هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

گروپى سێ یه‌م: گروپى گێله‌ نوستووه‌كان

گێله‌ نوستووه‌كان ئه‌و جۆره‌ كه‌سایه‌تیه‌ن كه‌ئاگایان له‌ژیان و ژینگه‌و دونیا نی یه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خه‌به‌ریان نابێته‌وه‌، به‌شێوازێكى تۆكمه‌ى به‌رنامه‌بۆ دارِێژراو هزرو عه‌قڵیه‌ت و ویژدانیان له‌لایه‌ن حیزب و ئایدۆلۆجیا جیاوازه‌كان شۆردراوه‌ته‌وه‌ (غسل الدماغ كراون )، له‌ماهیه‌تى ژیان و ژین و ژینگه‌ نه‌گه‌یشتوون، پێیان ده‌وترێت ده‌روێشه‌كان یاخود بێ پاكانى حیزب، به‌پێچه‌وانه‌ى دابه‌سته‌كانى حیزب به‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌كى زۆركه‌مى بێ‌ نرخى هیچ و پوچ رِازین، هه‌ست به‌ئازارو ناره‌حه‌تى و نه‌هامه‌تى خه‌ڵكى ناكه‌ن، ته‌نیا له‌سه‌ر جێ به‌جێكردن و وه‌رگرتنى فه‌رمانى سه‌رۆك و حیزب وده‌سته‌كه‌ى به‌رنامه‌كراون.
ئه‌م گروپه‌ گوزارشت له‌زۆربه‌ى هه‌ره‌زۆرى قاعده‌ى جه‌ماوه‌ری حیزبى رِۆژهه‌لآتى ئه‌كات، هۆش و فام و ئاره‌زووى فیربوون و گه‌یشتن به‌رِاستیه‌كان له‌ده‌ست ئه‌ده‌ن، ئه‌بنه‌ ئامێرێكى هه‌ستیارو گاریگه‌ر به‌ده‌ستى ده‌سه‌لآتدار و دیكتاتۆره‌كان ته‌نیا به‌عه‌قڵیه‌ت و هزرو فیكرى ئه‌وان بیرده‌كه‌نه‌وه‌، به‌رده‌وام به‌رگریه‌كى ناعه‌قلانى و نامرۆڤایه‌تى شێتانه‌ ئه‌كه‌ن له‌حیزب و ده‌سه‌لآت و سه‌رۆك و سه‌كرده‌كانیان تائه‌و ئاسته‌ى ئه‌بنه‌ سوته‌مه‌نى له‌پێناو مانه‌وه‌ى سه‌رۆك وسه‌ركرده‌ى خێڵ و بنه‌ماڵه‌و حیزب، كاریگه‌رى ئه‌م گروپه‌ له‌گشت گروپه‌كانى تر ترسنكاكتره‌ له‌سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى و ئاسایشى كۆمه‌لآیه‌تى مرۆڤایه‌تى له‌به‌ر سێ‌ هۆى سه‌ره‌كى.
یه‌كه‌م: به‌ژماره‌ ژماره‌ى ئه‌م گروپه‌ له‌هه‌موو گروپه‌كانى تر زیاتره‌، ئه‌ركى پاراستنى سه‌رۆك و خێزان و بنه‌ماڵه‌ى پێ رِاسپێردراوه‌ له‌ژێر ناوى پاراستنى سه‌ركرده‌ى زه‌روره‌ت و حیزب و ده‌سكه‌وته‌ پیرۆزه‌كانى.
دووه‌م: زۆر به‌ئاسانى ئارِاسته‌ى بیركردنه‌ویان ئه‌گۆرِدرێت به‌فه‌رمانى سه‌رۆك و سه‌ركرده‌و به‌رپرسه‌ ده‌سه‌لآتداره‌كانیانه‌وه‌ له‌چه‌په‌وه‌ بۆ رِاست وه‌ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌رِاسته‌وه‌ بۆچه‌پ، بێ‌ ئه‌وه‌ى هیچ جۆره‌ گله‌ییه‌ك و به‌رگریه‌ك بكه‌ن له‌بنه‌ماكانى بیروبۆچوونیان، ئه‌مانه‌ به‌ئاڵقه‌له‌گوێ‌ ده‌سه‌لآت ناسراون وپێیان ده‌وترێت بێ پاكان واتا ده‌سته‌مۆكانى حیزب.
سێ یه‌م : زۆر به‌ئاسانى هان ئه‌درێن بۆ تێكچوون و وێرانكردنى كۆمه‌ڵگاكه‌یان بێ‌ ئه‌وه‌ى بیر له‌خۆیان و كۆمه‌ڵگاو ژیان و ژین و ژینگه‌ بكه‌نه‌وه‌.

گروپى چواره‌م: گروپى بیلایه‌نه‌ سه‌یركه‌ره‌كان
گروپى چواره‌م گروپى بیلایه‌نه‌كانن ته‌نیا له‌قسه‌ى زل و نه‌سته‌ق و قه‌به‌یان داوه‌، هیچیان لێ‌ به‌رهه‌م نایه‌ت، ئه‌لێن ئێمه‌ نه‌له‌گه‌ڵ ئه‌ملاین نه‌له‌گه‌ڵ ئه‌ولا، خۆیان یه‌كلایى ناكانه‌وه‌ له‌ترسى له‌ده‌ستدانى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له‌ژێر پاساوى له‌ده‌ستنه‌دانى پرۆفیشناڵێتى.
هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مانه‌ به‌ناو نوخبه‌كانى كۆمه‌ڵگا ئه‌گرێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ى له‌رِاستیدا دوورن له‌بنه‌ماى نوخبه‌بوون، به‌لآم ده‌سه‌لآت له‌رِێگاى حیزب و میدیا ورِێكخراوه‌ ساخته‌كانى ئه‌یانكات به‌نوخبه‌، به‌مه‌به‌ستى سوككردنى نوخبه‌ى رِاسته‌قینه‌ى كۆمه‌ڵگا له‌ناو خه‌ڵكى و جه‌ماوه‌ر (تێبینى: وه‌ك ئاماژه‌یه‌كى مێژوویى زۆریك له‌ده‌سه‌لآتدارو دیكتاتۆره‌كانى دونیا له‌رِابردووپرۆسه‌ى كوشتنى نوخبه‌یان وه‌ك ئامرِازێك به‌كارهێناوه‌ له‌پێناو له‌بارچوونى هه‌وڵى جیدى بۆ گۆرِانكارى له‌سیستمى سیاسى وئازادى ودادى كۆمه‌لآیه‌تى، به‌لآم له‌سه‌ر رِۆشنایى زانستى ئاگناتۆلۆگى له‌برى كوشتنى نوخبه‌پرۆسه‌ى سوككردنى نوخبه‌ هاته‌ئاراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌رِێگاى گه‌وجاندن و به‌هه‌ڵه‌بردنى كۆمه‌ڵگا سه‌باره‌ت به‌نوخبه‌یه‌كى ساخته‌ى دروستكراوى ده‌سه‌لآت له‌پێناو سوككردن و نه‌مانى متمانه‌ به‌نوخبه‌ى رِاسته‌قینه‌ى خاوه‌ن عه‌قڵیه‌ت و مه‌عریفه‌و فه‌لسه‌فه‌و روئیایه‌كى مرۆڤدۆست.
ئه‌م گروپه‌ گوزارشت له‌به‌شێكى زۆر له‌میدیاكارو هه‌ندێك له‌رِۆشنبیرو ئه‌ندام په‌رله‌مان و فه‌رمانبه‌ره‌ پرۆفیشناڵه‌ پله‌ به‌رزو بالآكان ئه‌كات، تارِاده‌یه‌كى زۆر هه‌لپه‌رستن، كورد وه‌ته‌نى باله‌كوێوه‌ بێت له‌وێوه‌ شه‌ن ئه‌كه‌ن، له‌حه‌قیقه‌ت ورِاست ودروستى رِووداو وبابه‌ته‌كان گه‌یشتوون، به‌لآم به‌داخه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ى زانیاریه‌ رِاست و دروسته‌كان زانیارى نارِاست و درۆ وهه‌ڵه‌ ئه‌به‌خشنه‌وه‌، كاتێك تاوتوێى رِوداوبابه‌ت و بارودۆخه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌كه‌یت بۆت ده‌رئه‌كه‌وێت نایانه‌وى لاى خه‌ڵكى و رِاى گشتى خۆیان یه‌كلایى بكه‌نه‌وه‌ به‌بیانووى له‌ده‌ستنه‌دانى بێ‌ لایه‌نى و پرۆفیشناڵێتى، به‌لآم به‌چى ئه‌چێت له‌پشت دیمه‌ن و په‌رده‌ى رِووداوه‌كان خۆیان بۆ ده‌سه‌لآت یه‌كلایى كردۆته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌پاراستنى هه‌ندیك به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌ت هه‌ربۆیه‌ لێره‌وله‌وى زوو زوو سه‌نگه‌رى خه‌بات ئه‌گوێزنه‌وه‌ به‌بیانووى گه‌یشتن به‌حه‌قیقه‌ت و روئیاى تازه‌.
گواستنه‌وه‌ى سه‌نگه‌رى خه‌باتى هه‌ندیك له‌ئه‌ندام په‌رله‌مان و فه‌رمانبه‌ره‌ پله‌بالآكان له‌لایه‌كه‌وه‌ بۆ لایه‌كى تر و جێگۆرِكێى میدیا كاره‌كان له‌كه‌ناڵیكى حیزبى ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ بۆ كه‌ناڵێكى به‌ناو بێ‌ لایه‌نى سه‌ربه‌خۆى سه‌ربه‌حیزبى ده‌سه‌لآتدار له‌ژێر پاساوى پاراستنى پیرۆزى پیشه‌یى و بێ‌ لایه‌نى میدیاكار له‌پێناو گه‌یشتن به‌حه‌قیقه‌ت باشترین نموونه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م گروپه‌ گروپى بیلایه‌نه‌ سه‌یركه‌ره‌كان.

گروپى پێنجه‌م: گروپى نایابه‌ رِۆشنه‌كان
گروپى نایابه‌ رِۆشنه‌كان گوزارشت له‌و كه‌سایه‌تیه‌ خاوه‌ن هزرو عه‌قڵیه‌ت و مه‌عریفه‌ رِۆشه‌نه‌نانه‌ ئه‌كات كه‌شاره‌زاییه‌كى پۆزیتڤ وته‌واویان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژیان و ژین وژینگه‌ومه‌عریفه‌، ئاگادارى و ورده‌كارى بارودۆخه‌كه‌ن، ئاره‌زویه‌كى سروشتى و خۆرِسكیان هه‌یه‌ بۆ به‌زه‌یى وچاودێریكردنى ئه‌وانى دى به‌بێ‌ چاوه‌رِێكردنى پاداشت له‌م و له‌و.
پێچه‌وانه‌ى گروپه‌كانى دى ئاماده‌ن بۆ قوربانیدان و یارمه‌تى له‌كاتى پێویست دوور له‌به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌ت، هۆشیاریه‌كى هه‌ره‌پیرۆزو گه‌وره‌و بێ وێنه‌یان هه‌یه‌له‌سه‌ر ژیانى مرۆڤ و شارستانى مرۆڤایه‌تى، كاركردنیان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى كۆمه‌لآنى خه‌ڵك و خۆشه‌ویستى یه‌ بۆ خاك و نیشتمان.
دروشمی ئه‌م گروپه‌ ( ئه‌خۆین بۆ ئه‌وه‌ى بژین، ئه‌ژین بۆ خه‌بات و تێكۆشانى مرۆڤایه‌تى )، بێگومان رِزگاركه‌رى رِاسته‌قینه‌ى مرۆڤایه‌تین له‌گشت شوێنێكى ئه‌م دنیایه‌، تاكه‌ مه‌به‌ستیان پاراستنى ئاسایشى كوَمه‌لآیه‌تى یه‌له‌رِێگاى دامه‌زراندنى سیستمێكى یه‌كسانى وئاشته‌وایى كۆمه‌لآیه‌تى به‌پاراستنى ژینگه‌و مافى مرۆڤ وگیان له‌به‌ره‌كانى دى .
به‌پێچه‌وانه‌ى بیروبۆچوونى رِژێمه‌ دیكتاتۆر و ده‌سه‌لآتداره‌ ملهوره‌كان ژماره‌ى ئه‌م گروپه‌ ئه‌وه‌نده‌ كه‌م نین وه‌ك خۆیان ئاماژه‌ى پێ ده‌كه‌ن باشترین به‌ڵگه‌ ئه‌م دووخاڵه‌یه‌.
خاڵى یه‌كه‌م : پرِبوونى به‌ندیخانه‌كان له‌و مرۆڤانه‌ى خه‌بات ده‌كه‌ن له‌پێناو رِزگاركردنى هزرو عه‌قڵیه‌ت و مه‌عریفه‌و رِوئیاى ئاشتیخوازى مرۆڤایه‌تى.
خاڵى دووه‌م : رِوخان و له‌ناوچوون و به‌رده‌وام نه‌بوون و گۆرِانى به‌رده‌وامى گشت ده‌سه‌لآته‌ خێزانى و بنه‌ماڵه‌یى و خێڵه‌كى نادادپه‌روه‌رو دیكتاتۆره‌كانى جیهان.
وابزانم جوانترین نموونه‌ى دیارو به‌ناوبانگ بۆئه‌م گروپه‌ كه‌سانێكى خه‌باتگێرِو مرۆڤ دۆست وسیاسه‌ت مه‌دارى وه‌ك غاندى، نیلسون ماندیلا، جیڤارا، گۆڵدامائێرى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل وه‌ هه‌زاره‌ها زاناى به‌ناوبانگى جیهان و سه‌ده‌ها هه‌زار مرۆڤى ئاشتیخواز و خه‌باتگێرى نه‌ناسراوى زیندووى میلله‌تانى دى، كه‌ له‌دواى خۆیان هیچیان بۆ كه‌سوكارو بنه‌ماڵه‌و خێزان به‌جێنه‌هێشتووه‌، بێجگه‌ له‌خه‌زێنه‌یه‌ك له‌بیروباوه‌رِو نیشتمانپه‌روه‌رى وخ ۆشه‌ویستی بۆ مرۆڤ و گیانله‌به‌ره‌كانى دى و ژینگه‌، ئه‌مه‌ بێجگه‌له‌وه‌ى تشى جیڤارا دواى گه‌یشتن به‌ترۆپكى ده‌سه‌لآت سه‌رله‌نوێ‌ خه‌باتى شۆرِشگێرى ده‌ستپێكرده‌وه‌ له‌پێناو یارمه‌تیدانى میلله‌تانى ژێرده‌سته‌ى جیهان.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت