هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

مرۆڤى نموونەیى ئەو چەمکە هەستیارە بنچینەیی یەی لەدێرزەمانەوە بەدرێژایى وپانتایى مێژووى مرۆڤایەتى هەریەک لە ( پیاوە ئاینى ـ پادشاو سوڵتان و دەسەڵاتدارەکانى جیهانى کۆن وتازە ـ دیکتاتۆرە مەزنەکانى ڕابردوو و ئێستاـ بیرمەندو مرۆڤە مەزن وشکۆدارەکانى نەتەوە جیاوازەکانى جیهانى ) بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، هەریەک لەپێناو ئامانجێک.
بێگومان سەرقاڵکردنى مرۆڤە مەزن و شکۆدارەکانى نەتەوە جیاوازەکانى جیهان بەچەمکى مرۆڤى نموونەیى لەپێناو خولقاندنى ژیانێکى پڕخۆشى و شادى و کامەرانى بۆ ئادەمیزادەکانى سەرگۆى زەوى بووە، بەڵام بەداخەوە سەرقاڵکردنى هەر یەک لەپیاوە ئاینى ـ پادشاو سوڵتان و دەسەڵاتدارەکانى جیهانى کۆن و تازە ـ دیکتاتۆرە مەزنەکانى ئێستاو ڕابردوو لەپێناو گەوجاندن و کۆیلەکردنى مرۆڤ بووە.
بەبۆچوونى ( بیرمەندو مرۆڤە مەزن وشکۆدارەکانى ) ڕابردوو ژین و ژیانى پڕخۆشى و کامەرانى تەنیاو تەنیا بەکۆمەڵگایەکى نموونەیى دەخولقێندرێت، کۆمەڵگاى نموونەییش ” مرۆڤى نموونەیى “دروستى دەکات، لەسەر ئەم بنەمایە بۆچوون و هەڵوێستەکانى خۆیان بیناکردووە.
بەڵام بەم دواییە لەشەپۆلى سێ یەم و چوارەمى دیموکراسیەت و شەپۆلى سێ یەم وچ وارەمى جیهانگیرى تازە (گلۆبایزم) پشت بەستن بەپێشکەوتنى زانستى سیاسى. کۆمەڵایەتى ـ ئابوورى و زانستى بایولۆجى تازە چەمکێکى دیاریکراو نەماوە بەناوى “مرۆڤى نموونەیى”، ژین و ژیانى پڕخۆشى و کامەرانى تەنیاوتەنیا بەجێبەجێکردنى سیستم و یاسا دێتەدى نەک بە” مرۆڤى نموونەیى ” ببورن بیدعەى هەوڵ و کۆششى مرۆڤى نموونەیى.
لەسەر ئەم بنەما زانستی یە تازەیە بوونى مرۆڤى نموونەیى لەبیدعەیەک زیاتر هیچى تر نییە! چونکە هەڵوێستى ئادەمیزاد پەیوەستە بەدوو هۆکارى سەرەکیەوە:
یەکەم / گۆڕانکاری هۆرمونى جەستەیى ودەروونى
دووەم / ئارەزووەکانى وەک بوونەوەرێکى زیندوو
ئەوەى لەکوردستانى باشور دەگوزەرێت سەبارەت بەهەوڵ و کۆشش و بلیمەتى مرۆڤى نموونەیی ( ڕابەر و سەرکردەى سیاسى ـ پیاوى ئاینى ـ کەسایەتى ئاسایى لەهەچ چین و توێژێک بێت ) دەچێتە قاڵبى گەوجاندن و کۆیلەکردنى خەڵکەوە، هەرچ کەس و لایەن و حیزبێک بیکات جیاوازى نییە.
بەبۆچوونى زاناو بیرمەندەکانى ڕابردوو هەڵسوکەوتى ئادەمیزاد دەستنیشانکەرى سەرەکى کەسایەتى خودى مرۆڤ بووە (Self-actualization ـ ذات الانسان)، کاتێک هەڵسوکەوتى مرۆڤ ئەرێنى و باش و پەسەند بووە لەلایەن زۆرینەى خەڵکەوە ئەم مرۆڤە بەمرۆڤێکى نموونەیى ناسێنراوە، بەپێچەوانەوە کاتێک هەڵسوکەوتى نەرێنى و خراپ بووە لەلایەن زۆرینەوە بەمرۆڤێکى ناپەسەند و نانموونەیى ناسێنراوە لەناو کۆمەڵگادا.
لاى ئەرستۆ فەیلەسووفى کۆنى یۆنانى مرۆڤى نموونەیى: ئەو مرۆڤەیە کەژیانى خۆى بەبێ پێویست ناخاتە مەترسیەوە، بەڵام ئامادەیە ئەو ژیانە بەخت بکات لەقەیرانە گەورە مرۆڤایەتیەکاندا چونکە ژیان لەو کاتانەدا ژیان نرخى نامێنێت.
ئامادەیە یارمەتى خەڵک بدات، بەڵام لاى شەرم و شوورەیى یە یارمەتى خەڵک قبوڵ بکات، کەسایەتیەکى ڕاستگۆ و ڕاشکاوە لەدەربڕینى و ڕاو بیروبۆچون و هەستى خۆشەویستى و قین، لەگەڵ ئەو هەموو کات خۆى بەدوور دەگرێت لەخۆنواندن و خۆهەڵکێشان و بەشدارى لەبۆنە گشتی یەکان.
کەسێکى هێور و ئازایە، قسە لەسەر کەس ناکات ـ تەنانەت دوژمنەکانى، ووتەکانى کەم و هاوسەنگن، مل بۆ کەس دانانەوێنێت، ستایش و سەرسورمانى خەڵک قبوڵ ناکات، واتا کەس بەکۆیلە ناگرێت و کۆیلایەتى لەکەسیش قبول ناکات، لێبووردەیە بەتوڕەیى و کینەو ڕق کارادنەوەى بۆ چەمکەکانى ژیان نابێت، هەرگیز بێڕێزى بەرامبەر بەکەس ناکات بەپێچەوانەوە لەهەوڵدانە بۆ خۆشگوزەرانى مرۆڤ و ئاژەڵ، تواناى هەیە ژیان بەسەربەرزى بگوزەرێنێت، باشترین برادەر بۆ خۆى خودى خۆیەتى.
بەپێشکەوتنى زانستى کۆمەڵایەتى ـ سیاسى ـ ئابوورى، دواتر زانستە زیندووەکانى وەک ماتماتیک و فیزیک و کیمیاو زانستە بایۆلۆجیەکان، ئامانج و گەشەى فیکرى و مەعریفى بۆ مرۆڤى نموونەیى بەتەواوى گۆڕا، شتێک نەما بەناوى مرۆڤى نموونەیى، ژین و ژیانى پڕخۆشى و کامەرانى تەنیاوتەنیا بەجێبەجێکردنى سیستم و یاسا دێتەدى نەک بەهەوڵ و کۆششى مرۆڤى نموونەیى.
بەداخەوە لەوە دەچێت لەکوردستانى باشور لەسایەى دەسەڵات و حکومڕانى مافیاى بنەماڵەوخێڵ بەناوى حیزب گەشەى چەرخى مێژوویى و عەقڵیەتى مرۆڤ بەرەو دواوە بگەڕێتەوە، لەسەردەمى شەپۆلى چوارەمى دیموکراسیەت و جیهانگیرى تازە (گلۆبایزم) لەبرى دانان و جێبەجێکردنى سیستمێکى سیاسىـ کۆمەڵایەتى. ئابوورى ـ زانستى لەگەڵ سەروەرى یاسا تازە بەتازە بیدعەى مرۆڤى نموونەیى باوى دێتەوە.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا لەدیر زەمانەوە بەدرێژایى و پانتایى مێژووى مرۆڤایەتى ئامانجى هەریەک لە پیاوە ئاینى ـ پادشاو سوڵتان و دەسەڵاتدارەکانى جیهانى کۆن و تازە ـ دیکتاتۆرە مەزنەکانى ڕابردوو و ئێستا ئامانج لە دەستنیشانکردنى ” مرۆڤى نموونەیى ” گەوجاندن و کۆیلەکردنى کۆمەڵگا بووە نەک خزمەتکردنى.
لەسەر ئەم بنەمایە دەستنیشانکردنى مرۆڤى نموونەیى لەسەر ئاستى هەموو کوردستان یاخود شارو شارۆچکەکانى لەلایەن حکومەتى هەرێم ـ پارێزگا ـ حیزب ـ بنەماڵەوخێـڵ دامەزراوەى کۆمەڵایەتى ـ دامەزراوەى ئاینى ـ دامەزراوەى حیزبى دەچێتە قاڵبى گەوجاندن و کۆیلەکردنى کۆمەڵگاى کوردیەوە نەک خزمەتکردنى.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.