هاوکارییەکەت ئەمەیە: کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو، ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە.

زمانى شیرینى کوردى بە دایەلێکتى کرمانجى ژووروو بە ڕێنووسى لاتینى ، یەکێکە لە پاڵ زمانەکانى دیکەى ناو ( Google ) بۆ وەرگێڕان . هزر و ڕامانێکى ئازاد ، خاوەندارێتى لەم دەسکەوتە مەزنەى سەرخانى کۆمەڵگاى کوردەوارى دەکات ، کە لە ڕێگەیەوە نەتەوەى کورد لە ڕووى هزرییەوە پێشدەخات .

من ، چەند ساڵێ لەوەپێش سەبارەت بە زمانى پێوانەیى (ستاندارد ) وتارێکم بڵاو کردەوە کە ، تیایدا ڕەخنەى توندم ئاراستەى دەسەڵاتدارانى باشوورى کوردستان کرد لەبارەى نەبوونى ئازایەتى و ئیرادەى ڕێککەوتنیان لەسەر دایەلێکتێکى پێوانەیى بۆ زمانى کوردى . ئاشکرایە کە وەزارەتى پەروەردە لە هەرێمى باشوورى کوردستان میتۆدى خوێندنى لە فێرگەکان بە دوو دایەلێکت داڕشتوە ، وەک هەموو ڕەگەزەکانى دیکەى نەتەوەیى ، ئەم لایەنەش بووە بە قوربانى ململانێى سیاسى نێوان حیزبە دەسەڵاتدارەکان لەم هەرێمە . لەوە خراپتر ، ئەو دوو دایەلێکتە بە تەواوى لە یەکترى دابڕاون ، ئەوەى کە لە باشوورى کوردستان پێى دەگوترێ دەڤەرى ( بادینان ) بە دایەلێکتى بادینى دەخوێنن و ئەوانی تر بە دایەلێکتى سۆرانى دەخوێنن .
بە تێگەیشتنى من ، ئەو واقیعە جۆرێکە لە دابڕانى کولتوورى یاخود لەیەکتر دوور کەوتنەوەمان بە تایبەتى لە لایەنى کولتوورى مەعنەوى ، چونکە زمان ڕۆڵى کاریگەرى هەیە لەسەر چۆنیەتى هزر و ڕامانى کۆمەڵگا ، بۆیە نەبوونى زمانى ستاندارد گرفتێکى مەزن و بنگەهییە بۆ ئێمەمانان .
زمان ، شوناسە و پاراستن و پێشخستنى ئەرکێکى نەتەوەییە ، زمان تەنها ئەرکى گەیاندنى زانیارى نییە ، زمان خۆى لە خۆیدا بوونە و هەبوونى نەتەوەیەک پشتڕاست دەکاتەوە و لەبەرامبەر هەبوونى ئەوانى دیکە بوونى خۆى ڕادەگەیەنێ بۆ ئەوەى لە چرکەساتەکانى ئەو سەردەم و قۆناغەى تیایدایە دانەبڕێ . لێ دەسەڵاتدارانى باشوورى کوردستان دەستیاندایە سیاسەتى تواندنەوە و پووچ کردنى زمانى دایک کە حەزى دوژمنانى کورد تێر دەکەن ، ئەو پڕۆژە ترسناکە لەسەر هەبوونمان بەردەوامى هەیە و بێ دەنگ بوونمان لەو پیلانگێڕییە یەکسانە بە هاوبەشى کردنمان لەو ناپاکییە مەزنە. ئەگەر وێنەک بۆ پێگەى زمانى دایک لەم هەرێمە دروست بکەم ئەوا دەتوانم بڵێم ئەوانەى لە کار و چالاکییەکانیان پشت بە زمانى شیرینى کوردى دەبەستن هەست بە کەمى دەکەن ، چونکە دەبنە پاشکۆ و ناتوانن پێشبڕکێى بردنەوەى جیاوگەکان بکەن ، بەرپرسەکان خۆیان و ئەندامانى خانەوادەکانیان بە زمانە بیانییەکان ڕادەگەن و لە فێرگە و … تایبەتییەکانى ناوەوە و دەرەوە سودمەندن لەسەر حیسابى گەلى ڕەش و ڕووتى ئەم هەرێمە ، ئەوانەى زمانى دایک لە لەناوچوون ڕزگار دەکەن ، هەمان ئەو گەلە ڕەش و ڕووتە ستەم لێکراوەیە کە نوخبەى دەسەڵات هیچ جیاوگ و ئیمتیازێک بۆ ئەوان بە ڕەوا نابینێ ، بۆ نموونە : نووسینى نووسەرانى کورد ، ئەونووسینانەى کە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانى کوردى ، خوێنەرى ئەو بەرهەمانە و هەر هەموویان ( نووسەر ، وەرگێڕ و خوێنەر ) بەگشتى لە پەراوێزى سیاسەتى حوکمڕانى باشوورى کوردستان فڕێدراون ، بەکورتى ئەو دەسەڵاتەى سیاسەتەکەى بەزیانى کورد دەشکێتەوە ، کوردایەتیش بە چەوساوەکان دەکات !
ماوەى چواریەکە سەدەیەک لە هەژموونى حوکمڕانى ( پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان ) ، سەبارەت بە ڕەوشى سیاسى و دارایى و ئەداى دیموکراسى لە هەرێمى باشوورى کوردستان ڕوون و ئاشکرایە ، زمانیش لە وەها بارودۆخێکدا باشتر نابێ لەو واقیعەى کە زاڵە ، چونکە ڕەوشى هەنووکەیى درێژکراوەى هەمان عەقڵیەت و تێگەیشتنى ناوچەگەرییە ، کە یەکێ لە دەرهاوێشتە نەرێنییەکانى خۆى لە دابەشبوون لەسەر ئاستى دایەلێکتى بادینى و سۆرانى دەبینێتەوە، ئەم ڕاستییە دەیسەلمێنێ کە عەشیرەت و خێڵ و هۆز و بنەماڵە ئەولاترە لە دەسەڵاتەکانى حکومەت . هەبوونى زمانێکى پێوانەیى دەسەڵاتى ناوچەگەرى دەکوژێ و ئینتیماى نەتەوەیى زیاد دەکات بە مانایەکى تر یەکێکە لە بنەماکانى دەوڵەت و زیاتر کۆمان دەکاتەوە ، هەروەها زمان ئەگەر لە خاک زیاتر نەبێ کەمتر نییە ، زمان ئەگەرى لەناوچوونى هەیە ، بۆیە دەبێ دایەلێکتێک بکرێ بە زمانى فەرمى کوردى ( زمانى خوێندن و نووسین ) لە دام و دەزگا فەرمییەکان و کارگێڕى هەرێم بەگشتى و لە سیستەمى پەروەردە و فێرکردن بەتایبەتى ، گرنگە ئەو ڕاستییە بزانین کە ، گۆڕان لە سیستەمى پەروەردە و فێرکردن لە ئاستى جیهان زۆر سەختە نەخاسمە لە کوردستان ، ئەوەى لەم هەرێمە پرۆسەکە لە پێشکەوتن بێ ئومێد و سەختتر دەکات ئەوا ڕێکنەکەوتنە لەسەر دایەلێکتێک ( کرمانجى ژووروو یان کرمانجى خواروو ) .
لە کاتێکدا سەرانى حوکمڕانى باشوور لەسەر دایەلێکتێک ڕێکناکەون و لە زمانێکى هاوبەش ( کوردى ) یەکتر قەبووڵ ناکەن و هەموو ڕەگەزەکانى پێکهاتەى نەتەوەیى و نیشتیمانى لەژێر هەڕەشەى لەناوچووندان ، ئەوە چ عەقڵیەتێکە باوەڕ بەو پەیڤانە دەکات کە باس لە دەوڵەتى کوردى دەکات ! پرسى دەوڵەتى کوردى پێویستى بە زەمینەسازى هەیە ، قسە کردن بەبێ کردار زیان بە قسەکەر دەگەیەنێ و بە قازانجى بەردەنگ دەشکێتەوە ، چونکە ماهیەتى دەرەنجامەکە بەندە بە چۆنیەتى هزر و ڕامانەوە . پێویستە شوناسى نەتەوەیى – ناسیۆنالیزم بە هەقیقى بئافرێنرێ کە بریتییە لە ( کوردبوون ) ، ئەگەرچى من کەسێکى ناسیۆنالیستى نیم و حەزیش ناکەم لەو سۆنگەیەوە بڕوانمە مەسەلەکان ، بەڵام دەبێ بەو قۆناغەدا تێپەڕین و خۆمان بدۆزینەوە بەبێ پێشێلکردنى مافى ئەوانى دیکە ، بە نەفەسى پێکەوە ژیانى ئاشتیانەى گەلان نیشتیمان ئاوا بکەین .
ئەو کاتەى ” مالیکى ” سەرۆک وەزیرانى ئێراق بوو ، قسەکانى لەبارەى حوکمڕانى هەرێمى کوردستان ئەو پەیامەى بە ئێمە گەیاند کە ، کابینەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان نەیانتوانیوە سود لە مێژوو وەربگرن و مامەڵەیەکى سیاسەتمەدارانە بنوێنن بەوەى کە سیاسەت برایەتى کورد و عەرەب … نییە ، بەڵکو لۆژیک و داناییە . بەڵێ هەڵەى سیاسەتمەدار لە مەیدانى سیاسەتدا چارەنووسى گەل و نەتەوەیەک بەرەو لێژى دەبات بە مانایەکى تر کورد بووە قوربانى هەڵبژاردنێکى هەڵە لەلایەن دوو بنەماڵەوە ! دەسەڵاتدارانى کورد لەم پارچەیە لە پێناو ئافەرین و … چەندین دەرفەت و هەزاران قسەیان بەهەدەر چوو ( لەپەناى کوردایەتى بۆ پاراستنى بەرژەوەندى حیزبى و کەسى … کار و چالاکیان ئەنجامداوە )، هەروەها ” مالیکى ” گوتى : (( شەڕى لەمەودواى بەغدا و هەرێم شەڕێکى نەتەوەیى دەبێت ، بە دەربڕینێکى تر شەڕى عەرەب دژى کورد )) واتە بە گۆڕینى سیستەمى حوکمڕانى و … هتد , ناتوانرێ بیرى نەرجسى عەرەب بەرامبەر نەتەوەکانى دیکە بگۆڕدرێت . ڕەتکردنەوەى ئەوانی دیکە یەکێکە لەو نەریتە زیانبەخشانەى کە لە بوونى ( عەرەب ، تورک و فارس ) داهەیە ، بۆیە دەبێ گەشە بە پێکهاتەکانى نەتەوەییمان بدەین و بەهێزیان بکەین لەبەرامبەر دوژمنەکانمان ، بۆ نموونە : گەشەپێدانى زمانى دایک .
دێینەوە سەر پرسى دەوڵەتى کوردى ، ئەگەر باشوورى کوردستان بانگەشەى خۆسەرى و دەوڵەت دەکات ئەوا باکوور و ڕۆژئاوا لە ماوەیەکى زۆر کورت و لە بارودۆخێکى ئاگر و ئاسندا توانیان چەند هەنگاوێ لە باشوور واوەتر بڕۆن و متمانەى نێودەوڵەتى بەدەست بێنن . بە بۆچوونى من پێویستە چەند پارچەیەکى دیکەى کوردستان خۆسەرى و دەوڵەت ڕابگەیەنن ئینجا نۆرەى ” باشوور “ە …، لەم هەرێمە تا هەنووکە کێشەى شوناسى ( نەتەوە – ناسیۆنالیزم ) مان هەیە . بۆ نەتەوەى عەرەب ڕەوایە بیست و دوو دەوڵەتى هەبێت ، بەڵام نوێنەرانى کورد لەپەرلەمانى کۆمارى ئێراقى فیدراڵ ناتوانن بە زمانى دایک بدوێن لە کاتێکدا زمانى کوردى لە پاڵ زمانى عەرەبى فەرمییە ، نەخاسمە دەوڵەتى کوردى ! باشە کە نوێنەرەکانى هەرێم لە بەغدا لەسەر زمانەکەیان نەبان بن ، لە ڕاستیدا چۆن دەتوانن دەم لە مەسەلەى خۆسەرى و دەوڵەتبوون بنێن ؟
دەسەڵاتدارانى باشوور ، تەنها بۆ جوڵاندنى عاتیفەى گەل پرسى دەوڵەتى کوردى لە قسەکانیان جێ دەکەنەوە ، هاوکات باشوور بووە بە قەیرانستان . هەردوو پارتى حوکمڕان بەر لەوە دەبوایە قۆناغەکانى جێ بە جێ کردنى مادەى ( 140 ) دەست پێبکەن کە بریتییە لە : ( ئاسایى کردنەوە ، سەرژمێرى و ڕاپرسى )، بەڵام بە هۆى خەمخۆریان بۆ حیزبایەتى و بەرزکردنەوەى کێرڤى لایەنگرانیان دەرفەتەکانیان لە دەست دەرچووە ، بۆیە دەیانەوێ لە ڕێگەى قسەوە … ئەو دابڕانەى کە لە نێوان ویستى ڕەسەنى گەل و خۆیان دروست بووە بەیەکى بگەیەنن ، بە مانایەکى دیکە بە میکانیزمى جیاواز هەوڵدەدەن ڕاى گشتى بشێوێنن و خەڵک چەواشە بکەن . با ئەوەندەش دوور نەڕۆین ، ئەگەر ئەم دەسەڵاتە تاکو ئێستا نەیتوانیوە دایەلێکتێک بکات بە زمانى فەرمى (خوێندن و نووسین ) و لە دام و دەزگا فەرمییەکان کاروبارى پێ ڕایى بکرێت ئەوا ئەمڕۆمان لە بەیانى باشترە … کە سیستەمى پەروەردە و فێرکردن و … بە دوو دایەلێکت ئەنجام بدرێ ( ئەوەى کە لە باشوور پێى دەگوترێ : سۆرانى و بادینى یاخود سۆرانى و کرمانجى ) ، کەواتە : بۆچى پرسى دەوڵەتى کوردى بخرێتە ئەجێنداى سیاسەتى ڕۆژەڤەوە ؟ خۆسەرى و دەوڵەتى کوردى حەزى مێژینەى هەموو تاکێکى کوردە بێجگە لە ئیخانەتکاران ، بۆیەشە ئەو مژارە موزایەدە هەڵناگرێ ، بەڵام بوونى دەوڵەتى کوردى زەمینەسازى دەوێ نەک بانگەشە و پەیڤ ڕیزکردن .
ئایا لۆژیکى ئەو قسەیە لە کوێدایە کە سەرۆک کۆمارى ئێراق لە ” 2012 ” دەڵێ : ( دەوڵەتى کوردى خەونى شاعیرانەیە ) ئایا ئەو هەموو پارادۆکسیەتە لە کەسایەتى دەسەڵاتدارانى ئەم هەرێمە چ پەیامێکمان پێدەگەیەنێ ؟ بەڵێ لەسەر بنەماى ئەو واقیعەى کە بریتییە لە هەرێمێکى دوو ئیدارەیى و پەرلەمانێکى پەکخراو و حکومەتێ کە بە نەفەسى حیزبایەتى حوکمڕانى دەکات …، دەتوانم بڵێم قسە کردن لەبارەى ڕیفراندۆم و دەوڵەتى کوردى ، لە موزایەدە کردن بەولاوە هیچى تر نییە و لەو ڕێگەیەوە شکستەکانیان پێ پەردەپۆش دەکەن و گەل چەواشە دەکەن . لێ خۆشبەختانە باکوور و ڕۆژئاواى کوردستان گەیشتوونەتە کۆتایى ڕێگەکە و ئامانجە ڕاستەقینەکەیان لێ دیارە و زۆر بە باشى دەیناسنەوە ، لە شکاندنى بەربەستەکانى گەیشتن بە ئامانجەکەیان نزیک بوونەتەوە ، بە هزر و ڕامانێکى پتەو ، لێبڕاوانە کۆشش بۆ تەواو کردنى پێکهاتەکانى کیانێکى خۆسەرى دەکەن ، بەبێ بودجە و گرێبەستى (50) ساڵەیى ” نەوت ” توانیان ڕوانگەى جیهان لەسەر کورد و سیاسەتى ناوچەکە بگۆڕن . تا هەنووکەش جینۆساید کردنى باکوورى کوردستان بەردەوامى هەیە و بوونیان لەلایەن دەوڵەتى تورکیاى فاشیستى ئەردۆغان قەبووڵ ناکرێ و ڕەتدەکرێنەوە و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى باشوورى کوردستانیش دەچێتە پاڵ قسەکانى ئەردۆغان و ئۆغلو لە دژى باکوورى کوردستان ، هاوکات بە هزر و ڕامانی ئازاد توانیان زمانى شیرینى کوردى بخەنە پاڵ زمانەکانى دیکە لە (Google) کەچى هێشتا جەستەیان لە قەفەسى نەخۆشترین دیکتاتۆرى جیهان زیندانى کراوە . ئادەى گەلۆ ئێستاش بفەرموون بە وەرگێڕانى ( وشە ، ڕستە ، پەڕەگراف و تێکستەکان ) تان ، پیرۆزە …

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

هاوکارییەکەت ئەمەیە: کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو، ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە.