هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

تەواوبوونی شەری جیھانی دووەم قوربانییەکەی کۆماری کوردی بوو لە مەھاباد، کە پاش رێککەوتنی ھاوپەیمانان / ھێزە گەورەکانی ئەوسا ئەمریکا ئینگلیز و ڕووسیا، کە ئەبێ ھێزە بیانییەکان لە ئێران بچنە دەرەوە، پاش تەواوبوونی شەر. ھەڵبەتە لەگەڵ ھەندێک پەیمانی درۆی ئێرانییەکان بۆ رازیکردنی رووسەکان لە لایەن عەلەم سەرۆک وەزیرانی ئەوسای ئێران بەپێدانی ئیمتیازی گاز و نەوتی ئێران بە رووسەکان، چونکە رووسەکان باکوری خۆر ئاوای ئێران (کۆماری ئازربایجان) و باشووری خۆرئاوای ئێران (کۆماری کوردی) یان لەبەردەستدا بوو. وەرگرتنی ئیمتیازی نەوت و گاز بەھانە و ھاندەرێک بوو بۆ رووسەکان، کە پشت بکەنەھەر دووکۆمارکە، ئەوسا دایمەزراندبوون، وەک بینرا لە ئەنجامدا ھەردوو کۆمارەکە رووخان و پیشەوا بە بێ پشت مایەوە و دوایی لە سێدارە درا، ئێران فێڵی لە رووسیاش کرد و تامی ھیچ ئیمتیازێکی نەوت و گازی نەکرد، چونکە پاش رووخانی ئەو دوو کۆماره‌، کە عەله‌م / سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێران لە به‌ڵێنه‌کانی بە رووسیای دابوو په‌شیمان بووەوە لەگه‌ڵ په‌شیمان بوونه‌وه‌شی وازی لە پۆستی سەرۆک وەزیران هینا و ئێران بە ھەموو قەوارەی ئابووری، نەوت و سیاسییەوە بوو بە پایەگایەکی گرنگی ئەمەریکا و ئینگلیز و ئەمجا ئیسرایلیش.
ئێستا لە سوریا شەر لەگەڵ گروپەکان بەرەو تەواوبوون دەچێ و رژیمی ئەسەد لە سەرکەوتن نزیک دەبێتەوە و ھیزە گەورەکانی ئامادە لە گۆرەپانی سوریا بە ئاشکراو لە پشت پەردە لە دانوساندان لە سەر ئایندەی سوریا، پاش تەواوبوونی شەڕی گروپە ھەمەجۆرەکان، کە دیسا ن رووسیا قسەی خۆی ھەیە بە پشتبەستن بە سەروەری دەوڵەتان.
یەکێک لە ئەگەرە ھەرە بەھێزەکان ئەمەیە، کە ئەم ھیزانەی بەھۆی کیشەی سوریاوە ھاتوونەتە ئەم وڵاتە ئەبێ بچنە دەرەوە واتە زیاتر ئەم ھیزانەی بێ رەزامەندی حکومەتی شەرعی کە تا ئیستاش ھەر حکومەتی ئەسەدە.
ئەگەر ئەم ئەگەرە (چوونە دەرەوەی ھیزە بیانییەکان) لە سوریا جێبگرێ، ئەوا لە ئەنجامدا کورد لە رۆژئاوا بە ته‌نیا لەگەڵ رژێمی ئەسەد لە روو بە ڕووبوونەوەی راستەوخۆیدا دەبن، ھەروەک کۆماری مەھاباد لەگەل رژێمی پاشایەتی ئێرانی ئەوسا، ئیتر پرسیار ئەمەیە:
1. ئایا ئەمەریکا بێ وه‌رگرتنی هیچ ئیمتیازێک سوریا بۆ رووسیا بەجێ نەھیڵێ؟
2. ئایا ئەمەریکا و ئیسراێیل قبوول دەکەن ئێران، سوریا بکاتە پایەگای خۆی بەرامبەر ئیسرائیل و هیلالی شیعی لە مه‌زار شه‌ریفی ئه‌فعانستانه‌وە بێ دابڕان بەناو عیراقدا درێژبێته‌وە تا باشووری لبنان و بگاتە سه‌ر ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست؟
3. ئایا ئەمەریکا و ئیسرائیل ئامادەن کارتی کورد /رۆژئاوا بکەنە قوربانی ھەندێک ‌رێککەوتنی پشت پەردە بەرامبه‌ر پاراستنی ئاسایش بۆ ئیسرائیل بە تایبەتی لە جۆلان و باشووری لبنان، ئەویش لەگه‌ڵ پێدانی هه‌ندێک ئیمتیازاتی ئابووری و سیاسی بە ئیسرائیل؟
لە ئاینده‌یه‌کی نزیک، یان دووردا وه‌ڵامه‌کان ئه‌بینرێن و لە کۆتاییدا دەڵێم: تراژید یترین تراژیدیا لە میژووی ژیانی تاک و کۆمەڵگای نەتەوەکەمان ئەمەیە، کە دوو جارهەمان تراژیدیای بەسەردا دووبارە ببێتەوە. من ھیوادارم ئەزمونی رۆژئاوا دووربێ لە دووبارەبوونەوەی تراژیدی رووخانی کۆماری کورد لە مەهاباد ھەرچەندە تا ئیستا ژیرانە ئیدارەی دۆخەکەیان کردوە، بەڵام لە بەر رۆشانایی ئەزموونی تاڵی مێژووی گەلەکەمان دەبێ هەم خۆیان بۆ خراپترین ئەگەر ئامادە بکەن و هەم لەسەر بنەمای سیاسەتی واقعی و واقعی مومکن، هەروەها لەسەر توانای خۆیان کاربکه‌ن، نه‌ک لەسه‌ر بنه‌مای گریمان، کە کێ یارمه‌تیمان بدا وه‌ک باشوور کە ئه‌نجامه‌که‌ی ئاشبه‌تاڵ و لەده‌ستدانی که‌رکوک و 51% خاکی کوردستان بوو، ئەمیش بەده‌ستی میلشیای کوردییه‌وە، کە هەموومان بینیمان.
ئەم بابه‌تە لە 3-9-2017 بڵاوکراوه‌ته‌وە، به‌ڵام لە به‌ر گرنگی رووداوه‌کانی سووریا و ره‌وشی ئاش به‌تاڵی هەمەلایه‌نە لە باشوور و که‌وتنی که‌رکوک دووبارە بڵاودەکرێته‌وه‌.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت