هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

پرسیار و مەبەستی لێکۆڵینەوە

پزیشکان و زانستخوازانی کوردستان هیچیان کەمتر نییە لە زانایانی وڵاتانی تر، بەڵام کێشەی گەورەی ئێمە ئەوەیە کە خودی خۆمان بە کەم و بێبایەخ سەیرئەکەین و لەخۆمان ڕانابینین کە توانایەکی وەهامان هەبێت. ئەم هەست بەکەمیکردنەش هەندێکجار ئەبێتە هۆی خۆبەگەورەزانین چونکە ئەمە یەکێکە لە ڕێگاکانی بەرگریکردن لە خوود بۆشاردنەوەی ئەو هەست بەکەمیکردنە. ئەم ڕێگایەیان بەتایبەت لە ئاست ئەو کەسانەدا ڕەنگدەداتەوە کە لە ئاستی خۆماندان و هاوزمان و هاوکارمانن. وە هەندێکجاری ترئەو هەست بەکەمیکردنە بەجۆرێک تێماندا ڕەنگدەداتەوە کە تەواو دەستەوەستان بین. ئەم جۆرەی دووەم بەتایبەت کاتێک ڕەنگدەداتەوە کە لە ئاست بێگانەکاندا وەستابین و خۆمانیان پێ بەراوورد بکەین. ئێمە ئەو بڕوا ناڕاستەمان لەخۆماندا جێگیرکردووە کە ئەوان لە ئێمە سەرووترن و ئێمەش لە مرۆڤ خوارتر، و بەربەست و دیوارێکی زۆر بەرزی وامان لە نێوان خۆمان و ئەواندا درووستکردووە کە ئەو هەستە بکەین کە دەستمان بەوان ناگات!

ئەم هەست بەکەمیکردنە بەجۆرێک لە ئێمەدا ڕەنگیداوەتەوە کە هیچ بەخۆمانی ڕانابینین کە بەشێک بین لە زانایانی جیهان و دەستمان لە بەرەوپێشبردنی زانستی جیهاندا هەبێت.

من مرۆڤم پێش کوردبوونم و ئەوانیش مرۆڤن پێش ئەمەریکیبوون یان ئەورووپیبوون یان ئوسترالیبوون یان و… هتد. گەر مرۆڤێک بتوانێت کارێک بکات ئەوا من و تۆش ئەتوانین ئەو کارە بکەین چونکە هەردوو مرۆڤین و تەنها جیاوازییەکەشمان ئەوەیە کە ئەوان هەست ئەکەن کە مرۆڤن و ئێمە هێشتا هەست ناکەین. وە هەروەک لە بەشی دووی کتێبی “بوون و زانین”دا ڕێگەکانی زانینم باسکردووە، جگە لە دۆزینەوە زانستییەکان، ئەتوانین بە “ئەندێشەی داهێنانکار”یش داهێنانی زانستی گەورە ئەنجام بدەین.

من نامەوێت کۆمەڵگەکەمان و بەتایبەتتر زانکۆ و پەیمانگاکانمان لە ڕیزبەندی کۆتایی زانکۆکانی جیهان بن، یان زۆرکات بە نازانستیبوون تۆمەتبار بکرێن. من ئەمەوێت زانکۆ و پەیمانگاکانمان زانست بەرهەمبهێنن و کۆمەڵگە و مرۆڤایەتیش ئاڕاستە بکەن.

من پێموایە شارەزانەبوون لە چۆنێتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستی بریتییە لە سەرچاوەی ئەو خۆبەکەمزانین و پەنابردنە بەر بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوە لە گۆڤارە ساختە و خەڵەتێنەرە نازانستییەکاندا.

لەپێناو چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا، لە مانگی یانزەی ساڵی 2013 دا گروپێکی داخراووم لە فەیسبووک بەناوی Medical Research In Kurdistan دروستکرد بۆ پسپۆڕانی تەندروستی و لەوکاتەوە لەو گروپەدا پەرتووک و بابەتی زانستی لەسەر چۆنێتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە دائەنێین و گفتوگۆ ئەکەین. وە لە سەرەتای ساڵی 2014 دا کتێبی “بوون و زانین”م نووسی کە لە مانگی یانزەی ساڵی 2015 دا ناوەندی غەزەلنووس لە سلێمانی بڵاویان کردەوە. کتێبەکە بەرهەمی 13 ساڵ لێکۆڵینەوەمە و ئەتوانرێت پێی بووترێت “کتێبی بنچینەکان” چونکە بنچینەکانی زانست و فەلسەفە و دین و نەریت و . . . هتد، باسدەکات و پێموایە بۆئەوەی ببیت بە لێکۆڵەرێکی زانستی باش پێویستە لەو بنچینانە ئاگادار بیت.

لەدوای ئەوەی کە سەنتەری بایۆساینس دروست بوو (نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا)، بڕیارمدا کە هاوکاریانبم. هەر بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵدەدەم بەگوێرەی کات و تواناییم زنجیرە بابەتێک بەزمانی کوردی بنوسم لەسەر چۆنێتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستی تا هەم پسپۆڕان لێی سودمەند بن و هەم کۆمەڵگەش زانیاری لەسەری هەبێت و هاوکاری پسپۆڕان بێت.

لەپێناو کۆمەڵگەیەکی زانستخواز

لەپێناو زانکۆ و پەیمانگای کوردی زانستی و پێشکەوتوو

لەپێناو گێڕانەوەی متمانە بە تواناکانی خوود بۆ تاکی کورد بەگشتی و فێرخوازان و پسپۆڕانی بواری زانست بەتایبەت

لێکۆڵینەوەی زانستی Scientific Research: بریتییە لە بەدواداگەڕانێکی ڕێکخراو و بەرنامەبۆداڕێژراو بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان Facts و بەگشتی گەڕانە بەدوای زانستدا.

لە چەند زنجیرەیەکدا هەنگاوەکانی چۆنێتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستی باسدەکەم . . .

زنجیرەی یەک:

پرسیاری لێکۆڵینەوە و مەبەستی لێکۆڵینەوە Research Question and Research Purpose

پرسیاری لێکۆڵینەوە: بریتییە لە ڕەگ و بنچینەی لێکۆڵینەوەی زانستی و شێواز و چۆنێتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکە ئاڕاستە دەکات لەپێناو دۆزینەوەی وەڵامەکەیدا. وە هەروەها، هەنگاوی یەکەم لە هەر لێکۆڵینەوەیەکدا بریتییە لە بوونی پرسیارێک کە وەڵامدانەوەی بووێت.

دروستبوونی پرسیار بۆ لێکۆڵینەوە سەرەتا لەوێوە دەستپێدەکات کە هەستبکەیت کێشەیەک هەیە Research Problem/Issue و پێویستە چارەسەربکرێت یان بیرۆکەیەکە و بە ڕێکەوت (بەگوێرەی ئەزموون و زانیاری پێشووتر ─ لە کتێبی “بوون و زانین”دا ئەم بابەتەم ڕوونتر باسکردووە) لە مێشکدا درووست بووە. بۆنمونە کاتێک یەکێک دەیەوێت زیاتر لەسەر بابەتێک بزانێت یان بارودۆخێک کە هەستئەکەیت کە پێویستە بگۆڕێت و چاکبکرێت، بەگشتی وەک:

1- ئەو بوار و بارودۆخ و کێشانەی کە بایەخی ئەوەیان هەیە کە چارەسەربکرێن و دەتوانرێت چاکتربکرێن.

2- ئەو ڕێگریی و ناڕەحەتییانەی کە پێویستە لاببرێن.

3- ئەو پرسیارانەی کە پێویستییان بە وەڵامدانەوەیە.

کێشە یان بیرۆکەی لێکۆڵینەوە سەرچاوەیە بۆ دروستکردنی پرسیاری لێکۆڵینەوە و بیردۆزی لێکۆڵینەوەکە Research Hypothesis (لە بەشی دووی کتێبی “بوون و زانین”دا پێناسەی “بیردۆزی زانستی”م کردووە و هەروەها لە زنجیرەکانی داهاتووشدا جۆرەکانی بیردۆزی لێکۆڵینەوەی زانستی باسدەکەم).

دروستکردنی پرسیاری لێکۆڵینەوە بەو جۆرە سادەیە نییە کە پسپۆڕانی هەرێمی کوردستان لێی دەڕوانن (ئەو پسپۆڕانەی کە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو لەسەر لێکۆڵینەوەی پزیشکی قسەم لەگەڵ کردوون)، بەڵکو تەکنیکی تایبەتی خۆی هەیە و پێویستە ڕێکبخرێت و شێوەی پێبدرێت. هەروەها، پرسیاری لێکۆڵینەوە پەیوەستە بەو دوو یاسا ژیربێژییەی کە لەبەشی یەکەمی کتێبی “بوون و زانین”دا باسمکردوون کە بنچینەی لێکۆڵینەوەی زانستی و تێگەیشتن و زانینن بەگشتی (یاساکانیش بریتین لە:

1- یاسای هۆکار و ئەنجام

2- یاسای بەراوردکاری

ئەم خاڵانەی خوارەوەش کە ئاماژەی پرسیاری لێکۆڵینەوەی باشن بریتین لە وردەکارییەکانی:

1- گەڕان بەدوای وەڵامی پرسیارەکەدا جێبەجێ بکرێت و بتوانرێت تاقیبکرێتەوە، واتە پرسیارەکە واقیعی و ڕاستی Realistic بێت و خەیاڵی نەبێت. بۆنمونە بتوانرێت ئەو نمونانە Samples دەستبکەوێت کە لێکۆڵینەوەکەی لەسەر ئەنجام دەدەیت یان ئەو ئامێرانەی کە لێکۆڵینەوەکەیان پێ ئەنجام دەدەیت و نەک ئەم بۆچونە خەیاڵییەی کە بتەوێت مرۆڤ بەبێ ئۆکسجین بژێنیت.

2- پرسیارەکە ڕوون و ئاشکرا بێت.

3- پرسیارەکە گرنگ و پێویست و جێی بایەخ بێت و بۆشاییەکی زانست پڕبکاتەوە و زانیاری زیاتر بکات.

4- بارودۆخی فێرکاری و پەروەردەیی جێبەجێکردن باشتر بکات.

5- بەگشتی، بارودۆخی مرۆڤ باشتر بکات.

6- وە پرسیارەکە ڕەوشتی Ethical بێت، واتە زیان بەو نمونانە نەگەیەنێت کە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکە لە لێکۆڵینەوەکەدا بەکاردەهێنرێن و پێویستە کە ڕوخسەت لە نمونەکان وەربگیرێت و ویستیان لەسەری بێت (زۆرکات ئەبێت پاداشتیش بکرێن) گەر مەترسی بۆسەر ژیانیان هەبێت و گەر مەترسییەکەش زیاتر بوو لەوەی کە چاوەڕوان ئەکرا ئەوا پێویستە لێکۆڵینەوەکە بووەستێنرێت. گەر نمونەکانیش گیاندار بوون ئەوا پێویستە ڕوخسەت لە لایەنی پەیوەندیداری حکومی یان نێودەوڵەتی وەربگیرێت.

7- پێویستە پرسیارەکە بەرتەسکتر بکرێتەوە و لە بواری فراوان خۆبپارێزرێت چونکە بواری فراوان پێویستی بە ستافی زۆر و پارەی زۆر هەیە بۆ ئەنجامدانی، بۆنمونە: بەرەنجامی بەرکەوتنی زەبری دەرەکی بۆسەری مرۆڤ بە هەموو میکانیزمەکانی وەک کەوتنەخوارەوە و ڕووداوی هاتوچۆ و… هتد. ئەمە بوارێکی فراوانە، بەڵام (بەرەنجامی بەرکەوتنی زەبری دەرەکی بۆ سەری مناڵی خوار تەمەن 12 ساڵ کە بووەتە هۆی دروستبوونی خوێنبەربوون لەسەر پەردەی مێشکی). ئەمە بوارێکی بەرتەسکترە.

بابەتی لێکۆڵینەوە Research Topic جیاوازە لە پرسیاری لێکۆڵینەوە. بابەتی لێکۆڵینەوە فراوانترە و پسپۆڕان هەریەکە لەبواری خۆیدا یەکێک لەو بابەتانە هەڵدەبژێرێت کە پسپۆڕی تێیدا هەیە و دەبێت پرسیاری لێکۆڵینەوەکە بەرتەسکتر و بچووکتر بکرێتەوە.

بابەتی گشتی دەبێت بەش بەش بکرێت بۆ پێکهاتەکانی و پاشان پرسیار لەسەریان دروست بکرێت و لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەنجام بدرێت، بۆنمونە:

1- بابەتی گشتی:

زیانەکانی شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکانی بورجەکانی تەلەفۆن و ئینتەرنێت و هێڵە کارەباییە گەورە و بەهێزەکان لەسەر تەندروستی مرۆڤ.

2- بابەتی تایبەت:

زیانەکانی شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکانی بورجەکانی تەلەفۆن لەسەر مێشکی مرۆڤ.

پرسیاری لێکۆڵینەوە لە دوو سەرچاوەوە دروست دەبێت کە ئەوانیش:

1- بواری شارەزایی و کارکردنی ڕۆژانە Professionality and Daily Practice:

بۆنمونە کاتێک پزیشکێک لە بواری پسپۆڕییەتییەکەی خۆیدا ڕۆژانە کاردەکات و نەخۆشییەکی نامۆ یان شێوازێکی چارەسەرکردنی جیاواز لەوەی باسکراوە دەبینێت، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە پرسیاری بۆ دروست بکات.

2- خوێندنەوەی بەردەوامی پەرتووک و لێکۆڵینەوە زانستییەکانی پێشوو Literature Review:

ئەمەش بە دوو شێواز پرسیار دروست دەکات:

یەکەم: کاتێک لە کارکردنی ڕۆژانەدا شێوازێکی نامۆ هەست پێدەکەیت و پەرتووک و لێکۆڵینەوەکانی پێشوو دەخوێنیتەوە و هیچ وەڵامێکت بۆ پرسیارەکەت دەست ناکەوێت.

یان

دووەم: کاتێک کە خەریکی خوێندنەوەی پەرتووک و لێکۆڵینەوەکانی پێشووتریت و هەست دەکەیت کە بۆشاییەکی زانستییان تێدایە و دەبێت پڕبکرێتەوە.

لە کێشە و بیرۆکەی لێکۆڵینەوەوە بۆ پرسیار و داڕشتنی بیردۆزی لێکۆڵینەوەکە و نوسینی مەبەستی لێکۆڵینەوەکە Research Purpose/Aim/Objective:

هەنگاوی یەکەم: پرسیار و بیردۆزی لێکۆڵینەوەکە دابڕێژە.

وەک:

ئایا ڕێژەی شەکری ناو خوێن چەند بەرزبێت تاکو بە نەخۆشی شەکرە  دابنرێت لە مرۆڤی کورددا؟

یان

ئایا خوێندنەوەی پەستانی خوێن چەند بێت تا بە نەخۆشی بەرزی پاڵەپەستۆی خوێن دابنرێت بۆ مرۆڤی کورد؟

یان

ئایا فڵانە دەرمان (جۆری دەرمانەکە دیاری بکە) دەبێت بڕەکەی چەند بێت و بۆ ماوەی چەند بەکاربهێنرێت تا کاریگەرییە باشەکانی دەربکەوێت یان ماکە خراپەکانی چی دەبن لەسەر مرۆڤی کورد؟

یان

جۆری ژەهری ئەو مار و دوپشکە چییە کە لە کوردستان هەیە و جۆری ئەو دژە ژەهرە تایبەتەش بەوان چییە کە چارەسەریان دەکات؟

یان و… هتد.

لە کۆمەڵگەی کوردیدا و لە کوردستاندا زۆر شتمان هەیە کە پێویستییان بەوەیە کە لێکۆڵینەوە (توێژینەوە)ی زانستییان لەسەر بکرێت…

هەنگاوی دووەم: مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکە لە پرسیاری لێکۆڵینەوەکەوە دیاری بکە.

بۆنمونە بۆ یەکەم پرسیاری هەنگاوی یەکەم:

ئەنجامدانی ئەم لێکۆڵینەوەیە بۆ ئەوەیە تا ئەو ڕێژەیە لە بەرزی شەکری خوێن دیاری بکەین کە بە نەخۆشی شەکرە دادەنرێت بۆ مرۆڤی کورد.

هەنگاوی سێیەم: پێداچوونەوە و دووبارە داڕشتنەوەی پرسیار و بیردۆزی لێکۆڵینەوەکە، وەک:

ڕێژەی شەکری ناو خوێن چەند بەرزبێت تاکو بۆ مرۆڤی کورد بە نەخۆشی شەکرە دابنرێت؟

هەنگاوی چوارەم: پێداچوونەوە و دووبارە داڕشتنەوەی مەبەستی لێکۆڵینەوەکە، وەک:

مەبەستی لێکۆڵینەوەکە بریتییە لە دۆزینەوەی ئەو ڕێژەی شەکری ناو خوێنەی کە بۆ مرۆڤی کورد بە نەخۆشی شەکرە دادەنرێت.

ئەم پڕۆسەی ڕێکخستن و داڕشتنەوەی پرسیار و مەبەستی لێکۆڵینەوە Operationalization بەمجۆرە بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی کە گۆڕاوەکان Variables و پەیوەندی نێوانیان لە لێکۆڵینەوەکەدا (لە زنجیرەکانی داهاتوودا باسی گۆڕاوەکان دەکەم) دیاری بکات و جۆر و شێوازی لێکۆڵینەوەکە ئاڕاستە بکات.

بەگشتی، بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەک باشتر وایە کە کەمترین پرسیاری لێکۆڵینەوە (کەمتر لە سێ پرسیار) لەخۆ بگرێت.

لە کۆتایی زنجیرەی یەکەمدا پێویستە ئەوە بڵێم کە لێکۆڵەری باش ئەو کەسەیە کە بەردەوام پرسیاری هەیە و شوێن وەڵامیان دەکەوێت. تکایە ترستان لە پرسیارکردن نەبێت، تەنانەت لەسەر ئەو بابەتە هەستیار و نەزانراوانەش کە هیچ بیرتان بەلای وەڵامەکانیاندا ناچێت. وە بۆئەوەشی کە پرسیارەکانتان نەفەوتێت کاتێک بیرتان چووەوە و بەردەوام بتوانن بچنەوە سەریان ئەوا باشتر وایە یەکسەر تۆماریان بکەن و دەتوانن بۆ ئەم مەبەستەش تیانووس (دەفتەر) یان تەنانەت بەشی تێبینی Note مۆبایلەکانتان یان هەر ڕێگەیەکی تر بۆ تۆمارکردنیان بەکاربهێنن.

سیروان عوسمان حەسەن (یان Seerwan O. Hasan)

  • فێرخوازی دکتۆرا لە بەشی نەشتەرگەری مێشک و دەمار و بڕبڕەی پشت (بۆردی کوردستانی).
  • دبلۆم لە ئەندازیاری دەروونی NLP لە ناوەندی ڕاهێنانی کەنەدی بۆ NLP.
  • شارەزا لە بواری لێکۆڵینەوەی پزیشکی لە زانکۆی سەینت لویس لە ئەمەریکا.
  • شارەزا لەبواری نووسینی ئەکادیمی و زانستی لە زانکۆی دووک لە ئەمەریکا.
  • شارەزا لە دروستکردنی داتابەیس بە بەرنامەکانی MySQL و PHPMaker لە KarwanIT.
  • نوسەری کتێبی “بوون و زانین”، ناوەندی غەزەلنووس/سلێمانی، 2015.
  • لێکۆڵەری پزیشکی.

تێبینی:

بۆ نوسینی ئەم بابەتە سوودم لە زانیارییەکانی هەردوو زانکۆی سەینت لویس و دووک، و ئەندازیاری دەروونی بینیووە.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت