هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

مەبەستی ئێمە لەم نووسینەمان، نەبوونی رەخنەی ئەدەبییە لە ئەدەبی منداڵانی کوردمان لە کوردستان دا. کە تا ئەمڕۆش بە نرخی نەبوونە.
هۆنەری نووسین بۆ منداڵان (هۆنراوە، چیرۆک، رۆمان، شانۆ) کارێکی ئاسان و هەڕەمەکی نییە، بەڵکو لە زۆر رووەوە پێویستی بە شارەزاییەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، بتوانن سەرکەوتووبن و شوێن پەنجەیان لەم بوارەدا دیاربێت و، نووسینەکانیان شایستەی ئەوەبن، کە ناویان لێبنرێن بۆ منداڵانن. پێویستە نووسەرانی ئەدەبی منداڵان داهێنەربن و بابەتی نوێ پێشکەش بە خوێنەری منداڵانی کوردمان بکەن. تا بتوانن لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکان و داهێنانە تازەکانی ئەم سەردەمە خێراڕەوەدا دەربەرن و، لە کاروانی پێشکەوتن دوانەکەون.

بزووتنەوەی ئەدەبی منداڵانی کوردمان، لە دوای ساڵی 1970 ەوە پێیگرت.
بەڵام لە دوای راپەڕینەکەی باشووری کوردستان لە ساڵی 1991 دا، ئەم بزووتنەوەیە هەنگاوی بۆ پێشەوە نا. ژمارەیەک شاعیر و نووسەری تازەی کوردمان ئەم بوارەیان بەسەر کردەوە، چەندین بابەتی هەمەجۆرەی ئەدەبییان بۆ منداڵانی کوردمان نووسین و چاپیان کردوون. بەڵام لەم بوارەدا هێشتا لە قۆناغی سەرەتاداین و، زۆرمان ماوە کە بگەینە گەلانی پێشکەوتووی جیهان.
دێنە سەر کرۆکی باسەکەمان کە دەربارەی بایەخ و گرنگی رەخنەی ئەدەبییە لە داهێنان و لە پێشکەوتنی ئەدەەبی منداڵان دا.
رەخنە لقێکی گرنگی ئەدەبییە، ئەو هونەرەیە کە بایەخ و گرنگییەکی زۆر بە تێکست و کارە ئەدەبییەکان دەدات بە پێی کۆمەڵێک بنەما و پێوەری رەخنەیی, کە لە لایەن کەسانێکی رەخنەگری شارەزا و ئەکادیمی لە بواری رەخنەی ئەدەبی دانراون. هەر رەخنەگرێکیش لە میتۆدێک زیاتر بەکاردەهێنێت بۆ خۆێندنەوە و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی کار و تێکستە ئەدەبییەکان بە شێوەیەکی زانستی و بابەتی و بەرنامە سستەماتیکی.
بە داخەوە تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆری رەخنەگرانی بواری ئەدەبی گەورەکان، بە چاوێکی سووکتر و نزمتر و، بە پلە دوو لە ئەدەبی منداڵان دەڕوانن. بوونی رەخنەی ئەدەبی بە پێی بنەما و پێوەرە رەخنەییەکان، ئاستی داهێنانی ئەدەبی منداڵان بەرز دەکاتەوە و پێشی دەخات. رێگریش لە زۆربی و بۆربی و لە چاپکردنی نووسینیی لاوز و کاڵوکرچ دەکات. بۆیە بوونی رەخنە لە ئەدەبی منداڵان دا، پێویستییەکی گرنگە، نەبوونی یا لاوازیشی هۆکارێکی دواکەوتنی ئەدەبی منداڵانە.
ئایە رەخنەگری بواری ئەدەبی منداڵانی کوردمان هەیە.؟ لە راستیدا تا ئەمڕۆ رەخنەگرێکی شارەزا و ناسراوی کوردمان شک نابەم، کە وەکو رەخنەگرێکی ناسراوی ئەم بوارە خۆی ناساندووبێت. کە بە شێوەیەکی پراکتیکی و بابەتی و زانستی، بە پێی بنەماکانی رەخنە. رەخنەی لە کتێبێکی منداڵان گرتووبێ و، لە هەموو روویەکەوە، لێکۆڵینەوە و شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی بۆ کردووبێ. کەچی لە وڵاتانی رۆژئاوا و لە ئەمریکادا. چەندین رەخنەگری پسپۆر و شارەزا هەن، کە بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان لە بواری ئەدەبی منداڵان و لە رەخنەی ئەدەبی منداڵان وەرگرتوون. بە شێوەیەکی پراکتیکی چەندین رەخنەی ئەدەبیان لەسەر ئەدەبی منداڵان نووسیون و چاپیان کردوون.
جا بۆ ئەوەی ئەدەبی منداڵانی کوردمان، لە کوردستان دا گەشەبکات و پێش بکەوێت، پێویستیمان بە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی (تیـۆری و پراکتـیکی) هەیە دەربارەی ئەو کار و کتێب و بەرهەمە ئەدەبییانەی ئاراستەی منداڵانی کوردمان دەکرێن. تا ئەم لێکۆڵینەوە و توێژینەوانە، پاڵ بە نووسەرانی ئەم بوارەوە بنێن کە خۆیان و کارە ئەدەبییەکانیان پێشبخەن. پێویستیشە لەسەر ئاستی باڵای خوێندن بایەخ بەم بوارە بدرێت. چ خوێندکارێکی باڵای کوردمان شانازیی ئەوەی پێ دەبەخشرێت، کە بڕوانامەی ماستەر یا دکتۆرا لە بواری ئەدەبی منداڵانی کورردمان وەردەەگرێت. هیواداریشم کە (یەکێتی نووسەرانی کورد) کۆڕی تایبەت بۆ نووسەرانی ئەدەبی منداڵان سازبکات.

نەبوونی رەخنە، تەنها هۆکاری دواکەوتنی ئەدەبی منداڵان نییە، بەڵکو چەند هۆکارێکیتریش هەن وەکو:
1- گرنگترین هۆکاری دواکەوتنی ئەدەبی منداڵانی کوردمان، داگیرکردنی کوردستانە لە لایەن چەند دەوڵەتێکی رەگەزپەرست و فاشستییەوە، کە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامەردانە منداڵانی کوردمان دەچەوسێننەوە، دەیانەوێت زمان و کولتووری کوردیمان لەناوبەرن. تا ئەمڕۆش لە باکوور و لە رۆژهەڵات و لە رۆژئاوای کوردستان دا، قەدەغەیە کە منداڵانی کوردمان بە زمانی کوردیمان بخوێنن. بە زۆرداری و بە تۆبزی زمانی تورکی و فارسی و عەرەبییان سەپاندوون بە سەریاندا. بە مەبەستی کاڵکردنەوەی سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ کورد و کوردستان.
2- کەمی ژمارەی نووسەرانی ئەدەبی منداڵانی کوردمان. کە لە هەموو کوردستان دا، ژمارەیان لە پەنجا نووسەر (هۆنراوەنووس، چیرۆکنووس، شانۆنووس) تێناپەڕێت. واتە بۆ هەر ملێونێک کورد، نووسەرێکی ئەدەبی منداڵانمان هەیە. ئەمەش رێژەیەکی کەمە لە چاو ژمارەی منداڵانمانەوە.
3- هاوکاری نەکردنی ماددی نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، بۆ چاپکردنی نووسینە ئەدەبییەکانیان. هەروەها نەبوونی دەزگایەکی کارای تایبەت بە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێب و گۆڤارەکانی منداڵان.
4-  لانەدانی هەندێ لە نووسەرانی ئەدەبی منداڵانی کوردمان، لە رێبازی کلاسیکی ئەدەبی منداڵان، کە لە شێوەی پەندێری و ئامۆژگاریی وشک و تەڵقین ئاسایی دایە، بێ ئەوەی کە ئەوە بزانن، منداڵانی ئەم سەردەمە و خواست و پێداویستییەکانیان، وەکو منداڵانی سەدەی رابردوو نین.
ئەوانە و چەند هۆکارێکی کەش بوونەتە تەنگەژە لە رێی گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵانی کورمان لە کوردستانی نیشتمانی شیرینمان.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت