هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

١-١

رێزمانی بنچینەیی کوردیی
سەرەتایەک بۆ زمانناسیی ،
دەنگناسیی ، دەنگسازیی ، وشەسازیی ،وشەناسیی ، رستەسازیی 

بەرگی یەکەم / سەرەتایەک بۆ زمانناسیی و زمانی کوردیی

رێزمانی بنچینەیی کوردیی

ئەمە کتێبێکە لە پێنج بەرگدا دەربارەی زمان و رێزمانی کوردیی . بەشەکان یەک لە دوای یەک بە شێوەی [ پی . دی . ئێف ] تەنیا لە وتاریکوردا بڵاو دەکەینەوە . بۆ هەموو سایتەکان و کەسیک هەیە وەریانگرێ و سوودیان لێ وەربگرێت ، بەر مەرجەی ئاماژە بە وتاریکورد وەک سەرچاوەی یەکەمی باسەکان بکات . وتاریکورد  .

رێزمانی بنچینەیی کوردیی 

سەرەتایەک بۆ زمانناسیی ، دەنگناسیی ، دەنگسازیی ، وشەسازیی ، وشەناسیی ، رستەسازیی

 

بەرگی یەکەم / سەرەتایەک بۆ زمانناسیی و زمانی کوردیی

سەرەتای یەکەم

( 1 )

بەداخەوە تا ئێستا رێزمانیكی سیستیماتیکی زمانەکەمان نییە : واتە رێزمانێک هەموو بەش و بوارەکانی زمان ( دەنگ ، فۆنیم ، مۆرفیم ، وشە ، پێریزە ( گرێ ) ، رستە ، مانا) وەک هەموویەکی یەکتر تەواوکەر سەرنج بدات. لەم رۆژانەدا سەرنجی ( رێزمانی ئاخاوتنی کوردی) کۆڕی زانیاری کوردی حەفتاکانم دایەوە . دیارە مرۆ دەبێ پێزانینی بۆ ئەرک و رەنج و ئامانجی بنیاتنەری ئەو گرۆیە دڵسۆزە هەبێت .  لە سنووری توانستی خۆیان هەوڵیان داوە چەند سەرەتایەکی گرنگ بۆ زمانەوانی و بەتایبەتی رێزمانی کوردیی دابمەزرێنن. بەلام بەداخەوە کەم ( زانستی زمان ) یان با بڵێین ( زانستی زمانی نۆدەم ) ی تێدایە . مامۆستای گەورە مەسعود محەممەد گومانی نییە زمانزانێکی گەورەو بێ هاوتایە ، بەڵام زمانناس نییە بە مانا زانستییەکەی . ئەو بە شارەزایی سەلیقەیی و مەزندەی خۆیی هەوڵی لێکدانەوەی چەند لایەن و کێشەیەکی گرنگی زمانەکەمان دەدات . باشترین کاری لەم مەیدانەدا کتێبی : زاراوەسازیی پێوانەیە “، کە گەنجینەیەکی لێکدانەوەی زمانەکەمانە . بەلام   بە پێی میتۆدە دامەزراوەکانی زمانناسیی هاودەم ئەم کارەی نەکردووە .  راستیی میتۆدی زانستیی لە نووسینەکانیدا هەر نییە.

زمانناسیی تەنیا لە ئەنجامی زمانزانییەوە دروست نابێت بەڵکو  لە ئەنجامی لێکدانی ئەمەدا لەگەڵ لکە دامەزراوەکانی زانستی پێشکەوتووی زمان لە جیهاندا لە

دەنگناسیی (فۆنۆلۆجی) و 

دەنگسازیی (فۆنۆمیکس) و

وشەسازیی (مۆرفۆلۆجی) و 

وشەناسیی  (لێکسیکۆلۆجی)  و

رستەسازیی (سینتاکس، گرامەر) و

ماناسازیی (سیمانتیکس) و

وشەکاریی ( پراگماتیکس ) و ئینجا فەلسەفەی زمان ، خۆی پێدەگەیەنێت .

رەنگە بەلای زۆربەی خوێنەرانی کورد تەنانەت زمانناسانیشەوە  ریزکردنی ئەم لکە زانستانەی زمانناسیی بەو شێوەی سەرەوە هیچ سەرنج رانەکێشێت و بایەخێکی بۆ دانەنێت. ئەمەش بەداخەوە کارەساتی نەبوونی پاشخان و نەریت  و خولیاو روانگەو تێگەیشتن و بۆچوونی زانستیی لە هەموو بوارەکانی ژیان و رێکخستن و زانینی کوردەوارییماندا نیشان دەدات. جارێ دەبێ شانازیی بکەین کە زمانەکەمان ئەوەندە دەوڵەمەندو بنسازو جێگیرە، کە زاراوەی پڕ بە پێستمان بۆ هەموو ئەو بوارە لێکجیایانەی زانستی زمان بە شیوەیەکی ئاوا خۆڕسک و رەسەن و لە هەمان کاتدا کۆبەندیی ( سیستماتیکی ) ،  بە دەستەوە دەدات کە زۆر وردەکارانەتر لە زمانانی تر جیاوازی نێوان لکە زانستەکانی زمانناسیی دەردەبرێت . لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا پێناسەی روونی هەر یەک لەم زاراوانە دەکەین .  

بەڵام ئەمە تەنیا سەرەتایە : سەختیی ئەرکەکە لەو میتۆدە دایە کە ئەم پۆلینکردنەی بەشەکانی زمان دەیکەن بە پێویستییەکی ناچاری . وەک وتم زمانناسیی کوردیی تەنیا ئەو کاتە ئەنجام دەدرێت کە بتوانین روانگەیەکی کۆیی ( هەموویی ، هۆلیستیک ) بۆ لێکدانەوەی زمان رەچاوبکەین کە هەموو ئەم گۆشە نیگایانە بگرێتە خۆی . بێگومان ئەوە رەخنەیەکی رەوا نییە کە بڵێین بۆچی ( کۆڕی زانیاری ) حەفتاکان ئەم کارەی نەکردووە. زانستەکانی زمان هەمیشە لە گۆڕان و پێشکەوتندان ، ئەوەی ئەمڕۆ بۆ من هەیە بۆ ئەوان نەلواوە . بەڵام هێشتا زمانناسیی نوێ لە ئەوروپادا مێژوویەکی دوورو درێژیی هەیەو هەر لە سەرەتاکانی سەدەی  بیستەوە پرسەکانی دەنگناسیی و مۆرفۆلۆجی و سینتاکس سەریان هەڵداوە . لە بیستەکانەوە ڕێزمانی شیکردنەوەی بنەسازیی ( ستراکتوریی ) بنیاتنراو لە سەر تیۆرییەکانی زمانناسی سوێسری ‘ فێردیناند دی سۆسیە’ Ferdinand de Saussure    بە شیوەیەکی سەرنجڕاکێش هاتە ئاراوە. یەکەمجار کتێبەکەی سۆسیە [ کۆرسێک لە زمانەوانی گشتی ]  Cours de linguistique générale دوای مردنی خۆی لە سالی ١٩١٦ دا بڵاو کرایەو  چۆمسکی – ش کتێبە گرنگەکانی لە سەر زمان و سینتاکس لە  ١٩٥٧ و  ١٩٦٥ دا بڵاوکردنەوە . 

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر .. رێزمانی بنچینەیی کوردیی-بەشی یەکەم

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت