kemal_mirawdeli

دکتۆر کەمال میراودەلی : ڕێزمانی بنچینەیی کوردیی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی حەوتەم : وانەی دووەم

4 – پێناسەی گشتیی ڕستە
ڕستە دەشێ لە بەدوایەکدا هاتنی هەر ڕیزە وشەیەك پێك بێت .
ڕستە لە نووسینی لاتینیدا بە پیتی گەورە دەست پێ دەکاو بە خاڵ یان بەستە کۆتایی دێت [ دەبەسترێت ].

وەک : Min be Latînî denûsm .

لە ئەلفو بێی عەرەبی کوردییکراودا ئەو ئاسانکارییە نییە .
من بە لاتینی دەنووسم .
هەر چۆنێ بێ ڕستە بە وشەیەك دەست پێدەکا و دەشێ کۆمەڵە وشەیەکی تری بەدوادا بێن و بە دانانی ( خاڵ ) یان نیشانەی پرسیار، یان نیشانەی سەرسامیی کۆتایی دێ .
میوانەکان گەیشتوون .
ئەرێ میوانەکان گەیشتوون؟
ئاخری میوانەکان گەیشتن!
هیچ یاسایەك بۆ دیاریکردنی قەبارە و ژمارەی وشە و قەبارەی ڕستە نییە . دەشێ ڕستە لە یەک وشە پێک بێت: وەک :
بوەستە!
هاتم!
یان لە دەیان وشە .
سەرنجی ئەم ڕستەیە بدە :
دەک ماڵی بابت بە قوڕگیرێت بۆ ئەو هەموو زۆربڵێیەت خۆ مێشکت بردین .
تەنیا کوردە ئەم رستەیە بەو شێوە دادەڕیژێت و ئەم جۆرە زاراوانە بەکار دێنێت. هەوڵی تەرجەمەی حەرفیی ئەم ڕستەیە بۆ زمانیكی تری وەک ئینگلیزی یان عارەبیی بدە ، سەیر دەکەی شتێکی سەیر دەردەچێت .
یان سەرنجی ئەم پارچە شیعرە بەرزەی گۆران بدە :
کانییەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگەشەو
لە بنیا بدرەوشێ مرواریی زیخ و چەو
جوانترە لە لای من لە دەریای بێ سنوور
شەپۆلی باتە بەر تیشکی خۆر ، شڵپ و هوڕ
ئەمە هەمووی یەک ڕستەیە . توانستی مەزنی زمانیی کوردیی لە دەربڕینی ناسک و جوان و داڕشتەی رێزمانیی ساغ دەردەبرێت . ڕستە سادە ناوکییەکە بریتییە لە :
کانیی جوانترە لە دەریا .
ناوەوەییکردنی ڕێزمانی ئیستاتیکی سروشت لە لایەن عەبقەرییەتی داهێاننی هونەریی گۆران – ەوە ، ئەم دارشتە شیعرییە جوانە تاکوێنەی سەرەوەی بەرهەم ‌هێناوە .
تێگەیشتنی تۆ لە زمانەکەت و شارەزایی لە ڕێزمانەکەی ئەو کاتە دەبێ کە بتوانیت ئەم ڕستەیە یان ڕستەی ئاوا بە تەواویی شی کەیتەوە . واتە پێوەندیی دامەزراوی نێوان هەموو وشەکان ، لە وشەی یەکەمەوە تا دوایی بە دروستی بزانیت . ئایا دەتوانی ئەمە بکەیت ؟
بە هەر شێوەیەک بێت ، زمانی کوردیی ، بە جیاوازییەکی کەمەوە هەمان بنسازیی ڕستەیی هەیە . مەولەوی نەمر دەڵێت :
ئیمشەو هەر خەمەن ها نە کەمین دا
هەر دەردەن مدۆم وە ڕووی زەمین دا
واتە : ئیمشەو هەر خەمن وا لە کەمین دا
هەر دەردن دەمدەن وە ڕووی زەمین دا

رستە ناوکییەکان :
خەم لە کەمین دان
دەرد دەمدەن بە رووی زەمین دا
یان سەرنجی ئەم ڕستەیە بدە :
دەمێ زمان د ناڤ جڤاكێ دا پەیدا بۆی ، ئۆ خەڵکێ وێ دەڤەرێ دانوستاندن پێ دکرن ئو هێدی هێدی ئەڤ زمانە بەرەڤ پێشکەتنێ چۆ حەتا چۆیە د قالبەکا خۆیێ تایبەتی دا

[ گۆتن و جڤاک ، عائیشە محەممەد عەلی ، ل . ١٢)
[ دەمێ زمان لە ناو جڤاکێ [ کۆمەڵ ] دا پەیدا بوو ، ئەوسا خەڵکی وێ دەڤەرێ دانوستان [ یان] پێ کرد و هێدی هێدی ئەڤ زمانە بەرەڤ [ بەرەو ] پێشکەوتنێ چوو هەتا چووە ناو قالبێکی تایبەتی خۆیەوە .
وەک دەبینین تەنیا جیاوازییەکی کەم لە پێکارەوشەکان و شێوەی وشەکاندا هەیە، ئەگینا لە هەر سێ زارەکە بنسازیی ڕستە وەک یەکە .
بەڵام وەک سەرنجمان دا وشە دەشێ تەنیا یەک دوو وشەی سادەو ڕەوان و ئاسان بێت و دەشێ دەیان ڕستە – لە – ناو- ڕستەدا ىێت .. راستیی یەک ڕستە دەشێ تەواوی لاپەرەیەک دابگرێت و دەیان ڕستە بگرێتە خۆی و هەر بە یەک ڕستەش دابنرێت واتە چەند ڕستەیەک بێت لە ناو یەک ڕستەدا . وەک ئەو نووسینەی سەرەوە کە ناتوانین بۆ یەک ڕستەی ناوکیی کورتی بکەینەوە چونکە لە چەند ڕستەیەک پێکهاتووە کە مانای سەربەخۆیان هەیە :

زمان لە ناو جڤاکێ دا پەیدا بوو .
خەڵک دانوستان پێ کرد .
هێدی ‌هێدی ئەڤ زمانە بەرەڤ پێشکەتنێ چۆ .
چۆیە د قالبەکا خۆیێ تایبەتی دا .

هەروەها دەشێ ڕستە
یەک وشەی دوو پیتیی یان سێ پیتیی بێت ، بۆ نموونە ئەمانەی خوارەوە ڕستەن :

شۆ [ هەورامیی ]
بڕۆ [ ناوەراست ]
هەڕە [ باکوور ]

تەنیا ئەوکاتە دەتوانین لە ڕستە تێبگەین کە بە وردی جۆرەکانیی و شێوەکانیی لە رووی ڕێزمانی ستانداردەوە لێک دەدەینەوە .

بە کورتی : پێناسەی ڕستە
ڕستە وەک پێناسە تەنیا چەمکی ڕستەیە، واتە هیچ ڕستەیەک نییە کە نموونەی ئایدیالی ڕستە بێت و پێناسەو پێوانەی ڕستە دیاری بکات و بڵێین رستە دەبێ: ئاوا بنووسرێ. بە مانایەکی دیی، ئێمە ڕستەمان نییە ، هەمیشە شێوەڕستەمان هەیە واتە ئەو شێوەی ڕستە یان ڕیزکردنی ڕێزمانیی و مانابەخشی وشە، پێی دەردەکەوێ .

فەرهەنگی ئینگلیزیی ئۆکسفۆرد ئاوا پێناسەی ڕستە دەکات ؛

Sentence is a set of words that is complete in itself, typically containing a subject and predicate, conveyinga statement, question, exclamation, or command, and consisting of a main clause and sometimes one or more subordinate clauses.

[[ ڕستە ڕیزە وشەیەکە ، کە خۆی لە خۆیدا تەواوە . لە ڕستەی نموونەییدا عادەتەن بکەر و بەروتاری تێدا هەیە ، کە خەبەرێک ، یان فەرمانێک ، یان پرسیارێک ، یان سەرسامییەک دەگەیەنن . ڕستە [ وەک بنسازییەکی نموونەیی :] سەرڕستە [ رستەی سەرەکی = بکەرو بەروتار ] و بەرڕستەیەک یان زیاتری تێدا دەبێت ]]

سەڕستەو بەرڕستە هەردووکیان شێوەڕستەن ، شێوەی دەرکەوتن یان داڕشتنی ڕستەن .

فەرهەنگی کامبریج ئاوا پێناسەی ڕستە دەکات :

a group of words, usually containing a verb, which expresses a thought in the form of a statement, question, instruction, or exclamation and starts with a capital letter when written:

کۆمەڵە وشەیەک عادەتەن کردرای تێدایە کە بیرێک لە شێوەی راگەیاندن [ خەبەردان ] ، پرسیار، فەرمان و ئامۆژگاریی ، یان سەرسامیی دەردەبڕێت و بە پیتی کاپیتاڵ دەستپێدەکات .
هەندێ فەلەسەفەی زمان
ڕاستیی هیچ کام لە پێناسەکانی ئۆکسفۆرد و کامبریج تەواو تەواو نین ، چونکە پێناسەی تەواو تەواو بۆ زمان نییە .
وەک لە بۆچوونەکانی فەلسەفیی زماندا باسمان کرد زمان پراگماتیکی یە واتە لە چوارچیوەی کارو پێویستییەکانی کۆگەیاندن و لێکتێگەیشتنی مرۆڤ بە کار دێت ، بۆیە زمان تەنها وەک نێشانە بۆ ماناو مەبەستەکان کار دەکات . بەم پێیە تەنانەت زمانی جەستەش دەشی ببێتە زمانی ئاخاوتن یان جیگەی ڕستە بگرێتەوە ..
لە منالێک دەپرسی : برسیتە ؟
دەلێ: ئا [ ئەمە ڕستەی تەواوە لە یەک وشەدا : واتە ئا یان بەلێ برسیمە !]
یان سەری بۆ پێشەەوە دەلەقێنێ : ئەمە زمانی جەستەیە لە جیاتی ئا ، جێگەی ڕستەی وەلامدانەوە دەگرێتەوە .

ڕستەی یەک وشەیی :
بەم پێیە بە پێی کۆئاخن [ کۆنتێکست] دەشی زۆر یەک وشە ببنە ڕستە : وەک
1 – ئامرازەکانی پرسیار : کێ ؟ کەی ؟ لە کوێ ؟ بۆ؟
2 – وەلامەکانی پرسیار: من ، دوێنی ، لێرە ، بەڵێ ، نەخێر ..
3 – فەرمان داخوازی : بوەستە ! وەرە ! بنووسە و … هتد
4 – ناو : ئازاد ، سلێمانی ، لەندەن
5 – ئاوەڵناو یان ئاوەڵکردار : چاکە ، جاک .. بەچاکی
6 – هەر وشەیەک لە کۆیاخنێکی کرداریی [ پراگماتیکی ] دا مانا بگەیەنێت . وەک چش . هیچ ، قزەڵقۆرت !

پرسیار بۆ تاقیکردنەوە
1 – چ وشە دەکات بە ڕستە ؟
2 – هەموو ڕستەیەک دەبێ بە روونیی بکەرو بەروتاری تێدا بێت؟ ئایا ئەمە ڕاستە.
3 – بنسازیی رستەی زارەکانی کوردیی زۆر جیاوازن بۆیە پێکهاتنی زمانی ستاندارد زەحمەتە. ئایا ئەمە راستە یان نا؟ روونی بکەوە.
4 – مەبەست لە کۆئاخنی پراگماتیکی چییە؟
5 – پێناسەیەکی ئایدیالی ڕستە بکە؟
6 – نموونەی چەند ڕستەیەک ىینەوە کە: راگەیاندن، پرسیار، سەرسامیی و فەرمان دەرببڕن
7 – سێ لەو کۆئاخنانە [کۆنتێکستانە] بە نموونەوە باس بکە کە تێیدا تاکە وشەیەک وەک ڕستە کار دەکات؟
8 – مەبەست لە ڕستەی بێ وشە چییەو لە چ کاتێکدا کار دەکات؟
9 – لە بەشیکی تردا بە درێژیی پێڕستە روون دەکەینەوە. بەلام هەوڵ دە بە لێکدانەوەی خۆت پێناسەیەک بۆ پێڕستە بکەیت و جیاوازی بەڕڕستەو سەر ڕستە دیاری بکەیت.
10 – بۆچی دەلێین هەموو ڕستەیەک شیوەڕستەیە؟
11 – دەشێ جیاوازیی رستەی شیعریی لە ڕستەی ئاسایی چ بێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت