هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

پێده‌چێت په‌یوه‌ست بوون و به‌ستنه‌وه‌ى ته‌واو تەواوه‌ دروست بووبێت له‌ نێوان كاریزماى سیاسى و درۆ دا, به‌ جۆرێك درۆ پێگه‌یه‌كى باڵا ده‌ستى گرتووه‌ له‌ ووتارى سیاسى یه‌كاندا. ئێستا سیاسى سه‌ركه‌وتوو به‌و كه‌سه‌ ده‌وترێت جوانترین و باشترین جۆره‌كانى درۆ په‌یره‌و بكات به‌ جۆرێك له‌ نواندنه‌كه‌یدا هیچ بۆشایى یه‌ك نه‌دات به‌ ده‌سته‌وه‌و كه‌س درك به‌ درۆ كانى نه‌كات. بازارى سیاسى یه‌كان له‌مرۆدا بازارى درۆیه،‌ بۆیه‌ باشترین وه‌به‌رهێنان لاى ئه‌و سیاسى یه‌ به‌ رده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ زۆرترین و جوانتری درۆ بكات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و جۆره‌ له‌ سیاسى یه‌كان، هه‌میشه‌ بازارى گه‌رمه‌و ده‌ورى پره‌. چونكه‌ كالاى باش، هه‌میشه‌ پاڵ به‌ كالاى خراپه‌وه‌ ده‌نێـت و، وه‌لاى ده‌نێت و خۆى بره‌و په‌یدا ده‌كات.
درۆى سیاسى به‌ یه‌كێك له‌ ترسناكترین جۆره‌كانى درۆ داده‌نرێت, چونكه‌ ئه‌مجۆره‌ له‌ درۆ میلله‌تێك له‌ ناو ئه‌بات, شارستانى یه‌تێك ئه‌فه‌وتێنێت, نه‌ته‌ویه‌ك ئه‌توێنێته‌وه‌. ئه‌مجۆره‌ له‌ درۆیه‌ ئه‌وه‌ نى یه‌ به‌ ته‌نها كار بكاته‌ سه‌ر كه‌سانێك یان چه‌ند گروپێك، به‌ڵكو په‌رچه‌كردارى ئه‌م درۆیه‌ى سیاسى گشتگیره‌ و له‌ ناوبه‌ره. له‌مه‌ش ترسناكتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سیاسى درۆزن هه‌میشه‌ بیانوو به‌هانه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ بۆ درۆكه‌ى تا واى لێ دێت هه‌میشه‌ درۆیه‌ك به‌ درۆیه‌كى تر ئه‌شارێته‌وه‌. وه‌ك ( جوزیف گوبلز ) ى نازى ئه‌ڵمانى ده‌ڵێت ( درۆ بكه‌ درۆ بكه‌ تا باوه‌رت پێ ده‌كه‌ن , پاشان زیاتر درۆ بكه‌ تا بروا به‌ خۆت دێنیت ). ئه‌مه‌ به‌ دڵنیایى دیدبینى یه‌كه‌ كه‌ پێگه‌یه‌كى زۆر ئه‌دات به‌ درۆ له‌ كایه‌ى سیاسى دا.
له‌ هه‌رێمى كوردوستان له‌ دواى ڕاپه‌رینه‌ به‌ هه‌موو جۆره‌كانى تامكردن، تامى هه‌موو جۆره‌كانى درۆى سیاسیمان كرد. هه‌ر كه‌س دێته‌سه‌ر مینبه‌رى ووتاردان، ده‌ست ده‌كات به‌ درۆ كردن. رۆژانه‌ درۆى سیاسى یه‌كان ئه‌بیستین به‌ جۆریك، وامان لێهاتووه‌ ئاسایى بووه‌ لامان. هه‌ندێك جار بروامان به‌ گوێى خۆمان نامێنێت، هه‌ندێك جاریش متمانه‌ى ته‌واو ئه‌ده‌ین به‌ درۆكانى ئه‌وان.
پارتى په‌مه‌یى هه‌میشه‌ بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ سیاسى یه‌كانى پارتى مارۆنى درۆ ده‌كه‌ن و نابێـت بروایان پێبكرێت، وه‌ ئه‌وه‌ئه‌مانن كه‌ ڕاستگۆن و به‌رژه‌وه‌ندى میلله‌تیان ئه‌وێت و سالانێكى زۆره‌ خه‌بات ئه‌كه‌ن و، قوربانى ئه‌ده‌ن بۆ به‌ ده‌ستهێنانى ئه‌و مافانه‌ى میلله‌ته‌كه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌ش پارتى مارۆنى به‌ پارتى وه‌نه‌وشه‌ى ده‌ڵێت: كه‌ له‌ راستى دا هه‌موو شیان درۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام نه‌خشونیگارى درۆكانیان جیاوازن له‌ یه‌ك، هه‌ر یه‌كه‌و ره‌نگ و سیمایه‌ك ئه‌نوێنێ، بۆیه‌ هه‌ست به‌ ماهیه‌تى راسته‌قینه‌یان ناكرێـت له‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتردا.
سیاسى یه‌كان ئه‌م وولاته‌ له‌ گێژاویكى ترسناك دا ئه‌ژین، ئه‌وان ئه‌یانه‌وێـت بروا به‌ خۆیان بهێنن كه‌ له‌ سیاسه‌ت دا هه‌موو شتێ ره‌وایه‌. تۆ چۆنت ئه‌وێت به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندى و داهاتووى سیاسى خۆت بیكەی،‌ درۆ ئه‌كه‌ى بیكه‌، دزى ئه‌كه‌ى بیكه،‌ خیانه‌ت ئه‌كه‌ى بیكه.‌ گرنگ ره‌وایه‌تى بده‌ى به‌و كاره‌ى ده‌یكه‌ى بۆ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ت و به‌ درۆ هه‌ڵیان بخه‌ڵه‌تێنیت، كه‌ ئه‌مه‌ دووره‌ ‌ له‌ زانستى سیاسى. له‌ راستى دا زۆرتر ئه‌م شێوه‌ په‌یره‌وه‌ سیاسى یه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌یه‌ نا ته‌ندروسته‌ له‌ كوردوستان و، له‌ ناوچه‌ى رۆژ هه‌لاتى ناوه‌راست زیاتر په‌یره‌و ده‌كرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سیاسى ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌تاڵه‌ له‌ هه‌موو جۆره‌ زانستێكى سیاسى و ئه‌كادیمى سیاسه‌ت. به‌ دڵنیایى ویژدانیشى ده‌مێكه‌به‌ لاوه‌ ناوه‌ و خۆشى برواى به‌ نیشتیمان په‌روه‌رى یه‌كه‌ى خۆى نه‌ماوه‌، بۆیه‌ درۆكردن لاى ئه‌و رێره‌و په‌یره‌وه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به‌ نیازه‌كانى خۆى.
ئه‌گه‌ر به‌ ووردى سه‌رنج بده‌یت، هه‌میشه‌ سیاسى درۆزن دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ ژماره‌و و له‌ به‌ڵگه‌ و له‌ سه‌لماندن چونكه‌ ئه‌و باش ده‌زانێت، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌و نى یه‌ و درۆكه‌ى به‌ ئاسانى ده‌رده‌كه‌وێت. وه‌ بۆ پاڵپشتى درۆكانى هه‌میشه‌ ترسى نیشتیمانى و تیكچونى بارى ئابوورى و, دارمانى په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ بیانوو ده‌هێنێـته‌وه‌, كه‌ ئه‌مانه‌ ته‌نها وه‌همێك له‌ مێشكى به‌رامبه‌ره‌كه‌یدا دروستى ده‌كات بۆ به‌ پێوه‌ هێشتنه‌وه‌ى خۆى له‌سه‌ر پایه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى, ته‌نانه‌ت زۆرجار ئه‌و سیاسیانه‌ى كه‌ له‌ سه‌ر كورسى ئۆپۆسزیونیش داده‌نیشن، چاوه‌رێى هاتنه‌ كایه‌ن و رستنه‌وه‌ى درۆ و به‌هانه‌ن, به‌ ئامانجى پچرانى به‌شێك له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى كه‌ خه‌ونى پێوه‌ ده‌بینین, ئه‌مه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ناته‌ندروستى مامه‌ڵه‌ى سیاسى له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى.
هه‌ڵوه‌شاندن و شیكردنه‌وه‌ى درۆى سیاسى یه‌كان كارێكى گران نى یه‌و بگره‌ ئاسانیشه‌ به‌ مه‌رجێك تاك خۆى ته‌سلیمى راسته‌خۆى كاریزمایى سیاسى یه‌كه‌ نه‌كات, به‌ڵكو شیكردنه‌وه‌و لۆژیكى ته‌ندروست و زانستى بۆ بكات, كاتێك سیاسى یه‌ك باسى دروستكردنى كارگه‌یه‌كى دۆشاوت بۆ ده‌كات له‌ نیشتمانێك دا كه‌ ته‌ماته‌ تێیدا ناروێت ئه‌مه‌ چ لۆژیكێك وه‌رى ده‌گرێت پێت بڵێت: ته‌ماته‌كه‌ له‌ ده‌رەوه‌ ده‌هێنین و دروستى ده‌كه‌ن, كه‌واته‌ شیكردنه‌وه‌ى لۆژیكى به‌ به‌ڵگه‌و ژماره‌ و داتا ئاسان درۆكانى سیاسى یه‌كان ڕوون ده‌كاته‌وه‌و ماهیه‌تى راسته‌قینه‌یان ده‌رده‌كه‌وێـت.

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت