هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

بەشی شەشەم

                         ڕێزمانی کوردیی ستاندارد
وانەی یەکەم :
                                    پێناسەی ڕێزمان و ڕستەی ڕێزمانیی

تاقیکردنەوە :
دوای تێگەێشتنی ئەم وانەیە دەبێ بتوانی وەلامی ئەم یازدە پرسیارە بدەیتەوە :

( تاقیکردنەوە بۆ وانەی یەکەم ).
وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەوە .. کە نەتتوانی جارێکی تر بگەڕێوە بۆ تێکستی وانەی یەکەم تا دەتوانی بە تەواوی وەلامەکان بدەیتەوە :
1 – پێناسەیەکی سادەی رێزمان بکە و نموونەی ڕستەیەکی رێزمانیی بنووسەو شیی بکەوە .
2 – ڕستە لە چی پێک دێت و چی دەیکات بە ڕستە ؟
3 – باڵەخانەی رێزمانیی لە چی پێکدێت ؟
4 – خشتە-وشە چییەو جیاوازی چییە لە پێکارە-وشە؟ بە نموونەوە روونی بکەوە .
5 – جیاوازیی نێوان شێوەی وشە و ئەرکی وشە چییە بە نموونەوە باسی بکە ؟
6 – بۆچی دەتوانین هەر خشتەوشەیەک وەک ئەکتەر سەیر بکەین؟
7 – ئایا زمانی ستاندارد مانای پەراوێزکردنی زارەکانە؟ لێی بدوێ.
8 – فەلسەفەی داڕشتنی رستەی کوردیی: بکەر –بەرکار-کردار چۆن لێکدەدەیتەوە؟ ئایا لەو ڕوانگە فەلسەفییەوە بەکارهێنانی ئەم زاراوە ڕێزمانییانە کارێکی دروستە؟
9 – ڕێزمان-د چییە؟زمانی کوردیی چۆن رێزمان-د دەکات بە ڕێزمان-ن؟
10 – ئەمەی خوارەوە چ جۆرە ڕستەیەکە؟ تایبەتمەندییەکانی رێزمانی کوردیی تێدا روون بکەرەوە:

سوراەکان ، بەرەبەیان ، ئەسپەکانیان زین کردن و بەرەو بەرەکانی جەنگ تێیان تەقاند
11 – جیاوازی نێوان رێزمانی پێشنووس prescriptive و ڕێزمانی وەسفیی desvcriptive چییە ؟
12 – ئایا ئەمە راگەیاندنێکی دروستە : ” دەتوانین چەند بمانەوێت پێکارەوشە درودست بکەین “

1 – رێزمان

رێزمان – وەك لەم کتێبەدا بەکاری دێنین- بریتیە لە وەسفکردن و ڕوونکردنەوەی چۆنێتی پێکەوە بەستنی وشەکان بۆ دروستکردنی ڕستە . واتە بنسازیی رستە ، سینتاکس ، رستەسازیی .
1 – 1 – ڕستەی رێزمانیی کوردیی :
ڕستەی رێزمانیی ڕستەیەکە کە کوردییزمانێک بە ئاسانی تێی بگا و بیناسێتەوە کە ڕستەیەکی درووست و مانا بەخشە بە بێ ئەوەی بیر لە بنسازیی و داڕشتنەکەی بکاتەوە : بۆ نموونە ئەم ڕستەیە :
میوانەکان گەیشتوون .
ڕستەیەکی رێزمانیی تەواوە . کورد ئەو ڕستەیە ئاوا دادەرێژن. هیچ کوردێك نیە بڵێ :
( گەیشتوون کان میوانە ) * [ * بۆنیشاندانی رستەی نادروست دادەنێین ]
ئەمە داڕشتەیەکی نادروست و ناڕێزمانییە . بەڵام گەر بپرسی : بۆ ؟
ڕەنگە زۆر کەس نەتوانن لێکی بدەنەوە و ڕستەسازییەکە شیبکەنەوە . دیراسەکردن و فێربوونی رێزمان یارمەتیمان دەدا ئەمە بکەین . واتە یارمەتیمان دەدا بە شێوەیەکی زانستیی باسی زمان بکەین . ئەو تواناسازییەمان دەداتێ باسی چۆنێتی بەکارهێنانی زمانی خۆمان هەروەها زمانی قسەکردن و نووسینی کەسانی تریش بکەین .
زانینی رێزمان یارمەتیمان دەدا لە نووسیندا ئاگاداری شێوازی جۆراو جۆری دەربڕین و داڕشتن بین کە زمانەکەمان بۆی رەخساندووین و ئەوانە هەڵبژێرین کە باشترین و جوانترین و ساغترین دەربڕینمان دەدەنێ .

1.2- یاساکانی رێزمان
زۆر کەس رێزمان بە کۆمه‌ڵه‌ یاساو رێسایەك دەزانن کە دەبێ فێریان بین یان ڕەچاویان بکەین. ئەمە بۆچوونێکی کۆنەواریی رێزمانە . راستە رێزمان یاسا و رێساکانمان بۆ ڕوون دەکاتەوە . بەڵام رێزمانی ئامۆژگاریی یان پێشنووسیی (prescriptive) لە ئەوروپادا لە سەدەی نۆزدەمەوە باوی نەماوە .
لە سەدەی بیستدا رێزمان زیاتر شێوازی وەسفکاری وەرگرت : واتە وەسفکردنی زمان بەو شێوەی لە قسەکردندا لە کات و شوێنی دیاریکراودا بەکاردێ .
یاساکانی زمان ئەو یاسایانەن کە لە لێکۆڵینەوە و دیراسەکردنی ئەو زمانی قسەکردنه‌ ( بە نموونەی نووسراویشەوە ) بە دەست دەهێنرێن .
بۆ نموونە : کاتێ دەڵێین : [ میوانەکان گەیشتوون] ، چەند یاسایەکی رێزمانی کوردی لەو ڕستەدا خۆیان دەنوێنن :
1- دانانی بکەر ( میوانەکان ) لە پێش کردار ( گەیشتوون) .
2- پێکسازیی و رێکەوتنی بکەر و کردار : میوانەکان گەیشتوون ( نەك گەیشتووە ) چونکە میوانەکان ناوی ( کۆ) یە لە کوردیشدا کردار بە پێی تاکوکۆی ژمارە , شێوەکەی دەگۆڕێ . واتە دەڵێین :
میوانەکە گەیشتووە . [ یەک میوان ]
میوانەکان گەیشتوون . [ زیاتر لە یەک ، کۆ ]
کەواتە ئەمە روخسارێکی تری زمانی کوردیی دەردەخات کە [ شیوەگۆڕیی ] یە .
1- گەیشتوون : رەوشێکی تری کردار لە زمانی کوردیدا نیشان دەدا کە بریتییە لە دەمکار : tense : واتە دەمی / کاتی ڕوودانی کارەکە یان کردارەکە لە رابردوودا ، یان ئێستادا یان ئایندەدا .
لێرەدا کارەکە لە ڕانەبردوو دایە و تەواو بووە . بۆیە ( گەیشتوون ) بەکار دێنین . واتە : کرداری رێزمانیی ( گەیشتوون ) : دەمی رانەبردووی تەواو نیشان دەدا . کارەکە تەواو بووەو ئەنجامەکەی ئامادەیە : میوانەکان گەیشتوون و دەتوانین بیانبینین و بەخێرهاتنیان بکەین .
2 – رواڵەتی مۆرفۆلۆجی وشەی کوردی نیشان دەدا : بەکارهێنانی ئامرازی بناسی ( که‌) و نووسەی ( ان ) ی کۆ لەگەڵ مۆرفیمی ئازادی ( میوان ) دا .
3 – شێوەیەکی ستانداردی زمان نیشان دەدات : کوردیی ستانداردو زمانی قسەکردنی ڕۆژانە دەشێ لە شوێن و ناوچە و لە لایەن تاکە کەسانی جیاوە شێوەی جیا وەرگرێ . لە هەموو وڵاتێکدا ستانداردی نەتەوەیی زمان ئەوەیە کە زیاتر لە دەزگا گشتییەکاندا بەکاردێ وەك حکومەت و فەرمانگاکان و پەروەردە و میدیا و رەوشێکی بەربڵاوو چەسپاوی نووسینی وەرگرتووە. رێزمان ئەو ستانداردە وەك یەکەی شیکردنەوە بەکاردێنێ ( ئەگەر بۆ لێکۆڵینەوەی تایبەتی نەبێ ) بۆ نموونە ئەم ڕستەیە نموونەی کوردی ستانداردە :

گوڵێ دەچێتە دوکان و رۆژنامە بۆ باوکی دەکڕێ .
دەشێ ئەم ڕستەیە بە چەندین شێوەی تر وەك زاری جیا یان شێوەی هەمان زار بوترێ .
وەک : گوڵێ دچێ دیکانێ و رۆژنامە ژ بۆ باڤێ خوێ دکڕێ
ستاندارد بوونی ئەو ڕستەیەی پێشتری سەرەوە پێوەندی بە شێوەی وشە ‌هەڵبژاردراوەکان و دارشتنەکەیانەوە هەیە ، ڕەنگە کەسانێ هەبن کە لە قسەکردندا داڕشتەیەکی جیا بەکار بێنن بەڵام لە نووسیندا ئەم شێوازە ستاندارییە بەکار دێنن ، ئەمە مانای ئەوەش نییە کە ئەم ستانداردە لە شێوەی تری قسەکردن یا دەربڕین باشترە ، نا بەڵام باشترییەکەی لە بەها و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکەیدایە وەك زمانی هاوبەشی کۆگەیاندن و نووسین و فێرکردن . ئەگینا هیچ زارێک لە زارێکی تر باشترو دروستر نییە .. زمانی ستاندارد مانای فرامۆشکردنی یان پشتگیرینەکردنی بەکارهێنانی زارەکان نییە . ئەمە نەک تەنیا هەڵەیە بەڵکو تاوانیشە .
پاراستنی قسەکردن و نوووسین بە زارە جیاکان و کۆکردنەوە پاراستنی بەرهەمەکانی زاریی و نووسراویان ، لە تەک زمانێکی هاوسازو هاوبەشدا ، کارێکی نەتەوەیی و مرۆڤیی و شارستانیی پێویستەو پاراستنی گەنجینە کۆن و جوان زەبەندو دەوڵەمەندەکانی زمانەکەمانە .

3 – باڵەخانەی رێزمانیی
لەم کتێبەدا ڕستە وەك خشتەی بنسازیی زمان وەردەگرین . لە باسی مۆرفۆلۆجیدا لە بنەکانی دەنگ و فۆنیم و مۆرفیم و بڕگە و وشەمان کۆڵینەوە . لێرەدا سەرنجی زمان وەك ئاخاوتن دەدەین : وەك ئەرکی گەیاندنی مانا و مەبەست .
لە سەرەتاگەی ڕستەوە باڵەخانەی رێزمانیی ئاوا پێك دێ :
ڕستە ، پێڕستە ، پێڕیزە و وشە
ڕستە لە قاتی سەرەوەی باڵەخانەکەیە . گەورەترین یەکەی زمانییە کە لە رێزماندا سەرنجی دەدرێتێ .
لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا سەرنجی ئەو ریزانە دەدەین کە بۆ داڕشتن و پێکەوەنانی ڕستە و کۆکردنەوەیان لە شێوازەکانی ئاخاوتندا لەبەر دەستدان .
لە بەشی دووەمدا سەرنجی ریزێکی خوارووتر و دەدەین ئەوە ڕوون دەکەین چۆن وشەکان بەسەر پۆلە وشەکاندا دابەش کراون .
لە بەشی سێیەمدا لە پێریزە ( فرەیز ) دەکۆلینەوە
لە بەشی چوارەمدا دیراسەی پێڕستە clause دەکەین .
لە بەشی پێنجەمدا دەگەرێینەوە سەر باسی بنسازیی ناوەوەی وشە واتە وشەسازیی بە تایبەتی بەکار هێنانی پێشگر و پاشگر.
لە بەشی دواییدا سەرنجی رێنووسی کوردی دەدەین .

4 – بۆچوونی باسکاریی ئەم کتێبە :
لەم رێزمانەدا لە ڕوانگەی شێوەی ئەرکیاریی یەوە وەسفی رێزمان دەکەین وەك لە باسەکانی مۆرفۆلۆجیدا ڕوونمان کردەوە : زمان لە نموونەی وشەدا بریتییە لە ( شێوە ) یا ( شێوە وشە) .
مۆرف بە مانای شێوە دێ .
مۆرفۆلۆجیی مانای شێوەناسیی زمان ، واتە ناسینی ئەو شێوە جیاوازانەی زمانە کە لە دەنگسازیی ، وشەسازیی و ڕستەسازییدا دەردەکەون .
لەم بەشەدا ئێمە لە ڕستەسازیی دەکۆڵینەوە لەبەر ئەوە چەقی سەرنج و باسی ئێمە ڕستەیە .
ئێمە ڕستە یەکەمجار وەك ( شێوە ) یان فۆرم سەیر دەکەین .
بەڵام پێکهاتەی هەر شێوەیەك پەیوەندی بەو ئەرکە رێزمانیی یان مانایی یەوە هەیە کە دەیگەیەنێ. واتە ( شێوە و ئەرك ) رەوشێکی بوونیاری لێك دانەبڕاون وەك شێوە و ناوەڕۆك لە هەر کایەیەکی بوون و ژیاندا.
کەوایە بۆچوونی ئێمە لەو رێزمانەدا ( شێوە و ئەرك ) ه. واتە فۆرم و تاسک Form and Task.

مەبەستمان لە شێوە ڕواڵەتی دەرکەوتنی بنەکانی ( ڕەگەزەکانی ) ڕستەیە، بۆ نموونە لەم ڕستەیەدا :
کچەکە چەپکەگوڵێکی کڕی .
گەر سەرنجی ڕواڵەت یان شێوەی ڕستەکە بدەین دەبینین :
کچەکە : شێوەی پیرێزەی ناویی هەیە. noun phrase چونکە سەر- وشەکە : کچ ، ناوە .
بەڵام ئێمە دەتوانین وەك ( ئەرکیاریی ) ش function, task وەسفی کچەکە بکەین ، واتە بە پێی ئەو دەورەی لە ڕستەکەدا بە گشتی هەیەتی . لێرەدا دەتوانین بڵێین ( کچەکە ) دەوری بکەری هەیە . بەم جۆرە لە بۆچوونی ( شێوە و ئەرك ) دا دەڵێین :
کچەکە پێڕیزەیەکی ناوی یە ( شێوەکەی )
کە بکەری ڕستەکەیە ( ئەرکەکەی ).
هەر بە پێی ئەم رێسایە دەتوانین بڵێین
( چەپکەگوڵێکی ) ش وەك ( شێوە ) پیرێزەیەکی ناوی یە .
بەڵام وەك ئەرك دەورێکی جیای هەیە ( بەرکاری راستەوخۆ ) یە لە ڕستەدا .
بۆ تێگەیشتنی بۆچوونی ( شێوە – ئەرك )، بیر لە ئەکتەری شانۆ و دەورەکەی بکەرەوە : یەک ئەکتەر دەتوانی شێوەو دەوری جیاواز وەربگرێ .
لەم ڕستەی سەرەوەدا ئەکتەر پێریزە ناوییەکە ( کچەکە ) یە کە دەوری ( بکەر ) دەبینێ رەنگە لە ڕستەیەکی تردا (کچەکە) دەورێکی تر ببینێ بۆ نموونە دەوری (بەرکار) وەك :
من کچەکەم بینی .
لێرەدا (من) دەبێتە ( بکەر) و ( کچەکە) دەوری بەرکاری راستەو خۆ دەبینێ .

بنە سەرەکییەکانی ڕستە
1- وشە لە ڕستەدا :
وتمان ئاخاوتن لە ( بنە) کان پێك دێ ، بچوکترین بنەی زمان ( ئاخاوتن ) بریتییە لە فۆنیم ( دەنگی جیاکەرەوە ، دەنگساز ) ئەوسا مۆرفیم [ دەنگی ماناساز] ئەوسا وشە .
وشە دوو جۆرە :
خشتە – وشە و
وشەی پێکار

1.1- خشته‌- وشە :
گەر دیواری خانوو دابنێین ئەوا ریز بە ریز لە خشتە یان بلۆک دروستی دەکەین
واتە خشتە دەوری سەرەکی لە بیناسازییدا دەبینێ .
ئەو وشانەی هەمان دەور لە بیناسازیی یان ریزسازیی ڕستەدا دەبینن پێیان دەڵێین : خشتە – وشە . ئەوانە ئەو بنانەن کە ناوکی ڕستە واتە ناوەرۆک و مانا و مەبەستە سەرەکییەکانی پێك دێنن . بۆ نموونە وەك : گوڵ ، چاو، دەڕوا ، جوان ، خێرا ، هاتن و … هتد .
خشتە – وشە بە کورتی بریتین لە :
ناوەکان : nouns
بریناوەکان : pronouns
کردارەکان verbs
ئاوەڵناوەکان adjectives
ئاوەڵکردارەکان adverbs

1. 2- وشەی پێکار:
ئەمانە ئەو وشانەن کە یارمەتی لە پێکەوە بەستن و داڕشتنی خشتەکان دەدەن وە بە هۆی ئەوانەوە ، بە ئەوان ( بە پێی ئەوان ) کاری بنچینەسازیی ڕستە تەواو دەبێ .
لە دانانی ڕیزە بنچینەیەکی خانوودا بیهێنە پێش چاوی خۆت کە یەکەم جار ( خشتەکان ) ریز دەکەین دوایی لە نێوان خشتەکاندا دەبێ چیمەنتۆ، گەچ و وردە بەرد و زیخ بەکار بێنی تا ئەو خشتانە پێکەوە توند یەك بگرن و چین چینی بنچینەکان دروست بکەن . وشە پێکارەکانیش یان نێوکارەکانیش ئەو وشە ئامرازییانە یان ئامرازە وشانەن کە ئەو دەورە دەبینن . ئەوانە بریتین لە :
پێشۆنەکان ] پێش – شوێنەکان) prepositions
وەك بە ، بێ , بێجگە , لە ، لەناو , لەسەر , هەتا ، بۆ و … هتد .
هاولکەکان conjunctions واتە دەکەونە ناو دوولک [ دوو وشەوەو ] پێکیانەوە دەبەستنەوە وەك : و ، بەڵام ، لەگەڵ ، یان، و … هتد .
کەواتە مەبەستمان لە :
خشتە – وشە : وشە ناوەرۆکییەکانن
پێکار: وشە ئامرازییەکانن .
سەرنجی ئەم رستانە بدە :
ئێمە لە سەرچنارەوە بە پێ گەڕاینەوە بۆ سلێمانی .
لێرەدا وشەکانی : ئێمە ، سەرچنار، گەڕاینەوە ، پێ ، سلێمانی : خشتە – وشەن واتە : وشەی ناووکیین .
وشەکان : [ لە ، ـەوە ، بە ، بۆ] پێکارن : واتە وشەی ئامرازین .
هەروەك چۆن خشتی بنچینەی خانوو بەبێ گەچ و چیمەنتۆ یەك ناگرن و هەڵدەوەشێتەوە .
ئەم ڕستەیەش بەبێ ئەرکی ئامرازە پێکارەکانی [ لە ، بە ، بۆ، ـوە ] ناتوانێ ببێتە ڕستەیەکی رێزمانیی .
ئێمە ، سەرچنار، پێ ، سلێمانی ، گەڕاینەوە * ڕستەی رێزمانیی نییە .
تۆزێ فەلسەفەی زمان
با لە ڕوانگەیەکی بڕێک فەلسەفییەوە سەیری خشتەوشەو پێکارەوشەو شێوەی داڕشتنەکەیان لە زمانی کوردییدا بکەین .
مرۆڤ بۆ جیهان و لە جیهاندا لە دایک دەبێت
لە بەرئەوە مرۆڤ لە سەرەتاوە هوشیاری هەبێت یان نا خۆی بەرامبەر جیهانەوە دەبینێتەوە . جیهان یانی سروشت و دەوروبەر و شتەکان هەموو شتەکان .
کەواتە ئێمە دوو لایەنی بوونمان هەیە :

مرۆڤ و جیهان
پێوەندی مرۆڤ بە جیهانەوە بەر لەوەی هۆشیاریی و شارستانێتیش دروست ببێت ، لە رێگەی کارەوەیە. لێرەدا ئێمە سێ بنەی سەرەتایی و سەرەکیی بوونمان هەیە :
مرۆڤ جیهان کار
واتە بۆ مرۆڤ جیهان لە پێش بوون و کاری ئەوەوە هەیە ..
کار ، کردار، کاری مرۆڤە لە سەر جیهان یان دەوروبەر.
بە هەمان شیوەش دەوروبەریش کار لە مرۆڤ دەکات
ئەوەی کارەکە دەکات : بکەرە
ئەوەی کاری لە سەرکراوە : بەرکارە [ کەوتۆتە بەر هێز ی کارەکە]
کارەکە ، کارتێکردنەکە : کردارە
ئەمە وەک چۆمسکی دەلێ : ڕێزمانی دەرەوە [رێزامن- د] پێکدێنێت .
کاتێ مرۆڤ ئەم پێوەندییانەی دەرەوە بە هوشیاریی یان ناهوشیاریی ناوەوەیی دەکات و دەتوانێت لە زماندا [ لە ڕستەدا ] بەرجەستەیان بکات ئەمە زمانی ناوەوەیی [ زمان – ن ] پێکدێنێت کە دەتوانین وەسفی بکەین و فێری بین .
لەمەوە داڕشتەی زمانەوانی ڕستەسازیی کوردیی داڕشتەیەکی فەلسەفیی دروستە واتە : بکەر، بەرکار، کردار [ من ، دەوروبەر، کارکردنی من لە دەوروبەر و کارکردنی دەوروبەر لە من ] .
مرۆڤ [ بکەر] دەوروبەر ، جیهان ( بەرکار) کار ( کردار)
بەلام وەک وتمان دەشێ بکەر جیهانیش بێت واتە جیهان و دەوروبەر و شتەکانیش کار بکەنە سەر مرۆڤ . بۆیە دەڵیین لە ژیاندا هەموو پێوەندییەک دوولایی (دایلەکتیکی) یە .
جیهان ، دەوروبەر (بکەر) مرۆڤ ( بەرکار) کار (کردار)
ئەم دوو پێوەندییە بە پێوەندییەکی مرۆڤ بە شاخەوە روون دەکەمەوە

بکەر بەرکار کردار
من شاخم بینی .
شاخ منی ماندوو کرد .
کورد شاخی خۆشدەوێت .
شاخ کوردی پاراستووە .

لە ڕستەی یەکەمدا شاخ بەرکارە ، لە هی دووەمدا بکەرە .
ئەم وشانە من ، شاخ ، ماندوو، کردن ، بینی .، خؤشدەوێت ، پاراستووە … هەموو خشتە وشەن . ئەم ڕستانەمان بە خشتەوشە دروست کردن و پیویستیمان بە پێکارە وشە نەبوو .
بەلام گەربمانەوێت زیاتر کار لەدەوروبەر بکەین پێوسیتیمان بە پێکارە واتە شتێک ، ئامرازێک کاری پێ بکەین و کاری پێ لە سروشت و دەوروبەرو شتەکان بکەین .
مرۆڤ ئەو پێکارانەی بە سروشتیی هەنی و دوایی دروستی کردوون و دایهێناون وای لێکردووە بتوانێت هەم سروشت بگۆڕێت ، هەم لە ڕێگای گۆڕینی سروشتەوە خۆی بگۆڕیت . واتە دیسان پێوەندییەکە دوولایی دایلەکتیکییە .
پێکاری سەرەکی مرۆڤ کە لە هەموو زیندەوەرانی تری جیا کردۆتەوە : پێش مێشکی دەستە . پێکارەکانی تر هەستەکان و پێ و ئەوسا زیرەکیی وهوشیاریین
سەرنجی ئەم وشانە بدە :
ئێمە شاخ هەڵگەڕان
هەرچەند لە سێ بەشەکەی ڕستە بکەر، بەرکار، کردار پێکدێت ڕستە نییە .
مەحاڵە بەبی پێکارە وشە ناتوانین رستەیەکی مانادار لەم خشتەوشانە دروست بکەین . بەلام بە هۆی پێکارەوشەوە دەتوانین بڵێین
ئێمە بە پێ بە شاخەکەدا هەڵگەراین و لەبن سێبەری داربەڕوویەک پشوومان دا .
لیرەدا پێکارەوشەکان بریتین لە : بە ، بە … دا ، لەبن .

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە