بەشی دووەم : کەیسی دەستووری بەریتانیی

٦. مانای فەرهەنگیی و زاراوەیی وشەی کۆنستیتیوشن لە زمانی ئینگلیزیدا

وشەی کۆنستیتوشن – ی ئینگلیزیی Constitution

کۆنستیتوشن لە ئینگلیزیدا [ کە بە کۆنستیتیوشن ] یش دەخوێندرێتەوە ئەسلەکەی لاتینی یەو مانای [ پێکهاتە ] دەگەیەنێ ، واتە شتێ لە کۆمەلە شتێکی تر پێکهاتبێت ( وەک دەسکە گولە کوردییەکە ] و هەر یەک لە پێکهێنەرەکان پێیان دەوترێت : [ کۆنستیتیونت ] واتە پێکهێنەر . کەواتە پێکهاتەی هەر شتێک بریتییە لە کۆی پێکهێنەرەکانی . بۆ نموونە گەر بە ئینگلیزی باسی کۆنستیتیوشنی عێراق ( بە پیتی بچووک بۆ ئەوەی لە مانای دەستوور جیای بکەینەوە ) بکەین مەبەست لە پێکهاتەی عێراقە لە پێکهێنەرەکانی کە بریتین لە عەرەب ، کورد ، تورکمان ، ئاسووری ، و کەمێتییە کانی تر .

ماناکانی وشەی [ کۆنستیتیوشن ]

Constitution

1 the act of constituting or state of being constituted

پێکهاتە ، کرداری پێکهێنان یان رەوشی پێکهاتن یان دامەزراندن

2 the way in which a thing is composed; physical make-up; structure

3 ئەو شێوەی شتێکی پێ پێکدەهێنرێت ، پێکهاتەی فیزیکی، بنەما ، ستراکتور

The fundamental political principles on which a state is governed, esp when considered as embodying the rights of the subjects of that

state 

ئەو بنەماو پرینسیپە سیاسییە بنەرەتییانەی کە لەسەریان دەولەتێک حوکمڕانیی دەکرێت بە تایبەتی کاتێ وەک بەرجەستەکردنی مافەکانی هاولاتییانی ئەو دەولەتە سەیری دەکرێت.

 4 . ( often capital ) (in certain countries, esp Australia and the US) a statute embodying such principles

کۆنستیتیوشن ، [ دەستوورنامە ] بە تایبەتی کە بە پیتی کەپیتال بنووسریت ، بریتییە لە یاسانامەیەک ئەو بنەماو پرینسیپانەی [ رێکخستنی حوکمرانی دەوڵەتێک و مافی هاولاتییەکان دیاری دەکات ]

www.dictionary.com   

٧ . دەستوور وەک زاراوەی سیاسیی

کەوایە دەستوور [ کۆنستیتیوشن ] وەک زاراوەی سیاسیی دوو پێناسەی هەیە :

١. مانای باوی دەستوور ئەو کۆمەلە یاساو رێساو نەریتانەن کە ئەرکەکان و دەسەلاتەکانی دەولەت و پێوەندییان بە هاولاتییانەوە دیاری دەکات . بەم مانایە هەموو ولاتێک ، بەریتانیاش ، دەستووری هەیە .

٢. دەستوورنامە : واتە تاکە نووسراوێک کە لە سەر کاغەزی تایبەتی نووسرابێت و بە مۆری دەوڵەت پشتراستکرابێتەوە . وەک دەستووری ئەمریکی سالی ١٧٨٧، و یاسای بنەرەتی ئەلمانیای ساڵی ١٩٤٩. هەندی دەولەت وەک بەریتانیا ، ئیسرائیل و نیوزیلاند ، دەستووریان وەک تاکە بەلگەنامەیەکی دەستووریی نووسراو نییە .

[Mike Gough: Introduction to Contemporary Politics,2nd edition, 2007, p. 73 ]

٨. دەستووررنامە [ دەستووری نووسراوو ] و دەستووری ماتریالی

بۆ جیاکردنەوەو روونکردنەوەی ئەم دوو مانایەی دەستوور: واتە تاکە دەستوورنامەیەکی نووسراو کە هەموو لایەنەکانی حوکمرانی دەولەت و پێوەندی بە هاولاتییانەوە دیاری دەکات ، و کۆمەڵە یاسایەکی نووسراو کە هەمان دەور دەبینن بەلام لە یەک یاسانامەدا کۆنەکراونەوە ، نیل ۆکەر(٢٠٠٣) زاراوەی ‘ دەستووری ماددی’

material constitution

بۆ ئەمەی دووەمیان بەکار دەهێنێت . دەستووری نووسراو [ دەستوورنامە ] : ئاماژە بە دەستووری نووسراوی دەولەت دەکات کە دەسەلاتەکانی ئۆرگانە سەرەکییەکانی دەولەت دەستنیشان دەکات بەتایبەتی پەرلەمان ، دەسەلاتی جێبەچێکردن و دادگاکان و هەروەها ئەو مافانە دیاردەکات کە دەولەت بۆ هاولاتییانیان زامن دەکات .

دەستووری ماددی : ئاماژە بە کۆمەلە یاساو ئاسا و [ نۆرم ] و نەریت و پەیمانێک دەکات کە سسیتمی حکومەت پێکدێنن و رێکی دەخەن . هەموو ولاتیک دەستووری ماددی هەیە . کە دەستوورنامە [ گەر هەبێت ] لەگەل سەرچاوە یاساییەکانی تر کە هیندەی دەستووری نووسراو فۆرمالی نین لە خۆ دەگریت ، ئەمانە دەستووری نووسراو تەواو ، هەموار ، یان پەراویز دەکەن یان گەر نەبیت جیگەی دەگرنەوە . [ۆکەر. ٢٠٠٣، ل ١٢]

Neil Walker,” Constitutionalism” in Roland Axtmann (2003:

Democratic Politics, Sage Publications, London, p12.

بە پێی ئەم جیاکردنەوەیە من وشەی یان ناوی دەستوورنامە بۆ دەستووری نووسراو بەکار دێنم و دەستوور بۆ شێوەکانی تری دەستووری ماددیی .

٩. ئایا بەریتانیا دەستووری نووسراو [ دەستوورنامە ] ی هەیە ؟

بەریتانیا دەستوورنامەی بە مانای تاکە دەستوورێکی نووسراو یان کۆدکراو [ کرابیتە ماددەی یاسایی نەگۆڕ ] نییە کە شێوەی حوکمڕانی و پێوەندی نێوان حکومەت و گەل روون بکاتەوە . بەلام ئەمە مانای ئەوە نییە کە بەریتانیا دەستووری نووسراو یان سەرچاوەی دەستووری نووسراوی نین . لە جیاتی یەک دەستوورنامە کۆمەلە تۆمارو یاسانامەی مێژوویی و تازەکراوەو دەرکەوتوو بە پێی پێویستی هەن وەک ماگناکارتا ، یاسانامەی مافەکان ، یاسانامەی براندنەوە ، و یاسانامەکانی پەرلەمان، بریارەکانی دادگا سەربەخۆکان ، و نەریتە باوەکان و ماوەکان هتد کە بە هەموویان دەستووری زانراوو بەکاربراو بەلام نەنووسراوی بەریتانیا پێک دێنن .

١٠. هەندێ بیروبۆچوون دەربارەی دەستووری بەریتانی

١. ئایا بەریتانیا دەستووری نووسراوی نییە ؟

لە گفتوگۆیەک بی . بی . سی ئاماژە بە بۆچوونی پرۆفیسۆر ڤێرنۆن بۆگدانۆر لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەکات . پرۆفیسۆر بۆگدانۆر ئەو بۆچوونەی کە بەریتانیا دەستووری نووسراوی نییە بە ‘ گومرا ‘ دەزانیت و دەلێ :

[[ زۆربەی دەستوور [ ی بەریتانیا ] لە بەلگەنامەی نووسراو و یاسانامەکاندا هەیە وەک ماگناکارتا ، یاسانامەی مافەکان ، یاسانامەی براندنەوە، و یاسانامەکانی پەرلەمان .

پرۆفیسۆر بۆگدانۆر دەستووری بەریتانی ناو دەنێت : مێژوویی ، مەبەستی لەمەش ئەوەیە کە بەدرێژایی چەندەها ساڵ پەڕەی سەندووە ، و ئاکامی پەڕەسەندنی مێژوویی یە نەک نەخشەسازییەکی بە مەبەست .]

http://news.bbc.co.uk/1/hi/uk politics/88136.stm    

٢. سایتی مەملەکەتی یەکگرتوولەئەمریکا ؛ ئەم پرسە شیدەکاتەوە کە ئایا بەریتانیا دەستووری نووسراوی هەیەو وەک بۆچوونەکەی پرۆفیسۆر بۆگدانپر جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە دەستووری بەریتانی لە ماوەی مێژوویی چەند سەدەدا پەڕەی سەندووە .

[[ دەستووری بەریتانی لە ماوەی چەندین سەدەدا پەڕەی سەندووە . وەک دەستوورەکانی ئەمریکا ، فەرەنساو ولاتانی کۆمۆنویڵث ، دەستووری بەریتانی لە یەک تاکە بەلگەنامەی تۆکمەدا کۆنەکراوەتەوە . لە جیاتی ئەمە لە یاسای باو [ کۆمن لۆ ] و یاسانامەی پەرلەمان و پەیمان پێکهاتووە .

هەرچەندە تاکە دەستوونامەیەکی نییە کە کۆداندنی شێوازی کاری دەزگا سیاسییەکانی بکات و مافە بنچینەییەکانی هاولاتییان دیاری بکات ، بەریتانیا بەلگەنامەی دەستووریی گرنگی هەن . لەمانە ماگنا کارتا (١٢١٥) کە مافی کۆمەل بەرامبەر پاشایەتی دەپارێزێت . یاسانامەی مافەکان (١٦٨٩) کە ماف و دەسەلاتەکانی پەرلەمانی فراوان کردن ، و یاسانامەی چاکسازیی (ریفۆرم ، ١٨٣٢) کە چاکسازی لە سسیتمی نوێنەرایەتی پەرلەمانییدا کرد .

بەلام یاسای باو یان گشتی ( کۆمن لۆ ) قەت بە وردەکاری پێناسەنەکراوە : بریتییە لە و یاسایانەی لە نەریت (عورف ) یان پێشینەیی یاسایی کە لە دادگا لەلایەن دادوەرەکانەوە تەفسیری بۆ دەکرێت . نەریتەکان ( کۆنڤێنشن ) بریتین لەو رێساو پراکتیسانەی کە بەشێوەی یاسایی شایانی جێبەجێکردنی بەزۆر نین بەلام بوونە بەشێکی جیانەبۆوە لە کارکردنی حکومەت . ]]

http://ukinusa.fco.gov.uk/en/about-us/faqs/uk-government/written-constitution

٣ جۆن بینگلی ، لێزانی [ خەبیری ] دەستووری لەبەریتانیا لە کۆمەلە سیمینارێکی تایبەتیدا لایەنی مێژوویی و یاسایی دەستووری بەریتانی روون دەکاتەوە . ئەو سیمینارانە بە [ پاوەر پۆینت ] لە سەر ئەنتەرنێت لە یوتیوب هەن و ئامادەن بەکار بێن وەک موحازەرە بۆ خویندکاران و فێرخوازان . لە بەشی یەکەمی [ پێشەکی ] سیمینارەکانیدا ئەمەی خوارەوە دەڵێ کە من لە سیمینارە دەنگییەکەیەوە تەرجەمەم کردووە :

[[ ” دەستوور دەبێ پێوەندی نێوان حوکمڕانیی و خەلکەکەی دیاری بکات . سنووران بۆ دەسەلات دابنێت ، و ئەو زامنانە بدات بە خەلک کە بیانپارێزێت بەوەی ڕێبازی هەقراستکرنەوە قەرەبوویان بداتێت . ئێمە بە دڵنیاییەوە دەستوورمان هەیە و هەر ئەو ئەرکەش بەجێدەگەیەنێت . دەستووری ئێمە بە درێژایی چەندین سەدە پەڕەی گرتووە و زۆریشی لە یاسای نووسراو پێکهاتووە . لە نموونە هەرەباش زانراوەکانی [ یاسای نووسراوی ] ماگنا کارتای ساڵی ١٢١٥ و یاسانامەی مافەکانی ساڵی ١٦٨٨-٨٩. [ وینەی هەردووکیان لە ڤیدیۆکلیپەکە هەیەو لێیان نووسراوە یاسای کار پێکراو ] . حکومەت لە بەریتانیا بە پێی [ حوکمەکانی یاسا ] حوکمرانی دەکا . ئەو حوکمانەی لە دەستووری ئێمەدا هەن پێمان دەلێن چۆن خەلک دەبێ حوکمڕانیی بکرێن . بە شێوەی سەرەکی یاسای ولات حوکمەکانی یاسا بە تاکە رێگای حوکمی شەرعی دادەنێن و سنوور بۆ بەکارهێنانی دەسەلاتی تەنفیزی [ ئەنجامدەر ] دادەنێت . ئەو سنووردانانە [ مافی پیرۆز ] ی پادشاکانیان نەهێشت ، هەروەها هیچ مافێکی پیرۆز بۆ سیاسییەکانیش نییە . بە کورتی دەستووری بەریتانی و حوکمەکانی یاسا چوارچێوەیەک بۆ حکومەتکردن دادەنێن بە دروستکردنی سنوورو قەید لە سەر پراکتیزەکردنی دەسەڵات . دەسەلاتی دیکتاتۆریی تەنیا ئەو کاتە دروست دەبێ کە فەرمانرەوای ولات دەسەلاتی ئەوەی هەبێ کە هەر خۆی یاسا دابنێت و خۆشی بە زۆر جێبەجێی بکات . مۆسۆلینی و هیتلەرو ستالین هەموویان ئەو دەسەلاتە شمولییەیان بەدەست ‌هێنا کە ئەنجامەکەی خوینرێژییەکی سامناک بوو . دەستووری تاک ‘ وێنەی بەریتانی ئێمە رێگە لە خڕبوونەوەی دەسەلاتەکان دەگرێت . هەندی پرینسیپی زیندووی دەستوورەکەمان ئەمانەن : مافی [ هاوڵاتی ] کە لە لایەن دەستەی داوەری خەلکەوە [ جوری ] دادگایی بکرێت . مافی هایبیەس کۆرپس . مافی بە بێتاوان دانانی تاوانبار تا تاوانی لە سەر ساغ دەبێتەوە . مافی بێدەنگبوون [ واتە مافی وەلامنەدانەوەی پرسیاری پۆلیس یان دادگا لە کاتی تاونبارکردندا ] ، باجنەسەندن بە بێ مافی نوێنەرایەتی یاسایی ، قەدەغەکردنی سزای دڵرەقانەو نائاسایی . ئەو پرینسیپانەو هی تر ناوکی دەستوورەکەمانن وجەوهەرین بۆ پاراستنی ئازادییەکانمان . جیاکرنەوەی دەسەلاتەکان [ یاسادانان ، جێبەجێکردن و دادگا ] ئەو میکانیزمەیە کە زامنی ئەمە دەکات و بە تەواویی لە شێوازی ئیدارەی دەولەت لە ئەوروپا و ئەو دەستوورەی بۆ یەکیتی ئەوروپی پێشنیازکراوە جیاوازە . کە رێگای هیچ شتێک نادا کە یاسا رێی پێنەدات . دەستووری کۆنی ئێمە جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە ئەرکی سیاسییەکانمان پاراستنی ئازادییەکانمانە . ئازادیی ئاسا و نۆرمە لە بەریتانیا و تەنیا یاسا سنووری بۆ دادەنێت . ئێمە لە بەریتانیا ئازادیی ئەوەمان هەیە هەر شتێ دەمانەوێت بیکەین ئەوانە نەبێت یاسا رێگایان نادات . دەستووری بەریتانی رێگەی لە زیادەرۆیی خراپی زۆرداری و ستەمگەری بۆ ماوەی چەندەها سەدە گرتووە . بۆچی ئێمە ئەمە بگۆڕین بۆ سیستمێک کە پشتگیری گرۆیەکی هەلنەبژێردراو ، بو نەگۆڕ دەکات ؟ بەرپرسیار بٶ لانەدراو دەکات ؟

سەپاندنی دەستووری یەکێتی ئەوروپی مانای کۆتاییپێهێنانی دەستووری بەریتانییە . گەر ئیمە ئەوە قبوڵ بکەین هەموو ئەو مافانەمان دەرٶن کە سەدەهایە بۆمان پارێزراون و لەوانە مافی ئێمەو نەوەکانیشمان بۆ بریاردانی چارەنووسێی خۆیان .”]].

لینک بۆ بەشەکانی تری سیمینارەکە لە یوتیوب دا

١١. دەستوور و سەروەریی

بوونی دەستوور بە ئۆرگانی بە بیری سەروەریی یەوە بەستراوەتەوە . سەروەریی [ سۆڤرنتی ] بریتییە لە بوونی چاوگەی [ مەرجەعی ] دەسەلاتی بریاردانی دوایی لە کۆمەلدا کە لە سەرووی هەموو دەسەلاتێکی ترەوە بێت . واتە هەم دوا دەسەلاتی بریارادنە هەم لە سەرووی هەموو دەسەلاتیکی ترەوەیە لە ناو کۆمەلدا . ئایدیای سەروەریی لەگەڵ دەرکەوتنی دەولەتی نەتەوەییدا لە ئەوروپادا دەرکەوت و بوو بە گرنگترین مەرج و روالەتی بوون و حەقیقەتی دەولەت بە ىێ ئەوەی ئەو دەولەتە پێویستی بەوە بێت لە بەلگەنامەیەکی یاسایی وەک دەستووردا پاکانە بۆ بوونی خۆی بکات .. بەلام دەستوور زیاتر بۆ رێکخستنی دەسەلات لە ناو چوارچێوەی دەولەتی نەتەوەییدا و چارەسەرکرنی گرفت و ناکۆکیی و بەربەرەکییەکان بووە . بۆیە پێویستی و دواییش ئایدیای سەروەریی [ کە سنووری جوگرافی دیاریکرا دەگرێتەوە ] بە هەبوونی دەستووریی نەتەوەییەوە گرێدرا . دەستوور ئەو ئامرازە یاسایی یەیە کە سەروەریی دەدا بە نەتەوە ، گەل ، خەلک و وەک سەرچاوەی دەسەلات و خاوەنی پرۆسەی دەسەلات و بریاردان سەیری دەکات . سەرەوریی دوو دامینی هەیە :

سەروەری ناوخۆیی : [ ئینتێرنەل سۆڤرنتی ] بریتییە لە دەسەلاتی یاسا-دانان لە ناو چوارچێوەەکی جوگرافی دیاریکراودا .

سەروەری دەرەوەیی : [ ئێکستێرنەل سۆڤرنتی ] بریتییە لە ناسین و دانپێداهێنانی نێونەتەوەیی بە تایبەتی لە ڕێگای نەتەوە یەکگرتۆکانەوە بە سەروەری یاسایی قەوارە جوگرافیی یان نەتەوەییەکە بە سەر خاک و خەڵکەکەیدا . زاراوەی ‘ دەولەتی سەروەر’ [ سۆڤرن ستەیت ] هەر دوو دامێنیی سەروەریی ناوخۆیی و دەرەوەیی دەگرێتەوە .

ئەم سێ چەمکانە ئێستا ئۆرگانی پێکەوە بەندن : دەولەت ، دەستوور ، سەروەریی . پێناسەی سادەی دەولەت : ئەو کۆمەلگا سیاسییەیە کە خاک و زەمینیكی جوگرافی سنوور- دیاریکراوی هەیە کە ژیر فەرمانی تاکە حکومەتێکەو لەلایەن ئەوە بەڕێوە دەبردرێ . گرنگی دەستوور بۆ سەلماندنی ئەو سەروەریی یە و هەبوونی توانستی ئیداریی و دەزگایی بەرێوەبردنەکە و دیاریکردنی شێوازی حوکمرانییەکە پرس و پرۆسەیەکی سیاسیی یاسایی جەوهەرییە . مەرجە گشتییە ناسراوەکانی دەولەتی نەتەوەیی چوارن : ١، بوونی دانیشتوانی خۆی ، خەلک ، بە شێوەیەکی هەمیشەیی لەو ناوچەدا ٢ . ناوچەیەکی /خاکێکی سنوور دیاریکراو ٣. بوونی حکومەتێکی دەستووریی ٤. توانای دامەزراندنی پێوەندی ( سیاسی ، دیپلماسی ، ئابووریی هتد ] لەگەڵ دەولەتانی تردا .

بروانە :

Rod Hague and Martin Harrop (2001) : Comparative Governmnet and Politics, London, pp.6-9

لە بەریتانیا وەک پرینسیپێکی دەستووریی جەوهەری گرنگ چەمکی سەروەریی نەتەوەیی بە چەمکی سەروەربوونیی پەرلەمانی بەریتانییەوە گرێدراوە . واتە پەرلەمان دوا مەرجەعی بریاردانی سیاسی و نوێنەرایەتی خەلکی بەریتانییەو لە سەرووی هەموو دەسەلاتێکی بریاردانی ترەوەیە لە هەموو کاروبارێکی سەروەری ناوخۆیی و دەرەوەییدا . لە بەر ئەم چەمک ونەریتە مێژوویی یە رەگداکوتاوەیە کە هەمێشە بەرهەڵستییەکی سیاسیی توند بۆ تەنازولکردن و گواستنەوەی هەندێ دەسەلات بۆ پەرلەمانی ئەوروپایی و پێوەندی بەریتانیا بە یەکێتی ئەوروپاوە هەیە .

١٢. بنەماکان و پێکهێنەرەکانی دەستووریی بەریتانی

١. سەروەریی رەهای پەرلەمان : یاسانامەی مافەکان ١٦٨٩ [ ذە بیل ئۆف رایتس ] : ماف وئیمتیازی پادشای وەک دەسەلاتی خودایی ] پیرۆز و سەرووی یاسا کۆتایی پێهێناو سەروەری پەرلەمانی لە بریاردانی سیاسییدا چەسپاند . تا سالی ١٨٣٧ پەرلەمان خۆی وەک سەروەری رەها سەلماند ولە ژێر دەسەلاتی هیچ کۆنترۆلێکی سەرووی خۆیدا نەمایەوە . دادگاکانیش دەبوو یاساکانی پەرلەمان بەرچاوبگرن .

[بروانە

Arthur Berriedale Keith :(1940)) The Constitution of England from Queen Victoria to George Vi. Volume: 1.: MacMillan.، London. Pp: 3-8

لە بەر ئەوە سەرچاوەیەکی نووسراوی یان هەمیشە نووسراویی ! هەرە گرنگی دەستووری بەریتانی بریتییە لە کارنامە یان یاسانامەکانی پەرلەمان وەک دەسەلاتی هەرە سەروەر کە بە ( ئەکت ) یان ( ستاتوو ) ناودەبردرێن . بۆ نموونە هەندێ لە یاسانامە گرنگەکانی پەرلەمان کە لە پرۆسەیەکی مێژووییدا بوونە بنەمای دەستووریی بەریتانی ئەمانەن :

Representation of the People Acts. 1832-1969.

یاسانامەکانی نوێنەرایەتی خەلک ١٨٣٢- ١٩٦٩

ئەمانە ئەو یاسایانەی پەرلەمانن کە مافی دەنگدان و هەلبژاردنی نوێنەران بە پرۆسەیەکی مێژوویی بۆ خەلکی بەریتانیا فروان و فروانتر دەکات تا دەبێتە مافی ئاسایی هەموو هاولاتییەک ژن یان پیاو کە تەمەنی ١٨ ساڵ بێت .

یاسانامەی دروستکردنی پیران [ بۆ ئەنجومەنی پیران ] ساڵی ١٩٦٣

یاسانامەی کۆمەڵگای ئەروپایی ١٩٧٢ بە پێی ئەم یاسانامەیە بەریتانیا چووە ناو کۆمەلگای ئەوروپییەوە .

لایەنی باشی ئەو دەسەلاتە رەهایەی پەرلەمان لە دەرکردن و گۆرینی هەر یاسایەک لەوە دایە کە

بە پێچەوانەی دەستووریزمی دەستوورنامە کە گۆرینی زۆر زەحمەتە ، وایکردووە نەرمکاریی لە پرۆسەی یاسایی دا هەبێت تا لەگەڵ پێداویستییەکی رۆژگار بگونجێت . : دەسەلاتی رەهای پەرلەمان وای کردووە کە مرونەت لە مامەلە کردن لەگەل كێشە سیاسیی و یاساییەکاندا هەبێت و پەرلەمان بتوانێ هەمواری یاساکان بکاتەوە یان هەلوێستی یاسایی نوێ وەربگرێت کە یاساکانی کۆن بخاتە لاوە . بەلام لایەنی سەلبی ئەم کارە ئەوەیە کە حکومەتی حزبێکی هەڵبژێردراو کە زۆربەی تەواوی لە پەرلەماندا هەبێت دەتوانێت زۆر یاسا و بریاری سیاسی دەربکات کە بە قازانجی ئەو چین و تووێژانە بێت کە ئەو حێزبە نوێنەرایەتییان دەکات بە بێ ئەوەی زامن یان کۆنترۆلێکی دەستووریی هەبێت رێگەی لێ بکرێت . وەک نەریتی سیاسیی [ دیسان نەک دەستووریی نووسراو ] زۆر جار ئەنجومەنی پیران ئەو دەورە دەبینێ و پێداچوونەوەی یاسانامەکانی پەرلەمان دەکات و پێسنیاز بۆ هەموارکردنیان پێشکەش دەکات . راستییەکەی زامنەکە تەنیا ئەوەیە لە ئەنجامی ئەزموونێکی دیمۆکراتی دوورودرێژو پرۆسەیەکی مێژوویی پر بەربەرەکانی و جیاوازیی و فێربوون ، سسیتمی بەریتانی و سیاسەت لە بەریتانیا وا عەقلانی و پراگماتیکی بووە کە رێگای هەر جۆرە زیادەرۆیەکی سیاسی یان حیزبی بگرێت ، بۆ نموونە کاتێک مارگرێت تاچەر هەندێ زیادەرۆیی لە بریرداندا کرد ، حیزبەکەی خۆی پاڵی پێوەناو بە چاوی فرمێسکاوییەوە داونینگ ستریتی بەجێهێشت .

٢. یاسای باو [ کۆمن لۆ ] لە بەریتانیا هەر لە کۆنەوە دادگا ئازادەو دادوەرەکان دەورێکی نێوەندی سەرەکییان لە سیستمی یاسایی و سیاسیی بەریتانیا داهەیە . ئەو بریارو دادوەریی و نەریتەنەیبە هۆی دادگاکان و نەریتی دادوەریی دروستبوون بەشیکی گەورەی سسیتمی سیاسیی بەریتانی پێک دێنن . بۆ نموونە هەر بریارێکی دادگادەربارەی پرسێکی کۆمەلایەتی یان سیاسی گرنگ دەبێتە [ پێشکار – پریسیدێنت . واتە بریارێکی یاسایی چەسپاو کە دادوەرەکانی تر دەیکەنە نموونە و ستاندارد بۆ مامەلەکردن لەگەڵ کەیسی هاوشێوەدا . نموونەی ئەو یاسا باوانەی بوونە نەریتێکی دەستووریی وەک :

– ئازادیی دەربرین و چالاکی سیاسیی و کۆبوونەوە دروستکردنی رێکخراوی سیاسی و کۆمەلایەتی مەدەنی ، ئازادی رۆژنامەگەریی .

– زامنکردنی پاراستنی مافی هاولاتی وهەقسەندنەوەی لە کاتی سکالا دژی پۆلیس یان دادگا یان دەزگا خزمەتگوزارییەکانی دەولەت .

– دادگاییکردن لە ڕێگای دادگۆیانی هەڵبژێردراو لە خەلک [جوری] و مافی ئۆتۆماتیکی هەبوونی پارێزەرو دادگاییکردنی کراوە بۆ خەلک .

– مافی قەرەبوونەکردنەوە بۆ هەر زیانێک لە ئەنجامی کەمتەرخەمی دەزگاکانی دەولەت ، کارەسات یان زوڵم لە هاولاتی کەوتبێت .

٣. کۆنڤێنشن ( نەریت / عورف ) وەک سەرچاوەیەکی دەستووریی : واتە جۆرە ریککەوتنێکی پراتیکی لە پراکتیسکردنی دەسەلاتەکاندا دوایی دەبێت بە نەریتی باوی نووسراو یان نەنووسراو وەک پراکتیسیكی دەستووریی یان یاسایی سەیری دەکرێت . بۆ نموونە هەر لە سالانی ١٧٨٠ ەوە ئەو نەریتە هاتە ئاراوە کە پادشا نابێت خۆی بریار بدات یان سیاسەتی دەولەت دیاری بکات بەلکو دەبێت گوێ لە وەزیرەکانی بگرێت و راوێژیان پێ بکات تا وای لێ هات کە دەوری پادشایی تەنیا رەمزییەو ئەو تەنیا سالانە ئەو پرۆگرامە حکومییە دەخوێنێتەوە کە سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی بۆیان نووسیوە . هەر بە کۆنڤێنشن یان نەریتی باو ، عورف ، وەزیرەکان دەبێت ئەندامی هەڵبژێردراوی پەرلەمان بن و گەر لە هەلبژاردندا دەرنەچنەوە دەبێت خۆیان وازبهێنن . هەروەها دانیشتنەکانی پەرلەمان بە نەریت – عورفە نەک بە یاسا . کە پەرلەمان کۆ نەبێتەوە یاسایەک نییە ناچاری بکات . [ نەریت [ کۆنڤێنشن ] ئەو عادەت و پراکتیسانەن کە چاولێکردن و بەکار‌هێنانیان بە پێویست و ئەرک دەزانرێت بەلام هێزی یاسایان لە پشتەوە نییە . ئەم نەریتانە بە تایبەتی بۆ پراکتیسەکانی پاشایەتی و کابینە بەکاردێن وەک :

١. بێلایەنی قسەکەری [ بەرێوەبەری پرۆسەکانی ] پەرلەمان . واتە بە هیچ جۆرێ هەلوێستی حیزبی یان سیاسی شەخسی نانوێنی و بە پرۆسەیەکی دیاریکراو باش چەسپاو بە پرۆفێشنالییەکی بێوێنەوە کارەکان ودانێشتنەکانی پەرلەمان بەرێوە دەبات .

٢. سەرۆک وەزیرو وەزیرەکان بەرامبەر پەرلەمان و کۆمیتەکانی لێپرسراون و هەر کاتێ بیانەوێت دەتوانن بۆ پرسیارو موحاسەبە بانگیان بکەن یان کۆمیتەی تایبەتی بۆ لێکٶلینەوە لە کارەکانیان دروست بکەن، یان وەزیرەکان ناچار بکەن وازبهێنن .

٣. سەرۆک وەزیران دەبێ ئەندامی پەرلەمان بێت و سەرۆکی ئەو حیزبەیە کە لە ئەنجامی هەلبژاردنی ئازاد دا زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمان بە دەست دێنێت .

٤. پادشایەتی ، ئێستا شاژن ، سەروەرە و زۆربەی دەسەلاتەکان بە ناو هی ئەون بەلام جگە لە دەورێکی تەشریفاتی ساڵانە بۆی نییە هیچ لەو دەسەلاتانە بۆ خۆی بەکاربێنێ و چاەروانی مەرحەمەتی سەرۆک وەزیرانە چ ئەرکێکی پێ دەسپێرێت .

2,207 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست