هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

 

وانەی چوارەم :

٤- سەروتار (بکەر)  و بەر وتار      Subject and predicate                        

بە شێوەیەکی نموونەیی ڕستە  لە روانگەی ئاخاوتنەوە  لەسەر وتار و بەر وتار پێك دێ .

ئێمە کە قسە دەکەین هەمیشە باسی شتێک دەکەین :

ئەوەی باسی دەکەین ، بابەتەکە، سەروتارە .

ئەو باسەی دەربارەی بابەتەکەی دەکەین : بەروتارە.

ئەمە لە عەرەبیدا (موبتەدا) و (خەبەر) ی پێ دەوترێ .

موبتەدا واتە دەستپێک ، دەستپێکی ڕستەکە .

خەبەر : ئەو هەواڵ  و باسەی  دەربارەی دەستپێەکەکە دەیدەین

بۆ نموونە دەڵێین : سمیح قاسم

ئەمە تەنیا ناوێکەو سەرەتا یان دەستپێک [ موبتەدا ] یە ، ڕستە نییە ، نابێ بە ڕستە تا خەبەرێک ، باسێك دەربارەی ئەم دەستپێکە نەکەین . بەم جۆرە دەڵێین :

سمیح قاسم  شاعر فلسطینی

واتە سەمیح قاسم شاعیرێکی فەلەستینی یە .

سەمیح قاسم : موبتەدا یە / سەروتارە

شاعیرێکی فەلەستنی یە : خەبەرە / بەروتارە

لە ڕێزمانی کۆنەوارییدا (ترادیشنەڵ) سەروتار وەک بکەر (سەبجێکت) سەیر دەکرێ بەڵام دوایی ڕوونی دەکەینەوە ئەمە تەواو دروست نییە . 

دیارە لە کوردیدا دەتوانین زاراوەی : بابەت و باس  بەکاربێنین ؛

هەباسە ، لە دیوەخانان چ باسە ؟

چ باسە : واتە چ باس دەکرێ ، ئەو شتەی باس دەکرێ دەبێتە بابەتی باسەکە .

مەبەستی دایکە بێوەژنەکە لەو پرسیارەی ڕۆژانە لە کوڕەکەی ئەوە بووە رۆژێک کوڕەکەی ئەو خەبەرەی بۆ بێنێتەوە : باسی ئەوە دەکرێ :

ىێوەژنەکان دەبێ شوو بکەنەوە

بێوەژنەکان : بابەتی باسە

دەبێ شوو بکەنەوە : باسە دەربارەی بابەتەکە .

بەلام بابەت وباس بۆ زۆر شتی تر بەکار دێت .

ئێمە دەمانەوێ زاراوەی دروست و تایبەتی و پڕبەپێست کە لە خودی زمانەکەو رێزمانەکە خۆیەوە بنجی دەرکردبێت  بەکاربێنین . بۆیە دروستترە کە بۆ موبتەداو خەبەری عەرەبی ، یان سەبجێکت و پریدیکەیتی ئینگلیزی / ئەوروپایی زاراوەی سەروتار و بەروتار بەکار بێنین کە ئەم زاراوەیە وەک روونی دەکەینەوە و پێوەندییە ڕیزمانییەکەش و ماناسازییەکەش روون دەکاتەوە .

٤.١ سەر و  بەر

لە پێشەوە دەمەوێ بڕێک پێوەندی لە نێوان (سەر) و (بەر) لە کوردییدا کە لە وانەکانی پێشووش بۆ زاراوەکانی سەرڕستەو بەرڕستەش بەکارم ‌‌هێنان روون بکەمەوە .

سەر و بەر لە لەشی مرۆڤەوە وەرگیراون .

سەر کەللەسەرو سەرووی مل دەگرێتەوە کە هەستەکان و مێشکی تێدایەو بەرپرسیارە لە فەرمان و رێکخستەکان .

بەر هەموو بەشی تری جەستە دەگرێتەوە لە مل بەخوار.

سەرو بەر: تێکرای جوگرافیای جەستە دەگرێتەوە .

ئەوەی بە کورتی گرنگە بۆ ئێمە ئەوەیە :

١- سەر مانای سەرەکیی ، سەرەتایی ، سەرچاوەیی ، پێشینەیی دەگرێتەوە .

٢-  سەر هەروەها مانای سەروەریی ، لە سەرەوە بوون ، دەگرێتەوە

٣- لەمەوە سەر مانای دەسەلات و دەسەلاتدارێتیی بەسەر ( بەر) یان (ژێر ) دا دەگرێتەوە ، واتە سەر حوکمی بەر دەکات . سەر دەوری نابێت گەر بەر یان ژێر ی نەبێت .

٤-  لەبەر ئەوە پێوەندیی سەر و بەر پێوەندیی بڕیاردان و کۆنترۆڵە ، سەر کۆنترۆڵی بەر دەکات . بەلام بەریش لە لای خۆیەوە بەشداریی لە پێناسەو وەسف و باس و دامەزراندنی سەر دا دەکات .

ئەم مانایە لە زاراوەی : ( سەردەست و بەردەست و سەرکارو بەرکار ) و زۆر زاراوەی تری لەم جۆرەدا دەربڕداروە .

بۆیە پێشگری (بەر) مانای ژێر دەسەلاتبوون ، ژێر کۆنترۆل بوون ، پێشچاوبوون و ئامادەبوون بۆ کارتێکردن دەگرێتەوە :

بەرهەست :  لەژێر کاری هەستا

بەردەست  : لە ژێر کاری دەستا

بەرچاو : لە ژێر توانستی بینینی چاودا

بەرکار : شتێ کاری تێ بکرێ یان لەسەر بکرێ .

بەر توانا : شتێ لە توانای ئێمەدا بێت .

بەر خواست : شتێ بەخواستی ئێمە بێت .

لەمەوە دەتوانین بلێێن :

سەروشە ، بەروشە

سەرڕستە ، بەرڕستە

سەروتار، بەروتار

سەرکار ( بکەر) ، بەرکار

سەرباس ( بابەت ] ، بەرباس

٤.٢ سەروشە و بەروشە

بە پێی ماناکانی سەرەوە سەر وشە دەوری پێشینەیی و سەرەتاییبوون و بڕیاردانی بەسەر وشەکانی تردا هەیە .

سەرڕستە دەبێتە ڕستەی سەرەکی ، سەرچاوەیی ، کە رستەکانی تر دەخاتە ژێر کۆنترۆڵ واتە دەیان کات بە بەرڕستە : جۆرە ڕستەیەک کە بەبێ بوون و سەرەتاییبوونی سەرڕستە تەواو نابن . [ وەک لە وانەی پێشوودا باسمان کرد ]

ئێستاش باسی سەر وتار و بەروتار دەکەین .

ڕاستی دەشتوانین هەر بڵێین سەروشەو بەروشە . بەلام ئەمە مەبەستی تەواو بەدەستەوە نادات .

بۆ نموونە، دەلێین :

سەر خڕە .

سەر: سەر وشەیە . سەرناوە

خڕە : بەر وشەیە باسی یان وەسفی سەر دەکا .

بەڵام بۆ ئەوەی نەکەوینە ئەو هەڵەوە کە سەروشە مانای تەنیا یەک وشەیەو بەروشە مانای تەنیا وشەیەکی ترە ، راستترو زانستییترە سەروتار و بەروتار بەکاربێنین . واتە ئیمە کە یەک وشەش دەنووسین باسی وتار [ ئاخاوتن] دەکەین دەربارەی شتێ ، هەروەها بەروتار تەواوکردنی ئەو ئاخاوتنەیە کە دەربارەی سەروتارەکە دەکرێ ، وەک لە ڕستەی سادەدا بینیمان ، دەشێ هەر یەک لە سەروتارو بەروتار یەک وشە بن . وەک :

منالەکە نووست

ڵێرەدا دەکرێ بلێین منالەکە سەروشەیە و نووست بەروشەیە .

وشەی منالەکە سەرەتایی ، سەرچاوەیی، کۆنترۆلکارە ،

بەڵام بەروشەکەش نووست : باسی منالەکە دەکات، ڕەوشێکی بوونی منالەکە روون دەکاتەوە کە نووستنە ، بە بێ ئەو بەروشانە ناتوانین هیچ لە سەروشە یان لێرەدا بکەر بزانین .

بەلام کە ئێمە قسە دەکەین هەمیشە ئاخاوتێكی فراوان و فرە-لک و ئاڵۆز بەرهەمدێنێن . وتاری جۆراوجۆر بەرهەم دێنین .

منالەکە نووست : قەت وتارو ئاخاوتنی کۆمەلایەتی تەواو ناکات .

گەر ئەم ڕستە بەکاربێنی ڕەنگە یەکسەر گوێگر لێت بپرسێ : کام منداڵ ؟ لە کوێ نووست ؟ بۆ نووست ؟ چۆن نووست ؟

واتە ئێمە لە هەردوو لای ڕستەوە : (سەر) و (بەر ) ناتوانین بە یەک وشە قنیات بکەین و ناچارین لە هەر دوو لا دا ، قسەی زیار واتە: وتار بەرهەمبێنین ، بۆ نموونە دەشێ ڕستەکە ئاوا فراوان بکرێت :

مناڵەکە [ی کچەکەی درواسێمان کە دوو رۆژە نەخۆشە ]،

[ ئەمڕۆ لە ماڵی ئێمە دوای گریانێکی زۆر لە ناو جۆلانەی کوڕەکەماندا ] نووست

لێرەوە سەیر دەکەین تاکەوشەی مناڵەکە بوو بە وتار: [ مناڵەکەی كچەکەی دراوسێمان کە دوو ڕۆژە نەخۆشە .. ] ئەوە هەمووی پەیوەستە بە سەروشەی مناڵەکەوە ، لە بەر ئەوە پێی دەلێین : سەر وتار

وشەی نووست یش کە بەروشەی مناڵەکەیە هەروەها بۆتە وتارێک :

[ ، ئەمڕۆ لە ماڵی ئێمە دوای گریانێکی زۆر لە ناو جۆلانەی کوڕەکەماندا ، نووست ] بەمەش دەڵێین بەروتار .

کچەکە نووست

 لێرەدا سانایەو سادەیە کە بڵێێن : کچەکە بکەرە ، نووست : بەروتارە ، بەلام لە رستە درێژکراوەشدا هێشتا کچەکە بکەرەو ئەو وشانەی دوای ئەو دێن تەواوکەری بکەرن ، بەڵام ناشێ هەردوو ڕەوشی بکەرەکە هەر بە بکەر ناوبەرین ، یان بە کۆمەڵەوشەیەک بڵێین : سەروشە ،  بۆیە بەو بەشەی بکەری لەگەلە : دەڵیین سەروتار بە بەشەکەی تری تەواکەری سەروتار دەڵێین بەروتار.

لەلایەکی ترەوە سەروتار تەنیا بکەر نییە : دەشێ بەرکار بێت وەک :

منالە نەخۆشەکەی لە ناو جۆلانەکەدا خەواند .

یان

مناڵەکە خەوێندرا

لێرەدا لە هەر دوو ڕستەکەدا منالە نەخۆشەکە ، و مناڵەکە بکەر نین ، واتە کارەکە ئەو نایکات .

ئێستا دوای ئەوەی لۆجیکی بەکارهێنانی زاراوەکانی سەروتارو بەروتارمان زانی ، دێینە سەر باسکردنی چییەتی و چۆنێتی سەروتارو بەروتار لە ڕستەدا .

٤.٣ سەروتار

وەک وتم لە ڕیزمانی ترادیشنەڵی ئینگلیزییدا سەروتار وەک سەبجێکت . بکەر/ کارساز  دانراوە .

پێناسەی بکەر:

پێناسەی بکەر یش لە فەرهەنگی ئینگلیزییدا ئاوا کراوە :

١- (grammar, logic) a word, phrase, or formal expression about which something is predicated or stated in a sentence; for example, the cat in the sentence The cat catches mice

١- بکەر/ کارساز ( لە رێزمان و لۆجیکدا ) بریتییە لە وشەیەک ، فرەیزێک ، یان دەربرینێکی شێوەیی کە دەربارەی ئەوان شتێک لە ڕستەیەکدا بەروتە دەکرێت یان رادەگەیەندرێت : وەک وشەی پشیلە لە ڕستەی :  

پشیلەکە مشکەکە دەگرێت .

2 – A part of every sentence. The subject tells what the sentence is about; it contains the main noun or noun phrase : “The car crashed into the  lorry”; “ Judy and two of her friends were elected to the National Students’ Society.”

٢- بکەر بەشیکە لە هەر ڕستەیەک. بکەر ، بابەت ، پێت دەلێ ڕستەکە دەربارەی چییە . ناوی سەرەکی یان ڕیزەی ناویی ( فرەیزی ناویی ) تێدایە .

وەک : سەیارەکە خۆیدا بە لۆرییەکەدا .

[ سەیارەکە ؛ یەک وشەیە ، ناوە ]

جودی و دوو لە هاورێکانی بۆ کۆمەلەی نیشتمانیی خوێندکاران هەلبژێردران .

[ جودی و دوو لە هاورێکانی : ڕیزەی ناوییە ]

3 –  In some cases the subject is implied: you is the implied subject in “Get me some orange juice.”

3 – لە هەندی رەوشدا بکەرەکە راستەوخۆ نییەو پەنهانە : لەم وشەدا بکەری [ تۆ ] پەنهانە :

هەندێ ئاوی پڕتەقالم بۆ بێنە .

واتە [ تۆ ………. ]

 predicate ٤.٤ بەروتار

وەک لە سەرەوە سەرنجمان دا بکەر بەشێکە لە دوو بەشە سەرەکییەکەی ڕستە ؛ بەشەکەی تر پێی دەوترێ ‘ بەروتار [ پریدیکەیت ]

وەک روونمان کردەوە راست نییە کە سەروتار وەک بکەر سەیر بکەین چونکە بکەر یانی کەسێک کە کارەکە بکات ، بەلام سەروتار هەموو دەم کەسێک یان شتێک نییە کە کارێک دەکات بەڵکو دەشێت تەنیا بابەتی باسەکە بێت . بۆیە بکەر ( سەبجیكت } هەندی جار پێی دەوترێت : بەش ناونەری رستە یان پێڕستە : بەروتار  بە ئاسایی پێش بەروتارەکە  دێت : تا نیشانی بدات : ١

١ – ڕستەکە دەربارەی چییە

 ٢ – کێ یان چی کارەکە ئەنجام دەدات .

The subject usually appears before the predicate to show (a) what the sentence is about, or (b) who or what performs the action.

وەک وتمان بەروتار لە ئینگلیزییدا پێی دەوترێ

Predicate

مانای وشەکە وەک کردار ئەمانەیە :

  1. to proclaim; declare; affirm; assert

رایبگەیەنێ ، ئاشکرا ی بکا ، بیسەلمێنێ ، جەختی لەسەر بکات . پشتراستی   بکاتەوە

بەکورتی هەموویان جۆرە باسێكی بابەتەکەن یان خەبەرن لە مەڕ بابەتەکە وەک زاراوە عەرەبییەکەی خەبەر دەیگەیەنێت .

Grammar. (in many languages, as English) a syntactic unit that functions as one of the two main constituents of a simple sentence, the other being the subject, and that consists of a verband of all the words governed by the verb or modifying it, the whole often expressing the action performed by or the state attributed to the subject, as is here in Larry is here.

پریدیکەیت [ بەروتار ] لە رێزماندا لە زۆر زمانی وەک ئینگلیزییدا یەکەیەکی رستەسازییە کەوەک یەکێ لە دوو بەشە پیکهێنەرەکەی ڕستەی سادە کار دەکات . کە ئەوەی تریان بکەرە ، سەروتارە . بەروتاریش لە کردارو لە هەموو ئەو وشانەی تر پێکدێت کە کردارەکە حوکمیان دەکات . یان دەیانگونجێنێت ، ە هەموو ئەو [ کردارو وشانە ] کارێک دەردەبڕن کە لەلایەن بکەرەوە ئەنجامدراوە یان ڕەوشێک دەرەدبڕن کە خراوەتە پاڵ بکەرەکە / بابەتەکە / سەروتارەکە .

وەك :

 لاری لێرەیە .

لێرەیە :  ڕەوشی بوونی لاری دەردەبرێ .

بەکورتی

مەبەست لە سەروتار بابەتی سەرەتایی  باس [ وتار، ئاخاوتن ] ە کە دەشێ تەبنیا سەرناویک ، یان ریزەیەکی ناویی بێت ،

 بەشی دوایی رستەکە باسی ئەو دەکات ، واتە دەبیتە بەروتارەکەی .

سەروتار بە زۆریی بکەرە بەڵام دەشێ لە ڕسەی تێپەڕدا بەرکار ىێت .

بەروتار بریتییە لە کردارەکەوەو ئەو کۆمەڵە وشانەی تر کە کردارەکە حوکمیان دەکات

وەک منالەکان چوون بۆ قوتانخانە

( چوون ) کردارەو ( بۆ قوتابخانە ) تەواوکەری ئەو کردارەیە و هەموویان بەروتارەکە پێک دێنن

٤.٥ نموونەی سەروتار و بەروتار لە کوردییدا

سەر وتار/ بکەر                بەر وتار

Predicate                  Subject

مناڵەکە                    پێکەنی.

ڕووناك                     سێو دەخوا .

ئەم خانووە               زۆر کۆنە .

میوانەکان                 ئەسپەکانیان ئاودا .

ئەو                         میوانی ئێمەیە .

بە وردیی سەرنجی پێوەندی دوو بەشەکە بدەو ئەوسا بیر بکەوە بۆ بەشی یەکەم پێی دەوتڕێ سەروتار و بەشی دووەم پێی دەوترێ بەر وتار .

لە بەشی یەکەمدا ئێمە تەنیا ناوێکمان هەیە  یان ریزەناو [ ریزەی ناویی ] ( بە تەنیا یا لەگەڵ تەواوکەر ) ، یان بریناو ( ئەو ) کە بکەرە .

بەشی دووەم شتێکمان دەربارەی ئەو بکەرە پێ دەلێ ، هەوالێک ، باسێک ، بیرێکمان دەربارەی دەداتێ بۆیە پێی دەوترێ بەروتار : واتە وتارێکە لە بەر دەسەلاتی سەروتار دا ، لەوەوە سەرچاوەی وەرگرتووە .

  بەوتار لە گرامەری ترادیشنەڵدا ئاوا وەسف کراوە :

 traditional grammar tends to view a predicate as one of two main parts of a sentence, the other part being the subject; the purpose of the predicate is to complete an idea about the subject, such as what it does or what it is like

گرامەری ترادیشناڵ بەروتار [ پریدیکەیت ] وا دەبینێت کە بەشێکە لە دوو بەشی ڕستە بەشەکەی تری بکەرە ، و ئامانجی بەروتار ئەوەیە کە بیرۆکەیەک دەربارەی بکەرەکە تەواو بکات ، وەک چی دەکات ، رەوشی چۆنە ..

گەر لەبەر ڕۆشنایی ئەمە سەیری ڕستەکانی سەرەوە بکەینەوە :

١ – بەروتار لە ڕستەی یەکەمدا شتیکمان دەربارەی مناڵەکە پێ دەلێ ، پێمان دەلێ چی دەکا : پێدەکەنێ

٢ – بەروتار لە ڕستەی دووەمدا شتیکمان دەربارەی رووناک پێ دەلێ ، پێمان دەلێ چی دەکا : سێو دەخوا

٣ – بەروتار لە ڕستەی سێیەمدا شتیکمان دەربارەی ئەم خانووە پێ دەلێ ، پێمان دەلێ رەوشەکەی چۆنە : زۆر کۆنە

٤ – بەروتار لە ڕستەی چوارەمدا شتیکمان دەربارەی سوراەکان  پێ دەلێ ، پێمان دەڵێ چیان کرد : ئەسپەکانیان ئاودا

٥ – بەروتار لە ڕستەی پێنجەمدا شتێکمان دەربارەی ڕەوشی ئەو پێ دەلێ: چ دەکا ، لە کوێیە ؟ میوانی ئێمەیە .

لە ڕووی بنسازییەوە :

وەک دەبینین بەر وتار بەلای کەمەوە ( کردار ) ێکی تێدایە . لەم رستانەی سەرەوەدا کردارەکان بریتین لە : پێکەنی ، دەخوا ، ه ، ئاودا .

بەکورتی :

بەروتار :

١ – بەشێکە لە دوو بەشی سەرەکی  ڕستە یان پێڕستە ،

٢ –  باسی بکەر/سەروتار دەکات و کردارو بەرکار، یان پێریزە [ فرەیز ] ی تێدایە

٣ – کە کردارەکە حوکمیان دەکات .

٤ – ئەرکی بەروتار تەواوکردنی مانای ڕستەیەکە کە بە بکەر . سەروتار دەست پێدەکات ..

 وەک پێشتر لە پێناسەی ڕستەدا باسمان کرد ، دەشێ ڕستەیەک یەک وشە بێت یان دەیان وشە . بۆیە بەروتاریش دەشێ یەک وشە بێت یان دەیان وشە بە پێی ئەو بیرو وتارەی دەمانەوێ دەربارەی بکەرەکە/سەروتارەکە بیدەین .

هەندی نموونەی تری بەروتار:

١ – بەروتاری یەک – وشەییی :  بکەر + یەک کردار : مناڵەکە نووست

٢ – بەروتاردەشێ کۆمەڵە وشەیەک بێ لە دەوری کردار یان ژێر حوکمی کردار:

 منالەکان هاتن بۆ ناو باخەکە .  

شارەکەی ئێمە هەمیشە پڕ لە توریستە کە لە هەموو لایەکی  دنیاوە بۆی دێن . 

٣ – بەروتار دەشێ لە کرداری سەرەکی یان یاریدەدەر پێک بێت :

میوانەکان گەیشتن . [ سەرەکی]

میوانەکان لێرە بوون   [ یاریدەکردار]

 سەروتار :

١ – لە سەرەتاوە دەنووسرێت

٢ – ناوی سەرەکییە یان سەروشەیە ، سەروتارە ، و بەشکەی تر وەک بینیمان هەمووی بریتییە لە باسێک ، بیرێک دەربارەی ئەم سەروشەیە .

واتە گەر هەر  ڕستەیەکی تەواو بە یەک وتار [ باس ] دابنێین [ کە خۆی وایە ] ئەوە دوو بەشەکانی بریتین لە : سەروتار و بەر وتار

٤ – سەروتار دەشێ لە تەنیا وشەیەک یان زیاتر بە پێی ئەو مەبەستەی ئاخاوتنکار یان نووسەر دەیخوازێ، پێک بێت :

وەک

١ – منالەکە نووست

٢ – مناڵە دوو ساڵییەکە نووست

٣ – منالە دووساڵییەکەی کجەکەی دراوسێمان نووست .

لێرەدا هەموو ئەو وشانەی خەتیان بە ژێردا هاتووە : بکەر/سەروتارن

هەروەها وەک وتمان دەشێ بەروتاریش یەک کردار بێت یان زیاد بکرێت :

مناڵە دوو ساڵییەکەی کچەکەی دراوسێمان [ سەروتار] لە ماڵی ئێمە لە سەر چارپایەکە بە تەنیا نووست [ بەروتار]

٤. سەروتار دەشێ بکەر نەبێت ، وەک :

مارەکەیان کوشت .

مارەکە { بەرکار} / سەروتار

ئەوان کوشتیان : بەروتار

ڕاستیی هەموو ئەرکی ڕێزمان لێکدانەوەی ئەوەیە چۆن زمان بە شێوەیەکی زۆر نەرمانیی و لەهەمان کاتدا زۆر ئاڵۆز دەتوانێ رستەو ئاخاوتنی زۆر ئاڵۆز لە سەروتارو بەروتار دروست بکات و بنسازیی داڕشتنەکان واتە رستەسازیییەکەیان وەسف بکات .

سەرنجی ئەم هۆنراوەیەی فانی بدە :

ئەم شکایەتنامە باسی دوژمنی هاوخانەیە

گورگی ماڵیی خوێنی ڕشتین ، بۆ خەتای بێگانەیە

گەر بنالێنم لە جەوری ئەجنەبی شێتانەیە

مڵک و میللەت کوشتەیی ئەم جۆرە میکڕۆبانەیە

لێرە دا سەروتار تەنیا بیتییە لە : ئەم شکایەتنامە

ئەوی تر هەمووی ڕوونی دەکاتەوە شکایەتنامەکە باسی چی دەکات : واتە بەروتارە ..

 بەلام ئەم بەروتارە گشتییەش لە کۆمەلێ سەروتارو بەروتاری تر پێک دێت : وەک :

گورگی ماڵی خوێنی ڕشتین

لەم ڕستەیەدا گورگی مالی سەروتارە

خوێنی ڕشتین: بەر وتارە .

یان پێڕستەی :

گەر بنالێنم لە جەوری ئەجنەبی : هەمووی پێڕستەیەکی مەرجی یە و هەمووی سەروتارە .

شێتانەیە: بەروتارەکەیە ، رەوشی ئەم پێڕستە مەرجییە روون دەکاتەوە .

لە رستەی دواییدا :

 مڵک و میللەت : سەروتارە

کوشتەیی ئەم جۆرە میکرۆبانەیە : بەروتارە

تاقیکردنەوە

١ – سەروتار چییە؟ بۆچی وای پێ دەوترێ ؟

٢ – بکەر دەکەوێتە کوێی ڕستەیەکی سادەوە ؟

٣ – ئەو باس یان بیرانەی دەربارەی بکەر دەیانڵێین چییان پێ دەوترێ ؟

٤ – بۆچی ڕاست نییە هەمیشە سەروتار بە بکەر ناوبەرین ؟

٤ – سەروتار و بەروتار لەم ڕستانەدا جیا بکەوە :

١ – ئازاد برادەری منە .

٢ – میوانەکان سبەی دەگەن

٣ – مۆمەکە کوژایەوە .

٤ – ئەڤ پەڕتووکە نامەیەکا ماستەرێ بوو .

٥ – هەندێ گوتن تێنە بهیستن

٦ – هەرچەند دەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم

بۆم ناخرێتە ناو چوارچیوەی هەڵبەستم [ گۆران ]

٧ – قازان قەتارەن ، قوڵنگان حەوایی [ مەولەوی ]

٥ – نموونەیەک  بۆ هەر یەک لەمانەی خوارەوە بینەوە :

١ – سەروتارو بەروتاری یەک وشەیی

٢ – سەروتار وەک ریزەی ( فرێزەی) ناویی

٣ – بەروتار وەک ریزەی (فرێزەی) کرداریی دوو پێڕستەیی

٦ – ئایا تۆ هاورای ئەم راگەیاندنەی یان نا ؟ لێی بدوێ و دوو نموونەی شیعریی بۆ پشتگیری باسەکەت ىینەوە :

[[ ڕاستیی هەموو ئەرکی ڕێزمان لێکدانەوەی ئەوەیە چۆن زمان بە شێوەیەکی زۆر نەرمانیی و لەهەمانکاتدا زۆر ئاڵۆز دەتوانێ رستەو ئاخاوتنی زۆر ئاڵۆز لە سەروتارو بەروتار دروست بکات و بنسازیی داڕشتنەکان واتە رستەسازیییەکەیان وەسف بکات .]]

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت