هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

جۆن نیوبەری ئینگلیزی، بڵاوکەرەوە و فرۆشیاری کتیبی بواری ئەدەبی منداڵان. لە (9 ی/ یۆلیۆ/ 1713) لە (بیرکشێر) لە ئینگلتەرا لە دایک بووە.
هەندێ لە لیکۆڵێنەران و نووسەرانی مێژووی ئەدەبی منداڵان پێیان وایە، کە ئەدەبی راستیی منداڵان لە جۆن نیوبەرییەوە دەستی پێکرد. چونکە جۆن نیوبەری بە تەنها چاپکەر و بڵاوکەر و فرۆشیاری کتێبی منداڵان نەبوو، بەڵکو چیرۆکنووسێکی بە توانا و ناسروای بواری چیرۆکنووسینیش بوو بۆ منداڵان. دوو کتێبە بەناوبانگ و بەنرخە چاپکراوەکەی بۆ منداڵان، کتێبی (گیرفانێکی بچکۆلەی جوان: 1744) و (جووتێ پێڵاوی باش: 1765) بە بەرزترین کارە ئەدەبییەکانی جۆن نیوبەری دادەنرێن.
جۆن نیوبەری خاوەنی (یەکەمین کتێبخانەی منداڵان لە جیهان)ـە، یەکەمین کەسیشە کە کتێبخانەیەکی تایبەته بوو فرۆشتنی کتێبی منداڵان کردەوە. جۆن نیوبەری رۆڵی گرنگ و هەبوو لە گەشەکردن و پێشکەوتنی رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرا و لە جیهاندا. زیاتر لە (200) کتێبی بە زمانی ئینگلیزی بۆ منداڵان لە چاپخانەکەی خۆیدا، چاپکردن و بڵاوی کردوونەتەوە، کە بابەتەکانیان بریتین لە چیرۆک و لە هەقایەت و چیرۆکی فۆلکلۆری و ئەفسانەیی و، داستان و لە چیرۆکە میللییەکان. ئەم ژمارەیەش بۆ ئەوە سەردەمە ژمارەیەکی پێوانەیی بوو. بۆیە لە ئینگلتەرادا، جـۆن نیوبـەری بە (باوکی راستیی ئەدەبی منداڵان) ناسراوە. شایەنی باسیشە کتێبە چاپکراوەکانی جۆن نیوبەری لە رووی چاپی بەرگەکانیان و جۆری کاغەزەکانیانەوە جیاوازیان هەیە لەگەڵ کتێبە چاپکراوەکانی ئەو سەردەمەدا. بەرگی کتێبەکانی بە نەخش و وێنەی زۆر جوان ڕازاندوونەتەوە، کاغەزی لاپەڕەکانیشی رەنگ زێڕێنن، کە بە تایبەتی لە وڵاتی هۆڵەندا دروست دەکران.
جۆن نیوبەری داوای لە نووسەرە ناسراوەکانی سەردەمەکەی کرد، کە چیرۆک و رۆمانەکانیان بە شێوەیەکی کورت و ئاسان بۆ منداڵان دابڕێژنەوە، تا چاپیان بکات و بڵاویان بکاتەوە.
نیوبەری خۆی دوو شاکارە رۆمانی جیهانی کورت کردنەوە، کە بە زمانێکی ئاسان و شیرینتر و، بە شێوازێکی ناسکتر دووبارە بۆ منداڵان دایڕشتوونەتەوە و چاپی کردوون و بڵاوی کردنەتەوە، تا لەگەڵ ئاستی زمان و تێگەیشتنی منداڵاندا بگونجێن. ئەو دوو رۆمانە کورتکراوەیەش، یەکەمیان رۆمانی (رۆبنسۆن کرۆزۆ) یە، لە نووسینی (دانیاڵ دیڤۆ) یە، رۆمانی (گەشتەکانی گۆلیـڤەر) کە لە نووسینی (جۆناسان سویفت)ە.
نیوبەری لەگەڵ زۆربەی نووسەرە بە ناوبانگ و ناسراوەکانی سەردەمەکەیدا، هاوڕێتی و ئاشنایەیی هەبوو، بە تایبەتیش لەگەڵ (بلۆک) و (گۆڵد سمیس) و (سمۆیل جۆنسۆن) و چەند نووسەرێکی تردا. سەرسامی نووسینەکانیان بوو. بڕواش وایە کە هەندێک لەو کتێبە خۆشانەی کە نیوبەری چاپی کردوون و بڵاوی کردوونەتەوە، لە نووسینی گۆڵد سمیس بن. کا تا ئەمڕۆش چێژێکی خۆش لەو کتێبانە وەردەگیرێن.
کتێبخانەکەی نیوبەری کە لە شاری لەندەن بوو بە ناوی (ئەنجـیل و خـۆر)ەوە بوو.
وتارنووسی بەناوبانگی ئینگلیزی (تۆماس بابنگتۆن ماکوکی) ئەو لە سەدەی نۆزدەمیندا نازناوی (نیوبــەری هــاوڕێی منداڵان)ی لە جۆن نیوبەری نا.
بۆ هەمیشە بەرزڕاگرتنی دڵسۆزی و خزمەتی پیرۆزی جۆن نیوبەری لە بواری ئەدەبی منداڵان و کتێبی منداڵان دا، چەندین قوتابخانە و کتێبخانە و فرۆشگای کتێب و دەزگای رۆشنبیری و کۆمەڵە لە ئینگلتەرادا، بە ناوی (نیوبەری) یەوە ناونراون.
جۆن نیوبەری لە (22ی/ دێسەمبەر/ 1767) دا، لە لەندەن کۆچی دوایی کرد.

خەڵاتی نیوبەری
لە ئەمریکادا، بۆ بەرزڕاگرتن و نەمری جۆن نیوبەری، بۆ هاندانی نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان، ساڵانە خەڵاتێک بە ناوی خەڵاتی (میدالیای نیوبەری) کە لە (برونز) بە شێوەیەکی خڕ دروستکراوە و نەخشی کتێبێکی کراوەی لەسەر دروست کراواە. میدالییەکەش لە لایەن هونەرمەند (پـۆل تشامبلان) ـەوە کێشراوە. ناوی نووسەری براوەی میدالیاکە و مێژووی بردنەوەی لەسەر هەڵدەکەنن، وەکو خەڵاتی رێزلێنان، لە لایەن (کۆمەڵەی کتیبخانەکانی ئەمریکا)ـەوە پێشکەش دەکرێت بە باشترین نووسەری ئەمریکی لە بواری ئەدەبی منداڵان لە ساڵی رابردوودا، بە مەرجێک کە نووسەرەکەی ئەمریکی بێت و، بە زمانی ئینگلیزی کتێبەکەی نووسیبێ و پێشتر چاپی نەکردووبێت. ئەم خەڵاتەش لە ساڵی ( 1921) لە لایەن (فردریک میلشەر) ی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوبردنی کۆمپانیای چاپ و بڵاوکردنەوە کتێب گۆڤارەکانەوە داهێنرا و پێشکەش کرا.
یەکەمین خەڵاتگریێش لە ساڵی ( 1922) دا، بەخشیان بە (هـێندریک ولیـەم).
خەڵاتی ئەمساڵ ( 2017) بەخشیان بەچیرۆکنووس، خاتوو (کیلی بارنهیل) بە بردنەوەی
چیرۆکەی کە لە ژیر ناوی (ئەو کچەی کە مانگی خواردەوە).. کە پاڵەوانەکەی کچێکی منداڵە بە ناوی(لـونا) وە.
هەر لە ئەمریکادا لە ساڵی ( 1938) تەوە، ساڵانە و هاوکات لەگەڵ پێشکەش کردنی خەڵاتەکەی نیوبەری، خەڵاتێکی تر بە ناوی (میدالیای کاڵدیکوت)، پێشکەش بە هونەرمەندێکی وێنەکێشی منداڵان دەکرێت، ئەم خەڵاتەش بۆ رێزلێنان و بەرزڕاگرتنی ناو و یادی هۆنەرمەندی وێنەکێشی بە ناوبانگی ئینگلیزی (راندۆڵڤ کاڵدیکوت)تە، کە کە لە سەدەی نۆزدەمین دا، پسپۆر بوو لە وێنەکیشان بۆ منداڵان. میدالیای کاڵدیکوت پێشکەش دەکرێت بە نەخشەساز و وێنەکێشی باشترین و جوانترین کتێبی چاپکراوی وێنەداری رەنگا و رەنگی منداڵان کە لە ساڵی رابردوودا لە ئەمریکادا. چاپکراوە.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە