هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌ستێكمان پربووه‌‌ له‌ ئاگر و ده‌سته‌كه‌ى ترمان ئاوى لێ ئه‌تكێ. لایه‌كمان بۆته‌ فریشته‌و لاكه‌ى تریشمان هه‌ژدیها تێیدا گه‌وره‌ ده‌بێت به‌شێك له‌ رۆحمان بۆته‌ ئه‌هریمه‌ن و به‌شه‌كه‌ى تریشمان وه‌ك په‌ریزاده‌یه‌ك ئه‌فرێ. له‌گه‌ڵ خۆماندا تێكه‌ڵ بووین ته‌مه‌نێكمان لێ ئه‌ژى و ته‌مه‌نێكیشمان به‌ به‌رده‌وامى لێ ئه‌كوژرێ. بیره‌وه‌ریه‌كانمان هه‌ناسه‌مان پێده‌دات و و ترسى داهاتووش ئه‌مانخنكێنێ. ترس له‌ مردن ژیانمان پێ ئه‌به‌خشێت و ئومێدیشمان به‌ ژیان به‌ره‌و مردن به‌رێمان ده‌كات به‌ڵام به‌ خواستى خۆمان نا, ئێستاش نازانین كاتێك سه‌یرى ئاوێنه‌ ده‌كه‌ین كاممان كاممان ده‌بینێ.

مرۆڤ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دروست بوونى یه‌وه،‌ هه‌میشه‌ له‌ دوو ئاراسته‌وه‌ له‌ ملمه‌لانێدایه: ئاراسته‌یه‌ك له‌ پاكبوه‌نه‌وه‌و، مرۆڤایه‌تى بوون زیندوو بوونه‌وه‌. ئاراسته‌یه‌كیش له‌ زۆردارى و كوشتن و روخاندن. هه‌میشه‌ هه‌وڵى مرۆڤ بۆ ناساندنى خۆى بووه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كى میهره‌بانى و به‌خشنده‌یدا.
له‌ هه‌موو فه‌لسه‌فه‌و ئاینه‌كاندا ئه‌م كێشمه‌كێش و راكێشانه‌ به‌رده‌وامى هه‌بووه‌ , هه‌ر كات مرۆڤ بێهواى لا دروست بوبێت هه‌وڵى زیندوو كردنه‌وه‌ى ناخى خۆى داوه‌و به‌ پێیه‌كى نوێ وه‌ هه‌نگاوى ناوه‌ تا خودێكى تازه‌ دروست بكات , هه‌ولێ ئه‌وه‌ى داوه‌ ئومێد دروست بكاته‌وه‌ له‌ پایه‌كانى مرۆڤ بوونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وامى به‌ ژیان بدات جا ئه‌م دروست بوونه‌وه‌یه‌ له‌ رێگه‌ى فه‌لسه‌فه‌ یان ئاین یان ئامانج دروست كردنه‌وه‌ بێت بۆ ناساندنه‌وه‌ى خۆى له‌ رێگه‌ى جیا جیاوه‌ , ئامانجیش هه‌ر دڵنه‌وایى بوونى خۆى و گه‌یشتنى بووه‌ به‌ كه‌نارى ئارامى مانه‌وه‌ى مرۆڤ بووه‌ به‌ سه‌ربه‌رزى و به‌خته‌وه‌رى ئه‌وه‌ى كه‌ واش له‌ مرۆڤ ده‌كات ووزه‌یه‌كى هه‌بێت بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجانه‌ ته‌نها ئومێده‌ .
هه‌موو تاكێك وابه‌سته‌یه‌ به‌و كۆمه‌ڵگایه‌ى كه‌ تێیدا گه‌وره‌ ده‌بێت له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا ئه‌و ساته‌ى پێناسه‌یه‌ك بۆ خۆى ده‌دۆزێته‌وه‌, به‌ڵام كۆمه‌ڵگاو ده‌سه‌ڵات به‌ به‌رده‌وامى كارێكیان له‌سه‌رى ده‌بێت و ئاوێته‌ى خه‌ون و داخوازى یه‌كانى ده‌بن. بۆیه‌ زۆرجار له‌ گه‌ڵ هه‌وڵدانى تاك بۆ ناساندنه‌وه‌ى خۆى گه‌ر به‌ ووریایى مامه‌ڵه‌ نه‌كات سه‌رنجام ئه‌ویش ده‌كه‌وێته‌ گومرایى و زه‌لكاوه‌كانى ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌و خۆشى له‌ ده‌ست ئه‌دات. ده‌سه‌ڵات له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا ئاسانتر ئه‌توانێت ئاراسته‌ى كۆمه‌ڵگاو تاك بگۆرێت و به‌ لا رێیدا بیانبات به‌ مه‌به‌ستى به‌دیهێنانى خواست و مرازه‌كانى خۆى. بۆیه‌ له‌ شوێنێكدا ده‌سه‌ڵات تێیدا ئه‌هریمه‌ن بوو گه‌ر تاك ووریا نه‌بێت ئه‌وا به‌ دڵنیایى به‌ره‌و تاریكى ده‌روات له‌ ژێر كاریگه‌رى ئه‌و ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگایه‌دا یان ده‌بێته‌ نێچیر یان ده‌بێته‌ درنده‌.
بۆ ئه‌وه‌ى تاك نه‌كه‌وێته‌ ته‌ڵه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، پێویسته‌ سه‌رله‌ نوێ پێناسه‌ و دارشتن دابنێته‌وه‌ بۆ ووشه‌كان. پێویسته‌ سه‌ر له‌نوێ ئاراسته‌كان بخوێنێته‌وه‌ به‌ زمانى تازه‌. هه‌موو ئه‌و ووشانه‌ى كه‌ فرۆشرانه‌وه‌ به‌ تاكه‌كان، پێناسه‌ى بكاته‌وه‌و دارشتنى نوێیان بۆ دارێژێته‌وه‌. مافى مرۆڤ, یه‌كسانى, ئازادى و دیموكراسى, مرۆڤایه‌تى, شۆرش. هه‌موو ئەو وشانه‌ى سووان و سووككران له‌ ووتنه‌وه‌ى بێمانایان, هه‌موو ئه‌و ووشانه‌ى كه‌ چه‌نده‌ها پارویان پێوه‌خوراو و چه‌نده‌ها بیره‌ نه‌وت و پاره‌و زه‌وى و سامانیان پێبرد.

ئه‌و ووشانه‌ى ساڵانێكى زۆرە سروودى سه‌ر زارى گه‌ل بوون، كه‌چى ئێستا نه‌فره‌ت ئه‌كرێت له‌ ووتنیشى. ئه‌و خه‌ونانه‌ى له‌ بیر و هۆشى تاكه‌كاندا بوو، ئێستا پووكایه‌وه‌. ووڵات, سه‌ربه‌خۆى, ژیانى سه‌ربه‌رزى و خۆشگوزه‌رانى، ئه‌مانه‌ ووشه‌ گه‌لێكن پێناسه‌ى خۆیان وونكرد یان باشتر وایه‌ بڵێن: له‌ پیناسه‌ى خۆیان ده‌ركران و خرانه‌ ئاقارێكى تره‌وه‌. كۆمه‌ڵه‌ ووشه‌یه‌كن كه‌ ئه‌بێت سه‌ر له‌نوێ پێناسه‌ بكرێنه‌وه‌ و دابرێژرێنه‌وه‌. ئه‌بێت مانایه‌كى تر ببه‌خشرێته‌ وشەكان، یان ئه‌بێت ئه‌مانه‌ بسرێنه‌وه‌ و به‌ به‌رگێكى تازه‌و بنوسرێنه‌وه‌. ناساندنه‌وه‌ى ووشه‌كان و بابه‌ته‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاك بتوانێت خۆى بناسێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كاتێك سه‌یرى ئاوێنه‌كان ده‌كه‌ین شه‌رم له‌ خۆمان نه‌كه‌ین و خۆمان بناسینه‌وه‌ ئه‌و كات ئاشت بوونه‌وه‌ له‌گه‌ل خوددا دروست ده‌بێت و ئومێد چه‌كه‌ره‌ ده‌كات, ئه‌م پێناسه‌ كردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لێره‌ به‌دوا تاك نه‌كه‌وێته‌ به‌رداشى بێئموێد بوونه‌وه‌ و به‌رو هه‌ره‌س نه‌روات, كه‌ ئه‌مه‌ خواست و ویستى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ كه‌ ئه‌م دۆخه‌ى خوڵقاندنه‌وه‌, كارێكى واى كردووه‌ كه‌ ووشه‌كان و بابه‌تاكان پێناسه‌كانى خۆیان وون بكه‌ن و ببنه‌ ئامرازى مه‌رامێكى تر.
ده‌سه‌ڵاتیش به‌ هه‌مان شێوه‌ی تاك له‌ دووتاى به‌ ئه‌هریمه‌ن بوون و به‌ فریشه‌ بووندایه‌ به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى به‌ هه‌ژدیها بوونى ده‌سه‌ڵات مه‌زنده‌تر و گه‌وره‌تره‌ به‌سه‌ر هه‌مووانه‌وه‌, كاتێك ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌ هه‌ژدیها ته‌ر و ووشك پێكه‌و ئه‌سوتێنێت و باش و خراپ پێكه‌و راده‌ماڵێت. كاتێك ده‌سه‌لات ده‌بێته‌ هه‌ژدیها خودى تاكه‌كان له‌ ناوه‌وه‌ ئه‌كوژێت و بێئومێیدان به‌سه‌ردا ده‌به‌خشێته‌وه‌. بۆیه‌ گرتنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات قورستر و گرانتره‌ له‌ تاك به‌ڵام ئه‌بێت هه‌میشه‌ هه‌وڵ هه‌بێت بۆ ناساندنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات وه‌ك چۆن تاك خۆى ده‌ناسینێته‌وه‌. ناساندنه‌وه‌ى هێماكان و درووشمه‌كان ناساندنه‌وه‌ى ئامانجه‌كان و ووشه‌كان ناساندنه‌وه‌ى بابه‌ته‌كان كار ئاسانى ده‌كات بۆ رێكخستنه‌وه‌ى تاك و كۆمه‌ڵگا له‌وێشه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات رێكده‌خرێته‌وه‌. گه‌ر تاك به‌م ئاراسته‌یه‌ كار نه‌كات ئه‌وا نائومێدى و ره‌شبینى به‌ره‌و له‌ ناوچوونى ده‌بات هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ش كارێكى ویستراو په‌سه‌ندكراوه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. كاتێك تاك ته‌سلیمى نائومێدى و خواست و ویسته‌كانى ئه‌و ده‌بێـت، ئه‌و كات ره‌خنه‌و رێنمونیكردن بێ به‌ها ده‌كرێت له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و هه‌موو جۆره‌كانى تێگه‌یشتن مه‌عریفه‌ت بێقیمه‌ت ده‌كرێت. چونكه‌ چه‌ندێك تاك بێئومێد بكرێت هێنده‌ زیاتر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ خۆى قه‌به‌ ده‌كات و زیاتر ده‌چه‌سپێت له‌ شوێنى خۆیدا. له‌ گرنگترین كێشه‌كانى بێئومێد بوونى مرۆڤ نه‌مانى رێزێتى به‌رامبه‌ر خودى خۆى كه‌ ئه‌مه‌ش واى لێ ده‌كات، سڵ له‌ مرۆڤ بوونى خۆى بكاته‌وه‌ و به‌ره‌و به‌ ئامێر بوون یان به‌رو به‌ئاره‌زو بوون بچێت. ئه‌و كات ئاسانتر ئه‌م تاكه‌ ده‌گه‌ینرێته‌ ڕووخان یان به‌ ئه‌ژدیها بوون و ئاوێته‌ بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت