هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

 

ئەی کچی خەم

پەروەردەی ترس و جیاوازیی و بێدایی

چٶن بتوانم بتکەمەوە بە کچی شادیی؟

دەتکەمەوە مناڵی باوەشی دایە

لانکەیەکت بۆ دروست دەکەم لە لایلایە

گوارەیەکت بۆ دروست دەکەم

لە گۆرانی

ملوانەکەیەک لە ماچ

شەقشەقەیەک لە شیعر

ساباتێک لە سۆزی سەوز

هۆدەیەک لە هەناسەی کامەرانی

فێرت دەکەم :

بەدەم ، بە دڵ ، بە هۆش ، بە رۆح

بە رەنگێكی زۆر ئاڵ و تۆخ

حینجەبکەی، بلێی ، بنووسی

ئەلف و بێی ئازادیی و یەکسانیی

٢

ئاخ چۆن بتوانم کچەکانی ولاتە کەم

بکەم بە کچی شادیی

چۆن بتوانم هەموو هەموو گۆرانییەکان

بکەم بە گۆرانی ئازادیی؟

وەرە ئەی پێغەمبەری نوێ

چاوگەی چۆڕبڕاوی

خۆشەویستیمان بژێنەوە

وەرەە ئەی پێغەمبەری نوێ

رووناکیی بۆ چاومان،

هیوا بۆ هەناومان ،

هۆش بۆ زەینی تاساومان ،

هێز بۆ هەنگاومان،

بهێنەوە

وەرە ئەی پێغەمبەری نوێ

بە کەرامەتی خۆت،

کەرامەتی داگیرکراومان بستێنەوە

وەرە ئەم کورتانە رزیوەی

جیجاڵی جەهالەت و جەریمە

هەڵبوەشێنەوە

دەرەوەی پڕە لە دوپشک

ناوەوەی پڕ پرە لە مشک

ددانە تیژەکانیان گەیشتوونەتە

سەر ئێسقانی خاک و خوشک

دەدڕن دەبڕن

دەم لە کڕۆسینەوە هەڵناگرن

تۆوی ژەهرن

بە وەرینیشیان ناوەرن

تاعونن

بە مردنیشیان نامرن

وەک گیاکەڵە دەڕوێنەوە

بە سەر خاکا، بە سەر خەڵکا

بە سەرخۆشیی و بەسەر کەڵکا

دەڕشێنەوە

وەرە ئەی پێغەمبەری نوێ

چاوگەی چۆڕبڕاوی

خۆشەویستیمان بژێنەوە

وەرە ئەی پێغەمبەری نوێ 

ئەم کورتانە رزیوەی

جیجاڵی جەریمەو جەهالەت

هەڵبوەشێنەوە

دڵی مردوومان ببوژێنەوە

872 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت