هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

چ دەگوزەرێ؟

لێم دەپرسی: چ دەگوزەرێ؟
….و چاوەڕێ دەکەی بە ڕستەیەک، دوو، سێ، وەڵامت بدەمەوە.
موخابین، نا.
هەموو پرسیارێک، پرسیارێکی قووڵی بێ بن و پرسێکی گەردوونیی کراوەیە!
چۆن لەم پرسیارە دەگەیت؟
ئایا قەت شایانی وەڵامدانەوەی پڕ بە پێستە؟
ئایا قەت وەڵامدانەوەکەی کۆتایی دێت؟
پرسیاریش پێویستی بە زانین و تێگەیشتنە. بە شیکردنەوەو وردکردنەوە، بە دانانی لە ناو دیمەنە گەورە بێ سنوورەکەداو پرۆسە بێ سەرەتاو کۆتایی یەکەدا؟
زۆرجار پرسیارەکان خۆیان وەڵامیان زیاتر تێدایە لە مەبەستی پرسیاریار یان وەڵامی وەڵامدار.!

چ دەگوزەرێ؟
لە کوێ؟ کەی؟
هەموو دەمێ شتێ دەگوزەرێ، هەموو دەمێ هەزاران، ملیۆنان شت دەگوزەرن، لە هەموو شوینێک، لە ملیۆنەها، بلیۆنەها فەزاو شوێنگەی نەزانراودا؟
چ دەگوزەرێ لە ئاسمانەکان، لە هەسارەکان، لە سەر مانگ و مەریخ و ڤینۆس. لە ناو کوورەی دڵی خۆردا؟ لەو دیو سنووری فەزاکێشی زەمین؟
لە ناو قووڵایی ئۆقیانووسەکاندا؟ لە ناو سەهۆڵبەندانی قوتبەکاندا؟ لە درزو برزی بیابانە بێ ئاوەکاندا؟ لە پایتەخت و شارە گەورەکاندا؟ لە دوورگەو نانشینەکاندا؟ لە دنیای وزەو ئەتۆم و بەکتریادا؟ لە ژێر پێمان لە سەر خاک، لە بن خاک.
چ دەگوزەرێ لەم دنیا گەورە، بچووکەدا؟
لە ناو دەزگاکانی ن . ی و دەوڵەتانی دنیادا؟
لە ناو شارەکەتدا؟ وڵاتەکەتدا؟ هەرێمەکەتدا؟
لە ناو کەسوکارو دراوسێدا؟
لە ناو دڵ و دەروون و دەمارەکانتدا؟
لە ناو هەست و نەستی نەزانراوی خۆتدا؟
لە ناو بیری قووڵ و هەستیاری و بێ ئاگاییت دا؟
چ گوزەرانێک، خەبەرێک، باسێک، هەواڵێک بۆ تۆ گرنگە؟
کامیان پێشویستە؟ پێشکارە؟
دەرەقەتی وەڵامی کامیان دێی؟
کامیان لە خەوندا نەبێ نایبینی؟
کامیان قەت بە خەونیش نایبینی؟

چ دەگوزەرێ؟
کەی؟
پرۆسەی ئەم پرسە بێ سەرەتاو کۆتایی یە. بێ ڕۆخ و سنوورە. بێ کەنارو بوارە. هەموو دەمێ هەزاران شت دەگوزەرن، گوزەراون، بێ ئاگایی ئێمە، بێ دەسەڵاتی ئێمە، بێ خواستی ئێمە. لە هەر شوێنێ، هەموو شوێنێ. بڕێکی دیارو ملیۆنەهای نادیار.
بۆیە، گەر هۆشیار بیت، هەواڵەکان هێندە ساختە دەردەکەون. هێندە پەروایزیی و نادروست.
هێندە عەبەسیی و بێهوودە.

چ دەگوزەرێ؟
بۆ مرۆڤی دووپێ و سەرزل، بۆتە پرسیاری ناهیلیستی خۆی: کێ، کێی کوشت؟ كێ، کێ لە ناو دەبا؟ کێ چەکی قڕانکارتری هەیە؟ کام شار، دوای ویرانکردنی دوا گەڕەک، دوا ماڵ، دوا خانوو، بۆ دەیەم جار رزگار کرایەوە؟
برا ماڵەکەی خۆی لە براکەی ڕزگار دەکا، دوای یاریکردن بە لاشەکەی؟
ئەمە لە کوێوە هات؟ ئەم ڕقستانە؟
ئێمە لە بیرمان چۆتەوە. کە ئەو خەڵکە [ لە موسڵ بۆ نموونە] لە ناو یەک گەرەک و شاردا بوون، برا بوون، ئامۆزا بوون، کەس و کار بوون، هەر نەبێ هاوشاریی و هاو- وڵات بوون؟ لە مەکتەب بە یەکەوە خوێندوویانە، لە مزگەوت بە یەکەوە نوێژیان کردووە. لە چاخانە بە یەکەوە دۆمینەیان کردووەو… هتد.
ئەم ڕقستانە لە کام بیری ڕەشەوە هات، لە کام پەیامی ناپیرۆزەوە هات، لە کام دوورگەی تاوانەوە هات، لە کام ئاگری بنکای مێژووەوە هات، لە کام پیلانی دوورو نزیکەوە هات، لە کام [بلاکهۆلۆلی] ناو مێشکە گەندەکانەوە هات؟
شەری ناوەکان، شەڕی ناتۆرەکان، شەڕی جانەوەرە مرۆییەکان کە دەشێ بە ئاسانی شوێنەکان و زەمەنەکانیان بگۆڕنەوە.
سەدان سیاسەتمەدار، دەیان دەوڵەت. خولیاو مشووریی یەکەمیان چەککرێنی زیاترە خەونی قڕانکاریی زیاترە، ملیارەهای زیاتر بۆ مەرگستانی پتر.
لە نێو هەزار وشەی جەنگ و دوژمانیەتیی و جیۆپۆلیتیکی مەرگدا، یەک جار وشەی ئاشتیی و دایەلۆگ نابیسین.
ئایدیایەک بۆ ئاشتی، داوایەک بۆ دایەلۆگ؟
یەکەم خەبەر، زۆرترین خەبەر، گەرمترین خەبەر، هەمیشە خەبەر، هەواڵەکانی مەرگ و کوشتارو وێرانییەکانن.
لە کاتێکدا هەمیشە گەردوونێكی بێ سنوور، بێ کۆتایی، پڕ لە خۆرو رووناکیی و جوانیی بۆ خوانی چاوو دڵ و هۆش پێشکەش و ئامادەیەو . لێی بێ ئاگاین.
لە کاتێکدا سروشت هەمیشە پڕە لە زەبەندیی و زیافەت. هەموو تەنیا یەک شتیان لە مرۆڤ دەوێ: ئاشتیی و ئاسوودەیی.
لە کاتێکدا هەزاران هەزار شتی نەشتاندراو، رووداوی بە رووداو نەناسراو، گۆڕانی هەمیشە بەردەوام دەگوزەرێن و دەگوزەرێن. ئێمەش لە هەواڵەکانی هەرە ناوەوەی بوون و دەروونی خۆمان بێ ئاگاین.
ئێمەش بێ خەبەرین بێ خەبەرین:
خوێن لە ناو دەمارەکانماندا چۆن دەگوزەرێ؟
هەناسە لە ناو سییەکانماندا چۆن دەگوزەرێ؟
هەرسی پارووەکانمان چۆن دەگوزەرێ؟
دەیان کارگەو پرۆسەی ژینهەڵێن یان ژیانبەزێن لە ناو خودی جەستەماندا چۆن بەڕیوەدەچن؟
خەونەکانمان لە کوێوە دێن؟ چیمان پێدەڵێن؟
دەخۆین و دەخۆین. هەڵدەستین و دەستپێدەکەینەوە. رۆژەکان ناژمێرین دەمانژمێرن. کاتژمێرەکە ناوەوەیی یە.. ساتی خۆی هەیە، کە ساتی خواستی ئێمە نییە. ساتی خۆشەویستیی ئێمە نییە. ساتی خۆشیی ئێمە نییە.

چ دەگوزەرێ؟
كێ باکییەتی ؟.
کێ بەڕاستیی دەپرسێ؟
نەوتراوەکان زەبەندن و وتراوەکان گەردیلە.
نەوتراوەکان لێشاوو لافاون وتراوەکان قەترەو تنۆک
نەوتراوەکان ڕەشەبەیاکی گەردوونین، وتراوەکان پشووەبایەکی ڕاگوزاریی!
بەلام ئەوەی نەوترێ نابێ
هەموو مرۆڤێ: هەبوو- نەبوو- ە کوردییەکەیە.
هەموو مرۆڤی بۆ ئەوە لە دایک دەبێ ببێ بە حیکایەتی خۆی.
خۆی چیرۆکی خۆی بنووسێتەوە.
خۆی لاوکی ژیانی بڵێتەوە.
مرۆڤ حیکایەتێکە یان خۆی دەیگێڕێتەوە ،یان بۆی دەگێرنەوە،
یان بە بێدەنگی بەرد، خامۆشیی خڕنووک، ڕەشۆکیی خەرمانێکی سووتاو، تێدەپەڕێ.
چەند کەس چیرۆکی خۆی دەزانێ؟
چەند کەس خۆی حیکایەتی ژیانی خۆی دەنووسێتەوە؟
چەند کەس حیکایەتی زیندەگی نزیکترین کەسی خۆی دەناسێ؟
ماوەیەک لەمەوپێش، دایکێكی هێشتا گەنج کۆچی دوایی کرد. کوڕەکانی نەیاندەتوانێ دە دێڕ دەربارەی ژیانی بۆ پرسەکەی بەرهەم بێنن. بەراستی ئەو ژنە کێ بوو؟ حیکایەتەکەی چ بوو. هەبووەکەی تا نەبووەکەی چۆن گوزەراند؟ بیدەنگیی .. خامۆشیی، بەتاڵایی
ئاه نەوتراوەکان چەند زۆرن!
لە کۆمەڵگا زیندووەکاندا وەک بەریتانیا کەم کەس بە بێ حیکایەتی ژیانی دەپووکێتەوە.
مردنی کۆرپەیەکیش، بە تایبەتی گەر بە ناهەق بێت، دەبێتە چیرۆکیكی گەورە. دەیان جار دەوترێت و دەوترێتەوە تا دەچێتە ناو مێژووی نەتەوەو ویژدانی خەڵکەوە. سەدان تۆماری هەمیشە زیندوو بەرهەم دێنێت.
ئاوا هەستی نەتەوەبوون و کۆمەڵبوون دەپارێزن.
نەوتراوەکان، هاوارە نەبیستراوەکان، حیکایەتە نەگێردراوەکان، ژیاننامە نەنووسراوەکان، ئاهو هەناسە تۆمار نەکراوەکان چەند بێ ژومارن!.
گەر هەر یەکێ لەو 150،000 یان زیاتر مرۆڤە کوردەی بۆ ئەنفالیان بردن؛ لە پرۆسەی بردنیان و ساتی فڕێدانە ناو چاڵەگڵی زیندەمەرگیی بایابانی، هاوارو هیواو ترس و بیرکردنەوەیان دەربڕیابیە، ئیستا هەمیشە تۆفانێک لەم عێراقەدا هەڵدەچوو.
گەر هەر یەکە لەو 20-30 هەزار کوردە ئێزیدییەی کۆمەڵکوژ کران و ئەو 10،000 کچ و کورەی کرانە سەبایاو کۆیلەی سیكس، هاوارو ناڵەو تووڕەیی و ئازاری خۆیان دەربڕیبایە، ئێستا شاخێکمان لە تووورەیی و رووبارێکمان لە فرمێسک دەبوو.

حیکایەتی گەلێک حیکایەتی تاکەکانێتیی.
بۆیە لە وڵاتیکی خاوەن حیکایەتی گەورە وەک بەریتانیا زۆر بە پەرۆشەوەن کە هەموو کەس حیکایەتی خۆی هەبێت. و کۆمەڵ و گەلی بەریتانیی بە گشتیی لەو حیکایەتەدا بەشدار ىیت.
میژووی وڵاتانی پێشکەوتوو مێژووی پاڵەوانە تاکەکان و سەرکردە ئەبەدییەکان و بنەماڵە پیرۆزە- فاسیدەکان نییە.
مێژووی یەک بە یەکی تاکەکان و کۆمەڵگاکانی ئەو وڵاتانەیە.

چ دەگوزەرێ؟
دەتەوێ بە یەک ڕستە، دوو، دە وەڵامت بدەمەوە.
نا. برا، بیر بکەوە:
چاوەڕێی ئەوەی دوا کچی کوردی ئێزیدی لە دەستی دڕندەکان ڕزگار بێت و شەرەفی نەتەوەیی دروست بکەینەوە؟
چاوەڕێی مووچەی ئەم مانگەت لە کاتی خۆیدا بدرێتێ؟
چاوەڕێی نیشتمانیكی ىێ دەستوورو سنوورو یاساو ئەخلاق و ئابووری و ئاوات، لە خۆفرۆشیی و خاکفرۆشیی و خۆئەنفالکردن بنیات بنێێن؟
لە کاتێکدا شەڕەکانی سوریاو عێراق بەرەو خامۆشی دەچن دەیان گورگ لە دەوریی مەیدانی کەلاکەکان و لاشەکان کۆبوونەوە، ئایا تۆ چاوەڕێی لە سەر سینییەکی زێوین سەری بەرانەکانت بدەنێ یان سەری لەڕی خۆت لە سەر سینیەکی ژەنگاوی و ژەهراوی، بۆ قۆچی قوربانییەکی تر پێشکەش دەکەی؟

چ دەگوزەرێ؟
نا، برا هەقە بە وەلامی من رازی نەبیت. لە بەر خاتری منالەکانت بیر بکەوە!
تازە، لە پرسنامەیەکدا، لە ژمارەیەک خەڵکیان، کە لە نزیکی سەرەمەرگدا بوون، پرسیوە ئایا لە مەرگ دەترسن؟ بۆ لە مەرگ دەترسن؟
نزیکەی هەر هەموویان وتوویانە بۆ خۆیان لە مەرگ ناترسن بەڵام لە بەر ئەو مناڵ وخۆشەویست و کەسوکارەی کە بەجێیان دەهێڵن و نازانن بێ ئەوان، دوای ئەوان، چیان بە سەردێت ، لە بەر ئەوە لە مەرگ دەترسن.
کەوایە، تا تۆ لە ژیاندای خەمی مناڵ و خۆشەویست و خاک و کۆمەڵەکەی خۆت بێت.
کاتێک، بۆ بیرکردنەوە: بۆ ئاشتیی و خۆشەویستیی.
بیر بکەوە، بەلام بزانە ڕق بیرکردنەوە نییە، بە بەردبوونە.
بیر بکەوە.
بەر لە [نەبوو] ت حیکایەتی [هەبوو] ت، بە عەقڵ و دەستی خۆت بنووسەوە.
نەوتراوەکان بڵێ، نە بیسراوەکان ببیسە.
بە هۆشیارییەکی زەبەندەوە بزانە: چ دەگوزەرێ؟.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت