هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

فەلسەفە سەیرانی چاو و….. هۆشە!
چەند جار گوێم لێ بووە دایکێک، لە لادێ، بە کوڕەکەی دەڵێ: چییە هەر لە ژوورەوە دانیشتووی؟ بڕۆ دەرەوە بۆ خۆت کەمێک سەیری دنیا بکە!
سەیرانکردن نەریتێکی کوردەواریی کۆنە، بەر لەوەی وڵات ببێتە جەنگەڵستانی حیزب، رۆژانی هەینی لە زۆربەی شارو شارۆچکەی کوردستان بە درێژی وەرزی بەهار، رۆژانی سەیرانی خێزانیی و بەکۆمەڵ بوون. سەیرانی شادیی و سەرسامبوون بە سەیرەکانی سروشت و بەهار جگە لە خۆشیی پێکەوەبوونی بە کۆمەڵ و پاراستنی وار.
وشەی ‘سەیر’ لە کوردییدا دوو مانای تێکهەڵکیشی هەیە:
سەیرکردن: تەماشا کردن
سەیر: شت، دیمەن یان ڕووداو و کاری چاوەڕواننەکراو و تازەو نامۆ و سەرنجراکێش و سەرسامکەر!
سەیران، پانۆرامای سەیرکردن و سەیر دۆزینەوە، بەم مانایە بەرامبەر وشەی (وەندەر) ی ئینگلیزیی دەوەستێ کە ئەرستۆ بە سرۆشت و سەرەتای پرۆسەی فەلسەفاندنی دادەنێ.
سەیرانی سروشت هەستەکانمان دەبوژێنیتەوە، تیژو چالاکیان دەکا، تا ڕواڵەتە سەیرەکان، دیمەنە جوانەکان، جۆراوجۆریی و بزێویی زیندەکان، سەرنج بدەن و سەرسامیی دروست بکەن و پرسیار بوروژێنن.
بە پێی ئەرستۆ سەرەتاکانی فەلسەفاندن جۆرو چەشن و ڕاددەی وەڵامدانەوەی هەستیی ئەوسا زەینیی- مان بۆ ئەو هاروژاندنە، دیاری دەکات.
چاو و گوێ و هەستەکانی دی: رەنگە هەستی ئیستاتیکی و هونەری ببزوێنن، خۆشیی وەرگرتن لە جوانیی، خرۆشی گۆرانی و هەڵپەركێ تا هونەریش (شیعرو نیگارکیشی).
بەڵام فەلسەفە ئەوسا دەستپێدەکا، کە بینینی چاوو بیستنی گوێ دەبێتە خولیای دەروون و پرسیاری عەقڵ. دەبێتە پرۆسەیەک خۆی لە خۆیدا.
ىۆیە: ئەو ئامۆژگارییەکەی دایک بۆ کوڕەکەی: بڕۆ دەرەوە سەیری دنیا بکە، لە گەوهەردا، ئامۆژگارییەکی فەلسەفییە!
بەڵام کام دنیاو چۆن سەیرکردنێک؟
دەشێ ئەو دنیایە سەیری کانی و باخێک، دەروکۆڵانێک، بان و مەیدانێک زیاتر نەبێ..
سەیری دیمەنێک، دانیشتنێک، ڕووداوێک، یاری فتبۆڵێک، پیاسەیەکی ناو شار، خولێکی ناو بازاڕ.
واتە تایبەتی و سنووردار ىێت.
دەشکرێ ڕووانین بێ بە بارتەقای بەرینایی و بێ بنی ئاسمانەکان، ئەستێرەستان و ئاسۆ دوورەکان، دەریا بێ ڕۆخەکان، بڵندە چیاکان و دەشت و بیابانە بێ کۆتاییەکان.
سروشتی ڕاخراوو فەزای کراوەو بێ کۆتایی…
بەڵام ئەم دووە یەکتر- بەدەر نین.
گشتیی: تایبەتی تێدایە،
گەردوونیی: سنووردار،
هەموو: تاکەکان،
جەستە: ئەندامەکان،.
چەندێتیی: پارچەکان، ژمارەکان.
کە سەیری دیمەنە گەورەکە بکەین:
گەردوون ئای گەردوون! چەند بێ ڕۆخ و بێ سنووری، چەند نزیک و دووری، چەند پان و ڕاکێشراوی، چەند کۆبەندو پێکەوە بەستراوی.
کە سەیری دیمەنە تایبەتییەکە بکەین:
ئەی شەوبۆی شەونمداری بەرەبەیان،
چەندە ئاڵاو واڵای،
چەندە تەڕو بۆندارو جوان!
واتە سەیرکردنی دنیا دەشێ: هۆنینەوەی ئاسۆکان بێت بە درومانی دیدەمان.
یان خۆشی تایبەتی تاکە چڵەدارو چۆڕەئاوو پەڕەگوڵێکی ناسک بێت.

گۆران وتەنی:
کانییەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگەشەو
لە بنیا بدرەوشێ مرواری زیخ و چەو
جوانترە لە لای من لە دەریای بێ سنوور
شەپۆلی باتە بەر تیشکی خۆر، شڵپ وهوڕ!

گۆران خوردبوونەوەو ئەزموونێکی جوانیناسی ( ئیستاتیکی) دەکات و حوکمێکی ئیستاتیکی دەدات.
لۆجیکێکی هونەریی ئیستاتیکیمان دەداتێ کە چاوگەکەی خۆشیی سروشت و خەیاڵ و ڕوانینی رۆمانسییانەیە.
بەڵام فەیلەسوفان و لۆجیکەوانان لە هاوکێشەو نەخشەو پرۆژەیەکی دی دەگەڕێن.
وەک ئەزموونێکی ئیستاتیکی قەینا، بەڵام وەک زانست: چۆن پێوەندی ئەو گشتیی و تایبەتییە دەزانین؟
دیمەنە دەریایی یە گەورەکەو زیخە وردە بە دەگمەن بینراوەکان؟
لە لەحزەی تایبەتی خۆنمایی و خۆدیارییە شاردراوەکەیاندا ؟
بوونیان لە خۆیاندا، لە کۆشی خۆیانداو لە ئامێزی زەبەلاحی گەردووندا؟
پێوەندیی دەریاو کانی، و کانی و وردەزیخ، چییە؟
جیاوازیی زیخ و چەوو چییە؟
چۆن بە لۆجیک و لۆجیکییانە ئەم پێوەندییە دەگرین و دەگەیەنین؟
هی یەک شت، یەک دیاردە، یەک بابەت نا،
هی سەدان، هەزاران، دەیان هەزار وردە زیخ لە دەیان دەریاو ڕووبار و کانی بەرهەست و بەرزەیندا؟
ئەمانە چۆن پێکەوە بەندن و پێکەوە بەندیش نین؟
کامیان یاسایە بۆ لێکدانەوەیان پێکەوەبوونی نزیک، یان دابڕانی دوور، یان هیچیان؟
ئایا یەک وردە زیخ نموونەی هەموو وردەزیخەکانەو بەم پێیە دەشێ بە زانینی گەوهەری دانەیەک، یاسایەک بۆ یەک، یاسایەک بێ بۆ هەموو؟
گەر وابێت، گەوهەر (جوهر) چییە؟
یان دەبێ لە کۆی هەموویان پێناسەی تاک دەربکەین و شتێ بە ناوی (چەشن) جیا کەینەوە کە هەموو تێیدا بەشدار بن؟
پێوەندیی چییە؟ دابڕان چییە؟ دووریی چییە؟ پێناسە چییە؟
ئەمەیە پرسیارەکەی زانینی فەلسەفیی، لۆجیک.
نەزانێک، نەخوێندەوارێک، مرۆڤێکی نەپرس، ئەم هەمووەی دنیاو نموونە تاکەکانی تەنیا وەک یەکێتییەکی چەندیی، یان بۆشایی غەیب دەبینێ.
دنیا، وا، وایەکان، وابوویی شتەکان، بۆشاییەکی گەورەیە پڕ نهێنی، پڕ ئاڵۆزیی، پڕ سەرسامیی، پر هێزی سامدار، پڕ مەتەڵ، یان تەنیا پڕ لە هیچ، کە تەنیا هێزێکی نامرۆڤیی/سەروو- مرۆڤیی دەتوانێ دەرکیان پێ بکا، لەمەوە نامۆیاریی، ئیغتیراب، خۆغەیبیی و غەیبکردنی عەقڵ و کردنی غەیب بە فەرهەنگی تاریکی ماناکان.
لە لایەکی ترەوە، بە یەک کردەی ئافەریدەکاریی و داهێنانی دەزانێ کە هەروا بووەو هەروا دەبێ، نەک پرۆسەیەکی زۆر هێواشی پەڕەسەندن!
بەڵام ناونان، وشە، کە خۆشی پرۆسەیە، تەنیا هێمای ئایدیای شتەکانە نەک شتەکان خۆیان!
تەنیا کاتێ مرۆڤ دەتوانێ شت، تاک تاک، وەک بابەتی دەرەوە لێک بداتەوە، لە غەیباندنی خۆیی و ئەفسانەییکردنی میتافیزیکیی رزگاری کات، وەک بابەتی شییکردنەوەو تێگەیشتن سەرنجی بدات، سەرەتای زانین بە مانا زانستییەکەی [ لۆجیک، راستی، زانست، تاقیکردنەوە، سەلماندن] دەپشکوێ.
من لەگەڵ رایەکەی ئەرستۆ نیم کە مرۆڤ لە گەوهەردا زینەوەرێکی قسەکەرو هۆشمەندو کۆمەڵبەند بووە.
زمان و عەقڵ نییە کە لە سەرەتاوە مرۆڤی جیاکردۆتەوە.
بەڵکو ئەو راستییەی کە مرۆڤ، [چۆن؟ هەڵبەت بە پەڕەسەندنی داروینیی!) وەک زینەوەری دوو پێ و دەست بەرەڵا و سەرزل (مێشک گەورەتر) پەیدا بووە. واتە: پێکهاتەی فیزیکی مرۆڤ، بە تایبەتی پێکسازیی و پێککاریی بەرەبەرەی نێوان دەست و مێشک، مرۆڤی جیاکردەوە. [ئەگینا لەمە بەولاوە هیچ جیاوازییەکی بایۆلۆجی و فیزیکی و ڕۆحی و ژینگەیی مرۆڤ لەگەڵ هیچ زینەوەرێکی تری زەمینیی وەک مشک، مار، مەڕ، مریشک، مانگا (بۆ نموونە) نییە!]
لەبەرئەوە مرۆڤ لە سەرەتاوە خۆی تەکنۆلۆجی خۆی بووە:
توانیوێتی دانیشێ، ڕاکشێ، هەستێ، ‌هەڵتروشكێ،. هەڵپەرێ، دانەوێتەوە، ڕابکا، پاڵ بکەوێ، پاڵ بدا، دەستی درێژ بکا، بیچەمێنێتەوە، شتی پێ هەڵبگرێ، لە شتی بدات، ببینێ، ببیسێ، بشیڕێنێ، هاوار بکات و دەنگدانەوەی خۆی ببیسێ و… هتد.
گەر میوەیەک بەرز بووبێ بۆ لێکردنەوە، دەستی درێژ کردووە، چۆتە سەر شوێنێکی بەرز، پێیدا ‌هەڵگەڕاوە، گەر هەموو ئەمانەش بەس و کاریگەر نەبووبن، بیری کردۆتەوە تەکنۆلۆجی دەستی درێژتر بکا، چۆن؟ بە هەڵگرتنی دارێکی درێژو بەکارهینانی دارەکە بۆ کوتان وبەردانەوەی میوە..گەر سەیری کردبێ کۆتایی دارەکە تەنکەو کاریگەتر نییە، هەوڵی داوە دارێک بەکاربێنێ کۆتاییەکەی خڕو ئەستوور بێت، ئەوسا هەر ئەو دارەی وەک کوتەک بۆ مەبەستی تر بەکار‌‌هێناوە.
ئەمە بێگومان وەک سیناریۆیەکی سادەی ژیانی سەرەتایی: بۆ دەست و دەستوەشاندن، بۆ قاچ و گەڕان، ىۆ چاوو بینین.، بۆ زار و هاوار، بۆ گوێ و بیستن، بۆ دەم و ددان و خواردن و پچڕین و لەتکردن…هتد.،
مرۆڤی سەرەتایی هەموو تەکنۆلۆجییەکانی لەشی یەکەمجار وەک نێوانچی لە نیوان خۆی و سروشتا بینیوە، ئەوسا سروشتی بە پێی پێویستی تەکنۆلۆجی خۆی گۆڕیوە. قۆناغێکی گرنگ گواستنەوەی پێویستییەکانی ئەو تەکنۆلۆجییە بووە بۆ ئاژەڵی ماڵیکراو.. ئەو کۆڵەی پشتی خۆی کە بۆی هەڵنەگیراوە، بە کەرو ئێستر هەلیگرتووە، ئەو زەوییەی بە هێزی خۆی بۆی نەکێڵراوە، گاجووت و گاسنی ٠(یەکەمجار داریی) بۆ بەکارهێناوە، پێستی مەڕی بۆ بەرگپۆشی و پاراستن و ئەستوورکردنی پێستی خۆی بەکاربردووە، لە شیری مەمکی دایکەوە، شیری گوانی مانگای دۆشیوە…هتد
هەموو ئەمانە پرۆسەی هەڵەو فێربوون و دۆزینەوەو ئەزموون بوون، کە لەگەڵ یەکتریش لە کۆئاخنی گرۆی ناوچەییدا، ئاڵوگۆریان کردووە. عەقڵ و زمان و زانین بەرهەمی دوورخایەتی ئەمەن.
ڕاستیی ئەم بۆچوونە لە سێ دیاردەدا روون دەکەینەوە:
1- دیارە دەوروبەر یان ژینگە، فەزای بوون، ڕەوشی بوونی کۆمەڵگاکان دیاریی دەکات. سەیر دەکەین لە بەر ئەوەی کورد بۆ نموونە کۆمەڵێکی شاخاوییە، لێچوویی و هاوبەشیی کەلتووریی زیاتری لەگەڵ کۆمەڵگا شاخاوییەکاندا هەر چەند دووربن [وەک بۆ نموونە سکۆتلەندییەکان وئەلبانییەکان) دا هەیە، لەوەی لەگەڵ ئەو کۆمەڵگا ناشاخاوییە بیابانییەی کە لە ڕووی جوگرافییەوە زۆر نزیکترە لێی وەک کۆمەڵگای عارەب. ئەمەش لە بەر ئەوەیە وارو کەلتوور بەرهەمی پێوەندی مرۆڤ و ژینگەی سروشتیین.
2- زمان بە هەمان شێوە بەرهەمی ئەو پێوەندییە تەکنۆلۆجییەیە: هەر ناوێک، وشەیەک، ڕستەیەکی زمان ئەنجامی ڕواڵەت و ئەزموونێکی ئەو پێوەندییە نێوانچییە تەکنۆلۆجییەیە، بۆیە وشەو زمان و زانینی هەر ناوچەیەک یان ژینگەیەک لە هی تر کەم یان زۆر جیاوازە. کۆمەڵگاکان ناوو ناونانەکان بە پێی پێداویستی سروشتیی و زانینی ئەزموونی تەکنۆلۆجی نێوانچیی، بەرهەم دەهێنن. بۆیە زمان و، کەسێتیی و کەلتوورو فەلسەفەی ژیانی میللەتێک لێک جیاناکرێتەوە. بۆ نمووونە: خەڵکی کوێستانەکانی کوردستان بەر لەوەی ئەنفال بکرێن، ناوی سەدان گیای کێوی و ڕووەک و گوڵ و میوەو جۆرەکانی میوە وەک جۆرەکانی ترێ و هەنجیرو هەنارو هەرمێ و بەهێ و ، ناوی درەخت و شاخ و لوتکە شاخ و کونەشاخ و ئەشکەوت و بنارو بەندەن و دۆڵ و دەشت و هەورازو نشێو و کانی و ئاوو رێگاو رێچکەو گوندو گوندۆکەیان دەزانی. چونکە ئەو ناوانە بەشێک بوون لە پرۆسەی ژیان و ژینگەی تەکنۆلۆجییان، بەرهەمی خۆیان و بۆ خۆیان بوون. ئێستا کە گوندەکان وێرانکراون و خەڵکە ماوەکان نەگەڕانەوە، هەموو ئەو ناوانە فەوتان و نەوەی تازە نایان زانێ. میللەتی غەیبیی بێکەسیش باکی بە پاراستنی گەنجینەی واری خۆی نییە. نەک هەر وشەو ناوی زمان، شێوەکانی دابینکردنی ژیان، وەک کشتوکاڵ، باخەوانێتیی و پەروەردەی بێستان و رەزو بەرهەمهێنانی تەماتەو بیبەرو بامیەو تووتن و پەمۆو برنج و کاڵەک و شووتی و چاندنی زەوی بە پێی وەرزەکان و کوێستان و گەرمیان کردن و دورستکردنی پەنیرو کەرەو کەشک و ژاژی و شیرێژو جۆرەها نانی سێڵ و نانی تەندوور و خواردنە کویستانییەکان و هەلگرتن و وێشکردنەوەی میوە بە خۆر، دروستکردنی دۆشاوی ترێ و باسووخ و ترشیات و ترخێنە و…هتد، و بەرهەمهێنانی خۆماڵیی جلوبەرگی کوردیی ڕەسەن. وەک رانکوچۆغەو کەواو کراس و کلاش، شێوازی میوانداریی و جەژن و ئاهەنگ و ژنهێنان و شیوەن، بەرهەمە رۆحییەکان وەک گۆرانی و ستران و حیکایەت و بەیتەکان و پەندی پێشینان و مەتەڵ و یاریی و کۆمەڵواریی و.. مێژووی سەرزار (بیرەوەریی) ، هەر هەمووی بە وێرانکردنی گوندو شارۆچکەکان، فەوتا.
چونکە مرۆڤیش زیندەوەرێکی بایۆلۆجی فیزیکییە ئەرکی یەکەمی مانەوەیە، کە خۆی نەما، ژینگەکەشی وەک خۆی نامێنێ، کە ژینگەکەی نەما خۆشی وەک خۆی نامێنێ. هەر دێیەکی کوێستان و گەرمیانی کوردیی بە قەدەر دە حیزب فەرهەنگی زمان و پیشەی دەستیی و کەلتوورو مرۆڤایەتی و کوردەواریی و کوردایەتی و ناموس و ڕەوشتی جوانی تێدا بوو.
3- نموونەیەکی گەردوونیی تر: گەرچی ناوەکان و وشەکانی فەرهەنگی زمانی گەلان و کۆمەڵگاکان جیاوازبن، دارشتەی سەرەکی زمان، واتە بنسازیی ڕستە ، هەر لە هەموو زمانێکدا بە پلەی یەکەم: لە بکەر و کردارو بەرکار پێک دێت.
بکەر [یان بابەتی کارا] بە گشتی مرۆڤە.
بەرکار: سروشت، جیهان، شتەکان و بابەتەکانە.
کردار: کاری مرۆڤە لە سەر سروشت
ستراکتوری زمانی کوردیی: بکەر- بەرکار- کردارە
S-O-V
من ئاسمان دەبینم.
لە عەرەبی و ئینگلیزی: بکەر- کردار- بەرکارە
S-V-O
I see the sky
بەو بۆچوونەی من: سێ شتی جیاوازمان نییە. تەنیا دوو شتی جیاوازمان هەیە.
ئاسمان : وەک بابەتیكی دەرەوەیی سەربەخۆو
ئاسمانبینین: بینین تەنیا درێژبوونەوەی تەکنۆلۆجی چاوە، بەڵام ئەمە وا دەکات پێناسەی بکەر بکەینەوە: بکەر نابینێ، بکەر /مرۆڤەکە /تەکنۆلۆجی چاوی دەکاتە میانچی لە نیوان خۆی و بابەتدا. بۆ ئامانجی خۆی کە لێرەدا بینینە. کە زانی ئەم جۆرە بینییە کورتبینە، یان ناتەواوە، هەوڵ دا تەکنۆلۆجی چاوی بەهێز بکات واتە چاوی (توانستی بینین) درێژ بکاتەوە. کاریگەرتری بکات: لێرەوە دا‌هێنانی دووربین، مایکۆسکرۆپ، تێلیسکۆپ.
سەیرکە ئێمە جگە لە ناوێکی سادەی پراتیکی بۆ تەکنۆلۆجییەکی سادەی چاو بەهێزکەر کە دووربینە نیمانە، چونکە ئێمە وەک گەل و کۆمەڵگا خاوەنی داهینانەکان نین، بۆیە ناتوانین ناوی وەک تەلەسکۆپ و مایکرۆسکۆپ و تەلەفون و مۆبایل و کۆمپیوتەرو سمارتفۆن و تەلەڤزیۆن و هیلیکۆپتەرو مارسیدس و ئارپیچی و کلاشینکۆف و… هتد، بەکار نەهێنێن.
ئەمە نهێنییەکی تری نێوانچی تەکنۆلۆجی و پەڕەسەندنی کۆمەڵگایی و شارستانیی لەمەوە دەسەڵات و سەروەریی دەردەخات. بە سەروەریی زمان و ناوەکانەوە.
کەواتە مرۆڤ جیا لەوەی لە سەرەتاو گەوهەردا بوویەکی عەقڵانی زماندار بێت، بوویەکی دووپێی تەکنۆلۆجیدارو تەکنۆلۆلۆجیکار بووە کە توانیوێتی خۆی لە یەک کاتدا وەک بەشێکی سروشت و وەک نێوانچییەکی کارسازو خۆگونجێن و بگۆڕ لە نێوان خۆی و سروشتدا ببینێت.
واتە بەشێکی زینەوەرێكی ئاسایی بێت و بەشێکێ تری تەکنۆلۆجیایەک بێت کار لە سروشت بکات و سروشت و زینەوەران بکاتە درێژکردنەوەی تەکنۆلۆجییە دەستیی و جەستەیی و عەقڵییەکانی خۆی.
پیشە سەرەتاییەکان بەرهەمی ئەو درێژکرنەوەن و وەک زانین پێوەندیی هۆکاریی بەرهەمدێنن: پێوەندی نێوان هۆو و ئەنجام و دیاریکردنی خواست و ئامانج، ناسینی ئامراز و سوودەکانی.
کاتێ شۆڕشی سنعەتیی ڕوو دەداو، میکانیک و ئامرازی سازاندن دێتە کایەوە. عەقل تەکانێک دەداو پێوەندی میکانیکی نێوان دیاردەکان دەدۆزێتەوەو بە کارسازیی جەستەی خۆشییدا دەچێتەوە.
وەک تەکنۆلۆجی شت، لە سنعەت و میکانیزمەوە تێگەیشتنی تازە لە ڕوالەتەکانی سروشت وەک بزاڤ، کات، فەزا، جووڵە، وزە، خێرایی، کێش، پێوەندیی هۆکاریی دێتە ئاراوە.
لەگەڵ ڕەواجی زانستی نوێی لۆجیک و زمانیشدا، زمانەوانیی، پێوەندییەکی نوێ لە نێوان زانین و دنیاو زمان و زەمان، لە نێوان ئایدیا و شت، بیرو بابەت، دروست دەبێ. و مرۆڤ بە تێڕوانینێکی نوێ بیر لە شتەکان دەکاتەوەو بیر لە خۆشی وەک عەقڵ و سایکۆلۆجی دەکاتەوە.
شتەکان تەنێ شت نین – شتن لە زماندا.
بابەتەکان تەنێ بابەت نین- بابەتن لە ستراکتوری وشەسازیی و رستەسازیی زماندا.
ئەمە بۆ مرۆڤ، مرۆڤی زماندار!
زمان وەک بنەی بیر،
وشە وەک ئایدیا نا، وەک ئایدیای شت، بابەت، وەک مانا کە لە شتەکەوە هاتووە و هەر نەبێ دەبێ نیوەی یان بڕێکی هی ئەو بێت!
بەرد ئایدیای بەردە، بەلام ئەو بەردەشە کە وەک ماددە، شت هەیەو دەیبینی!
دارستان تەنێ دارستان نییە ، هەزاران دارو درەخت، لق و چل و چرۆ و گوڵ، خاک و خۆڵ، جۆگەو ئاو، گژو گیا، پنگ و زەل، گوڵە حاجیلە و بنەوشە، کرم و بۆق و ماسی و قرژال وکەرویشک و سمۆرەو کۆترو چۆلەکەو قەلەڕەش و مارو دوپشک و داڵ و هەزاران زیندەوەری بنخاک و سەرخاک..
لە سەرووتریشەوە ئاسمان و هەزاران هەورو هەسارەو ئەستێرەو مانگ و خۆر.
کەواتە ئایدیا: بریتییە لە ئایدیای شتەکان
ئایدیای گشتی ئەبستراکت شایانی شیکردنەوەو تاک تاک کردن و جیاکردنەوەیە.
نواندنی شتەکان لە ئایدیادا، یان ئایدیاکردنی شتەکان بە بیرو مانا کە لە وشەکاندا هەیە / لە مێشکدا هەیە، لە ئایدیایەکی میتافیزیک دا هەیە.
مرۆڤی سەرەتایی بێبەریی لە زانستی سەلمـێندراو، لە سنعەت، لە میکانیک، لە تەکنیک، لە تێگەیشتنی زمان و بیرو ماهییەتی وشە، دنیا بە گشتییەکەی دەبینێ، بە هەموویی، بە شێوە جادوویی و ئەفسانەییەکەی و ئاوا یەکسەری سەرانسەری لێکی دەاتەوە و عەقڵی بە ڕواڵەت و ڕووداو و دیاردە تاک و تایبەتەکان ناشکێ، مەگەر وەک بەشێکی نهێنی مەترسیداری هەمووە گەردونییەکە یان مەودای پراتیکی تەکنۆلۆجی ڕۆژانەی خۆی.
بۆیە ڕوانگەی بۆ جیهان ئەفسانەیی، ئیستاتیکی و سوپەرسروشتیی یە!
دینیش دێ هەموو دیاردەو تاکەکان و واکان لە یەک بیری میتافیزیکیدا یەکانگیر (تەوحید) دەکا، چ وەک ئافەریدەکاری یەکەم، چ وەک تاکە بەرێوەبەری کۆدەسەلاتی پرۆسەکان. واتە لە جیاتی شیکردنەوەی [هەموو- یەکیتیی- چەندێتیی] بۆ یەکە تاکەکان، تاکەکان، وەک پرۆسەو ماهییەت، لە هەموویەکی پێشینەیی سەرووییدا غەیب دەبن.
هەمووی کاری ئافەریدەکارێکەو بەس… زانینی گشتی مەزندەیەو، زانینی تاک، تاکی ملێۆنەها بوونەوەر، و هەڵێنان و هەڵێنجانی هۆکارو چییەتی بوون شتێکە عەقڵی مرۆڤ دەرەقەتی نایە و عەقڵی غەیبیی بە ئەرکی خۆی نازانێ بیزانێ!
بۆشایی ئەم نەزانینە، کە هەمیشە دەمێنێتەوە، هێزە سەروو- سروشتییەکان، کۆ یان تاک، پڕی دەکەنەوە.. بۆیە کورد دەڵێ: ئاشی نەزان خوا دەیگێڕێت.
نەزانیش دەڵێت: نازانم، ڕەحەتی گیانم.
بەڵام لەگەڵ داهاتنی میکانیک، تەکنیک، زانستی فیزیک و زانستی عەقڵی ڕووت، و زانستی زمانیش، لەم دوالیزمە ئایدیالییە دەرباز نابین، قەت دەرباز نابین: مرۆڤ و جیهان، عەقڵ و بابەت، وشەو و مانا، بوون و پێناسەی بوون.
شت و زانینی ئێمە بۆ شت، دەربارەی شت، شتاندن، ناونانی شتەکان، تێگەیشتنی شتەکان، تێگەیشتن لە تێگەیشتن.
گەرچی ڕوونکردنەوەی پێوەندییەکی نزیکتری وشەو شت، ماناو بابەت، پێوەندیی ستراکتوری نێوانیان، ڕەنگە یارمەتیدەرێکی گەورە بێت، هەر نەبێ لە بازدانێکی نوێدا بۆ زانستی لۆجیک، بۆ دامەزراندنی لۆجیزم، بۆ میتۆدێکی شیکاریی.
ئەی من، منی مرۆڤ، منی پرس – یار، منی میوانی کەمتەمەنی زەمین، خۆی لە کوێی هاوکێشەکانی کێشەی گەردوون و بوون و خۆبوون دایە؟
پرسیاریکی قورس و زەبەلاح و بەردەوامە.
فەیلەسوفان بە جۆری جیا وەڵامیان داوەتەوەو وەڵامی دەدەنەوە.
کێ لە کوێوە پرسیاری کرد؟
كی پێشرەو بوو لە گەڕان بە دوا وەڵامەکاندا؟
کام مرۆ، گرۆ، کۆمەل، نەتەوە فەلسەفەی دانا؟
کێ لۆجیک و میتۆدی فەلسەفی گەڵاڵە کرد؟
چۆن فێری بیرکردنەوە دەبین، یان نابین؟

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە