هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

[بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ئافرەتانەوە پێشکەشە بە کچە گەریلاکانی قەندیل]

قه‌ندیل قوربانی به‌فره‌که‌ت بم که‌ تووڕه‌ تووڕه‌ ده‌بارێ

قوربانی رۆحه‌ سپییه‌که‌ت بم

که‌ چاوی دوژمن کوێر ده‌کا و

سبه‌ی لێ ده‌کاته‌ ئێوارێ

قوربانی کچه‌ گه‌ریلاکه‌ت بم

که‌ پرچی ده‌کاته‌ ره‌شه‌با و

تانکی تورکی پێ ده‌هاڕێ

قۆربانی یه‌ک به‌ یه‌کی تاشه‌ به‌رده‌کانت بم

که‌ بوونه‌ته‌ په‌راسووی جه‌سته‌م و

به‌ جێی ناهێڵن بۆ جارێ

 

قه‌ندیل قوربانی که‌ڵه‌ژنه‌کانت بم

که‌ به‌ په‌نجه‌ی پیرۆزی ته‌زیویان

ئاردی به‌فر ده‌شێلن و ده‌یکه‌ن

به‌ کولێره‌ی گه‌رمی خه‌بات

 

قوربانی ترۆپکه‌کانت بم

که‌ بوونه‌ مناره‌کانی زه‌رده‌شت و

له‌ ئامێزیان گرتووه‌

باکوور و باشوور و

خۆرئاوا و خۆرهه‌ڵات

 

قۆربانی کوڕه‌ گه‌ریلاکانت بم

که‌ به‌ بوتڵی خوێنی سووری دڵی مێژوو

گیان دێننه‌وه‌ به‌ر نووحی جودی و

دروست ده‌که‌نه‌وه‌ که‌شتی نه‌جات

 

سه‌ری به‌رزی قه‌ندیلی من

لووتی دووه‌م سووپای ناتۆ

نزمتره‌ له‌وه‌ی هه‌رگیز بگاته‌ ژێر پێت

کچه‌ گه‌ریلا دڵداره‌که‌ت توند توند

له‌ ئامێز بگره‌ و

ئامان ئامان ئاگات لێی بێت

کچه‌زای زه‌رده‌شته‌،

نیوه‌ مرۆڤه‌ و نیوه‌ فریشته‌،

کچی پیرانه‌، زینی مه‌مانه‌ ،

گوڵی زستانه‌، خۆشکی هه‌مووانه‌،

ده‌زگیرانی ئازادی کۆردستانه‌،

ئامان ئامان ئاگات لێی بێت

نه‌هێڵی دوژمن بی ‌پێکێت

قه‌ندیل قوربانی به‌فره‌که‌ت بم که‌ ده‌بارێ

قۆربانی ته‌وژمی باو بۆرانه‌که‌ت بم

که‌ ده‌کا گاڕه‌گاڕێ

قۆربانی کچه‌ گه‌ریلاکه‌ت بم

که‌ پرچی ده‌کا به‌ ره‌شه‌با و

تانکی تورکی پێ ده‌هاڕێ

878 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە