هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

لەبەشى یەکەمى بابەتەکەم لەژێر ناونیشانى (ڕێکەوتنى سیاسى یەکێتى و گۆڕان وەهم یان حەقیقەت ) لەگەڵ ئەوەى پێم وابوو هێشتا زۆر زووە بۆ هەڵسەنگاندنى ڕێکەوتنێکى سیاسى ئەوها هەستیار لەنێوان یەکێتى نیشتمانى و بزوتنەوەى گۆڕان.
بەڵام پشت بەستن بەبنەماى ستراکتۆرى عەقڵی و مەعریفى حیزبى هەریەک لەم دووحیزبە کەزۆر لەمێژەوە متمانەیان بەیەک نەماوە بەتایبەتى سەرکردایەتى یەکێتى، لەهەمان کاتدا پشت بەستن بەبنەماى ستراکتۆرى عەقلى و مەعریفى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان، کە بڕوایان بەحیزب و بەڵێنى سەرکردەکانى نەماوە، ئەمزانى ئەم ڕێکەوتنە ناچێتە بوارى پراکتیزەکردنەوە لەسەر ئەرزى واقیع.
وە ئەگەر بشچێتە بوارى پراکتیزەکردنەوە بەهیچ شێوەیەک لەخزمەت بەرژوەوەندى و مافەکانى خەڵکدا نابێت لەبەر ئەوەى ئەم حیزبانە لە توانایاندا نییە گۆڕانگارى ڕیشەیى بکەن چونکە حیزب لەکوردستان وەک جەستەبوونى نیە، وەک هاوڵاتى قوربانى بەرژەوەندى سەرکردە و خیزانە موقەدەسەکانە هەربۆیە لەبرى خزمەتکردن و چارەسەرکردنى کێشەکانى کۆمەڵگا سەرقاڵن پاراستنى بەرژەوەندى خۆیان و بەڕێکردنى کاتەوە.
هەرچەندە وەک خۆم هیواداربووم دواى وەهمێک نەکەوتبین بەناوى ڕێکەوتنى سیاسى یەکێتى و گۆڕان، خوازیاربووم ببێتە فاکتەرێکى پۆزێتیڤ بۆ گۆڕانکارى ئەرێنى لەو دۆخە چەقبەستووەى ئێستاى هەرێمى کوردستان، بەڵام بەداخەوە گۆڕانکاریە نەرێنیە سیاسیەکانى کوردستان بەرەو خراپتر سەلماندى ئەم ڕێکەوتنە لەوەهمێک زیاتر هیچى تر نی یە؟
ئەوەى بەدیدەکرێت حیزبەکانى باشورى کوردستان ببوورن سەرکردایەتى حیزبەکان نەک قاعیدەى جەماوەرى ئەوەند لەیەک دوور و جیاوازن تەنانەت لەسەر بنەما سەرەکیەکانى کۆمەڵگاو پرسە هەستیارەکانى وەک سیستمى حکومڕانى و نەتەوەو پێکەوە ژیان کۆک نین بۆیە هیچیان لێ چاوەڕێ ناکرێت بێجگە لەدابینکردنى بەرژەوەندى کەمینەیەکى دەسەڵاتدار و ڕوتاندنەوەى خاک و نیشتمان و هاوڵاتى، لەکاتێکدا سەرکردەى حیزبەکان خۆیان دروستکەرى قەیرانەکانن هەرخۆشیان ئیدیعاى چارەسەرکردنى ئەکەن، ئەمەش پێچەوانەى بنەماکانى لۆژیکە بۆیە گۆڕانکارى ڕیشەیى لەژیر سایەى ئەم جۆرە لەعەقڵیەت و بیرکردنەوەیە ئەستەمە.
ئەو بەناو پرۆسە سیاسیەى لەهەرێمى کوردستان ئەگوزەرێت هیچ نییە بێجگە لە کاوێژکردنەوەى پرۆسە قیزەونەکانى ڕابردوو، بەگشتى پێویستیە یاسایى و سیاسیە ناوخۆیى و دەرەکیەکان سەبارەت بەحکومڕانى لەهەرێمى کوردستان زۆر کاڵ و کرچ و لاوازە بەئاستێک پرۆسەى سیاسى، زانستى، ئابوورى، کۆمەڵایەتى و حکومڕانى ڕۆژ لەدواى ڕۆژ لەپاشەکشێ دایە لەبەر ئەوەى پاڵنەرى پرۆسەى سیاسى حیزبى بازرگانیکردنە نەک نیشتمانى و یاسایى.
بۆ مێژوو کاتێک مام جەلال نەخۆش کەوت و گۆڕپانى سیاسى عیراق و کوردستانى بەجێهێشت مقۆمقۆیەک لەناو سەرکردایەتى یەکێتى بەباڵە جیاکانى درووست ببوو لەسەر دەسەڵات و پارە بەجۆرێک کارى کردبووە سەر ئەداى سیاسى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، بەکاک نەوشیروان مستەفا گوترا ئەمە باشترین هەلى سیاسە کە تا ئیستا بۆ بزوتنەوەى گۆڕان هەڵکەوتبێت، زۆر بەئاسانى ئەتوانین کەڵکى لێوەربگرین ئەگەر بزانین چون بەکاری بهێنین.
ئەوکات کەپەیوەندى پارتى دیموکراتى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان لەباشى بوو، تووێژو مشتومڕو گفتوگۆیەک لەناو گۆڕانخوازاندا گەڵاڵەببوو سەبارەت بەوەى بە چ شێوەیەک سوود لەم هەلەئاڵتوونیە وەربگیردرێت، ئایا پاڵپشتى چ باڵیکى یەکێتى بکەن بۆ ئەم مەبەستە؟ بەڵام کاک نەوشیروان پێى وابوو وەک ئیتیکى سیاسى (ڕەوشتى سیاسى) نابێت بەهیج شێوەیەک نەخۆشى مام جەلال و کێشە ناوخۆییەکانى یەکێتى ببێتە ستراتیژ و بەرنامەو پرۆگرامى بزوتنەوەکە بۆگەیشتن بەئامانجەکانى، ئەو پێى وابوو هاوسەنگى مامەڵەکردن و دوورو نزیکى بزوتنەوەى گۆڕان لە گشت باڵەکانى یەکێتى نیشتمانى بەیەکسانى خزمەت بەبارودۆخى سیاسى کوردستان ئەکات و هاوسەنگى هیز ئەپارێزێت هەر بۆیە بزوتنەوەى گۆڕان ئەو هەلەى نەقۆستەوە بۆ بەرژەوەندى خۆى.
بە بڕواى من و زۆرێک لەکۆمەڵانى خەڵکى کوردستان ڕێکەوتنى سیاسى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان هەمان مەبەستى لەپشتەوەبوو (ڕێگرى لەپەرتەوازە بوونى یەکێتى نیشتمانى کوردستان) هیچ نەبێت لەدیدوو بۆچوونى کاک نەوشیروانەوە کاتێک گەیشتەئەو قەناعەتەى کێشەناوخۆییەکانى یەکێتى و ململانێى باڵە دژ بەیەکەکانى گەیشتوونەتە ئەو ئاستەى لێکترازان ڕووبدات هەربۆیە بەمەبەستى ڕێگرتن لەو لێکترازانەو هاوسەنگى هێز ئەم ڕێکەوتنەى واژووکرد لەنێوان بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان وەک حیزب نەک باڵێکى دیاریکراو لەکاتێکدا خۆدى خۆى سەدلەسەد هیواى بەم ڕێکەوتنە نەبوو.
بەداخەوە دیدوبۆچوون ولێکدانەوەى هەڵەى بەشێک لەباڵەکانى یەکێتى نیشتمانى بەرامبەر بەنیەتى ڕێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان و، ترسیان لەپاڵپشتکردنى باڵێکى دیاریکراو دژبەباڵەکانى دى ئاڕاستەى ڕێکەوتنەکەى بەدیوەکەى تردا گۆڕى، بەشێکى بەرچاوى دەستڕۆیشتووى هەندێک لەباڵکانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەو بڕوایەدابوون ئەم ڕێکەوتنە ڕێکەوتنى نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتمانى نییە، بەڵکو ڕێکەوتنێکە لەنێوان کاک نەوشیروان و باڵى هێرۆخان، ئامانج لێى لاوازکردن و وەلانانى باڵەکانى ترە، دواجار یەک گرتنەوەى هەردوولاو سنوردارکردنى دەسەڵاتەکانیان.
هەربۆیە بەدوورکەوتنەوەى کاک نەوشیروان لەگۆڕەپانە سیاسیەکەى کوردستان و کاڵبوونەوەى تارمایى کاریزماو کەسایەتى بەهێزى لەسەر سەرکردایەتی یەکێتى نیشتمانى کوردستان ئاڕاستەى ڕێکەوتنەکەى بەشێوەیەکى بەرچاو بەدیوە ناشرینەکەدا گۆڕى، خۆ ئەگەر دەسەڵاتى یەکلایى کردنەوەى بڕیار لەسەرکردایەتى یەکێتى لەژێر فشارى قاعیدە جەماوەرییەکەى نەبوایە ئەوا زۆر لەمێژەوە ئەم ڕێکەوتنەیان هەڵوەشاندبۆوە.
هەڵبەتە ئەگەر بڵیین یەکێتى نیشتمانى کوردستان تائێستا ئامادە نەبووە یەک خاڵى ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکات بەهەڵەدا نەچووین لەلایەک بەپاساوى کێشەى ناوخۆى باڵەکانى وەلەلایەکى ترەوە بەپاساوى مەترسى و فشارى پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر یەکێتى وەک هاوبەشێکى حیزبى لەپرۆسەى سیاسى و حکومڕانى کوردستان.
لەڕوانگەو دیدو بۆچوونى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان تەنیا خاڵێک چووبێتە بوارى پراکتیزەکردنەوە خاڵى پێدانى هەندیک پۆستى حەیابەرەى ڕاماڵراو لەدەسەڵات بووە، هەرچەندە پۆستى پارێزگارى سلێمانى یەکیک بوو لەموستەحەقاتى بزوتنەوەى گۆڕان، بەڵام کاتێک بزوتنەوەى گۆڕان ئەو پۆستەى وەرگرت بەچاوى خۆمان بینیمان بەشێکى زۆر لەسەرکردایەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەبرى یارمەتیدان و پاڵپشتکردنى کێشەوگرفتیان بۆدروست ئەکرد، ئەمە ئەگەر مانایەک ببەخشێ ماناى ئەوەیە گشت پۆستەکان لەکوردستان پۆستى حەیابەرەى ڕاماڵراون لەدەسەڵات، لەبەرامبەردا جوانترین بڕیار کەدرابێ دەست لەکارکێشانەوەى پارێزگار بوو.
تائەم ساتە زەرەرمەندى گەورە لەم ڕێکەوتنە جەماوەرى سادەى کوردستانە بەلەدەستدانى متمانە بەگشت هێزە سیاسیەکانى کوردستان و دواتر بزوتنەوەى گۆڕان لەلایەک بەهۆى جێبەجێ نەکردنى خاڵەکانى ڕێکەوتنەکە وەک خۆى وەلەلایەکى ترەوە تەکینەوەى بەشێک لەجەماوەرەکەى بەتایبەتى کاتێک خەڵکى و بەشێک لەجەماوەرى پاڵپشتى گۆڕان بەماموستا بەڕێزەکانەوە لەسەر شەقام بوون بۆ داوا ڕەواکانیان بزوتنەوەى گۆڕان لەغیابى کاک نەوشیروان تاوتووێى بڕیارى پاشەکشێ یاخود مانەوەى لەکحومەت ئەکرد کەدواجار مانەوەیان هەڵبژارد .
بێگومان کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان وەک بزوتنەوەى گۆڕان هیوایەکی زۆریان بەگەڕانەوەى کاک نەوشیروان هەڵچنیبوو سەبارەت بەدەرئەنجامى کۆتایى ڕێکەوتنى سیاسى یەکێتى و گۆڕان، بەڵام بەداخەوە کۆچى دوایى ئەو سەرکردە خاکیە ئایندەى هەموو ئەگەرە کۆتاکانى خستە ژێرپرسیارێکى گەورەوە، ئەگەر لەبوونى کاک نەوشیرواندا ئەم ڕێکەوتنە هیچ ئەنجامێکى دڵخۆشکەرى بۆ هاوڵاتیانى کوردستان لێ بەدی نەهات؟ ئاخۆ لەقۆناغى دواى کۆچى دوایى چ ئەنجامێکى دڵخۆشکەرى ئەبێت؟.
تائێستا ئەم ڕێکەوتنە وەک وەهمێک دێتەبەرچاو نەک حەقیقەت، 17/5/2017 ساڵێک بەسەر ڕێکەوتنى گۆڕان ویەکێتى نیشتمانى تێپەڕى، نەشەراکەتێکى ڕاستەقینەمان بینى لەئیدارەدانى ناوچەکانى پارێزگاى سلێمانى وهەڵەبجە، نەفراکسیۆنێکى هاوبەشى ڕاستەقینەى یەکێتى و گۆڕان لەبەغدا وهەرێم، نەدادى کۆمەڵایەتى، نەباشکردنى بژێوى خەڵک بێجگە لەبەڕێکردنى کات.
جێى سەرنجە زۆرێک لەو سیاسى و سەرکردانەى پێشتر دژایەتی کاک نەوشیروانیان ئەکرد ئێستا ڕێبازەکەى بەپیرۆز وێنائەکەن وپەیمانیشیان داوە ئەم ڕێکەوتنە بخەنەبوارى پراکتیزەکردنەوە لەپێناو بەرژەوەندى خەڵک، دواجار ئەوە ڕۆژگارە ئایندەى ئەم ڕێکەوتنە دیارى ئەکات، ئایا وەهم بووە یان حەقیقەت؟ بەڵام ئەوەى من لێى دڵنیام کاک نەوشیروان وەک سەرکردەو سیاسەت مەدارێکى جیاواز لەوانى دى، مودێلێکى سیاسى تازەو کلتورێکى نۆى دەسەڵاتى خزانە عەقڵیەت و هزرو فیکرى هەموو خەڵکى کوردستانەوە، ئەگەر لەداهاتوویەکى نزیکدایشدا ئامانجەکانى نەیەتەدى، دڵنیام دواتر ئەبنە واقع وئەچنە بوارى پراکتیزەکردنەوە.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە