هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

هیچ گومانێك نیە لەوەی گەورەترین خەونی هەموو تاکێکی کورد سەربەخۆبون و ئازادیە، بۆ ئەو ئامانجە هەموو تاکێکی کورد قوربانی زۆری دا لە سەد ساڵی ڕابردو.
لە ئێستادا تاکی کورد کەوتۆتە دڵەڕاوکێیەکی گەورەدا لە نێوان هەڵبژاردنی بەڵێ یان نەخێر لە ڕیفراندۆمەکەی 25-09!
هاوڵاتی کاتێك بیر لە نەخێر ئەکاتەوە، دیارە بەو مەبەستەی نەخێر بۆ ڕیفراندۆم لە ئێستادا و لەم بارودۆخە خراپەی کوردستان کە هیچ ئامادەی ڕیفراندۆم نیە و هیچ ژێرخانێکی دەولەتداریمان نیە لە هیچ لایەکەوە، یان بەشێکیان بەو مەبەستەی نەخێر بۆ ئەو حیزب و دەسەڵاتدارە شکستوخواردوەی کە ڕابەرایەتی بەڵی ئەکات و هاوڵاتی متمانەی پێ نیە.
بەڵام لە ئەنجامدا ئەو نەخێرە بە نەخیر بۆ سەربەخۆبون ئەخوێنرێتەوە، ئەو نەخێرە گەورەترین سودی ئەبێت بۆ داگیرکەرانی کورد، ئەو کات وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بەهێزترین بەڵگەیان ئەبێت کە کورد ئاسودەیە بە مانەوە لە عێڕاق و ئێران و تورکیا و دژی سەربەخۆ بونە، ئەو وڵاتانە وەك بەڵگە بەکاری ئەهێنن لە کۆماڵگای نێودەوڵەتی کە کورد سەربەخۆیی ناوێت ، ئەمە ئەبێتە مێژویەک بۆ گەلی کورد، هاوشێوەی پاش ڕوخانی داگیرکەرانی عوسمانی و لەتبونی کوردستان بەسەر چوار وڵاتی دەوروبەر قەڕنیک لەمەوبەر.
لە لایەکی ترەوە، کاتێك هاوڵاتی بیر لە هەڵبژاردنی بەڵێ ئەکاتەوە، ئەوکات ترسێکی زۆری هەیە لە ئەنجامی ئەو بەڵێیە ! هاوڵاتی ئەزانێت ئەم ڕیفراندۆمە هیچ ئامادەکاریەکی بۆ نەکراوە و دڵنیا نیە کە بۆ چ ئامانجێک بەکاردێت، ئەزانێت تەنها لە دیوەخانی چەند حیزبێکی شکست خواردو بڕیاری لەسەر دراوە ئیتر بۆ هەر مەبەستێکیان بێت! هاوڵاتی ئەزانێت ئەم ڕیفراندۆمە هیچ بنەمایەکی یاسایی و زانستی و سیاسی و ئابوری نیە!
هاوڵاتی ئەزانێت ئەنجامی ئەو بەڵێیە ئەگەر هەیە توشی گەورەترین کارەساتی بکات، ئەگەری زۆرە سنورەکان داخرێن لە کاتێکدا هیچ ئامادەکاریەکی ناوخۆییمان نیە، لەوانەیا داگیرکەرانی دراوسێ لەشکر کێشی بکەن و جوڵە بەهێز بکەن ئەگەر بزانن بۆ سەربەخۆییە، لەکاتێکا ولاتە زلهێزەکان دژی ئەم ڕیفراندۆمەن.
هاوڵاتیان ئەزانن ئەوەی ڕابەڕایەتی ئەم بەڵێیە ئەکات تا ئێستا ئامادە نیە هیچ بڵێ لەسەر ئەو هەموو مەترسیە! ئەزانێت بیست و شەش ساڵی ڕابردو سەلماندیان کە ئەمان دەسەڵاتدارێکی چەتەیین و مافیایین و هیچ نازانن لە دەوڵەتداری و دەوڵەت دروستکردن و شایەنی متمانە نین، باش ئەزانێت ئەوەی توشی کێشەو گرفت و مەترس ئەبێت ئەنها خودی هاوڵاتیە و ئەم بەرپرسانە ڕائەکەن یان لە باڵەخانەو بەرزاییەکانەوە سەیری میللەت ئەکەن و پێیان پێ ئەکەنن! هەرکە مەترسیش نەما خۆیان ئەکەن بە پاڵەوان و دێن بۆ چەپڵە ڕێزان!
باش ئەزانێت هەرکات مەترسی هاتبێتە سەر میللەت ئەوان ڕایانکردوە، شەنگال نمونەیەکە..
هەرکات مەترسی کەوتبێتە سەر دەسەڵاتیان و حیزبەکەیان، بێشەرمانە دەبابەی دوژمنیان هیناوەتە سەر میللەت، 31ی ئاب نمونەیەکە..
هەرکات دوژمن بڵێ کۆیلەمبە و واز لە کوردایەتی بێنە، بێ دودڵی کردویانە و کوردبونیان فرۆشوتوە! گەمارۆی ڕۆژئاڤا و دژایەتی کوردەکانی ڕۆژئاوا نمونەیەکە..
هەرکات پارەیان لێ کەمبوبێت یەکترییان قڕان کردوە و خەڵکی داماویان کردۆتە قوربانی، شەڕی ناوخۆی نەوەدەکان شاهیدە!
هەرکاتێك حیسابە بانکیەکانیان کەمیکردبێتەوە، سڵیان نەکردوە لە زەلیلکردنی میللەت، سیستەمی ڕوبعە موچەی ئێستا شاهیدە!
کەواتا هاوڵاتیان نێوان بەڵێ و نەخێرێكن هەردولای ئاگرە لەم کاتەدا! نەخیرێک کە خزمەتی دوژمنانی کورد ئەکات و بەڵێیەك زەلیلبونی خۆی تێدا ئەبینێت! هەربۆیە بۆ ئەوەی ڕیفراندۆمێکی سەرکەوتو ئەنجامدرێت کە سەربەخۆیی بەدوای خۆیدا بهێنێت، باشتر وایە ئەم ڕیفراندۆمە دوابخرێت بۆ ماوەیەکی تر، بۆ کاتێك بارودۆخی هاوڵاتیان و کوردستان باشتر ئەبێت، بۆ کاتێك ڕیفراندۆم پشتگییری زیاتری ناوخۆیی دەرەکی ئەبێت و لایەنەکان یەکدەنگ ئەبن و مەترسیەکان کەمتر ئەبن.

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە