمانیی)دا بیبه‌ین، تا له‌ چه‌مه‌که‌ی (تانجه‌رۆ) ده‌ڕژێ؟
گوتم: کارێکی زۆر سه‌خته‌، چونکه‌ پێکهاته‌ی جیۆلۆجی چیای (ئه‌زمڕ)، به‌ که‌ڵکی ئه‌وه‌ نایه‌ و پاره‌یه‌کی زۆریشی تێده‌چێ. ئه‌ویش هیچ قسه‌ی نه‌کرد.
ماوه‌ی (300) خوله‌ک‌ دانیشتین و ئیدی هه‌ستام. گوتم: گه‌ر کارێکتان بۆ (سوید) هه‌یه‌، من به‌یانیی ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌.
گوتی: زۆر سوپاس. هه‌ر به‌سه‌ر پێوه‌، وه‌ڵامی دوو داواکاریی پێشووی دامه‌وه‌ و بیری نه‌چووبووه‌وه‌. گوتی: به‌رنامه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌، بۆ جارێکی دیکه‌ هه‌ڵده‌گرین. به‌ڵام من پێم وایه‌، (ئۆجه‌لان) له‌سێداره‌بد‌رێ، کورد زۆر قازانجده‌کا و خۆشی وه‌ک پاڵه‌وانێکی مێژوویی ده‌ناسرێ. منیش هیچ قسه‌م نه‌کرد و ماڵاواییم لێ کرد. که‌چی له‌ (برۆکسل)، له‌ براده‌رانی (P.K.K.)م پرسی، (مام) نامه‌که‌ی نووسی؟ گوتیان: به‌ڵێ، له‌ ئینته‌رنێتیشدا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌!
(ئاراس) له‌گه‌ڵم هات و گوتی: مامم ده‌ڵێ: بۆ به‌ یه‌کجاریی بۆ (کوردستان) ناگه‌ڕێته‌وه.
منیش گوتم: ‌چی بکه‌م و به‌ چی بژیم؟
گوتی: هه‌موو شتێکت بۆده‌که‌ین.
زۆر سوپاسم کردن و به‌ڵێنم نه‌دا، گوتم: بیری لێ ده‌که‌مه‌وه‌.

(4)
له‌ کۆتایی مانگی (8)ی ساڵی (2002)دا، سه‌ردانێکی دیکه‌ی زێده‌که‌م کرده‌وه‌. ده‌بووایه‌، هه‌رچی چۆنێ بووایه‌، چاوم به‌ (مام جه‌لال) بکه‌وتایه‌. له‌ (قه‌ڵاچوالان) له‌ په‌یمانگه‌ی کادێرانی (یه‌کێتیی)، وانه‌یه‌کی هوشیاریی نه‌ته‌وه‌ییم هه‌بوو. پاشان کاتی نیوه‌ڕۆ بوو، لێپرسراوی په‌یمانگه‌که‌ (نیاز سه‌عید) نانی نیوه‌ڕۆی ئاماده‌کردبوو. (عومه‌ری سه‌ییدعه‌لی)شی بانگکردبوو. پێکه‌وه‌ نانمانخوارد، پاشان دووبه‌دوو ماینه‌وه‌ و بابه‌ته‌که‌م بۆ باسکرد. گوتی: وه‌ڵامتده‌ده‌مه‌وه‌. دوای ماوه‌یه‌، تێلێفۆنی بۆ کردم و گوتی: کاژێری (10)ی سه‌رله‌به‌یانی، (مام جه‌لال) لێره‌ چاوه‌ڕێتده‌کا. منیش ڕۆژی (18. 10. 2002) هه‌ر زوو چووم و (به‌رزانی ئه‌حمه‌د کورده‌)ش، ئاماده‌ی دانیشتنه‌که‌ بوو، ئه‌و کاته‌ سکرتێری بوو.
یه‌کدیمان ماچکرد و زۆر به‌ گه‌رمیی، پێشوازی لێ کردم. کراسێکی خاکی و بۆنێکم به‌ دیاریی بۆ بردبوو، بۆنه‌که‌ی وه‌رگرت، به‌ڵام گوتی: من کراسی خاکی له‌به‌رناکه‌م. منیش گوتم: بیبه‌مه‌وه‌؟ گوتی: نه‌خێر، ده‌یده‌م به‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ک. په‌رتووکی (مه‌سعوود موحه‌ممه‌د و دوو دیاری دۆستانه‌)شم پێشکه‌شکرد، نووسێنی سه‌ر به‌رگی پشته‌وه‌ی، سه‌باره‌ت به‌ جه‌نگی نێوخۆ بوو، خوێندیه‌وه‌ و گوتی: ئه‌مه‌ قسه‌ی کێیه‌؟ *
گوتم: هی مامۆستا (مه‌سعووده‌). هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌، (مام) په‌رتووکه‌که‌ی خوێندبووه‌وه‌. دیاره‌ هێندێ پرسیاری لا درووستبووبوو، بۆیه‌ بۆ به‌یانی سکرتێره‌که‌ی، تێلێفۆنی بۆ ماڵه‌وه‌ کردبوو، گوتبووی: مام (جه‌لال) هه‌واڵی ده‌پرسێ. دایکم گوتبووی: ڕۆیشتووه‌ته‌وه‌!
پێشه‌کی ده‌سخۆشانه‌م لێ کرد، که‌ له‌گه‌ڵ (پارتیی)دا ڕێککه‌وتوون و ستاییشێکی زۆرم کرد. پاشان بابه‌ته‌که‌م له‌گه‌ڵ باسکرد. له‌ ڕاستیدا، من و (ئه‌یوب بارزانیی – پێڕه‌ش) و چه‌ن براده‌رێکی دیکه‌ ده‌مانویست، پارتێکی نه‌ته‌وه‌یی دێمۆکراسیخواز دامه‌زرێنین. ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌که‌ش من نووسیبووم. بڕیارماندابوو، دژایه‌تی هیچ ڕیکخراو و پارتێ نه‌که‌ین، له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کاندا کۆکبین. منیشیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ناردبوو، تا قسه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تی هه‌موو پارته‌کاندا بکه‌م. به‌رنامه‌که‌م دایه‌ و (مام) خوێندییه‌وه‌ و زۆری پێ خۆشبوو. گوتی: من یارمه‌تیتانده‌ده‌م و شوێنێکیشتان بۆ دابینده‌که‌م. منیش گوتم: ئێمه‌ نیازمان نییه‌، له‌ هیچ شوێنێ باره‌گه‌ بکه‌ینه‌وه‌، به‌ نهێنیی کارده‌که‌ین، به‌ڵام پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ پارته‌کان، له‌ڕێی نوێنه‌ری پارته‌‌که‌مانه‌‌وه‌ ده‌بێ. داوای لێ کردم، ژماره‌ی کۆنتۆیه‌کی بده‌مێ، پاره‌مان بۆ بنێرێ، به‌ڵام من ڕه‌تمکرده‌وه‌.
(مام) سه‌ری سووڕمابوو، ئاخر پارتێ تازه‌ دامه‌زرێ، نه‌ شوێن و نه‌ پاره‌ی بوێ، ده‌بێ، به‌رنامه‌که‌ی چی بێ و چۆن جێی خۆی بکاته‌وه‌؟! پاشان په‌رتووکێکی (پێره‌ش)م دایه‌، بۆی چاپکا. هه‌رچی چۆنێ بوو، له‌سه‌ر زۆر شت یه‌کڕابووین و ڕێککه‌وتین. دوایی تێلێفۆنیشمان گۆڕییه‌وه‌.
دووه‌مین بابه‌ت سه‌باره‌ت به‌ ده‌وڵه‌تی فیدراڵ بوو. من گوتم: ناکرێ، ده‌وڵه‌تێ ته‌نیا هه‌رێمێکی فیدراڵیی بێ و نێوچه‌کانی دیکه‌ش، جۆره‌ سیسته‌مێکی دیکه‌ی هه‌بێ. به‌ ده‌نگێکی به‌رز گوتی: ئه‌ی تۆ چی پێشنیازده‌که‌ی؟
گوتم: (عێراق) ده‌بێ، به‌سه‌ر سێ هه‌رێمی فیدراڵدا دابه‌شکرێ. یه‌که‌م (کوردستان)ی فیدراڵ، نێوچه‌ی سووننه‌نشینه‌کان و شیعه‌نشینه‌کانیش له‌ نێوه‌ڕاست و خوارووی (عێراق)، دوو میریی فیدراڵ بۆ خۆیان دامه‌زرێنن.
گوتی: به‌ قسه‌ی تۆ بێ، ئێمه‌ به‌ زۆر دوو فیدراڵیی بۆ عه‌ره‌به‌کان دامه‌زرێنین؟
گوتم: نه‌خیر. خۆشیان ئه‌وه‌یان ده‌وێ. (ئیاد جه‌ماله‌دین) له‌ سه‌ر تێلێفیزیۆنه‌که‌ی خۆتانه‌وه‌ گوتی: (عێراق) پێویستی به‌ (4-5) هه‌رێمی فیدراڵ هه‌یه‌.
گوتی: نه‌م بیستووه‌، له‌ (به‌رزان)ی پرسی: شتی وا هه‌یه‌؟ ئه‌ویش گوتی: به‌ڵێ، خۆم گوێم لێ بوو.
پاشان باسه‌که‌ی گۆڕی و دیسانه‌وه‌ گوتی: تۆ بۆ ناگه‌ڕێیته‌وه‌ و له‌ نزیکه‌وه‌ ڕاژه‌ی گه‌له‌که‌ی خۆت بکه‌ی؟
گوتم: خۆشم زۆر حه‌زده‌که‌م، بگه‌ڕێمه‌وه‌. به‌ڵام هێشتا به‌ ته‌واویی بڕیارم نه‌داوه‌.
به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ گوتی: وا چه‌ن ساڵه‌ (کوردستان) ئازاده‌ و هێشتا بیرت لێ نه‌کردووه‌ته‌وه‌، بگه‌ڕێیته‌وه‌؟!
گوتم: له‌ ڕاستیدا، توانام نییه‌، لێره‌ بژیم.
گوتی: بۆچی توانات نییه‌؟
گوتم: من له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، کارم نه‌کردووه‌، هه‌ر خه‌ریکی خوێندن و خوێندنه‌وه‌ و نووسین بووم. لێره‌ش هیچ شتێکم نییه‌، ئیدی چۆن بژیم؟
گوتی: گه‌ر بگه‌ڕێیته‌وه‌، خانووت ده‌ده‌مێ، ناوماڵت بۆ ده‌کڕم و ترومبیلێکیشت بۆ دابینده‌که‌م، له‌ هه‌ر شوێنێکیش ده‌ته‌وێ، داتده‌مه‌زرێنم. *
منیش که‌ ئه‌وه‌ی گوت، زۆر سوپاسمکرد و گوتم: مادام به‌ڕێزت، هێنده‌ به‌ په‌رۆشی، من بێمه‌وه‌، گه‌له‌که‌شم پێویستی پێم هه‌یه‌، به‌ڵێنبێ، کاره‌کانی خۆم له‌ (سوید) جێبه‌جێکه‌م و بگه‌ڕێمه‌وه‌. به‌ڵام هیچ جۆره‌ شتێکم له‌ به‌ڕێزت ناوێ.
گوتی: بۆ پێت ناخۆشه‌، مامی خۆت یارمه‌تیتبدا؟
گوتم: نه‌خێر، شانازیی پێوه‌ ده‌که‌م. به‌ڵام ده‌مه‌وێ، پشت به‌ خۆم ببه‌ستم و ورده‌ورده‌، پێداویستییه‌کانی خۆم دابینکه‌م. ئیدی به‌ ئه‌و شێوه‌یه‌، دیداره‌که‌ کۆتاییهات و گوتی: هه‌ر کارێکت هه‌بوو، تێلێفۆن بکه‌.
تێبینی:
ساڵی (20088)، به‌شی زۆری ئه‌و دیداره‌م، له سایتی (کوردستانپۆست) و په‌رتووکی (نووسه‌ری ساخته‌)دا بڵاوکردووه‌ته‌وه‌.
* ئه‌مه‌ش قسه‌کانی مامۆستا (مه‌سعووده‌)
(له‌تاو سوێی دواکه‌وتوویی و تێکشکانی (27000) ساڵه‌ی کورد، له‌تاو دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و هۆ جادوبازانه‌ی، وا له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌که‌ن، مه‌رگ به‌سه‌ر ژینیدا زاڵبێ، به‌ ده‌ستی خۆی، به‌ردی بناغه‌ی خانووه‌که‌ی ده‌ربێنێ، بۆ شه‌ڕی براکوژی، پێشمه‌رگه‌که‌ی له‌ جاشه‌که‌ی چالاکتربێ، مێشکۆله‌ی نێو ئێسقان ده‌سووتێ، مرۆ گێژده‌بێ، گرێی په‌نجه‌ له‌کارده‌که‌وێ، چرای مێشک ده‌کوژێته‌وه‌، دڵ کوێرده‌بێ و ئه‌ندێشه‌ش خاوده‌بێته‌وه‌!)

(5)
بڕیاربوو، ڕۆژی (4. 12. 20044)، هه‌شته‌مین فیستیڤاڵی ساڵانه‌ی (گه‌لاوێژ) ده‌سپێبکا. پێشتر (مه‌لابه‌ختیار) تێلێفۆنی بۆ کردم و بانگهێشتی فیستیڤاڵه‌که‌ی کردم. منیش خۆم کۆکرده‌وه‌ و ڕۆژی (1. 12. 2004) بۆ حه‌وته‌مین جار، گه‌یشتمه‌وه‌ (سوله‌یمانیی).
ڕۆژی (7. 122)‌، مام (جه‌لال) هه‌موو به‌شدارانی فیستیڤاڵه‌که‌ی، بۆ نانی نیوه‌ڕۆ بانگهێشتکرد. ئه‌وه‌بوو، هه‌موومان به‌ره‌و هاوینه‌هه‌واری (دووکان) به‌ڕێکه‌وتین.
سه‌ره‌تا له‌ هۆڵی ڕه‌وانشاد (عه‌لی عسکه‌ری) کۆبووینه‌وه‌. نزیکه‌ی (2000) که‌س ده‌بووین. (مام) کۆڕێکی گرت، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی (عێراق)، گه‌لێ قسه‌ی بۆ کردین، کۆڕه‌که‌ش (مه‌لابه‌ختیار) و دوکتۆر (ره‌ووف عوسمان) به‌ڕێوه‌یانده‌برد. پاشان نۆره‌ی پرسیار هات. من هه‌ستام و گوتم: به‌ڕێزتان شاره‌زای یاسان و باشیش ده‌زانن، سیسته‌می فیدراڵی چییه‌. ئایا هیچ گه‌ره‌نتییه‌ک هه‌یه‌، ئه‌م سیسته‌مه‌ تا سه‌ر بمێنێ و ڕه‌ت نه‌کرێته‌وه‌؟!
گوتی: نه‌خیر.
گوتم: باشه که‌ وایه‌،‌ ئێسته‌ (عێراق) هێزی له‌به‌ربڕاوه‌،‌ ده‌سه‌ڵا‌ت و سوپاکه‌ی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌،‌ ئێمه‌ چیمان له‌ (عێراق) داوه‌، بۆچی ده‌بێ، هه‌وڵی زیندووکردنه‌وه‌ی بده‌ین؟ بۆ خه‌ریکی وڵاتی خۆمان نه‌بین و به‌ ته‌واویی ئاوه‌دانی نه‌که‌ینه‌وه‌؟
(مام) گوتی: تۆ غه‌درمان لێ ده‌که‌ی. ئێمه‌ تا ئێسته‌ به‌شێکین له‌ (عێراق). ئه‌و (عێراق)ه‌ی (سه‌ددام حوسێن) نه‌ماوه‌، ئێسته‌ کورد خۆی فه‌رمانڕه‌واییده‌کا. ئیدی به‌ ئه‌و شێوه‌یه‌، زۆری له‌سه‌ر ڕۆی و منیش قسه‌ی دیکه‌م نه‌کرد. به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌ بوو، شه‌وێ تێلیفیزیۆنی (کوردسات)، هه‌موو کۆره‌که‌ی پیشاندا، که‌چی ته‌نیا هه‌ر قسه‌کانی منیان لێ قرتاندبوو! *
کاتێ ئه‌و پرسیارانه‌م له‌ (مام) کرد، هه‌موو ئاماده‌بووان، زۆر به‌ بایه‌خه‌وه‌، گوێیان له‌ قسه‌کانم گرتبوو، که‌ به‌ ئه‌و ڕاشکاوییه‌ قسه‌ده‌که‌م. بۆیه‌ (فووادی مه‌جید میسریی) له‌ ده‌ره‌وه‌ پێی گوتم: تۆ (جه‌لالی)ت! ئه‌و وای ده‌زانی، منیان فێرکردووه‌، ئه‌و پرسیاره ‌بکه‌م. ئاخر گه‌ر یه‌کێ خۆی، که‌مێ جه‌ساره‌تی هه‌بێ، بیه‌وێ، به‌ شێوه‌یه‌کی جوان، هه‌ر پرسیارێ له‌ هه‌ر لێپرسراوێ بکا، چی لێ ده‌که‌ن، خۆ نایگرن، ئه‌وه‌ خه‌ڵکه‌که‌ خۆیه‌تی ده‌ترسێ و ناوێرێ، ڕاستی ده‌ربڕێ!
دوای نانخواردن، له‌‌ ده‌وری مه‌له‌وانگه‌که‌ (مام)م بینی، پیاسه‌یده‌کرد. چووم بۆ لای، هه‌ر له‌ دووره‌وه‌، باوه‌شی بۆ کردمه‌وه‌، یه‌کدیمان ماچکرد و زۆر ڕێزی لێ گرتم. منیش هێندێ به‌رهه‌می نوێی خۆمم پێشکه‌شکرد. ئینجا گوتی: تا ئێسته‌، هه‌ر بڕیارت نه‌داوه‌، بگه‌ڕێیته‌وه‌؟!
گوتم: به‌ ئه‌م زووانه‌ دێمه‌وه‌. زۆری پێ خۆشبوو. پاشان کورده‌کانی خۆرهه‌ڵاتی (کوردستان) هاتن بۆ لای، سڵاویان لێ کرد و سوپاسیانکرد. داوایان لێ کرد، وێنه‌ی له‌گه‌ڵ بگرن. به‌ منیان گوت: تۆ بۆمان بگره‌. منیش چه‌ن وێنه‌یه‌کم بۆ گرتن. دوایی (مام) به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ جێیه‌که‌ی ته‌نیشتی خۆی کرد و منیش چووم،‌ دانیشم.
ئیدی ئه‌وه‌ بوو. ڕۆژی (28. 4. 20055)، له‌ زانکۆی (سوله‌یمانیی)، به‌ مامۆستا دامه‌زرامه‌وه‌. جگه‌ له‌ ئه‌وه‌ی (مام) له‌ (به‌غدا) بوو، شتێکی وا گرنگیش نه‌بوو، هه‌وڵی بینینه‌وه‌ی بده‌م‌. به‌ڵام هێندێ جار، سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی زانکۆ و که‌موکووڕییه‌کانی، نامه‌م بۆ ده‌نووسی، ئه‌ویش به‌ره‌و ڕووی ڕه‌وانشاد دوکتۆر (که‌مال فوواد)ی ده‌کردمه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌و کاته‌، ئه‌و لێپرسراوی زانکۆ بوو.

* ساڵی (20133)، ئه‌م گوتاره‌م له‌ په‌رتووکی (شێرکۆ بێکه‌‌س یاد و بیره‌وه‌ریی)دا بڵاوکردووه‌ته‌وه‌.

(6)
دوادیدار و هێندێ خه‌سڵه‌تی (مام)
ئه‌ز له‌ ئه‌م چه‌ن گوتاره‌دا، به‌ هیچ شێوه‌یه‌، باسی مێژووی ژیان، که‌سایه‌تی، خه‌سڵه‌ته‌ چاک و خراپه‌کانی (مام)م نه‌کردووه‌، به‌ڵکوو له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ن جاره‌ی دیومه‌، ته‌نیا هه‌ر بیره‌وه‌ر‌ییه‌کانی خۆم، له‌گه‌ڵ (مام)دا گێڕاوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام لێره‌دا ده‌مه‌وێ، هه‌ر به‌ (5) نموونه‌، که‌سایه‌تی ئه‌و پیاوه‌ گه‌وره‌یه‌ باسکه‌م.
• کوردایه‌تی
(مام) هه‌ر له‌ مناڵییه‌وه‌، خولیای کوردایه‌تی له‌ سه‌ر‌ی داوه‌. خه‌سووم ڕه‌وانشاد خاتوو (ئافتاو)، باسی (مام جه‌لال)ی بۆ ده‌کردم و ده‌یگوت: ماڵمان له‌ (کۆیه‌) بوو. (سامی) کوڕم هاوڕێی (مام جه‌لال) بوو، له‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی پێکه‌وه‌ ده‌یانخوێند. هه‌میشه‌ خه‌ریکی باسی کورد و (کوردستان)، هۆنراوه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی بوون. ڕۆژێ پێم گوت: (مام جه‌لال)، تۆ هێشتا مناڵی، چیت له‌ ئه‌و قسانه‌ داوه‌؟ گوتی: (ئافتاوخان) با گه‌وره‌بین، من و (سامی) ئه‌م (کوردستان)ه‌ ڕزگارده‌که‌ین!
• که‌سایه‌تی
که‌سایه‌تی هه‌موو مرۆڤێ، له‌ هه‌ڵسوکه‌وتی ڕۆژانه‌ و له‌ پێوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌رده‌که‌وێ. (مام) پیاوێکی ڕووخۆشی ده‌م به‌ پێکه‌نین بوو، زۆر حه‌زی له‌ نوکته‌ و شۆخیی ده‌کرد. له‌گه‌ڵ گه‌وره‌دا گه‌وره‌ و له‌گه‌ڵ مناڵیشدا ماڵ بوو! بۆ نموونه‌: خێزانێکی کوردی خه‌ڵکی (سنه‌) دۆستم بوون، ژنه‌که‌ ناوی خاتوو (سوهه‌یله‌) بوو، له‌ زانکۆی (ئازاد) کاریده‌کرد. کچه چکۆلانه‌ (5) ساڵانه‌که‌ی له‌گه‌ڵدا بوو‌، له‌ ڤیستیڤاڵی (گه‌لاوێژ) پێکه‌وه‌بووین. کاتی نانخواردن، له‌سه‌ر مێزه‌که‌ی (مام) دانیشتوبوون و نانیانده‌خوارد. له‌ پڕ مناڵه‌که‌ به‌ ده‌نگی به‌رز گوتی: (مام جه‌لال) ده‌ست خۆشبێ، غه‌زاکه‌ت فره‌ خۆشبوو.
(مام)یش پارووه‌که‌ی له‌ ده‌مدا بوو، به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ گوتی: ئه‌وه‌ کێ بوو؟ کوا؟ له‌ کوێیه‌؟
مناڵه‌که‌ش گوتی: من بووم.
(مام) گوتی: ئاده‌ی وه‌ره‌ بۆ لای (مام)ی خۆت. مناڵه‌که‌ش رایکرد. (مام) هه‌ڵیگرت و له‌به‌رده‌می خۆیدا، له‌سه‌ر مێزه‌که‌ به‌رانبه‌ر به‌ خۆی داینا. به‌ده‌م نانخواردنه‌وه‌، که‌مێ دواندی. پاشان مناڵه‌که‌ ده‌سی بۆ ورگی (مام) برد و گوتی: ئه‌وه‌ بۆ وا سکت زله‌؟
(مام) پێکه‌نی و گوتی: ئه‌م مناڵه‌ زۆر خۆشه‌. تۆ نازانی، من قه‌ل ده‌خۆم، بۆیه‌ ورگم هه‌یه‌، تۆش قه‌ل بخۆ، سکت زلده‌بێ. پاشان ماچیکرد و دایبه‌زاند!
• جه‌ماوه‌ر
(مام) له‌نێو کورددا، جه‌ماوه‌رێکی وای هه‌بوو، وه‌ک ڕێژه‌ی نه‌گۆڕ وابوون. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و نه‌وه‌ کۆنه‌ی هاوته‌مه‌نی (مام) بوون، له‌ دووره‌وه‌ یا له‌ نزیکه‌وه‌ ناسیویانه‌، یا کاریان له‌گه‌ڵ کردووه‌، چۆن هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ خۆشیانویستووه‌، هه‌ر به‌ ئه‌و شێوه‌یه‌ و بگره تا له‌ ژیانیشدا بوو‌،‌ زیاتریان خۆشویستووه‌، نه‌گۆڕاون و باوه‌ڕیان پێی بووه‌، گه‌ر به‌ ده‌یان هه‌ڵه‌ و په‌ڵه‌شی هه‌بووبێ، یا تووشی هه‌ڵه‌نه‌گوتن و تێکشکانیشی کردبن! ئاخۆ ده‌بێ، نهێنیی ئه‌م ته‌لیسمه‌ گه‌وره‌یه‌ی، له‌ که‌سایه‌تی پڕ شکۆی (مام)دا ‌هه‌بوو‌، چی بووبێ! بۆ نموونه‌:
دوای ڕاپه‌ڕین، یه‌که‌مین جار ڕۆژی (7. 10. 1991)، له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات گه‌ڕامه‌وه‌. (10) ساڵ و (33) مانگ و (6) ڕۆژی ڕێکبوو، دایک و باوک، خوشک و برا، خزم و دۆسته‌کانم نه‌دیبوو. باوکم له‌ ساڵی (1961)ه‌وه‌، (مام)ی ده‌ناسی، تا سه‌ر ئێسک (جه‌لالیی) بوو، هه‌ر به‌ جارێ بێتامی کردبوو! ڕۆژێکیان له‌ ماڵه‌وه‌ دانیشتبووین، باسی (مام)ی بۆ ده‌‌کردم. منیش گوتم: ئاخر بابه‌ هه‌ڵه‌ی زۆره‌. گوتی: گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ هاتوویته‌وه‌، ئه‌م قسانه‌م بۆ‌ بکه‌ی، بڕۆ بۆ ئوتێل، چونکه‌ له‌ دوای خوا و په‌یامبه‌ر، (جه‌لال)ه‌. منیش پێکه‌نیم و هیچم نه‌گوت!
• زیره‌کیی
(مام) تا بڵێی، پیاوێکی زیره‌ک بوو، سه‌ری له‌ هه‌موو بواره‌کانی ڕۆشنبیریی ده‌رده‌چوو، مێشکێکی پێوه‌ بوو، وه‌ک کۆمپیوته‌ر وابوو، هیچ شتێکی بیرنه‌ده‌چووه‌وه‌ و به‌ ده‌یان ژماره‌ی تێلێفۆنی له‌به‌ربوو!
ڕۆژی (22. 3. 2011)، ئێمه‌ (155) نووسه‌ربووین، به‌ ناوی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد لقی (سوله‌یمانیی)ه‌وه‌، له‌ (ده‌باشان) سه‌ردانی (مام)مان کرد. سه‌ردانه‌که‌ بۆ گرفته‌کانی یه‌کێتی نووسه‌ر‌ان بوو. دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌ی (45) خوله‌ک، باسێکی نایاب و درێژی بزووتنه‌وه‌ی وێژه‌یی و ڕۆژنامه‌نووسیی کوردیی پێشکه‌شکردین، ئینجا گوتی: فه‌رموون، با بزانم، گرفت و داواکارییه‌کانتان چییه‌؟ ئیدی جگه‌ له‌ من، هه‌ر (14) نووسه‌ره‌که‌، به‌ نۆره‌ قسه‌یانکرد. پاشان (مام) هه‌موو گرفته‌کانی ده‌سبه‌جێ چاره‌سه‌رکرد و داخوازییه‌کانمانی جێبه‌جێکرد.
له‌ کۆتایی دیداره‌که‌شدا ویستمان، وێنه‌یه‌کی به‌ کۆمه‌ڵی له‌گه‌ڵ بگرین، به‌ڵام خۆی حه‌زیکرد، یه‌که‌یه‌که‌ وێنه‌ی له‌گه‌ڵ بگرین.‌ به‌ داخه‌وه‌، ئه‌وه‌ دوادیدار و دوا وێنه‌مان بوو، ئیدی نه‌مبینییه‌‌وه‌!
• به‌خشنده‌یی
به‌ گه‌واهی هه‌موومان، (مام) ده‌سودڵی زۆر باشبوو، خاوه‌ن خوان بوو، یارمه‌تی زۆر که‌سی هه‌ژار و نه‌خۆشی ده‌دا، له‌ پارێزگه‌ی (سوله‌یمانیی)ش، که‌م مزگه‌وت هه‌یه‌، ده‌سی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی (مام)ی نه‌گه‌یشتبێتێ. بۆ نموونه‌: ساڵی (2010-2011)، مزگه‌وتێکی نوێمان له‌ گونده‌که‌ی خۆمان (باراو) درووستکرد، نامه‌م بۆ نارد، ده‌سی به‌ ڕوومانه‌وه‌ نه‌نا و بڕێ پاره‌ی بۆ ناردین!
ماڵاوا
له‌ کۆتاییشدا ده‌ڵێم: یاد و یادگاره‌کانی (مام) هه‌ر زیندووبێ، ڕه‌وانی شادبێ و جێی به‌هه‌شتی به‌رین بێ. هیوادارم، وه‌ک چۆن ئه‌م کۆچه‌ی (مام) هۆیه‌ بوو، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ڕۆڵه‌کانی کوردی، له‌ ده‌وری ته‌رمه‌که‌ی کۆکرده‌وه‌، هه‌ر به‌ ئه‌و چه‌شنه‌ش، ڕۆڵه‌کانی کورد بۆ گیانی پاکی (مام)،‌ به‌ ئه‌مه‌کبن، یه‌کێتی ڕیزه‌کانی نێوخۆی (یه‌کێتیی) به‌ تایبه‌تی و گه‌لی کورد به‌ گشتیی بپارێزن، هه‌موو ناکۆکییه لاوه‌کییه‌‌کان بنه‌بڕکه‌ن، هه‌موو ڕێکخراو و پارته‌کانی (کوردستان)یش، له‌ ئه‌م کات و ساته‌ هه‌ستیار و ناسکه‌ی گه‌له‌که‌مانی پێدا تێپه‌رده‌بێ،‌ له‌ ده‌وری ئاڵای پیرۆزی (کوردستان) کۆبنه‌وه‌ و یه‌کبگرن، له‌ ڕووی دوژمنی داگیرکه‌ردا، وه‌ک قه‌ڵایه‌کی پۆڵایین وابن‌‌. هه‌موویان له‌ژێر ڕه‌شماڵی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکانی کورددا کۆبنه‌وه‌، به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی پارتایه‌تی وه‌لانێن، ته‌نیاوته‌نیا هه‌ر، بۆ سه‌ربه‌ستی نه‌ته‌وه‌ی کورد و سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی خاکی (کوردستان) هه‌وڵبده‌ن!

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت