هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

فلیمى بیانى ( جوان له‌گه‌ڵ درنده‌ )( Beauty and the Beast ) ), ئه‌م فلیمه‌ فلێمێكى ئه‌مریكى یه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كى فانتازیاى خێزانى دا پێشكه‌ش ده‌كرێت كه‌ له‌ ساڵى 2017 به‌رهه‌م هێنراوه‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیایى به‌ ناوبانگى ئه‌مریكى ( دیزنى) وه، ئێستا له‌سه‌ر شاشه‌ى سینه‌ماكانى ئه‌مریكا نمایش ده‌كرێت, چیرۆكى فلیمه‌كه‌ هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان چیرۆكه‌ ناسراوه‌ كۆنه‌كه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌مان له‌ منداڵیدا بیستومانه‌, چیرۆكه‌كه‌ له‌سه‌ر كچێكى شۆخى جوان و دێوێكى ناشرینه‌, كه‌ ئه‌م دووانه‌ كاراكته‌رى سه‌ره‌كى فلیمه‌كه‌ن, له‌ سه‌رتاى فلیمه‌كه‌ ئه‌م دووانه‌ ‌ ده‌كه‌ونه‌ چیرۆكێكى خۆشه‌ویستى و به‌ هۆى هێزى خۆشه‌ویستى یه‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌بنه‌ هۆى نه‌هێشتنى ئه‌و جادووه‌ى كه‌ جادووگه‌ره‌كه‌ به‌سه‌ر دێوه‌كه‌یدا سه‌پاندوه‌ له‌ رابردوودا. وه‌ له‌ پاش نه‌مانى ئه‌و جادووه،‌ دێوه‌ ناشرینه‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ شالێارێكى جوان و ئه‌وانیش له‌ كۆتایى دا هاوسه‌رگیرى ئه‌كه‌ن وه‌ك پێشینان ئه‌یانوت حه‌وت شه‌و حه‌وت رۆژ ئاهه‌نگیان گێراوه‌و مه‌مله‌كه‌ت هه‌مووى له‌ خۆشى و سه‌فادا بووه‌, منیش هاتمه‌وه‌ هیچیان نه‌دامێ.

بابه‌ته‌كه‌ له‌سه‌ر چیرۆكى ئه‌م فلیمه‌ نى یه‌، وه‌ له‌سه‌ر ئه‌كته‌ره‌كانى ئه‌م فلیمه‌ش نى یه.‌ به‌ڵكو له‌سه‌ر ئه‌و مێشكه‌ زیره‌كانه‌یه‌ كه‌ له‌ پشت به‌رهه‌م هێنانى ئه‌مجۆره‌ فلیمانه‌وه‌ن له‌ ئه‌مریكادا, به‌ به‌راورد به‌وانه‌ى ئه‌م ووڵاته‌ ده‌به‌ن به‌رێوه‌ له‌ كوردوستان, ئه‌م فلیمه‌ ماوه‌ى مانگێكه‌ له‌سه‌ر شاشه‌ى سینه‌ماكانى ئه‌مریكا په‌خش ده‌كرێت, ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنج و تێرامانێكى زۆره‌ له‌ ماوه‌ى ئه‌م مانگه‌دا ئه‌م فلیمه‌ توانیوێتى برى ( 462) چوار سه‌دو شه‌ست و دوو ملیۆن دۆلار په‌یدابكات, وه‌ تا ئێستاش له‌ سندوقى هه‌فتانه‌ى فلیمه‌كانى ئه‌مریكا پله‌ى دووه‌مى هه‌یه‌ و به‌ به‌رده‌وامى برى پاره‌ په‌یداكردنه‌كه‌ى به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت, رۆژ له‌ دواى رۆژ داهاتى زیاتر ئه‌كات.
ئه‌م جۆره‌ پلاندانان و به‌رنامه‌رێژى یه‌ پێى ده‌ڵێن: زیره‌كى و لێهاتووى له‌ بوارى دارایى و ئابورى دا به‌ به‌ كارهێنانى هونه‌ر و مێشك پێكه‌وه‌ , كاتێك به‌رهه‌م هێنێك له‌ رێگه‌ى كارێكى سینه‌مایى تێكه‌ڵ به‌ ئه‌نیمه‌یشنه‌وه‌ بتوانێت داهاتێكى گه‌وره‌ بۆ خۆى په‌یدا بكات، كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا سوودێكى گه‌وره‌ى دارایش پێشكه‌ش به‌ خۆى و ووڵاته‌كه‌شى ده‌كات. به‌ واتایه‌كى تر له‌ رێگه‌ى فلیمێكه‌وه‌ یان ئه‌فلام كارتۆنێكه‌‌وه،‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ كه‌سه‌ كۆبونه‌ته‌وه‌ و توانیویانه‌ بریى پاره‌ى مووچه‌ى یه‌ك مانگى حكومه‌تى هه‌رێم په‌یدا بكه‌ن كه‌ ئه‌یدات به‌ مووچه‌ خۆره‌كانى, بێ ئه‌وه‌ى ئه‌مانه‌ نه‌وتیان هه‌بێـت و داهاتی ناوخۆیان هه‌بێـت و كارگه‌ى چیمه‌نتۆ و چه‌نده‌ها كارگه‌ى تریان هه‌بێـت, بێ ئه‌وه‌ى پاڵاوگه‌ى نه‌وت و گومرگیان هه‌بێـت. به‌ڵام ئه‌وه‌ سه‌یره‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ى ئێمه‌ به‌م هه‌موو شتانه‌وه‌ له‌به‌ر ده‌ستیدایه‌ نه‌یتوانیوه‌ هێنده‌ى پاره‌ى ئه‌و فلیمه‌ بۆ هاونیشتیمانى یه‌كانى پاره‌ په‌یدا بكات، له‌ ماوه‌ى مانگێكدا و شایسته‌ دارایى یه‌كانى فه‌رمانبه‌ركانى پێ بدات, كه‌ تا ئێستا مووچه‌ى مانگى شوبات به‌ ته‌واوى نه‌دراوه‌ كاتێك ئێمه‌ ئێستا له‌ مانگى نیسان داین و خه‌ریكه‌ نیسانیش ته‌واو ده‌كه‌ین.
ئاخر ئه‌مه‌ چ ره‌وایه‌كى حه‌قه،‌ ئه‌وان كه‌ حكومه‌تیش نین و ته‌نها كۆمه‌ڵیك هونه‌رمه‌ند و وه‌به‌رهێنن بتوانن له‌ رێگه‌ى ئه‌فلام كارتۆنه‌وه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ په‌یدا بكه‌ن, كه‌چى ئه‌وانه‌ى خۆمان هه‌مووشمانیان كردوه‌ به‌ ئه‌فلام كارتۆن و تائێستاش نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و بره‌ پاره‌یه‌مان بده‌نێ كه‌ مافى خۆمانه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رۆژانه‌ ده‌كرێین به‌ فلیم به‌ ده‌ست پاره‌ى ئاوو كاره‌با و كرێى خانو و پزیشك و مووه‌لیده‌و نه‌وت, پێداویستى منداڵ و ماڵ و، هه‌زاره‌ها نه‌گبه‌تى تر ئاوا بروات لێره‌ به‌دواوە باجیشمان لێوه‌رده‌گرن. بۆیه‌ من پێم باشه‌ ئه‌گه‌ر بكرێت هه‌موومان بكه‌نه‌ ئه‌كته‌رو بمانده‌نه‌ ده‌ست ئه‌و فلیم سازانه‌ى ئه‌مریكا به‌ڵكو ئیتر حكومه‌تى هه‌رێمیش نه‌جاتى بێت له‌ ده‌ستمان و ئه‌وانیش ئیتر موچه‌كانمان بۆ دابین بكه‌ن له‌ رێگه‌ى به‌ قه‌ره‌قۆزكردنمانه‌وه‌ یان به‌ ئه‌فلام كارتۆن كردنمانه‌وه‌, چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌وان له‌وه‌ى ئه‌مان مسۆگه‌رتر و بێمنه‌تر بێت و چیتر خه‌مى مووچه‌و بیمه‌ى ژیانمان نه‌مێنێ له‌ سایه‌ى سه‌رى تۆم جێرى وگراندایزه‌ر و جه‌ماعه‌ته‌كه‌یه‌وه‌.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە