هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

وتاریکورد ” لەگەڵ دکتۆر کەمال میراودەلی دا “

دایەلۆگێکی قووڵ و فراوان دەربارەی رەوش و رووداوەکانی کوردستان لە ٢٠١٣ ٠ەوە بۆ ٢٠١٤

تەوەری یەکەم : شیکردنەوەی ” شانۆگەرییەکەی ناو هۆلی سەعد عەبدوڵلا “

بەشی یەکەم /

وتاریکورد : دکتۆر لەم دیدارەدا حەز دەکەین چوار تەوەری سەرەکی باباتەکانی ساڵی ٢٠١٣ کە پەریونەوە ئەمدیوی ساڵی تازە بدەینە بەرباس : رەوشی یەکێتی دوای هەڵبژاردنەکان ، گۆڕانی هاوکێشەکان و پێکهێنان و نەهێنانی حکومەتی نوێ ، گۆڕانە ناوچەيییەکان بە تایبەتی خۆراواو رەوشی باکوورو تورکیا و یەکەم کۆنگرەی گۆڕان ، و گەر بشکرێ لێکدانەوەو بۆچوونیکی تیۆریی بۆ هەموو ئەمانە . واتە شیکردنەوەیەکی گشتی رەوتی مێژوویی ئێستای باشوور بە تایبەتیی و کوردستان بە گشتیی .

کۆنگرەکەی گۆران تازەترینە ، با لەوەوە دەست پێبکەین ، ئایا کۆنگرەکە چی کرد ؟ ناسنامەی گۆران پێش کۆنگرەو دوای کۆنگرەکەو پێوەندی بە خەلک و ئامانجەکانییەوە چۆن دەبینی ؟

د. کەمال : وتیان هەموو پرۆسەی کۆنگرەکە نیشان دەدرێت ، بەلام بە داخەوە من پرۆسەی تەواوی کاری کۆنگرەکەم نەبینی ، واتە چالاکی دوو رۆژەکانی . تەنیا وتارەکانی سەرەتاو کۆتایی کاک نەوشیروانم بینین و وەک تێکست لەبەر دەستمدان ، لەبەر ئەوە زیاتر دەتوانم هەر لەو دوو وتارەوە بە تایبەتی یەکەمیان بۆچوونی خۆم روون کەمەوە ئەوسا لە بینینی کۆنگرەکە خۆی وەک رووداوێک . با لەمەی دواییانەوە دەست پێ بکەین :

کۆنگرەکە وەک رووداوی کۆبونەوەو کارکردن شانۆگەرییەکی باش رێکخراو بوو، دیارە هەموو کۆنگرەیەک مادام ئەم رەگەزانەیان تێدایە :

[ شوێنی رووداو + کەسەکان + دەورو ئامانجیکی دانراو بۆکەسەکان + کاتێکی تەرخانکراو+ جمهورێکی سەیرکار وکارتێکراو ]

رەوشی شانۆگەرییان هەیە نەک تەنیا ئەوەی گۆڕان . بەلام گومانی نییە ستراتیجی کۆنترۆلی پرۆسەو دەورو دەنگەکان لە کۆنگرەکەدا ئاشکرا بوو تارادەیەک کە دەتوانرێ بوترێ تەواوی کۆنگرەکە : شانۆگەرییەکی باش کۆنترۆلکراو بوو ، موخریجی شانۆگەرییەکەش و دیاریکەرو دەورو دەرەنجامەکانی تەواو ئاشکرا بوو .

وتاریکورد : مەبەستت چییە لە کۆنترۆل ؟

د . کەمال : کۆنترۆل هەیە وەک پێویستی لۆجیستیکی و دیسیپلینی رێکخراوەیی ، واتە کارەکان لە کاتی خۆیاندا تەواو بن . وەک فاکتەری ستراتیجی و ئایدیۆلۆجیش ، لەوەی گۆراندا دووەمیان دیاریکەری یەکەمیان بوو . کۆنترۆلەکە سیاسی ستراتیجیی ئایدیۆلۆجیی بوو تا لەو سەرەتاو کۆتاییەی پێشتر وەک شانۆگەرییەکی باش دەر‌هێنراو بۆی دانراوە دەرنەچێت . کۆنترۆلەکە فرە لایەن بوو :

١. کۆنترۆلی شوێنەکە : واتە هەلبژاردنی ئەو شوێنەی لێی دەبەسترێت .

٢. کۆنترۆلی کاتەکە : رۆژ و ساتی بەستنی و کە هەموو شانۆگەرییەکە دەبێت تەنیا لە دوو رۆژدا تەواو بێت .

٣. کۆنترۆلی ئەجنداکە : بەشدارانی شانۆگەرییەکە دەبێ چ بکەن و دەوریان چ بێت .

٤. کۆنترۆلی ئایدیۆ-سایکۆلۆجی : بەشداران چۆن لە سنووری خۆیان دەرنەچن .

٥. کۆنترۆلی رەمزیی / کاتیی/ دەسەڵاتیی سەرەتاو ئەنجامی وتاریی سیاسیی کۆنگرە

٦. فاکتەری خۆشیی و خواردن و سپێکتەکڵ : واتە روخساری هاروژان و نیشاندانی سەنجراکێش بۆ دەەرەوە ، خەڵک ، جمهور .

وتاریکورد : ئەم هەموو کۆنترۆلانە چ نیشان دەدەن ؟ دیارە دەبێت هەر یەکە دەلالاتی خۆیان هەبێت ؟ جارێ هەموویان بە یەکەوە وەک پرۆسەیەکی کۆنترۆلکراو چ ئاماژەیەکیان بە کۆنگرەکە دا ؟

د. کەمال : ئاماژەکە دیارە ئەوەیە کە بەشداران وەک ئایجنتی یان کارسازیی ئازاد سەیر نەکراون ، نەهاتوون پەیامی پراکتیسی ئازادیی وشە ، دایەلۆگ ، پێشکەشکردنی بیرو بۆچوونی خۆیان بگەیەنن . ئەوان هاتوون دەربارەی ئەجندایەک کە پێشتر بۆیان دانراوە ، بیرکردنەوەیەک کە پیشتر بۆیان کراوە : وەرەقەیەک کە پیشتر بۆیان نووسراوە ، بریارێک کە پێشتر بۆیان بریاردراوە ، چوارچێوەیەک کە پێشتر بۆیان چێوەکراوە (ئا) یان (نا) ، بەلێ یان نەخێر- ێک بلێن و بەس . تەسکیی و گوشراویی کاتەکە مەودای هەر ئەو نووزەیەی دەداو بەس ، چەپڵە لێدەن و هەستن و دانیشن و هەستنەوە . بخۆن و بخۆنەوە ، خۆیان بە یەکتر دلخۆش کەن . کەوایە کۆی کۆنترۆلەکان کۆنترۆلی ئەکتەرەکانە ، موخریجی باش ئەوەیە کە دەوری دروست بە ئەکتەرەکان دەداو کۆنترۆلی وردی هەلسوکەوتێان تەنانەت تا ئاستی زمانی جەستەش ( بۆدیلەنگویج ) دەکات تا شانۆگەرییەکە بەو شێوە بێتە دەرکە خۆی زەینەچاو ورەچاوی کردووە . لەم رووەوە شانۆگەرییەکە تەواو سەرکەوتوو بوو .

بۆ خوێندنەوەی چاوپێکەوتنەکە کلیک بکەرە سەر — وتاریکورد لەگەڵ دکتۆر کەمال میراودەلی دا – 1

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.