هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

خوێندنەوە زۆر گرنگ و پێویستە، لەم سەردەمەدا بووە بە یەکێک لە پێویستییەکانی مرۆڤ. کە لە دوای هەڵمژینی هەوای پاک و خواردن و خواردنەوە و نووستن و یاری کردن، ریزبەندی دێتە سەر خوێندنەوە.. وەکو چۆن لەشمان پێویستی بە خۆاراکی هەمەجۆرە هەیە بۆ ئەوەی بڕسکێ و گەشەبکات، خوێندنەوەش خۆراکی مێشکمانە. لە رێگای خوێندنەوەوە زانست و زانیاری هەمەرەنگە بە دەستدەهێنین، بۆ گەشەکردنی هۆش و گۆش و هزر و بیر و زەینمان. (ستیل) دەڵێ: خوێندنەوە وەرزشی هۆشە” خوێندنەوە هۆیەکی گرنگی فێربوون و خۆڕۆشنبیرکردنە. بنەمایەکە لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی دروستبوونی کەسایەتییەکی دروست و تەواو و سەرکەوتوو لە ژیاندا.
خوێندنەوە یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی رۆشنبیری منداڵان. شارەزایانی پەروەردە هاوڕان لەسەر گرنگی چاندنی حەز و خۆشەویستی خۆێندنەوە لە قۆناخی زووی منداڵیدا لە دەروونی منداڵاندا، باشتر وایە هەر لە منداڵییەوە منداڵان هۆگر و ئاشنای کتێب و گۆڤارەکانی منداڵانیان بکەین و، ببن بە هاوڕێی هەمیشەی کتێب.. خوێندنەوە ببێت بە خوویەکی بەسوودیان و دەقی پێوەبگرن و، ببێت بە بەشێک لە ژیانیان.
(داردین) دەڵێ: تۆ لە ماڵی خۆت دایت و، بە خوێندنەوەی کتێب، گوزەری جیهان دەکەی” لەو رستە جوانانەی کە لەسەر دیوارە بەجێماوەکانی فەرعەونییە میسرییەکان هەڵکۆڵراون: رۆڵەکەم وات لێدەەکەم کە چۆن دایکت خۆشدەوێ.. ئاوهاش کتێبت خۆشبوێت. یا زیاتر” دەربارەی رۆڵی ئەرێنی دایکانیش کە پێشەنگبن لە خوێندنەوەدا بۆ منداڵەکانیان.. شاعیرێکی ئینگلـیزی لە هۆنراوەیەکدا بە ناوی( دایکی خوێنەر) ەوە دەڵێ:

دەشـــــێ ســــامانێکی شـــاراوەی راســــــتیـت هــــەبێ
قوتـــوویەک پـــڕ لە دوڕ و سەنــووقێ زێــڕت هــــەبێ
بـەڵام هـەرگــــــــیز لە مــــن دەوڵەمـــەنـــــــتر نیــــــت
چونکە من دایکێکم هەیە فێرم دەکا و بۆم دەخوێنێتەوە

هەموو ساڵێک، عاشقان لە رۆژی (14ی/ فبرایەر) دا بە بۆنەی (جەژنی خۆشەویستی) یەوە، پیرۆزبایی دەکەن و گوڵی سوور پێشکەش بە یەکتری دەکەن. بەڵام زۆربەی خەڵکی ئەوە نازانن کە رۆژی (14ی/ فبرایەر) رۆژێ خوێندەوەشە بۆ منداڵان، بە ناوی ( بۆ منـداڵەکەت بخـوێنەوە) ئەمەش گوزارشتە لە بەرجەستەکردنی خۆشەویستیی خوێندنەوە بۆ منداڵان.. لەم رۆژەدا لە زۆر شوێنی جیهاندا، خێزانەکان هەریەکە بە شێوازێک ئاهەنگ بەم بۆنەیەوە دەگێڕن و چالاکی رۆشنبیری ئەنجام دەدەن، وەک: هەڵبژاردنی کتێبێک بۆ ممنداڵان و خوێندنەوەی لە نێو خێزاندا، یا بە کۆمەڵی دەچن لە یانەیەکدا دەخوێننەوە، یا لە قوتابخانەکاندا دەبێتە رۆژێکی تایبەتی بە خوێندنەوەوە. یا خوێندنەوەی چەند کتێبێک لە لایەن خودی منداڵانەوە، کە باوکانیان یا دایکانیان، کاتێ کە منداڵ بوون، حەزیان بە خوێندنەوەی ئەو کتێبانە بووە.. یا گەڕانی دایکان و باوکان بە کتێبخانەکاندا بۆ کڕینی کتێب و گۆڤاری تازە و پێشکەشییان دەکەن بە منداڵەکانیان.
خۆزگە ئەم نەریتە جوانە لە کوردستانی ئێمەشدا دەبوو بە باو.. منداڵانی کوردیشمان لەگەڵ خێزانەکانیاندا لەم رۆژەدا ( بۆ منداڵەکەت بخوێنەوە) ئاهەنگی شیاو و چالاکی جۆراوجۆریان لە بواری خوێندنەوەی کتێب و گۆڤارەکانی منداڵان ئەنجام دەدان. دایکان و باوکان کتێب و گۆڤاری کوردییان بۆ منداڵان پێیشکەش بە منداڵەکانیان دەکردن..تا خۆشەویستی خوێندنەوەی و گرنگی کتێب و گۆڤارەکان لە دڵ و دەروونی منداڵە چاوگەشەکانمان شیرین بکردان. هیوای ئەوەش دەخوازم، کە رۆشنبیریکردنی منداڵەکانمان کە هیـوای داهـاتووی کوردستانن، ببێت بە خواست و خەمی سەرەکیمان هەموومان هاندەر و پاڵپشتیان بین.
برای دڵسۆز و خۆشەویستم، ئەندازیار کاک (محـەمەد بـەرزی) کە نووسەرێکی بە توانا و، شاعیر و چیرۆکنووسێکی ناسراوی بواری ئەدەبی منداڵانە. خاوەن چەند کتێبێکی هۆنراوە و چیرۆکی چاپکراوە بۆ منداڵان. ئەو ئێستادا لە ئەمریکادا دەژی. جارێکی وەکو بیرەوەرییەکی منداڵیی خۆی بۆمی نووسیبوو: کە منداڵ بووم باوکم خەنجەرێکی دەبانی بە دیاری بۆ کڕیم و پێی وتم: ئەمە لەژێر سەەرینەکەتدا دابنێ. خۆ ئەگەر باوکم کتێبێک یا گۆڤارێکی منداڵانی لە جێی ئەو خەنجەرە بۆ بکڕیمایە.. ئێستا لە ئاستێکی تـردا دەبـووم”
دێینە سەر باسەکەمان کە گرنگی کتێبخانەی ماڵەوەیە لە رۆشنبیریکردنی منداڵدا. منداڵی ژیر و وریا و زانست و زانیاری پەروەر، لە پشووی هاویندا کاتێکی زۆری بە دەستەوەیە بۆ ئەوەی سوود لە بەهرە و لە توانا و ئارەزووەکانی وەربگرێت، یەکێک لەو ئارەزووە بەسوودانە، خوێندنەوەی کتێب و گۆڤارەکانی منداڵانە. منداڵ لە رێی خوێندنەوەوە فێردەبێت و بە زانست و زانیاری هەمەچەشنە ئاشنادەبێت و زاخاوی بیر و هۆش و بەهرەکانی دەدا و بیر لە داهێنان دەکاتەوە. ئاسۆی رۆشنبیری گشتیشی فراوانتر و بەرزتردەبێتەوە. جیاوازیشی دەبێت لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە ناخوێننەوە. بایەخی خوێندنەوە لە دەرەوەی قوتابخانەدا، لە بایەخی بەرنامەکانی خوێنـدن لە ناو قوتابخانەدا کەمترنییە. بۆیە کتێخانەی ماڵەوە بە پێویستێکی پەروەردەیی دەزانین. چونکە درێژەدەر و تەواوکەری بەرنامە و پرۆگرامی خوێندنە.
توێژینەوە زانیارییەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان توانای خوێندنەوە و پێشکەوتن لە خوێندندا.. کتێبخانەی ماڵەوەی منداڵ، هۆکارێکی پەروەردەییە، بۆ زاخاودانی هـزری منداڵ و گەشەکردن و پێشکەوتن و زۆرزانینی.

وەکو دەڵێن: فێـربوون لە منـداڵـیدا.. وەکو نەقـشی سەر بـەرد وایـە.
شارەزایانی پەروەردە و دەروونناسی، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە پێگەیشتنی منداڵ لە خێزانێکدا، کە دایک و باوکیان خوویان بە خوێندنەوەوە گرتووە، کتێبخانەش بەشێکی گرنگە لە ماڵەکەیاندا، منداڵکانیشیان چاویان لێدەکەن و هۆگری خوێندنەوە دەبن، چونکە دایکان و باکانی خوێنەری پێشەنگ کارتێکردنێکی تەواوی ئەرینیان هەیە بۆ ئەوەی کە منداڵەکانیشیان چاویان لێبکەن. دەشێ منداڵ سوود لە کتێبخانەکەی باوک و دایکی وەرنەگرێت، بەڵام تەنها بوونی لە ماڵەوەدا، خۆشەویستی زانست و داهێنانی لا بەهێز و شیرین دەکات. سووریش دەبێت لەسەر ئەوەی، کە پێویستە ئەمیش کتێبخانەی تایبەتی خۆی هەبێت. گەر لە ماڵەوە کتێخانەی تایبەتی منداڵیش نەبێت، پێویستە دایک و باوک ئەو کتێانەی هەڵیان دەبژێرن و دەیانکڕن هەمەچەشنە بن تا بۆ هەموو کەسانی خێزان لەباربن. خوێندنەوەی کتێب و گۆڤار کەرەستەیەکی گرنگی پەروەردەییە و رۆڵێکی ئەرێنی هەیە لە گەشەکردنی دروستی منداڵان.. لە ئەمڕۆدا زۆری کتێبخانەی گشتی و کتێخانەی قوتابخانە و کتتێبخانەی ماڵەوە و، دەوڵەمەندییان بە کتێب و گۆڤاری هەمە بابەت، بە پێوەرێکی رۆشنبیری و بە دیاردەیەکی شارستانی و پێشکەوتن و، بایەخدان بە فێرکردن و پەروەردە دە دەزانرێت.
بۆ نموونە: لە هەر شارێک و قەزا و ناحیە و گەڕەک و گوندێکی وڵاتی (نەرویج) دا، کتێبخانەیەکی گشتی گەورە هەیە. لە هەر قوتابخانەیەکدا هۆڵێکی گەورە کراوە بە کتێبخانە بۆ قوتابیان و مامۆستایان، لە بەردەم هەر پۆلێکدا کتێبخانەیەک هەیە، لە ناو هەر پۆلێکیشدا دۆڵابێکی پڕ لە کتێبی تایبەت بە ئاستی خوێندنی ئەو پۆلەوە هەیە. لە هەر ماڵێکیشدا کتێبخانەیەک هەیە، لە ژووری هەر منداڵیکیشدا کتێبخانەیەکی قنـج هەیە. لە هەر شەقام و سەنتەرێکدا کتێبخانەی فرۆشتنی کتێب و گۆڤار و رۆژنامەکان هەن. تەنانەت لەو مارکێتانەی کە خواردەمەنی و خواردنەەوە و میوەهاتیش دەفرۆشن، لە بەشێکیاندا کتێبان بۆ فرۆشتن داناون بە تایبەتیش کتێبیی منداڵان. لە راستیشدا زۆر دەوڵەتی تری ئەوروپی هەن، کە لەم بورەدا لە پێش نەرویجەوە.
بە لای ئێمەشەوە، کتێبخـانەی ماڵەوە، لە چێشتخـانەی ماڵەوە گرنگترە. ئەو ماڵەی کتێبخانەی تێدا نەبێت. بە ماڵێکی ناتەواوی دەزانـم..(شیشرۆن) دەڵێ: ماڵێک بەبێ کتێب، گیانێکی بێ رووحـە” پێویستە ئەوەش بڵێین، نابێت کتێبخانەی ماڵەوە تەنیا وەکو دیکۆرێک بۆ جوانی و بۆ رازانەوەی ماڵ دابنرێت و، کتێببەکان خوێنەریان نەبێت، پێویستە وا لە منداڵان بکەین کە ببن هاوڕێی هەمیشەی کتێب و، خوێندنەوەش ببێت بە بەشێک لە ژیانیان.. هاوکاریان بین لە هه ڵبژاردنی کتێب و گۆڤاری بەسوود و لەبار بۆ کتێبخانەکانیان.
لە دیمەنی ئەو منداڵە ژیرە جوانتر نییە، کە کتێبێک یا گۆڤارێکی کراوەی منداڵانی بە دەستەوەیە و بە وردی لێی دەڕوانێت.

ئامانجەکانی کتێبخانەی منداڵان لە ماڵەوەدا:
بە کورتی چەند ئامانجێکی گرنگی کتێبخانەی ماڵەوە بۆ رۆشنبیریکردنی منداڵان، لەم خاڵانەی خوارەوەدا چڕدەکەینەوە:
1- کتێبخانەی ماڵەوە، یارمەتی منداڵ دەدات کە بە زانست و زانیاری هەمەچەشنەی بەسوود زاخاوی بیر و هۆشی بدات و.. خۆی بە زانستی و زانیاری هەمەچەشنە رۆشنبیر بکات و.. زۆرزانتر و.. زەینتیژتربێت.. دانەمێنێت.
2- منداڵ هەر لە منداڵییەوە لەسەر خوێندنەوە رادێت و خووی پێوە دەگرێت و، کتێب دەبێت بە هاوڕێی و خوێندنەوەش دەبێت بە بەشێک گرنگ لە ژیانیدا.
3- رەوشت و خووی جوان فێردەبێت و، بە ئاراستەیەکی راست و دروستدا دەڕوات، بەهای جوان و پەندی بەرز وەرردەگرێت.
4- بازنەی شارەزایی فـراونتر دەکات، دەرگاکـانی رۆشنبیری لە بەردەمیدا دەکـرێنەوە. ٥ـ خوێندنەوە چێژ و خۆشی و دڵخۆشی پێدەبەخشێت.
5- زمانی پاراوتر دەبێت و، سامانی وشە و رستەکانی زیاتر دەبن.. دەتوانێت بێ دامان و رامان، بە ئاسانی بە قسە و بە نووسین گوزارشت لە هۆش و لە ناخی خۆی بکات.
6- ئاستی تێگەیشتنی بەرزتر دەبێتەوە، بە شێوەیەکی دروستیش بیردەکاتەوە.
7- کەسایەتییەکی بڕوابەخۆ و دڵنیا دەبێت.. دەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و رووبەڕووی کێشەکانی ببێتەوە و، چارەسەریان بۆ دابنێت.
8- گەشە بە بەهرە و تواناکانی دەدات.. ئارەزووی زنیاری زیاتری دەبێت و، هەوڵی داهێنان دەدات.. حەزیش بە نووسینی پەخشان و چیرۆک و هۆنراوەی سادە دەکات.
9ـ گەر کتێب لە بەردەستی منداڵدا دابێت، لە کاتی پێویستیدا،سوودیان لێوەردەگرێت.
10ـ کتێبخانەی ماڵەوە هاندەرە بۆ بەهێزکرددنی پەیوەندی رۆشنبیری و راگۆڕینەوە و دەمەتەقێ لە نێوان ئەندامانی خێزاندا.
11ـ منداڵ بە هۆی خوێندنەوەی ئەو کتتێبانەی کە لە بەردەستی دان.. وەڵامی بەشێک لەو پرسیارانەی کە لە هزر و خەیاڵیدان.. دەستیدەکەون.
12ـ لە رێی کتێبخانەی ماڵەوە، ئارەزووی سەردانی کتێبخانەی گشتی دەکات و، بە دوای کتێب و گۆڤار و سەرچاوەی زیاتردا دەگەڕێ.. لە ئایندەدا دەبێت بە خوێنەرێکی هەمیشە و دانەبڕاوی کتێخانەی گشتی.
13ـ بەشێکی زۆری کەڵەشاعیر و نووسەران و رۆشنبیرانی بە ناوبانگی جیهانی، ئەوانەن کە لە منداڵییەوە لە ماڵەوە ئاشنای کتێیب و خوێندنەوە بوونە.. یا لە خێزانێکی خوێنەر و رۆشنبیردا چاویان هەڵهێناون.. دایک و باوکیان هاندەر و پاڵپشتیان بوونە.
بەم وتەیەی ( دیگــۆن لایــلی) کۆتایی بەم نووسیەم دەهێـنم.. کە دەڵێ:
” کتێبخـانەکەت پڕبێـت لە کتـێب.. باشترە لەوەی کە جـزدانەکەت پڕبێـت لە پـارە “
(*) تا رادەیەک سوودم لەم سەرچاوە عەرەبیـیانە وەرگررتووە:
1ـ المکـتبة المنزلـیة ضـرورة تربـویة ـ الکاتب: احمد یوسف حافظ احمد
2ـ تشجیع القـراءة لـدی الاطفـال. تألیف: د. بـدر محمد ملک و د. لطیـفە الکـندي
3ـ دور مکتبة الاسرة في تعـزیز التنمیة الثـقافية لدی الطـفل. د. محمد عبدالهـادي

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە