هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ئایا ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی یە؟

 كێ دەڵێ بۆ سەربەخۆیی یە؟

کێ دەڵێ بۆ سەربەخۆیی نییە؟

هەردووکیان یەک کەس. هەمان کەس. جەنابی مەسعود بارزانی.

ئەو دەڵێ: بۆ سەربەخۆیی یە. بەڵام سەربەخۆیی ڕاناگەیەنین، دوای ئەنجامی رێفراندۆم لەگەڵ عێراق دانوستان دەکەین. دوو بەڵگە:

 

ڕاپۆرتی رووداو

عشتارتيفي كوم- ڕووداو/أكد رئيس إقليم كوردستان، مسعود البارزاني، في مقابلة مع مجلة “فورين بوليسي” الأمريكية، بأنه أخبر رئيس الوزراء العراقي حيدر العبادي، بأن مسألة إجراء الإستفتاء هو حق شرعي لشعب إقليم كوردستان، ونريد التفاوض حول هذه المسألة معكم وبكل سلام بعد إعلان نتائج الإستفتاء، ishtartv.com

سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ گۆڤاری (فۆرن پۆلیسی) ئەمریکیی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو سەرۆک وەزیرانی عێراقیی حەیدەر عەبادی ئاگادار کردووە، کە پرسی ریفراندۆم مافیكی شەرعیی گەلی هەرێمی کوردستانە و دەمانەوێ دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم  بە ئاشتیی تەواوەوە لە سەر ئەم پرسە دانوستاندنتان  لەگەل بکەین.

2-  وتاری بارزانی لە واشنتۆن پۆست:

لە وتارێکێشدا کە بەناوی ئەوەوە لە واشنتۆن پۆستدا لە ڕۆژی 28 ی حوزەیراندا بڵاوکراوەتەوەو  هەروەها لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆنسۆلانی عارەب دەڵێ: ڕیفراندۆم  بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نییە، بۆ ئەوەیە دوای ڕێفراندۆم لەگەڵ عیراق دابنیشین دانوستاندن لەسەر سەربەخۆیی بکەین ئەمە دەقی قسەکانێتی لە واشنتۆن پۆستدا:

While the results of the referendum will bind future Kurdistan governments, the timing and modalities of our independence will be subject to negotiation with Baghdad and consultation with our neighbors and the wider international community. In our negotiations with Baghdad, we will be washingtonpost

[ لە کاتێکدا ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم حکومەتی ئایندەی کوردستان پابەند دەکات پێێەوە، کات و شێوازی سەربەخۆییەکەمان ژێرفەرمانی دانوستانمان لەگەڵ بەغدادو ڕاوێژکاریمان لەگەڵ دراوسێکانمان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێت. لە دانوستانەکەماندا ئێمە عەمەلی دەبین. پرسی ئەوەی کام ناوچانە دەخرێنە سەر کوردستان گەرمترین پرسی جێی مشتومڕ دەبێت لە جیابوونەوەکەدا. ]

واتە لە ئێستاوە گەر گەل سەربەخۆیی هەڵبژێرێت، بارزانی ئەنجامی ڕێفراندۆمی رەتکردۆتەوەو تەنیا و تەنیا کردوویەتییە وەرەقەیەک بە دەستی خۆیەوە بۆ موساوەمە.

 

ئەمە چ دەگەیەنێت

1- ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەکرێت.

2- گەر کرا، گەل وتی ئا، من دەڵێم نا، بوەستن! و سەربەخۆیی ڕاناگەیەنین.

3- لە جیاتی ئەمە لەگەڵ  حکومەتی عێراق بە ئاشتیی دادەنیشین و زۆر عەمەلی دەبین (نە پەرلەمان هەیە. نە تەڕەماش. نە کەس بپرسێ ئەو عەمەلی بوونە یانی چی و چۆنەو چی لێدەکەویتەوەو كێیە کە عەمەلی دەبێت و بەپێی چ یاسا و دەسەڵاتێک؟).

4- ئەو پرسەی زۆرترین کێشەو مشتومڕی لێدەکەوێتەوە، ئەو ناوچانەن [لە دەرەوەی هەرێم  کە لە ئەنجامی ڕێفراندۆمدا] دەشێ بخرێنە سەر هەرێم. ئەمە بە گفتوگۆ و دانوستاندن دەبێت!

واتە ئەو ناوچانەی کە بە ناوچە ناکۆکیی لەسەرەکان ناسرابوون و دەبوو 12 ساڵ پیش ئێستا بە پێی مادە 140 ی دەستووری عێراق بە  شێوەیەکی دەستووریی و یاسایی رێفراندۆم بکرابایە بۆیان، ئێستا  دەبن بە ناوچە مشتومڕ لەسەرەکان و ئێمە یەکلایەنی خۆمان ڕێفراندۆمیان بۆ دەکەین و پابەندیش نابین بە ئەنجامەکەیەوەو تەنیا لە رێگای دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بە ئاشتیی و بە عەمەلی چارەسەری دەکەین!

 5- لەمەش زیاتر بارزانی دراوسێکانیش (واتە تورکیاو ئێران) دێنێتە ناو هاوکێشەکەوە: لەگەڵ ئەوانیش ڕاوێژدەکەین واتە دەبێ ئەوانیش ڕازی بن.

6- لەمەش پتر لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەییش گفتوگۆ دەکەین!!

چەند پرسیاری سادە

1- جا گەر لە کاتی هەرە لاوازیی و سەرەتایی حکومەتی دوای سەددامی عێراقدا،  عێراقی بێ ژێرخان و سوپاو چەک و دەسەڵات، کە بە ماددەیەکی دەستووری ڕیکوپێک و ڕوون و کات بۆ دانراو، لە هەلومەرجێکی ئاشتیی و ئاساییدا کە تەنیا کورد لەشکری هەبوو، کە سەرەک کۆمارو وەزیری دەرەوەو سەرۆکی ئەرکان  و جێگری سەرەک  وەزیران کورد بوون و کە سەدی نەوەدو هەشتی کورد لە ڕێفراندۆمی نافەرمییدا دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، و  بە بوونی دەسەڵاتی ئەمریکی و بەریتانیش لە عێراق دا، نەتانتوانی هیچ بە هیچ بکەن و دوو ساڵەکە بوو بە دەساڵ و زیاتر، ئێستا ئەم شیردا بۆ داپیردا خەیاڵی یە کەی کۆتایی دێت؟

2- لە کاتێکدا خۆت بە دەستوور بەشیكی گەورەی حکومەتی عیراق پێکدێنیی، بەڵام بە بێ دانوستان و گفتوگۆو رەزامەندیی حکومەتی عیراق دەتەوێ ڕیفراندۆم لەو ناوچانەشدا بکەی کە دەسەڵات و بۆهەبوونیی دەستوورییی و یاساییت نییە بە پێی ماددە 140 نەبێت ( گەر مەفعولی مابیت!) ئەویش تەنیا بە هاودەنگیی و هاوکاری بەغدا دەبیت؟

ئەی چ دەکەی کاتێ عێراق گەر ڕێگە بە ڕێفراندۆمەکەش بدات، بە نادەستووریی و نایاسایی داناو رەفزی ئەنجامەکەی کردو ئامادە نەبوو دانوستاندت ( بە ئاشتیی و عەمەلی ) لەگەڵ بکات و ئەو دراوسێیانەی باسیان دەکەی [جگە لە تورکیا؟]  و هەموو کۆمەڵگای نێونەتەوەیی پشتگیریی عێراقییان کرد و حیسابی سفریان بۆ تۆ نەکرد؟

3- عێراقێک کە ئێستا گەورەترین پاڵپشتی نێونەتەوەیی هەیە، سوپاو هێزیكی حەشدی شەعبی گەورەی هەیە و تازەترین فرۆکەی جەنگیی و چەکی کوشندەو وێرانکەری هەیەو لە شەری قاعیدەو داعشدا گەورەترین ئەزموونی سەرکەوتووی جەنگیی بەدەست‌ هێناوە چۆن یەکلایەنە ئیرادەی خۆتی لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمدا بەسەردا فەڕز دەکەیت و پێویستی ئەم فەڕزکردنە چییەو بۆچییە گەر نەتەوێت سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت بە رەزامەندی حکومەتی عێراق خۆی نەبێت؟

4- چەندی دەوێ تا تورکیا و ئێران رازی بکەیت کەرکووک و چەندین ناوچەی موسڵ بخرێنە سەر کوردستانی سەربەخۆو چۆن ڕازی دەکرێن؟

باشە لەگەڵ حکومەتی عیراقدا کە خۆت بەشێکی پێکهێنەری یاسایی و دەستووریی بەهێزو بڕیاردەری ئەو حکومەتەی و لە داڕشتن و دەنگ لەسەردانیی دەستوورەکەی بە گەرمیی بەشداربووی، پرسەکە ببڕێنیەوە باشتر نییە لەوەی تورکیا وئێران بۆ ئەم پرسە ناوخۆیی یە ڕابکێشیت کە هەردووکیان دوژمنی سەرسەختی ئازادیی کورد و کوردستانن؟

5- کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کە هەر هەمووی لە نەتەوە یەکگرتۆکانەوە تا یەکێتی ئەوروپیی و تاک تاکی زلە دەوڵەتانی وەک ئەمریکا، روسیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، تورکیا (هەر نەبێت بە ڕواڵەت گەرچی لە بنەوە هاندەریش بێت بۆ پیلانی خۆی) و ئێران زۆر بە ڕوونی و ڕاستەوخۆیی ڕایانگەیاندووە، دژی ئەم بڕیارەن یان بە پەسند و یاسایی نازانن، چۆن گفتوگۆیان لە سەر پرسێک  لەگەڵ دەکەیت کە لە سەرەتاوە بە نابەجێی دەزانن و تاکە لاپەڕەیەکت بە نووسین و بە بڕیاری شەرعی هیچ نوێنەرایەتییەکی یاسایی شەرعیی گەل بەرهەم نەهێناوە کە بە دنیا بڵێی ئەمەی دەیکەی بۆ دەیکەیت و چۆن دەیکەیت و چۆن لەگەڵ ئەنجامەکانی هەڵسوکەوت دەکەیت؟

6- ئەو حکومەتەی کوردستان کە بارزانی دەڵێ پابەند دەبێت بە بڕیاری سەربەخۆیی یەوە کام حکومەت دەبیت؟ هەر ئەو حکومەتە ڕزیوەی ئێستا کە هیچ شەرعییەتێکی نییە؟ یان هەڵبژاردنی پەرلەمانیی دەکرێت و ئەو حکومەتە تازەیەی دوای هەڵبژاردن بڕیار دەدات پابەندبێت بە سەربەخۆێی یەوە؟

ئەی کەوایە بۆ بارزانی لە ئێستاوە بڕیاری رەتکردنەوەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی دەدات و نەخشەرێگای دانوستاندنیان لەگەڵ حکومەتی عێراق و تورکیاو ئێران و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ دادەنێت؟

ئەی باشتر وانییە بڕیارو جێبەجێکردنی رێفراندۆمەکەش بۆ پەرلەمان و حکومەتی تازە بەجێ بهیڵرێت و بەدەستووریی و شەرعیی لە ڕیگای ‘یاسانامەیەکی ڕێفراندۆم’ ەوە کە پەرلەمان بە زۆرینە دەری بکات وبڕیاری بدات، ئەنجام بدرێت؟

یا باشترو عەقڵانیی تر و بنیاتنەرانە تر نییە کە لە جیاتی ڕیفراندۆم لە سەر سەربەخۆیی. ڕێفراندۆم لە سەر دەستووری کوردستان کە کوردستانی دەرەەوی هەرێمیش بگرێتەوە، بکرێت و ببێتە بەرزترین و پیرۆزترین تۆمارنامەی نووسراو لە مێژووی کوردا؟

 کەواتە تا ئێستا پرسی سەربەخۆیی یەکە = شیردا بۆ داپیردا = بیری بۆش، قسەی بۆش، کرداری بۆش = : ئەمە فت!!

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە