هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

دیمۆکراسیی، دین، چاکسازیی

( 1 )
دیمۆکراسی ماشێنە و بەشبەشێنە نییە.
دیمۆکراسی ترخێنە و خزمخزمێنە نییە.
دیمۆکراسی نەوتفرۆشتن و خۆفرۆشتن و لەشفرۆشتن نییە.
دیمۆکراسی لیژنەدانان و کۆبوونەوەی دووقٶڵیی و سێقۆڵیی و فرەقۆڵیی ژووری تاریک و گەمەی چاوشاركێ نییە.
دیمۆکراسی دنیای رووناک و ئازادی دەروازە واڵایە
دیمۆکراسی دەەوڵەتی موئەسسەسات و حوکمی یاسایە.
دیمۆکراسیی بەهێزکردنی بەشداریی خەڵک و تاکە لە سیاسەت و دەسەلات و بەرژەوەندیی گشتییدا، مسۆگەرکردنی ئازادیی کۆمەڵیی و تاکەکەسییە.
پرۆسەی نەبڕاوە و بەرهەمداری ئاخاوتن و گفتوگۆی سیاسیی کراوەیە لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگا و بە قووڵایی و فراوانیی کێشە و پرسەکان، ئەوانەی بوون و هەن و دەبن.
دیمۆکراسی بریتییە لە کۆمەڵگای مەدەنیی بە هێز
لە هێزی لەبننەهاتووی ڕێکخراوە کۆمەڵگایی و شارستانیی و پیشەیی و خۆبەخشیی و خیرخوازییەکان.
دیمۆکراسی میدیای ئازاد و دەربڕینی ئازاد و مێشکی ئازادە.
دیمۆکراسی ئازادیی دین مسۆگەر دەکات بەلام دین ئازاد ناکات تا دیمۆکراسی ببەستێتەوە، پاشقولی لێ بگرێرت، بنکۆڵی بکات، بێ مانا و ناوەڕۆکی بکات، کۆمەل کۆیلە بکات و تاک ترسنۆک بکات، و لە سەرووی سیاسەتەوە سیاسەت بکات، لە دەرەوەی حوکمی دیمۆکراسییەوە حوکمی هاوتەریب بکات.
ئاخاوتنی دینیی بکاتە ئاخاوتنی دژ بە دیمۆکراسیی و دەزگاکانی، دژ بە تاک و ئازادییەکانی، دژ بە کۆمەل و هێزە پێشکەوتنخوازەکانی، دژ بە ژن و ژانەکانی، دژ بە عەقلی ئازاد و توانستی بێ بنی دامەزراندن و داهێنانی.
دیمۆکراسی لە ناو جەرگەی کۆمەڵەوە هەڵدەقوڵێ بۆ ئەوەی کۆمەڵ لەگەڵ خۆی هەڵگرێ و کۆمەڵ هەڵیگرێ
کۆمەڵ وەک تاک ئازاد بکا و تاک وەک بنیاتی کۆمەڵ ئازادیی کۆمەلایەتی بپارێزێت
نابێ لە ناو فەزای ئازادیی دیمۆکراسییدا هیچ کون و کەلێن و کولانەیەکی کۆیلایەتی لە دەرەوەی ئەو فەزا ئازادییە یان لە ناوەوەیدا، خۆیان حەشار دابێت.
دەبێ هەموو وەک یەک ژێرفەرمانی دەستووری دیمۆکراسیی و یاساکانی ئازادیی و یەکسانیی بن.
دەبێ هەموو ببنە هێزێكی هاوپشتیوان بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵ و نیشتیمان، نەک کۆسپ بۆ دواخستن و پەکخستن.
هیچ پیرۆزییەک لە پیرۆزیی ئازادیی پیرۆزتر نییە
لە پێشەوە ئازادیی عەقڵ، ئازادیی بیر و ڕا، ئازادی فێربوون و لێکدانەوە و شیکردنەوە، ئازادیی داهێنان و بنیاتنان.
ئازادیی یەکتر خۆشویستن و ولاتخۆشویستن.

( 2 )
دیمۆکراسیی دەبێ پیرۆزیی ئازادیی و خٶشویستنی ئازادیی بکاتە بەهایەکی پیرۆزی کۆمەڵ و تاک پێکەوە.
بەلام هەر بە حوکمی بەهای ئەو ئازادییە نابێ ڕێ لە هیچ تاکێک بگرێت کە بیەوێت ببێتە کۆیلە یان گەواد جا چ کۆیلە و گەوادی دینیی بێت یان کۆمەلایەتیی یان سیاسیی یان ئایدیۆلۆجی بەلام بەو مەرجەی رێگەی نەبێت کۆیلایەتی دژ بە پرینسیپی ئازادیی بلاوبکاتەوە یان دژ بە بەها دیمۆکراسییەکان، یان بۆ جیاوازییکردنی ڕەگەزپەرستانە یان نەژادپەرستانە دژی ژن و کەمێتییەکان، یان بۆ مەبەستی خیانەتی نەتەوەیی و خۆفرۆشیی و لەشفرۆشیی بە هێزێكی داگیرکەر، یان بانگاشە بۆ کۆنەپەرستیی و کۆیلایەتی عەقڵ و خەرافات و غەیبیات و توندوتیژیی و خوێن و جیهادی نیکاح بکات.
دیمۆکراسی دەبێ هەرهەموو فەزایەکی کۆمەلایەتی، هەموو ڕێکخراوەکان، هەموو حیزبەکان، هەموو دامەزراوەکان، هەموو قوتابخانە و دایەرەکان، و هەموو مزگەوتەکانیش، بکاتە فەزای بلاوکردنەوە و گەشەپیدانی بەهای پیرۆزی ئازادیی و ئازادکردنی عەقل و بیرو وزە و هێزە حەشاردراوەکانی تاک و کۆمەل بە تایبەتی هی ژنان.
بڵاوکردنەوەی بەها پیرۆزەکانی داپەروەریی و یەکسانیی مرۆڤ، بێ جیایی ژن و پیاو، چین و توێژ، ڕەنگ و هێز..
دیمۆکراسی مزگەوت دەکاتە فەزایەکی تری دیمۆکراسی، دەنگێکی تری دیمۆکراسی، هێزێکی تری دیمۆکراسیی لە چوارچێوەی دەستوری دیمۆکراسیی و سەروەریی یاساکانی دیمۆکراسیی و سەپاندنی ئەخلاقیی دیمۆکراسییدا.
دەیکاتە دەنگێک بۆ چاکە و خیرو خۆشەویستیی خودا و خەڵک و خاک و نێشتیمان، و بلاوکردنەوەی بیری ئازادیی عەقل و مافی مرۆڤ و دادپەروەریی و خۆشەویستیی و یەکترویستن و یەکتر قبوڵکردن و تەساموح و قبولکردنی بیرو رای جیاواز و ئیرادەی دیمۆکراتی خەلک و یاسا و دامەزراوە دیمۆکراسییەکانی، نەک بلاوکردنەوەی ڕق و کینە وکەراهییەت و کەرتکەرتکردنی کۆمەڵگا و سڕینەوەی کەسێتیی و بناسی نەتەوەەیی و پیرۆزییەکانی نەتەوە و خۆفرۆشتنی بی قەید و شەرت بە داگیرکەران و بڵاوکردنەوەی بیر و بەها دژ بە کەسێتیی نەتەوەیی و ئازادیی و دیمۆکراسییەکانی داگیرکەرانی مێژوویی خاک و نەتەوە.

( 3 )
دیمۆکراسی نە بیرێکە خۆی لە خۆیدا، نە دامەزراوەیەکە کە چارەسەری جادوویی هەموو کێشەیەکی پێیە.
دیمۆکراسی بە بێ بە کۆمەڵ و کۆمەلگا پێی نییە لە سەری بوەستێ و ڕێ بکات. دیمۆکراسی بە بێ بەشدارکردنی تاک و کۆمەڵ لە پراوەی دیمۆکراسی ڕۆژانەدا دڵی نییە خوێن لە جەستەیدا بگەڕێنێت.
شتێ نییە بە ناوی چاکسازیی دیمۆکراسیی بەدەر لە دیمۆکراسی خۆی
شتێک نییە بە ناوی چاکسازیی سیاسیی کە چەند حیزب و هێزێک لە دەرەوەی پرۆسەی دیمۆکراسی و لە دەرەوەی پرینسیپ و پراکتیسە دیمۆکراسییەکان و لە دەرەوەی دەستوور و دامەزراوە دیمۆکراسییەکان ئەنجامی بدەن یان کاری بۆ بکەن.
هەر بوونی دیمۆکراسیی خۆی بوونی پرۆسەی بەردەوامی چاکسازییە، چاکسازیی لە دەرەوەی دیمۆکراسی خۆیدا نییە و ناشێت و نابێت.
باسکردنی چاکسازیی، ئیسلاح، عەدالەت، بە بێ بوونی دەستوور و دامەزراوەی دیمۆکراسیی و سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگا، تەنیا و تەنیا باسکردنی بێهوودەی گەوادیی و عورفی گەوادبوونە.
هەموو ئەو هەوڵە درۆزنانەی گوایە بۆ چاکسازیی و ئیسلاح و داپەروەریی دران و، هاتنە سەر شەقام و لاوان بە کوشت دان، مادام نەبوون بە هۆی خەبات بۆ لە دایکبوونی دەستوور و لێپرسینەوە و سنووردارکردنی دەسەلاتی بنەماڵەیی ڕەها بە بەندەکانی دەستوور و زامنکردنی ئازادیی و مافە دەستوورییەکانی خەلک و پرۆسەی گوازتنەوەی دیمۆکراسیی بە دەستوور و ئەزموونی دیمۆکراتی حوکمرانیی و زاڵکردن وباوکردنی حوکم و سەروەریی یاسا و یەکسانی دەرفەت، هەموویان تەنیا بە بوون بە پاشکۆیەکی سیستمی گەوادیی بنەماڵەیی و زیاتر کەڵەکردکنی میراتی گەندەڵیی بەشبەشێنەی گەوادیی حیزبیی کۆتاییان هات.
لێپرسینەوە لە دەرەوەی دەستووردا نەبووە و نابێت
دیمۆکراسیی لە دەرەوەی دەستووردا نییە و نابێت
دادپەروەریی لە دەرەوەی دەستووردا نییە و نابێت
چاکسازیی لە دەرەوەی دەستوور و پرۆسە و پراکتیسی دەستووریی و دامەزراوەی دەستوورییدا ا نییە و نابێت
هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوون لە دەرەوەی دەستوور و سیستم و دامەزراوەی نەتەوەیی یمۆکراسیی پەرلەمانیی دەستوورییدا نەبووە و نابێت
هەموو باسێک دەربارەی دیمۆکراسی، دادپەروەریی، چاکسازیی، بە دەوڵەتبوون لە دەرەوەی دەستوور و حەقیقەت و پراوە و پراکتیسی دیمۆکراسی خۆی، تەنیا و تەنیا وتاری گەوادیی سیاسیی یە.
ئەوەی دەبێ دڵنیا بین لێی ئەنجامدانی دیمۆکراسیی کۆمەڵایەتییە وەک پرۆسەیەکی بەردەوام.
ئەمەش بە بێ داپەروەریی کۆمەڵایەتی بە دی نایەت
دیمۆکراسیی بێ دادپەروەریی بەدی نایەت.
دادپەروەرییش بێ دیمۆکراسی بەدی نایەت.
پراوەی دیمۆکراسیی و دیمۆکراسیبوون لە هەمان کاتدا پراوەی دادپەروەریی و دادپەروەریی بوونە کە دەستووری دیمۆکراسیی زامنی دەکات.

( 4 )
بە بێ دەستووری دیمۆکراتی
بە بێ دامەزراوە دیمۆکراتییەکان
بە بێ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان
بە بێ سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادوەریی
بە بێ دەوری چالاک و بەردەوامی کۆمەڵگای مەدەنیی
بە بێ میدیای نەتەوەیی بە ڕاستی سەربەخۆ و پرۆفێشنال
بە بێ وەستاندنی خۆفرۆشتن و لەشفرۆشتن بە داگیرکەران و دەزگا ئیستیخباراتییەکانیان
بە بێ وەستاندنی دابەشکردنی دەسەڵات لە لوتکەوە لە سەر بنەمای بنەماڵەیی
بە بێ وەستاندنی دەوری ژەهراوی کۆنەپەرستانە و دوژمنپەرستانەی مزگەوت و گەوادەکانی دین
بە بێ بزوتنەوەیەکی فەلسەفیی ڕۆشنبیریی بەردەوام بۆ دابەزاندنی دیمۆکراسیی بۆ ژێرەوە و کردنی پرۆسەی بەردەوامی هۆشیاری دیمۆکراسی بە بنەمای کۆمەلسازیی نەتەوەیی دیمۆکراتی و دروستکردنی تاکی ئازاد
بە بێ ئەمانە بە یەکەوە وەک یەک پرۆسەی دیمۆکراتیزەکردنی کۆمەڵگا و نەتەوە-
هەر باسێک دەربارەی دەوڵەت و سەربەخۆبوون،
دەربارەی دیمۆکراسیی و دادپەروەریی،
دەربارەی چاکسازیی و گۆڕان،
دەربارەی هەڵبژاردن و دەنگدان،
تەنیا و تەنیا و تەنیا
وتاری گەوادیی و خۆگەوادکردنە.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.