هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

بەشێکی زۆر لە کەڵە نووسەرانی جیهانی (هۆنراوەنووسان، چیرۆکنووسان، رۆماننووسان، شانۆنووسان) منداڵانیان فەرامۆش نەکردوون، بەشێک لە نووسینەکانیان، بە تایبەتی بۆ منداڵان نووسیوون، بە شێوازێکی ئاسانتر و کورتتر و بەزمانێکی شیرین بۆیان داڕشتوون، لەوانەش (تۆڵستۆی، چارلـز دیکنز، ڤیکتۆر هۆگۆ، پۆشکین، ئۆسکارد وایڵد، تاگوور، مەکسیم گۆرگی، ئەحمەد شەوقی،…) لە هۆنراوەنووسانی کوردیشمان (ئەحمەدی خانی، فایـق بێکەس، پیرەمـێرد، زێـوەر، گـۆران، هـەژار موکریانی، قـانیع،…)
(ئەلیکسی ماکسیمۆڤیتش بیشکۆڤ) کە بە نازناوی ئەدەبی (مەکسیم گـۆرگی) ناسراوە و نووسینەکانیشی هەر بەم ناوەوە نووسیون و بڵاوی کردوونەتەوە.
کەڵە رۆماننووس و چیرۆکنووس و شانۆنووس و وتارنووس و چالاکوانێکی سیاسی روسییە، خاوەنی شاکارە رۆمانی جیهانی (دایـک: 1907)ـە. مەکسیم گۆرگی بە دامەزرێنەری قوتابخانەی راستیی ئەدەبی و بە سەرکردەی شۆڕشیکی ئەدەبی لە روسیا دەزانرێت.
مەکسیم گۆرگی لە (28ی/ ئادار/1868) دا، لە شاری(نێژنی نۆڤگورۆد) لە رووسیا لەدایکبووە.. تەمەنی پێنج ساڵان بوو، باوکی (مەکسیم پیشکۆڤ) کۆچی دوایی کرد.. دایکی ( ڤارڤارا کاشیرنیا) دووبارە شووی کردەوە، نەنکی و باپیری (باوک و دایکی باوکی) ئەرکی پەروەردەکردن و بەخێوکردنیان گرتە ئەستۆیان.. باپیرەی پیاوێکی رەق و توندوتیژ و گرژ بوو.. بەڵام نەنکی ئافرەتێکی بەسۆز و میهرەبان و نەرم بوو، مەکسیم گۆرکیی زۆر خۆشدەویست.. شەوانە بە شێوازێکی شیرین چیرۆکی فۆلکلۆری خۆشی بۆ دەگێڕایەوە.. ئەم چیرۆکانە بوونە ئیلهام بۆ ئەوەی گۆرگی هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی چیرۆک نووسین بکات.. بە هۆی دەستکورتی ماڵی نەنکییەوە، مەکسیم گۆرگی لە تەمەنی هەشت ساڵێیەوە ناچاربوو کاربکات.. چەندین کاری قورس و سەختی کرد کە لەگەڵ تەمەنی دا ناگونجان وەکو ئشکردن لەنانەوەخانە، مانگی بە دوو رۆبل.. تەمەنی نۆ ساڵان بوو دایکیشی کۆچی دوایی کرد.. دوایش نەنکیشی کۆچی دوایی کرد.. گۆرگی بە مردنی دایکی و، بە تایبەتیش نەنکی کە زۆر خۆشەویستی و پێگەیەکی تایبەتی لە دڵیدا هەبوو، غەم و ناخۆشی و کەسەرێکی زۆر چووە دڵییەوە، کاریگەرییەکی زۆر تێکردن.. ژیـان بۆ منداڵێکی بێنازی بێ دایک و بێ باوک زۆر ناخۆش و سەخت بوو.. چونکە هێچ داڵدەیەکی ئەوتۆی نەبوو رووی لێبکات.. ماوەیەک وێڵ و سەرگەردان و دەربەدەربوو.. بە روسیادا دەسوڕایەوە.. شوێنێکی نەبوو تیا بسرەوێت.. لە تەمەنی نۆزدە ساڵان دا، لەبەر هەژاری و نەبوونی و بێ پارەیی و بێکەسی، هەوڵی خۆكوشتنی دا.. خۆی بریندارکرد و خەریک بوو بمرێت.
بەڵام زۆر جار ژیانی سەخت و تاڵ و پڕ لە مەینەتی و کارەسات، وا لە مرۆڤ دەکات کە زیاتر بڕوای بە خۆی هەبێت و خۆڕاگربێت و بێ هیـوا و نائومـێد نەبێت.. دۆخە ناخۆشەی بە کۆتایی ژیان و جیهان نەزانێت.. بە گەشبینییەوە بگەڕێت بۆ دۆزینەوەی دەرگایەکی تری بەختەوەری و خۆشی.. بۆیە مەکسیم گۆرگی پەشیمان بۆوە، کورد وتەنیش: لە دوای تەنگانە شێنەیی دێت. .
گۆرگی دەڵێ: تا مرۆڤ زیاتر تاڵی بچێژێت.. زیاتر برسیی خۆشییەکانی ژیان دەبێت. . دەشڵێ: جیهان وەک شەوێکی تارێک وایە. هەموو کەسێک دەبێت چرای خۆی داگیرسێنێت.
مەکسیم گۆرگی لە ساڵی (1892) لەگەڵ (کاترینا بیشکۆفا) دا کە چالاکوانێکی بواری مافەکانی مرۆڤ بوو، هاوسەرگیرییان کرد. دوو کوڕیان بوو.
مەکسیم گۆرگی بە منداڵی زۆر حەزی لە قوتابخانە و لە خوێندن بوو، دەڵێ:
ئەگەر پێمیان بوتایە، پێتدەخوێنی، بەو مەرجەی هەموو رۆژانێکی شەممان لە گۆڕەپانی (نیکۆڵا یێڤسکی) دا، چینی دارکاریت دەکەین، بێگومان رازی دەبووم” زۆرحەزیش دەکرد کە بچێتە زانکۆ و خوێندنی باڵا تەواوبکات. بەڵام هەژاری و سەرگەردانی رێگربوون لە رووی ئەم حەز و هیـوایەی.
زۆریش لە قوتابخانەدا بەردەوام نەدەبوو، بچڕ بچڕ دەچوو.. بەڵام زۆری دەخوێندەوە.. یەکێک لەو پەرتوکانەی کە خوێندییەوە و سەرسامی بوو، پەرتوکی (زەردەشت وای وت” لە نووسینی بیرمەندی ئەڵمانی (نیتشە).
گۆرگی لە ساڵی (1890) دا بە نووسینی کـورتە چیرۆک، دەستی بە نووسین کرد و بڵاویانی کردنەوە..
لە ساڵی (1892) دا، یەکەمین چیرۆکی خۆی نووسی و بڵاوی کردەو کە لەژێر ناونیشانی (ماکـار چـۆردا) دایە.. چەندین چیرۆکی تری بە دوای ئەم چیرۆکەدا نووسسی و بڵاوی کردنەوە.. دوایش دەستی بە رۆمان نووسین کرد، چەند رۆمانێکی بەرزی هەیە.. زیاتریش بە رۆمانی (دایک) ناوبانگی دەرکرد کە بەیەکێک لە شاکارە رۆمانە جیهانییەکان و کراوە بە فیلمی سینەمایی.. کە وەریان گێڕاوە بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهان نووسەر رووناکبیر و سیاسەتمەداری کوردمان خوالێخۆشبوو مامۆستا (کەریمی حیسـامی) رۆمانی (دایک)ی لە زمانی فارسییەوە وەگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی..هەروەها گۆرگی چەند شانۆیەکی سەرکەوتووشی نووسیوون، زۆربەیان لەسەر تەختەی شانۆدا نماییش کران.. بە دەیان وتار و رەخنەی ئەدەبی و سیاسیشی نووسیوە.. هاوڕێتیشی لەگەڵ لینین و ستالین دا هەبوو.
شایەنی باسیشە وشەی (گۆرگی) لە زمانی روسیدا، مانای (تـاڵ) دەگەیەنێت.. هەڵبژاردنی ئەم نازناوەش لە لایەن مەکسیم ەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژیانە تاڵ و سەخت و ناخۆش و پڕ کارەسات و کوێرەوەری و مەینەتییەی کە گەلی روسی لە سایە دەسەڵاتی قەیسەری دا دەیان چێشت.. ئەم راستییەشی بە چاوی خۆی بینی.. هەروەها بۆ ژیانی تاڵ و سەختی منداڵی و هەرزەکاری خۆی.. بۆ ژیانی تاڵی دایکە بەدبەختەکەی کە بە دەست مێردی دووەمییەوە، گیریخواردبوو.. کە پیاوێکی مەیزەدە و هەمیشە سەرخۆش و توندوتیژ بوو، دەستی لە دایکی دەوەشاند و هـەر خەفەتیشەوە مرد.. ئەم هەموو تاڵییانە، وای لە مەکسیم کرد کە وشەی (گـۆرگی: تـاڵ) بکات بە نازناوی ئەدەبی و بەم ناوەوە بنووسی و بڵاوبکاتەوە.
گۆرگی سەرگوڕشتەی ژیانی خۆی لە سێ بەشدا نووسیوەتەوە، دوو بەشیان باس لە تاڵییەکانی قۆناغی ژیانی منداڵی و لە قۆناخی هەرزەکاری و لە ژیانی سەخت و تاڵی خەڵکی دەکات.
مەکسیم گۆرگی لە تەمەنی (68) ساڵیدا لە ساڵڕۆژی(18ي/ یونی/1936) دا لە شاری مۆسکۆدا کۆچی دوایی کرد. لە گۆڕەپانی سوور، لە بن دیواری کرملین دا، لە ریزی شۆڕشگێڕان و نەمرەکانی روسیادا بە خاکیان سپارد.

ئەدەبی مـنداڵان لە روانینی مەکسیم گۆرگییەوە
ئەوەی ئێمە لەم نووسینەدا مەبەستمانە ئاوڕدانەوە و روانینی مەکسیم گۆرگییە لە ئەدەبی منداڵان.. کە رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی هەبوو لە گەشەکردنی و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵانی روسی دا.. داواشی لە نووسەرانی ئەدەبی منداڵانیش کرد.. کە هەوڵی داهێنان و تازەگەری بدەن لە ئەدەبی منداڵان دا.
گۆرگی دەڵێ: منداڵ لە هەموو سەردەمێکدا هێمای بێتاوانی و پاکی و خێر و راستی و جوانییە. لە بارەی شێوازی نووسینیش بۆ منداڵان، دەڵێ: پێویستە بە هەمـان شێوازی نووسین بۆ گەورەکان. هەر بەو شێوازەش بۆ منداڵان بنووسین، بەڵام بە ئاستێکی باشتر” لە روانینی ئەوەوە، پێویستە نووسین بۆ منداڵان، بەپێی خواست و ئارەزووەکانی منداڵان بێت، نەک بەپێی ویستی نووسەران. گۆرگی تەنها بە قسە پابەندی ئەم بیر و باوەڕ و روانینانەی نەبوو، بەڵکو زۆر جار لەگەڵ منداڵان خۆشیان دادەنيشت و لێی دەپرسین: حەزتان لە چ جۆرە نووسینێکە؟ جارێکیان بە فەرمی بە ناردنی نامە ئەم پرسیارەی ئاراستەی ژمارەیەک لە منداڵانی روسیا کرد:ئـارەزووی خوێندنەوەی چی دەکەن..؟” لە زیاتر لە دوو هـەزار منداڵەوە وەڵامی پرسیارەکەی پێگەیشت، نووسیبوویان لە “هەمـوو شـتێک.
مەکسیم گۆرگی لەم وەڵامەوە، لە گرێ و لە رێنماییەکانی گەورەکـان وازیهێنا و دەستبەرداری فیز و خۆبەگەورەزانین بوو.. چووە نێو جیهانی وەنەوشەیی سەیر و سەمەرەی منداڵانەوە.. جیهانی راستی و پاکی و بێتاوانی، گوێی لە هیـوا و خواست و راز و لە خەونە شیرین و سەوزەکانیان دەگرت.. بۆیە مەکسیم گۆرگی فەلسەفەی خۆی لە دەستەواژەی “هەمـوو شتـێک”دا چڕکردەوە.
مەکسیم گۆرگی، ماڵەکەشی کردبوو بە ژوانگەیەکی نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، زۆرجار لەگەڵیاندا دادەنیشت و گوێی لێدەگرتن.. باس و تاوتوێ نووسین و ئەدەبی منداڵانی لەگەڵ دەکردن. بۆچوونەکانی و رێنمایی و ئامۆژگارییەکانی پێدەوتن.. چەند جارێکیش کێبڕکێی بۆ ئەدەبی منداڵان سازکرد. خەڵاتی رێزلێنانی بە نووسەرانی تێکستە باش و براوەکان دەبەخشی. شایەنی باسیشە مەکسیم گۆرگی، گەورەترین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەدەبی منداڵانی لە روسیادا دامەزراند.. کە هۆکارێکی گرنگ و هاندەربوو، بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵانی روسی.
لە تێڕوانینی گۆرگییەوە پێویستە ئەدەبی منداڵان، هاوڕەوت بێت لەگەڵ پـەروەردەی نوێدا.. پەروەردەش پەروەردەیەکی کۆمەڵایەتی بێت. پەروەردەی کۆمەڵایەتیش بە لای گۆرگییەوە، ئەنجامدانی کاری شۆڕشگێڕانەیە. رزگارکردنی مێشکی منداڵانە لە خەیاڵی پـووچ و لە داب و نەریتی بەسەرچووی سواو. دەبێت منداڵان بە شێوازێک گـۆش و پەروەردە بکرێن، کە زیاتر لە داهـاتوو بڕوانن، وەک لەوەی ئاوڕ لە رابردوو بدەنەوە.
گۆرگی دەڵێ:”کاروانی رابردوو ناتگەیەنێت بە هیچ شوێنێک” مەبەستی گۆرگیش ئەوە نییە، کە هێڵی راست و چەپ بەسەر رابروودا بهێنین و لەبەر چاوی منداڵانی بخەین، یا لە رەگەوە رەگکێشی بکەین. چونکە ئەمـڕۆ لە دوێنێ لە دایک بووە، سبەینێش لە ئەمـڕۆ لەدایک دەبێت، ئەوەی رابردووی نەبێت، ئەمڕۆ و داهاتووشی نابێت.. مەبەستی گۆرگی ئەوەیە، پێویستە بە شێوەیەکی راستگۆیانە و روون، بەبێ ئارایش و رتووش، باسی رابردوو بۆ منداڵان بکەین.. لەم رووەوە دەڵێ:”پێویستە زانیاری لە خزمەتی منداڵاندا بێت.. منداڵانیش وا رابهێنین کە بیر لە داهـاتوو بکەنەوە.
مەکسیم گۆرگی، جەخت لەسەر بایەخی چیرۆکە کۆنە میللیەکان دەکاتەوە، کە گرنگییان هەیە لە گەشەکردنی هۆش و هزری منداڵان، لە هەستکردنیان بە داهێنان لە هونەر و ئەدەب دا، لە دەوڵەمەنکردنی زمانیان، لە بەخشینی چـێژ و خۆشی و شادی پێیان.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.