هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

ئه‌مرِۆ له‌چوار ریانه‌ى پاركى ئازادى له‌ناكاو له‌په‌نجه‌ره‌ى سه‌یاره‌كه‌مه‌وه‌ نامیلكه‌یه‌كیان هه‌ڵدایه‌ ناوه‌وه‌ كه‌سه‌یرم كرد توشى شۆك بووم! وامزانى به‌شێكه‌ له‌پرِوپاگه‌نده‌ بۆ كه‌ره‌سه‌ى خانووبه‌ره‌ و کەلوپه‌لی ناوماڵ و خۆشگوزه‌رانى یاخود ریكلامه‌ بۆ سوپه‌رماركێتیك یا یانه‌و چێشتانه‌یه‌كى تازه‌، به‌لآم به‌داخه‌وه‌ نامیلكه‌كه‌ رِیكلامێكى بازرگانى رِه‌هابوو بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كى تایبه‌ت كه‌تا نوسینى ئه‌م بابه‌ته‌ هیچ داوایه‌كیان پێشكه‌ش به‌سه‌ندیكاى پزیشكان نه‌كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌مۆڵه‌تى كردنه‌وه‌ى ئه‌م نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌! ئه‌مه‌ خۆى له‌خۆیدا پێشێلكارییه‌كى یاساییه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌كوردستان پێشێلكردنى یاسا ئاساییه‌!، به‌لآم كرۆكى بابه‌ته‌كه‌م له‌سه‌ر پێشێلكردنى یاسا نییه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر چه‌مكێكى مه‌ترسیدارى ته‌ندروستیه‌ ( سوكایه‌تیكردن به‌نه‌خۆش و نه‌خۆشخانه‌) كه‌په‌یوه‌ندى به‌ئازارو ناره‌حه‌تى و ژیانى نه‌خۆشه‌وه‌یه‌، پرِوپاگه‌نده‌و ریكلامكردن بۆ نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت بازرگانیه‌كى رِه‌هایه‌و سوكایه‌تیكردنه‌ به‌شكۆو ته‌ندروستى هاولآتى نه‌خۆش.

یه‌كسه‌ر په‌یوه‌ندیم به‌وه‌زیرى ته‌ندروستى و به‌رِێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى و جێگره‌كه‌ى كرد، پێم رِاگه‌یاندن ئاگاتان له‌وجۆره‌ پروپاگه‌نده‌و رِیكلامكردنه‌یه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان؟ نه‌خۆشانه‌ به‌پزیشك و كارمه‌ند ( هێزى كارى مرۆیى ) و ئامێرى پێشكه‌توو نه‌خۆشخانه‌یه‌ نه‌ك به‌ریكلامكردنى ئه‌م و ئه‌و، وابزانم نه‌خۆشخانه‌ پێویستى به‌ ریكلامكردن نییه‌، كاربگاته‌ ئه‌وه‌ى شه‌قامه‌كان ببنه‌ گۆره‌پانیك بۆ بازرگانیكردن به‌ئازاروناره‌حه‌تى و ژیانى نه‌خۆش، ئه‌وه‌ ئه‌وپه‌رِى خراپى و نه‌مانى شكۆى ته‌ندروستی و نه‌خۆشه‌؟ رِیكلامكردن بۆ نه‌خۆشخانه‌ودامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیه‌كان له‌سه‌رشه‌قامه‌كان ماناى سوككردنى زانستى پزیشكى و گرنگیدانه‌ به‌برِ له‌سه‌ر حیسابى جۆر وكوالیتى كه‌ئه‌مه‌ له‌زانستى پزیشكیدا تاوانه‌ به‌ته‌ندروستى مرۆڤ وكۆمه‌ڵگاوه‌.
جه‌نابى وه‌زیر پێى رِاگه‌یاندم ئه‌مه‌ ئیشى سه‌ندیكاى پزیشكانه‌، منیش پێم رِاگه‌یاند ئه‌وه‌نده‌ى من ئاگاداربم ئه‌و ده‌سه‌لآته‌ت به‌نوسراوێك له‌سه‌ندیكاى پزیشكان سه‌ندۆته‌وه‌ وداوته‌ به‌وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، دواى كه‌مێك ووتى نا وانییه‌ ئه‌م ده‌سه‌لآته‌ هاوبه‌شه‌ له‌نێوان هه‌ردوولا، ئه‌مه‌ ئیشى هه‌ردوولایه‌، وه‌زاره‌ت وسه‌ندیكاى پزیشكان به‌یه‌كه‌وه‌! هه‌رئێستا په‌یوه‌ندى به‌لیژنه‌ى پشكنینى نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌تیه‌كانى سلێمانیه‌وه‌ ئه‌كه‌م چاره‌سه‌رى بكه‌ن.
یه‌كسه‌ر ئه‌و رِوداوه‌م هاته‌وه‌ یاد! پزیشكێكى براده‌رم داواى لێكردم، له‌پێناو خزمه‌تكردنى خه‌ڵكى داوا له‌به‌رِێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى بۆبكه‌م، نوسراوێكى بۆبكات تاله‌یه‌ك كات له‌پێنجوێن وكه‌لایش ده‌وام بكات! له‌پێشدا وامزانى بۆخزمه‌تكردنه‌؟ له‌م ولآته‌ ئه‌ركی سه‌رشانیش به‌خزمه‌ت دائه‌نین!، به‌لآم دواتر بۆم ده‌ركه‌وت به‌م نوسراوه‌ له‌هیچ لایه‌كیان ده‌وام ناكات، له‌پێنجوین ئه‌ڵى له‌كه‌لارم وه‌ له‌كه‌لاریش ئه‌ڵى له‌پێنجوین بووم، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وكات موبایل نه‌بوو فێڵ وته‌ڵه‌كه‌كه‌ى ئاشكرا ببێت، ئه‌وه‌ى مه‌به‌ستمه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌لآتێك بدریته‌ دوولایه‌ن واتا ده‌سه‌لآته‌كه‌ ده‌سه‌لآتى دوولایه‌نه‌ بێت ماناى ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌لآتى هیچ لایه‌ك نییه‌ (Everybody job, Somebody job, Anybody job, And Nobody job) چونكه‌ به‌رپرسیارێتی له‌نێوان ئه‌ودوو لایه‌نه‌دا وون ئه‌بێت!.
هه‌ڵبه‌ته‌ پرۆپاگه‌ندو رِیكلامكردن بۆ شوێنێكى گه‌شتیارى، ئوتێلیكى نایاب، كه‌ره‌سه‌ى ناوماڵ و خۆشگوزه‌رانى، خواردن و خواردنه‌وه‌ى سودبه‌خش پرۆسه‌یه‌كى رِێگه‌پێدراوه‌، به‌لآم بۆ نه‌خۆشخانه‌و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیه‌كان پرۆسه‌یه‌كى زانستى ئاڵۆزى جێى ناكۆكى و گفتوگۆ له‌سه‌ره‌، ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌كى هه‌رِه‌مه‌كى ساده‌ نى یه‌؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى پشت به‌چه‌ند بنه‌مایه‌كى زانستى ئه‌به‌ستێت، به‌لآم تا ئێستا له‌دامه‌زراوه‌ جیهانى یه‌پرۆفیشناڵه‌پزیشكى و ته‌ندروستیه‌ زانستیه‌كان رِێگه‌ پێنه‌دراوه‌!، ئه‌كرا وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌شێكى تایبه‌تى له‌ناو وه‌زاره‌ت تازه‌بكردایه‌ته‌وه‌ به‌ناوى (میدیاو ته‌ندروستى) بۆ كۆنترۆڵكردنى ئه‌و هه‌موو به‌رنامه‌ پزیشكى و ته‌ندروستی و رِیكلامانه‌ى له‌كه‌ناڵه‌ بینراو بیستراو نوسراوه‌كاندا به‌دی ئه‌كرێت، ئایا تائێستا بینیوتانه‌ كه‌ناڵیكى وه‌ك (BBC بى بى سى) رِیكلام و پرِوپاگه‌نده‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك یاخود پزیشێكى به‌رِێزبكات؟ سه‌ره‌رِاى بوونى هه‌زاره‌ها شاره‌زاى زانستى ته‌ندروستى و پزیشكى، به‌پێى چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یك پرۆسه‌ى گه‌شتیارى پزیشكى له‌جیهاندا كه‌پشت به‌ پرِوپاگه‌نده‌و رِیكلام ئه‌به‌ستێت بۆته‌ هۆى زیادبوونى ئازارو نه‌هامه‌تى نه‌خۆش و رِێژه‌ى هه‌ڵه‌ى پزیشكى و به‌دره‌فتارى پیشه‌یى پزیشكى.
هه‌رچه‌نده‌ وه‌ك خۆم برِواو متمانه‌م به‌زۆربه‌ى میدیاكان نه‌ماوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى زۆربه‌یان به‌رنامه‌ى ته‌ندروستیان هه‌یه‌،به‌لآم زۆربوونى نه‌خۆشى و دابه‌زینى ئاست و هۆشیارى ته‌ندروستى به‌ڵگه‌یه‌كى حاشاهه‌ڵنه‌گرى زیندووه‌ له‌سه‌ر شكستى ئه‌م میدیایانه‌، به‌ده‌ر له‌هه‌موو بنه‌ما ته‌ندروستى و پزیشكیه‌ زانستیه‌كان كێ‌ زیاد بدات رِیكلام و پروپاگه‌نده‌ى بۆئه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ته‌ندروستى هاولآتیش بكه‌وێت!.
به‌برِواى من ئه‌م پرۆسه‌یه‌ پرۆسه‌ى پرِۆپاگه‌ندو رِیكلامكردن به‌ئازارو ناره‌حه‌تى نه‌خۆش به‌شێكه‌ له‌پرۆسه‌ى بازرگانیكردن به‌جه‌هل و گومان كه‌به‌زاراوه‌ى ئاگناتۆلۆگى ( agnotology ) ناسراوه‌، باس له‌به‌كه‌لتوورى خوێندنه‌وه‌ى بێ ئاگایى و گومان ده‌كات، به‌تایبه‌تى هاندانى بلآوكردنه‌وه‌ى داتاو زانیارى زانستى هه‌ڵه‌و ناته‌ندروست، واتا به‌سه‌رلێشێوان و هه‌ڵه‌بردنى كۆمه‌ڵگا به‌و زانیاریه‌ نادروسته‌ هه‌لآنه‌ و دروستكردنى بێ ئاگایى و گه‌وجاندنى مرۆڤى نه‌خۆش و كه‌سوكارى.
له‌خه‌ویشدا بروام نه‌ئه‌كرد رِۆژێك له‌رِۆژان له‌كوردستان شه‌قام وشوێنه‌ گشتیه‌كان ببنه‌ گۆره‌پانێك بۆ بازرگانیكردن به‌ته‌ندروستى هاولآتى یه‌وه‌، ئێمه‌ زۆر ده‌مێكه‌ دركمان به‌و رِاستیه‌كردووه‌ له‌نه‌بوونى چاودیرى و به‌دواداچوونى ته‌ندروستى، خزمه‌تگوزایه‌ ته‌ندروستى و پزیشكیه‌كان ئه‌بنه‌ بازرگانیه‌كى رِه‌ها دوور له‌گشت به‌ها ئه‌خلاقى و مرۆڤایه‌تیه‌كان، به‌لآم گشت كات ئێمه‌ یه‌كێتى و پارتیمان تاوانباركردووه‌ به‌نه‌بوونى ئیراده‌یه‌كى رِاسته‌قینه‌ له‌پێناو چاككردنى سیستم و خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستى و پزیشكى و پاراستنى ئاسایشى خۆراك و ده‌رمان له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌م دوو حیزبه‌ ده‌سه‌لآتدارى رِاسته‌قینه‌ن له‌كوردستان له‌كاتێكدا هه‌مووان تاوانبارین.
هه‌موومان به‌نوخبه‌و كه‌سایه‌تى شاره‌زاو و سامانى مرۆیى ته‌ندروستى و حیزب و میدیا بووینه‌ته‌ به‌شێك له‌ ئامرازه‌كانى بازرگانیكردن به‌پیسه‌سازى جه‌هل و گومانى ته‌ندروستى و پزیشكی، هه‌مووان موزایه‌ده‌ به‌سه‌ر یه‌كتره‌وه‌ ئه‌كه‌ین و به‌شدارین له‌و تاوانانه‌ ته‌ندروستیانه‌ى ئه‌كرێت له‌ژێر ناوى سه‌یروسه‌مه‌ره‌ى وه‌ك خزمه‌تكردن و خێرخوازى، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌نده‌ نیشتمان و مرۆڤ په‌روه‌رو خواپه‌رست بین مه‌به‌ست و نیه‌تى رِاسته‌قینه‌مان پاراستنى ژیانى ئاده‌میزاد وئاژه‌ڵ وژینگه‌ بێت!. به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ك گاڵته‌ به‌عه‌قڵیه‌تى خۆمان و هاولآتى و گیان له‌به‌ره‌كانى ترئه‌كه‌ین وه‌ له‌لایه‌كی تره‌وه‌ گاڵته‌ به‌بنه‌ماكانى دینى خودا و یاساو رِێسا ته‌ندروستى و پزیشكیه‌كان ئه‌كه‌ین له‌كاتێكدا زه‌ره‌رمه‌ندى یه‌كه‌م و كۆتا هاوكێشه‌یه‌كى نه‌گۆرِه‌ (هاولآتى نه‌خۆش) ه‌ به‌داخه‌وه‌ تاخۆمان و خۆشه‌ویسته‌ نزیكه‌كانمان نه‌خۆش نه‌كه‌ون هه‌ستى پێ ناكه‌ین.
ئه‌وه‌نده‌ى من ئاگاداربم ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌تانه‌ى لایه‌نیك له‌پشتیانه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتى و پارتیش نه‌بن وه‌ك ئه‌وان رِه‌فتارئه‌كه‌ن كه‌واته‌ بۆ به‌ته‌نیا سه‌رزه‌نشتى ئه‌وان بكه‌ین؟.
خۆ ئه‌گه‌ر بكرایه‌ هه‌ریه‌ك له‌لاى خۆیه‌وه‌ یاساو رێساى ته‌ندروستى پزیشكى پێشێل نه‌كردایه‌، ئه‌وا بۆ مێژوومان ئه‌مانسه‌لماد كه‌ ته‌نیا ئه‌و دووحیزبه‌ به‌رپرسیارێتى پاشه‌كشێ‌ و دارمانى كه‌رتى ته‌ندروستى ئه‌گرنه‌ ئه‌ستۆ.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت