وانەی هەشتەم (٨)
شێوەکانی بنسازیی ڕستەی دەنگی نادیار
Structure of passive voice in Kurdish
٨.١ تەنیا کرداری تێپەڕ دەکرێ بە دەنگی نادیار بەڵام کرداری خۆکار / تێنەپەڕ/ وەستاو یش دەشێ بکرێ بە کرداری بەکار یان تێپەڕ بۆ ئەوەی کار لە سەر بەرکارێک بکات :
١. کرداری وەستاوی تێنەپەڕ:
مناڵەکە خەوت
منالەکە خەوی لێکەوت
مناڵەکە لە باوەشی دایکیدا خەوت
لەم ڕستانەدا بکەرمان هەیە بەڵام خەوت / خەوی لێکەوت کرداری خۆکارە ، تێنەپەرە ، بۆیە بەرکار وەرناگرێت . گەرچی لە ڕستەی سێیەمدا [ باوەشی دایک ] هەیە ، خەوتنی منالەکە کاری لە سەر ناکات، کارەکە ستاتیکە ، وەستاوە .
٢. کرداری چالاکی تێپەڕ:
دایکەکە منالەکەی خەواند
دایکەکە مناڵەکەی لە باوەشی خۆیدا خەواند
لەم دوو ڕستەدا ( خەواند ) کارێکی چالاک و تێپەرە ، دایکەکە کار لە سەر مناڵەکەی دەکات ، دەیخەوێنێ . لە ڕستەی دووەمدا [ لە باوەشی خۆیدا ] زێدەبەندی ئاوەلکردارییە ، رەوشی کرادرەکە روون دەکاتەوە .
لەم ڕستەیەدا کرداری خۆکاری [ خەوت ] بە هۆی پاشگری – اند ەوە کرا بە کرداری تێپەڕ .
لە ڕووی فەلسەفییەوە ، خۆکاریی [ ئۆتۆنۆمی ] رەوشی هەندێ کارە ، بەلام دەشێ ببێتە رەوشێکی ستاتیکی وەستاو یان نەخواستراو . بۆیە پێویست دەکا لە دەرەوە بە هۆکاری هێز یان هەر جۆرە چالاکیی و بزواندنیکی زێدە ، کاری لە سەر بکرێ و لە کرداری خۆکارەوە ببێتە کرداری بەکار لەو نموونەدا لە :
خەوت – ەوە [خۆکار] بۆ
خەواند [بەکار]
کە بریتییە لە چالاکی زێدەی کەسێک لە سەر کارەکە و تێپەڕاندنی بۆ کارکردنە سەر بەرکارێک [ لەم نموونەدا منالەکە ] چونکە دەشی منالەکە لەو کات و شوێنەدا کە دایکی دەیەوێت نەخەوێت .
نموونەی تر لەم جۆرە بەکارکردنە :
خۆکار بەکار (بە زێدە هۆکارێکی دەرەوە)
شکا شکاند
ترسا ترساند
وەری وەراند
لەرزی لەرزاند
هەروەها –اندن= زۆراندن : پاشگرێکە کە کرداری تێپەڕ لە ناو دروست دەکات و مانای جۆرە زۆرکارییەکیش دەگەیەنێ واتە سڕینەوەی ڕەوشێك و سەپاندنی ڕەوشێکی تر بەسەر بەرکاردا لە ڕێگای زۆرو هەڵگێڕانەوە : وەک عەرەباندن، تورکاندن ، ئیسلاماندن ، گشتاندن ، فەلسەفاندن ، حیزباندن و … هتد
٨.٢ جگە لە رووی ماناوە ، لە رووی بنسازییەوە کرادری خۆکارو بەکار روالەتی جیاوازیان هەیە .
سەرنجی ئەم ڕستانە بدە . [نیشانەی * بۆ کرداری هەڵە / نەشیاو بەکاردێنین :]
مناڵەکەم خەواند …… خەواندم
مناڵەکەم خەوت … ( خەوت – م)*
مناڵەکەت خەواند . خەواندت
مناڵەکەت خەوت . [خەوتت ]*
مناڵەکەمان خەواند …. خەواندمان
مناڵەکەمان خەوت .. ( خەوتمان)*
مناڵەکەی خەواند . خەواندی
مناڵەکەی خەوت . [ خەوتی ]*
مناڵەکەیان خەواند . خەواندیان
مناڵەکەیان خەوت . ( خەوتیان )*
سەرنج دەدەین کە لەم ڕستانەدا کرداری تێپەڕ [ ڕیزی یەکەم ] نووسەی [ پێوەنووساوی ، لکاوی ] جێناویی ( م . مان/ ت . تان / ى . يان ) وەردەگرێت
بەلام کرداری خۆکاری تێنەپەڕ ئەم نووسانە وەرناگرێت .
وەک وتمان تەنیا کرداری تێپەڕ دەکرێ بە دەنگی نادیار .
٨.٣ بنسازییە ستانداردەکانی ڕستەی نادیار
١. ئازاد نامەکەی نوسی [ کرداری تێپەڕ ، بەکار ، دیار ]
١.١نامەکە نووسرا .
١.٢نامەکە هاتە نووسین / نڤیساندن
١.٣نامەیان نووسی
وەک دەبینین ، هەر سێ شێوەکان مانای نادیاریی دەدەن . گەرچی ڕستەی سێیەمیان لە پێوانەی ڕستەسازیی باوی دەنگی نادیار دەردەچێت ، [ واتە بکەری جێناوی هەیەو کرادرەکەش ناگۆڕێت ] بەڵام لە رووی واتاسازییەوە [ سیمانتیکی ] مانای نادیار دەدات و وەک دوایی روونی دەکەینەوە شێوەیەکی باوی بەکارهێنانی نادیارە لە زمانی کوردییدا .
٨.٤ بنسازیی شێوەکانی ستانداردی ڕستەی نادیار
١. یەکەمیان : نامەکە نووسرا ، شێوەی ستانداردیی هەرە باوە .
بە وەرگرتنی بنجی کرداری رابردوو + را [بۆ رابردوو] ، یان + رێ [ بۆ رانەبردوو ] دروست دەبێت
٢. دووەمیان شێوەیەکی تری باوە کە لە کرمانجیی باکوورەوە ستاندارد کراوە : واتە زیاد کردنی بەندەکرداری یاریدەدەر : هاتە / دێتە / بێتە + چاوگی کردار .
نووسی / نوووسین
نووس + را = نووسرا [ رابردوو ]
نووس + رێ = دەنووسرێ [ ڕانەبردوو ]
هاتە + نووسین = هاتە نووسین . نڤیساندن ( ڕابردوو )
دێتە/بێتە+ نووسین = دێتە نووسین، دێ بێتە نووسین ( ڕانەبردوو ، ئایندە )
کردی / کر(د) ن
کرد + را = کردرا = کرا [ بە تێکەڵبوون ]
کرد + رێ = دەکردرێ = دەکرێ
هاتە + کرن = هاتە کرن
زمانی کوردیی وەک لاتینیی و عەڕەبیی گۆڕان لە شێوەی کردارەکەدا بۆ دەربڕینی مانای نادیاریی دەکا .
٨.٥ بەراوردی شێوەی ستانداردی نادیاری کوردیی و هەندی زمانی تر
١. عەرەبیی :
لە عەرەبییدا دەنگی دیار و نادیار پێیان دەوترێت : دامەزراوی زانراوو نەزانراو : المبني للمعلوم و المبني للمجهول .
هەردووکیان تەنیا لە ڕوانگەی بوونی بکەر/ فاعل بۆ معلوم و نەبوونی بکەر بۆ مجهول پێناسە کراون :
المعلوم : ما ذكر معه فاعله و لە مفعول به : فَتَحَ محمدٌ البابَ ً.
زانراو / دیار ئەوەی بکەرەکەی ناوبرابێت و بەرکاری هەبێت . وەک : فَتَحَ محمدٌ البابَ ً.
[ محەممەد دەرگاکەی کردەوە ]
المجهول : ما حذف فاعله ، وأنيب مفعول بە مکانە و اصبح نائب الفاعل : فُتِحَ البابُ
نەزانراو : ئەوەیە کە بکەرەکەی لابردرابێت ، و بەرکار جێگەی گرتبێتەوەو بووبێتە جێگری بکەر:
فُتِحَ البابُ
دەرگاکە کرایەوە .
وەک دەبینین گۆڕان لە کردارەکەدا لە هەردوو زمانی کوردیی و عارەبییدا هەیە :
لە کوردییدا : کردەوە بوو بە کرایەوە
لە عارەبییدا : فَتَحَ [ فەتەحە ] بوو بە فُتِحَ [ فوتیحە ]
٢. ڵاتینیی و سویدیی
دیارە وەک زمانێکی هیندئەوروپایی بنسازیی لاتینیی و زمانە ئەوروپاییەکان لە هی کوردیی نزیکترە .
نموونەی لاتینیی و سوێدی [ لە ویکیپیدیاوە ]
١. لاتینی: Servus vīnum portat خزمەتکار شەراب هەڵگرت
Vīnum (ā) servō portātur شەراب [لەلایەن] خزمەتکارەوە هەلگیرا .
٢. سویدیی :
Tjänaren bär vinet خزمەتکار هەڵگرت شەراب
Vinet bärs av tjänaren شەراب هەلگیرا [ بەدەستی ] خزمەتکار
٨.٦ چەند ئەنجامێك : ڕواڵەتە رێزمانییەکانی ڕستەی دەنگی نادیار
مەبەست لەم بەراوردانە چەند ئەنجامێکی سەرەکییە دەربارەی دەنگی نەکارو نادیار :
١. لە هەموو زمانەکاندا کردارەکە لە ڕستەی دیارو نادیاردا هەمان چالاکییەو دەبێتە چەقی دەنگەکە [ هەڵگرتنی شەراب لەم نموونەدا ]
٢. بەرکار جێی بکەر دەگرێتەوە [ شەراب جێی خزمەتکار]
٣. لەو زمانانەدا کە تێکوپێکین [ اشتقاقین ] وەک کوردیی ، شێوەی کردارەکە لە دەنگی نەکاردا دەگۆرێت .
لەم سێ لایەنەی دەنگی نەکاردا زمانی کوردیی هاوشێوەی زۆربەی زمانەکانی دنیایە .
عارەبیی چەشن کوردیی
فَتَحَ [ فەتەحە ] دیار کردەوە
فُتِحَ [ فوتیحە] نادیار کرایەوە
لاتینی چەشن کوردیی
پۆرتەت [ دیار] هەڵگرت
پۆرتاتۆر [ نادیار] هەڵگیرا
سویدیی چەشن کوردیی
bär بار دیار هەڵگرت / بارکرد
bärs بارس نادیار هەڵگیرا / بارکرا
٤. لەو زمانانەدا کە تیکوپێکیی/گەردانیی نین ، وەک ئینگلیزیی ، دەنگی نەکار بەهۆی بەندەکردار یان یاریدەکردارەکانی (بوون) ەوە[is, be, are, was, were] to be لەگەڵ پاست- پارتیسیپڵ چێ دەبێت .
He wrote a letter.
A letter was written.
کوردیی لەم ڕواڵەتەش بێبەش نییە ..
شێوەی دووەمی ستاندارد کە لە سەرەوە باسمان کرد واتە زیادکردنی هاتە / دێتە / بێتە و شێوەکانی تریان ، لەم جۆرە بنسازییەیە :
ئینگلیزیی چەشن کوردیی
ڕۆت (wrote) دیار نووسی/ نڤیساند
ۆز+ ریتنwritten was + نادیار هاتە + نووسین / نڤیساندن
راستیی :
هاتە / دێتە / دێ بێتە / نووسین – ی کوردیی راستەوخۆ لە ماناو داڕشتندا بەرامبەری
داڕشتەی got written/get written/
will get written ی ئینگلیزیی یە .
٥. هەروەها وەک زمانی ئینگلیزی کە کردارێکی تێپەڕ دوو بەرکاری هەبوو [ ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ] ئەوا نادیارکردنەکەشی دەشێ بە دوو جۆر بکرێت . وەک :
دایکەکە شیری دا بە مناڵەکە. (بەکار، تێپەڕ، دیار)
٥.١ شیر درا بە منداڵەکە
٥.٢ منداڵەکە شیری درایە.
چونکە ئەم ڕستەیە دوو بەرکاری هەیە: بەرکاری راستەوخۆ: شیر و ، ناڕاستەوخۆ : منداڵەکە، دەتوانین بە دوو شێوە بیکەین بە نادیار، یەکەمیان بە دانانی بەرکاری راستەوخۆ لە جێی بکەر و دووەمیان بە دانانی بەرکاری ناڕاستەوخۆ لە جێی بکەر.
٦.دەنگی نەکار وەک دەنگی بەکار بۆ هەموو دەمکارەکان [ کاتەکانی روودانی کار لە رابردوو، ئێستاو ئایندەدا] بەکار دێت.
شیری درایە ، شیری دراوەتێ . شیری دەدرێتێ ، شیری دەدرایە ، شیری بدرایە و … هتد
٧. دەنگی نادیار لەگەڵ کرداری فەرمان بەکارنایەت :
شیری بدەیە !
ئەمە ناکرێ بە دەنگی نادیار .
٨.٧ لێکدانەوەی زیاتری دەنگی نەکاری نادیار لە کوردییدا
کەوایە لەوەدا کە کردار لە دەنگی نەکاردا شێوەگۆڕیی دەکات ، کوردی وەک زمانەکانی دی وایە . بەلام کوردیی زمانێکی کۆن و فرەشێوەو فرەنەرمان و کراوەیە . جگە لەو شێوە سەرەکییانەی نەکاری نادیار، شێوەیەکی تری باویشمان هەیە :
٨.٧.١ خەستەخانە شیر بە منداڵان دەدا
ئەمە ڕستەیەکی بەکاری دیارە :
بکەر/بەرکاری راستەوخۆ/ بەرکاری ناڕاستەوخۆ/ کردار
بەڵام سەرنجی ئەم کردارانە بدە :
٨.٧.٢ لە خەستەخانە شیریان دەدەنێ , ئاگاداریان دەکەن ، دەیان شۆن ، چاودێریان دەکەن ، ڕێزیان دەگرن ، جلەکانیان بۆ دەشۆن ، قسەی خۆشیان بۆ دەکەن .
٨.٧.٣. لە خەستەخانە : شیریان دەدرێتێ ، ئاگاداری دەکرێن ، دەشۆردرێن ، چاودێری دەکرێن ، ڕیزیان دەگیرێ . دەشۆردرێن ، قسەی خۆشیان بۆ دەکرێ
هەر دوو شێوەکە لە کوردییدا بەکار دێنین .
لە هەردوو ریزە ڕستەکاندا کۆئاخنەکە [ کۆنتێکستەکە ] مان هەیە کە خەستەخانەیە ، بەلام لەوێ کێ ئەو کارانە دەکا نازانین ،
گەرچی ڕستەکانی ڕیزی دووەم ٨.٧.٣ شێوەی ستانداردی کرداری نادیارکراون ، ڕاستیی شێوەی ریزی یەکەم ٨.٧.٢ بەکارهێنانی باوترو روونترە . واتە لە هەندێ کۆئاخنی ئاخاوتندا، کە بکەر بە شێوەیەکی گشتیی و تیۆریی زانرا بێت [ خەستەخانە وەک دامەزراوە یان ئەو ستافەی لەوێ کار دەکەن ]، ئەو بکەرە نەزانراوە بە شێوەی کرداری یان بەرکاری کۆ بە زیادکردنی شیوەی پاشگری جێناویی ( یان ) بۆ بەرکار و (ن) ی کۆ بۆ کردار . دەردەىڕدرێ و ڕستەکە دەنگی نادیار دەمێنێتەوە :
دوێنێ شەو چوونە سەر مالی مامەحاجی ، سەیارەکەیان شکاندووە
لێرەدا (چوونە سەر) ئاماژە بۆ چەند کەسێک دەکا کە نەزانراون و لەڕستەی دووەمدا بە – یان ی بەرکارەکە ئاماژەیان بۆ کراوە .
واتە ڵێرەد گەرچی بەرکار لە چیگەی بکەر نییەو کردارێکی بکەری کۆ مان هەیە، هیشتا ڕستەکە مانای نادیار دەدات .
ئەمانە دەشێ پێیان بلێین [ئەوانی نادیار] یان ڕستەی دەنگی دیاری نادیار.
سەرنجی زیاتری بەکارهاتنی ئەم شێوە نادیارییە لەم چەند دێڕە هۆنراوەیەدا بدە کە ژیانی ساکینەی شەهید دەگێڕێتەوە :
دە سالان خستیانە ناو زیندانێ ،
ئەشکەنجەیان دا لە ئەلعەزیزی ،
دەمیان دروو لە دەرسیمی ،
مەمکیان بڕی لەدیاربەکری ،
شێرەکچەکەم دڵی نەلەرزی لە بەر داگیرکەری غەدداری
پێیان دەوت: ئەتۆ تورکی شاخیی
دەیگوت: نا من خانزادی میدیام، کچەزای زەردەشتم ،
زمانم زمانی جودی و برایمە ،
هەزار نەفرەت لە ئەتاتورکی، لە فاشیستی،
لە خێنخۆری، لە داگیرکەری ، لە نەیاری
ئەم ڕستانە :
دەسالان خستیانە ناو زیندانێ
ئەشکەنجەیان دا
دەمیان دروو
مەمکیان بڕی
پێیان دەوت
هەمو ئەم ڕستانە بەروتاری بکەرێکی نادیارن کە بریتییە لە [ ئەوان ] لە کۆئاخنی هۆنراوەکەشدا ئەوان دیارە ئاماژەیە بۆ تورکەکان بەلام هێشتا وەک مانا ڕستەی نادیارە .
پاشگری [ یان] ی نادیاری ئاماژەکراو تەکنیکێکە بۆ نادیارکردنی ڕستەکە … ئەم شیوە نادیارکردنەش دەربڕینیكی بەهێزترە لەوەی بوترێ :
خرایە ناو زیندان
ئەشکەنجە درا
دەمی دوورا
مەمکی بڕدرا
پێی دەوترا
کە شێوەی ستانداردی یەکەمی نادیارکردنن (٨.٤.١)
ئەمەش لەبەر ئەوەیە کردارەکە بە بەکاریی دەهێڵێتەوە و جەختی لێ دەکات ، بە ىێ ئەوەی بکەرێکی بۆ دیار بکات .
لە کۆتایی هۆنراوەکەشدا کە تاوانی کوشتنەکە ئەنجام دەدرێت هەمان شێوەی نادیارکردن و جەختکردن لە سەر کرداربۆ بەهێزکردنی دەربڕینەکە بەکار هاتووە :
لە گەل دوو تەیرە عاشقان لە خەوێدا سەریان بڕین
فرسەتیان لێ هێنان بە ترسنۆکیی ، بە غایەنەتی ،
بە بێ رەحمی ، بە نامەردی ، بە تاوانکاریی
شۆڕەژنەکەی منیان لە خوێندا نوقم کرد
بۆ میتی تورکانیان ناردەوە بە دیاری
گومانی نییە دەربڕینی
[ لە خەوێدا سەریان بڕین ] بەهێزترە لە
[ لە خەوێدا سەرىڕدران]
چونکە کردارەکە بە بەکاریی و تێپەڕی و ڕاستەوخۆیی دەهێڵێتەوە .
لێرەشدا :
لە خەوێدا سەریان ىڕین
فرسەتیان لێ هێنان
شۆرەژنەکەی منیان لە خوێندا نوقم کرد
ناردیانەوە بە دیاری
هەموویان هەمان شێوەی نادیارکردنن کە دەتوانین ناوی بنێن ( شیوەی دیاری نادیار یان ئەوانی نادیار ] واتە لە کۆئاخندا ئاماژە بۆ ڕاناویكی کۆی دیار دەکات کە لەهەمان کاتدا نادیارە ..
تاقیکردنەوە :
١سێ نیشانەی جیاکردنەوەی کرداری بەکاری تێپەڕ لە کرداری خۆکاری تێنەپەڕ باس بکەو نموونەی بۆ بهێنەوە .
٢. کرداری خۆکار چییەو چۆن دەکرێ بە کرداری تێپەڕ؟ بە نموونەوە ڕوونی بکەوە .
٣. ئەم ڕستانە بە دوو شێوە بکە بە ڕستەی نادیار :
١. هاوڕیکەم چەپکەگوڵیکی پێشکەش کردم .
٢. تەقینەوەیەک شاری هەژاند .
٣. نامەیەکم بۆ بنووسە
٤. داعش شارەکەی داگیرکرد ، پەرستگاکانی رووخان ، مالەکانی سووتاند ، ژنەکانی بەدیل گرتن ، پیاوەکانی کۆمەڵکوژ کرد .
٤. مەبەست لە شێوەی دیاری نادیار چییە بە نموونە ڕوونی بکەوە .
٥. سیماکانی هاوبەشی بنسازیی ڕستەی نادیاری کوردیی لە گەڵ ١. لاتینیی و ٢. ئینگلیزییدا چییە بە نموونە ڕوونی بکەوە .
٦. ئایا لە ڕستەی دەنگی نادیاردا مانای کردارەکە دەگۆڕدرێت؟
٧. ئەرکی مانایی و ڕێزمانی پاشگری –اندن چییە؟
٣. نامەیەکم بۆ بنووسە
٤. داعش شارەکەی داگیرکرد ، پەرستگاکانی رووخان ، مالەکانی سووتاند ، ژنەکانی بەدیل گرتن، پیاوەکانی کۆمەڵکوژ کرد .
٤. مەبەست لە شێوەی دیاری نادیار چییە بە نموونە ڕوونی بکەوە .
٥. سیماکانی هاوبەشی بنسازیی ڕستەی نادیاری کوردیی لە گەڵ ١. لاتینیی و ٢. ئینگلیزییدا چییە بە نموونە ڕوونی بکەوە .
٦. ئایا لە ڕستەی نادیاردا مانای کردارەکە دەگۆڕدرێت ؟
٧. ئەرکی مانایی و ڕێزمانی پاشگری – اندن چییە ؟