هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

سواڵکردن دیاردەیەکی کۆنی ناشارستانی و نامرۆڤایەتییە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. سواڵکەران لە هەموو وڵاتێکدا هەن، شێوە و شێوازی سواڵکردنیش زۆرە. سواڵکردن دیاردەیەکی ترسناکە و ئەنجامێکی نەرێنی و مەترسیداری لەسەر ئەمڕ و داهاتووی کۆمەڵگادا هەیە. هۆکاری سەرەکی سواڵکردنیش نەبوونی و هەژاری و بێکاری و برسێتییە. بەڵام بە داخەوە لەم دواییەدا بەشێکی زۆری سواڵکەران سنووری شەرم و شوورەییان بەزاندووە و ئالوودەی سۆاڵکردن بوونە و، سواڵکردن بووە بە پیشەی رۆژانەیان. گەر ئیشیشیان بۆ هەڵبکەوێت ئیش ناکەن و سۆڵکردنیان پێ خۆشترە.
ئەوەی ئێمە لەم نووسینەماندا مەبەستمانە، بەکارهێنانی منداڵانە بۆ سواڵ پێوەکردن و ساوڵکردن پێیانەوە کە سواڵکەرە پیشەییەکان دڵپاکی و ساوێلکەیی و نەزانی منداڵانیان قۆستوونەتەوە و بۆ پارە پەیداکردن دەیان چەوسێننەوە و بازرگانییان پێوە دەکەن. ئەم منداڵانانە دڵپاک و بێتاوانن، هێشتا باش و خراپ، راست و هەڵە لێک ناکەنەوە.
لە ئەمڕۆدا لە شارەکانی ئەو عێراق و کوردستانەی کە لەسەر دەریایەکی نەوت و گازی سروشتیدان، بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی سواڵکەران زیادیان کردووە و لە زیادبوون دان. بە هۆی نەداری و هەژاری و بێکاری و لەیەک جیابوونەوەی ژن و پیاوەوە. بە تایبەتیش رێژەی سواڵکەرانی ژنان و منداڵان زۆر زیادیان کردووە. وەکو وتمان سواڵکردن بۆتە پیشەیەکی ئاسانی سواڵکەرە خووگرتووەکان. ئەم ژنە سواڵکەرانە بۆ راکێشانی سۆز و بەزەیی خەڵکانی خێرخواز، منداڵانی کۆرپە و ساوا و منداڵانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان بەکاردەهێنن. لە قرچەی هاوین و لە چلەی زستاندا بە رووتی یا بە جل وبەرگێکی تەنک و دڕاو و چڵکنەوە، ئەو کۆرپە و ساوا ناسک و بێتاوانانە، لەسەر شۆسەی شەقامەکانی شارەکان درێژیان دەکەن. بە ئەنقەستیش برسییان دەکەن، تا بگرین و بکڕوزێنەوە و بنووزێنەوە و خەڵکی بەزەیی پێیانبێتەوە.. زۆربەیان منداڵی خۆیان نین، بەرانبەر بە پارەیەکی رۆژانەی کەم لە خێزانە هەژار و نەبوونەکان بە کرێیان گرتوون. ئەم منداڵانە تووشی نەخۆشی جەستەیی و دەروونی بوونە و دەبن.
بێگۆمان لە ئەمڕۆدا، چەندین تۆڕ و گروپی مافیای بێوژدان و بێڕەوشت هەن، کە بازرگانی بە منداڵانەوە دەکەن، بە بڕە پارەیەکی کەم سواڵیان پێدەکەن، یا بۆ دزی و کاری ناڕەوا و نەشیاو بە کاریان دەهێنن. لەوانەیە دەستدرێژیش بکەنە سەریان، ئەو منداڵە ناسک و هەناسەسارد و بەدبەخت و بێنازانە، کە لە تەمەنی چرۆ و خونچەدان. لە مافی خوێندن و فێربوون، لە خۆشی و شادی، لە یاری و خەندە و پێکەنین، لە سۆز و خۆشەویستی، لە خۆشیەکانی تافی منداڵییەتی بێبەشن. وەکو منداڵێکی ئاسایی ناژین و، بە دروستی گۆش و پەروەردە ناکڕێن. فێری فڕوفێڵ و درۆ و کاری ناپەسەندیان دەکەن. خەڵکیش بە چاوێکی سووکەوە لێیان دەڕوانن. ئەم ساوا و منداڵە سواڵکەرانە تووشی گرێی دەروونی دەبن و نابنە کەسایەتیەکی ئاسایی و، رقییان لە کۆمەڵگاکەیان دەبێتەوە.. دەبنە زەمینەیەکی لەباریش بۆ ئەوەی کە لە رێ دەربچن و، کەسانێکی تاوانباریان لێهەڵبکەوێت و جۆرەها تاوان ئەنجام بدەن. یا تووشی مادە هۆشبەرەکان ببن و بازرگانییان پێوە بکەن. بە کورتی نەوەیەکی سەقەتیان لێدێتە کایەوە.
لە وڵاتی ئێمەدا، تا ئێستا یاسایەک نییە، کە منداڵان لەو گروپ و تۆڕە مافیانە بپارێزێت و سزایی یاسایی ئەو توانبارانە بدەن، کە دڵپاکی و ساوێلکەیی منداڵان دەقۆزنەوە و بۆ سواڵکردن و کاری نەشیاو بەکاریان دەهێنن. ئەمەش شوورەیی و شەرمەزارییە بۆ حکوومەتی دەسەڵاتدار. لە داهاتوودا باجێکی زۆری ئەم گوێ پێنەدان و پەراوێزکردنە دەدەینەوە.؟ کوا رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان.؟ کوا لیژنەی مافەکانی منداڵ و خێزان لە پەرلەمانی کوردستان.؟ بۆ هیچ هەڵوێستێکیان نییە.؟! بۆ ویژدانتان مردووە و بەزەییتان بەو منداڵە ناسکە بەدبەختانەدا نایەتەەوە.؟! لە ئەمڕۆدا تەنها لە شاری سلێمایدا نزیکەی (450) منداڵ، لە شاری کەرکوکدا زیاتر لە (350) منداڵ، لە شاری هەولێریشدا نزیکەی (400) منداڵ، کە تەمەنیان لە نێوان هەشت بۆ شانزە ساڵانن، لەسەر شەقامەکاندا کاری دەستگێڕی دەکەن یان لەسەر عەرەبانە شت دەفرۆشن. یا پێڵاو بۆیەدەکەن، عەلاگە دەفرۆشن. زۆربەیان نەچوونەتە قوتابخانە یا لەبەر هەژاری و نەبوونی و، دابین نەکردنی پێداویستییەکان، ناچار بوونە کە واز لە خوێندن بهێنن.
لە هەموو یاسا ناوخۆییەکانی دەوڵەتان و، نێودەوڵەتیدا، قوستنەوەی منداڵان بۆ سواڵ پێکردن یا سواڵکردن پێیانەوە بە تاوان دادەنرێت، سزای تاوانبارانی ئەم تاوانە دەدەن.
مانگی رابردوو لە کەرکوک بووم، لە شەقامی پزیشکان کە قەڵەباڵغترین شەقامی شاری کەرکوکە. زیاتر لە دوانزە جار ئەم دیمەنە دڵتەزێنەم بە چاوی خۆم بینی. کە ژنێکی سواڵکەری عەرەب کە تەمەنی چل و پێنج ساڵ دەبوو، بە بەرچاوی پۆلیسی کەرکوکەوە لە ناوەڕاسی شەقامی پزیشکان دانیشتبوو، لە بەردەمی خۆیدا چوار منداڵی لەسەر پشت درێژکردبوون، تەمەنی دوانیان لە نێوان حەوت مانگ بۆ نۆ مانگ دەبوون، ئەو دوانەی تریان لە ساڵ زیاتر بوون، منداڵەکان دەنوزانەوە، زۆر بێزار و سەغڵەت بوون. رەنگە برسییان بووبێ، یا ئازاری جەستەییان هەبێت.. گومانم هەیە کەمنداڵی خۆی بن، رەنگە لە خێزانە هەژارەکان بەکڕێی گرتووبن بۆ مەبەستی سواڵکردن.
هەر لە کەرکوک، لەسەر پردی دووەم ژنێکی تری عەرەب منداڵێکی کوڕی سێ ساڵانی لە بەردەم خۆێدا دانابوو، سکی منداڵەکەی رووت کردبوو، منداڵەکە نەشتەرگەری بۆ کرابوو. پانزە تەقەڵ زیاتر بە سکی منداڵەکەوە دیاربوو. هێندە خۆر لە سکی ئەو منداڵەی دابوو. رەنگی پێستی سکی قاوەیی ببوو. لەوانەشە ژنە سواڵکەرەکە بە مکیاج رەنگی سکی قاوەیی کردووبێت. من وا هەستم کرد کە خۆر سووتاندبووی.
ئەمانە و چەندین چیرۆک و دیمەنی تری هاوشێوەی ئەو دوو سواڵکەرم لە شاری سلێمانی و هەولێريش بینی، کە منداڵان بوونەتە کەرەستەی سواڵکردن.. بەشێک لەو ئافرەتانە لە ئاوارەکانی سوریا و خوارووی عێراق بوون. هەندێکیان تەمەنیان لە نێوان بیست بۆ سی ساڵان دەبوون و هەمووشیان منداڵی ساوایان پێ بوو. گێچەڵ پێکردن و قسە و توانجی هەرزەکارانیش بەم ئافرەتانە لە لایەکی ترەوە.
بە دەیان منداڵانی ناسکیش کە تەمەنیان لە هەشت بۆ دوانگزە و سیانزە ساڵان دەبوون، بە نێو ئۆتۆمبیلەکانی سەر شەقامەکانی سلێمانی و هەولێر و کەرکوکدا پێچیان دەکردەوە و لە شۆفێرەکان دەپاڕانەوە تا پاکەتێک کلینکسیان لێبکڕن. لەسەر نیوەی ئەو منداڵانە منداڵی کورد بوون. نەبوونی و رەشوڕووتییان پێوە دیاربوو.
هەموو ئەمانە تاوانن و پێشێلکردنێکی زەقی مافەکانی منداڵانن. بە پلەی یەکەمیش ئۆباڵیان لە ئەستۆی حکوومەت دایە. مەبەستیشم حکوومەتی عێراق و کوردستانیشە.. هیوادارم بە جددی و دڵسۆزی و سۆزەوە پەرلەمان و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و هەر هەموو ئەو رێکخراوانەی کە داکۆکی لە مافەکانی منداڵان دەکەن. هەموو ئەو کەسانەش کە خۆیان بە خەمخۆری منداڵان دەزانن و هیواخوازی داهاتووەیەکی گەشتر و شیاوترن بۆ کورد و کوردستان. بێنە سەرخەت و، هەڵوێستی جددییان هەبێت و بێدەنگ نەبن بەرانبەر بەم تاوانانەی لە منداڵان دەکرێن.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە