هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

گفتو گۆى سیاسى, به‌ ماناى ده‌سته‌به‌ركردنى خواستى ته‌ندروست له‌ رێگه‌ى پێداگرى له‌سه‌ر هه‌ندێك بابه‌ت كه‌ چاره‌نوسسازه‌و, داهاتووى سیاسى ناوچه‌كه‌و پارته‌كه‌ به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌بات, وه‌ ده‌ست به‌ردان له‌ هه‌ندێك وویست, بۆ به‌رده‌وام بوونى داینه‌مۆى سیاسى و هاتنه‌ ده‌رەوه‌، له‌ چه‌قبه‌ستووى سیاسى و كۆمه‌لایه‌تى. ره‌نگه‌ هه‌ندێك جار لایه‌نێكى سیاسى براوه‌ بێت له‌ گفتوگۆ، وه‌ هه‌ندێك جاریش دۆراوو بێت و، پێویست بكات سه‌ر له‌ نوێ به‌ ریتمێكى تازه‌و گفتو گۆ بكاته‌وه. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بردنه‌وه‌و دۆراندنه‌، نه‌بێته‌ فاكته‌رێك بۆ لاوازبوونى پارته‌ سیاسى یه‌كه‌ و، دۆخى میلله‌ته‌كه‌ له‌ داهاتوودا. وه‌ نه‌بێته‌ هۆى تێكشكانى بنه‌ماكانى سیاسه‌ت و، به‌رژه‌وه‌ندى كۆمه‌ڵگا. پێناسه‌ى تازه‌ سیاسه‌ت ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ چۆن پارتێكى سیاسى خوێندنه‌وه‌ بكات بۆ وویست و خواستى كۆمه‌ڵگاكه‌ى و، داهاتوى سیاسى ناوچه‌كه‌ى. وه‌ چۆن پێداویستى یه‌ گرنگه‌ كانى تاك له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا به‌ ده‌ست بهێنێت. ئه‌م پێداویستى یانه،‌ ره‌نگه‌ له‌ ووڵاتێكى وه‌ك سوید، كه‌ دیموكراسى یه‌ت تێدا واڵایه‌و، مافى مرۆڤ به‌ یاسا پارێزراوه،‌ جیاوازى یه‌كى زۆرى هه‌بێت له‌گه‌ڵ ویسته‌كانى كۆمه‌ڵگاى كوردى هه‌رێمى كرودوستان دا.
كاتێك پارتێك له‌ سوید بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌كات، ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ له‌و ره‌هه‌نده‌ ده‌رچووه‌ و ئه‌و كاته‌ى تێپه‌راندووه‌ كه‌ داواى یه‌كسانى و ده‌ستاو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات و مافى مرۆڤ بكات, چونكه‌ خودى ئه‌م ویستانه‌ ده‌مێكه‌ به‌دیهاتووه‌و چه‌سپاوه‌ له‌و ووڵاته‌. بۆیه‌ كاتێك ئه‌و پارته‌ بانگه‌شه‌ ده‌كات ده‌چێت هێڵێك ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ خواستى هاونیشتیمانیان بێت, یه‌كێك له‌و پارتانه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى ده‌كرد به‌ڵێنى په‌ره‌پێدان به‌ روواندنى دارو سه‌وزكردنى ووڵاته‌كه‌و پاككردنه‌وه‌ى ژینگه‌ى ووڵاته‌كه‌ى ده‌دا به‌هاونیشتیمانیانى, ئه‌مه‌ بیرێكى زیره‌كانه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كى وورده‌ بۆ خواست و ویستى كۆمه‌ڵگاكه‌ى, بۆیه‌ ده‌بینیت له‌ هه‌ڵبژادرن ده‌نگى باش ده‌هێنێت و سه‌رده‌كه‌وێت.
له‌ كوردوستان به‌ده‌ر له‌وه‌ى كه‌ زۆرینه‌ى بانگه‌شه‌ سیاسى یه‌كان به‌ ته‌نها قسه‌یه‌و جێبه‌جێكردنى نى یه‌, هه‌میشه‌ خوێندنه‌وه‌ى خراپ كراوه‌ بۆ دۆخه‌كه‌و داخوازى یه‌كان, كاتێك پارتێك بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ نه‌وت سه‌ربه‌خۆ ده‌فرۆشین و ئازادى ئابوورى به‌ ده‌ست ده‌هێنین، ئه‌مه‌ هاونیشتیمانیان دڵخۆش ده‌كات و لایه‌نگرى ئه‌و پارته‌ ده‌كه‌ن. به‌ڵام كاتێك ده‌بینن فرۆشتنى نه‌وته‌كه‌ زۆر نا شه‌فافه‌و بگره‌ له‌ برى سوودمه‌ند بوون، زه‌ره‌رێكى گه‌وره‌ به‌ر ئابوورى ووڵاته‌كه‌ كه‌وتووه‌، به‌جۆرێك واى لێدێت كه‌س نازانێت ئێمه‌ نه‌وت ده‌فرۆشین یان ده‌یكرین. كاتێك له‌ دواى فرۆشتنى نه‌وت مووچه‌ كه‌م ده‌كات و حكومه‌ته‌كه‌ ملیاره‌ها دۆلار قه‌رزار ده‌بێت, ئه‌مه‌ میلله‌ته‌كه‌ توشى شۆك ده‌كات. كاتێك به‌ڵێنى به‌ دووبه‌ىكردنى كوردوستان ئه‌درێت و لەبرى ئه‌وه‌، هه‌موو پرۆژه‌كان ئه‌وه‌ستێت و كۆمپانیاكان ئیفلاس ده‌بن. ئیتر متمانه‌ نامێنێت له‌ نێوان هاونیشتیمانیان و ده‌سه‌ڵات دا.
ئێستا میلله‌ت و حیزبه‌كان متمانه‌یه‌ك نه‌ماوه‌ له‌ نێوانیان دا, كاتێك بانگه‌شه‌ى ریفراندۆم ده‌كرێت و ده‌وترێت ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندى به‌ سه‌ربه‌خۆى یه‌وه‌ نى یه‌, ئه‌بێت تاك چ خوێندنه‌وه‌یك بۆ ئه‌م پرسه‌ بكات ئه‌بێت بڵێت چى؟ پرسێكى وه‌ك ریفراندۆم له‌ هه‌موو پرسه‌كان زیاتر پێویستى به‌ گفتو گۆى سیاسى و رێككه‌وتن هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ نیشتیمانى و گرنگ بێت. كوردوستان ئێٍستا نه‌ك به‌ ته‌نها له‌ چه‌قبه‌ستوى ته‌وادایه‌ بگره‌ رۆژ له‌ دواى رۆژ به‌ره‌و دواوه‌ ده‌كشێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌مجۆره‌ كار بكرێت له‌ سیاسه‌ت و موماره‌سه‌ى سیاسى ئه‌وه‌ى هه‌شمانه‌ له‌ ده‌ستى ئه‌ده‌ین و سه‌ره‌نجام هه‌رێم ئه‌كه‌وێته‌ گێژاوێكى گه‌وره‌وه‌.
كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ چارره‌سه‌رى كێشه‌ سیاسى یه‌كان له‌ كوردوستان هه‌میشه‌ یان ده‌رزى یه‌كى به‌نج به‌كارهێنراوه‌ یان به‌ هه‌ڵه‌ چاره‌سه‌ر كراوه‌ , ئێستا ده‌بینن په‌رله‌مان له‌ كار خراوه‌ , وه‌ بۆ پرسى ریفراندۆم هه‌رێم پێویستى به‌ كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانه‌و پێویستى به‌ ده‌ركردنى یاساكانى تایبه‌ت به‌ ریفراندۆم هه‌یه‌ , بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ ئێستا په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌و كار بكات و كایه‌ سیاسى و یاسایى بهێنێته‌وه‌ سه‌ر رێچكه‌ى ته‌ندروستى خۆى, به‌لام كاتێك كه‌سێك به‌ هه‌ر رووداوێك بێت هه‌ردوو قاچى و هه‌ردوو ده‌ستى بشكێت وه‌ك ئه‌م دۆخه‌ى ئێستاى هه‌رێم, سه‌رۆكى هه‌رێم ماوه‌كه‌ى به‌سه‌ر چووه‌ , سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان له‌ كار خراوه‌, حكومه‌ت له‌و په‌رى دۆخى خراپى به‌رێوه‌بردن و دارایى یه‌, به‌ جۆرێكى لێهاتووه‌ نیوه‌ زیاترى گیانى ده‌سه‌ڵات تێكشكاوه‌ له‌ كوردوستان. بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م نه‌خۆشه‌ تۆ بێیت و بڵێیت با قاچێكى شكاوى ببرینه‌وه‌و ئه‌وا‌نه‌ى تریشى چاره‌سه‌ نه‌كه‌ین ئه‌مه‌ خراپتر كردنى نه‌خۆشه‌كه‌یه‌, ره‌نگه‌ ئێستا به‌ زۆر به‌ ده‌رزى به‌نج دۆخه‌كه‌ به‌رێبكه‌یت كه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ له‌ دواى ئه‌و هه‌موو به‌نجه‌ ئه‌مجاره‌ نه‌خۆشه‌كه‌ به‌نج بیگرێت, سه‌ره‌نجام ئه‌و كاته‌ى ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت هه‌ستێته‌وه‌ سه‌ر پێ و بروات به‌ قاچێكى براوه‌وه‌ و به‌ قاچێكى شكاو به‌ دوو ده‌ستى شكاوه‌ به‌ ته‌واوى ده‌كه‌وێت و ره‌نگه‌ مه‌رگیشى نزیكتر بێته‌وه‌.
ئێستا له‌ كوردوستانى باشوور كێشه‌ له‌ لابردنى سه‌رۆكى په‌رله‌مان نى یه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م كێشه‌كانى ترى پێوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت, به‌ واتا با سه‌رۆكى په‌رله‌مان هه‌ر له‌ گۆران نه‌بێت له‌ لایه‌نێكى تر بێت به‌و مه‌رجه‌ى كێشه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكرێت و یاساى بۆ ده‌ربكرێت, یه‌كه‌م لایه‌ن پرۆژه‌ى بۆ پرسى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم پێشكه‌ش كرد یه‌ككگرتووى ئیسلامى بوون, كه‌واته‌ با ئه‌و پرۆژه‌یه‌ جێ به‌جێبكه‌ن كه‌ خۆیان پێشكه‌شیان كرد بۆ گۆرینى سیستمى حوكومرانى بۆ په‌رله‌مانى و گۆرینى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم, خۆ ناكرێت به‌ ته‌نها سه‌رۆكى په‌رله‌مان لا بده‌یت و دۆخه‌كه‌ خراپتر بكه‌یت وه‌ بڵێیت: ده‌ى ئه‌وا په‌رله‌مان كارا كرایه‌وه‌ ئێوه‌ داواى ئه‌وه‌تان نه‌ ئه‌كرد.
پاشان كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان بێ چاره‌سه‌رى دۆخه‌ سیاسى یه‌كه‌ چ سودێكى هه‌یه‌, به‌ پچێه‌وانه‌وه‌ بێ ده‌ستكارى كردنى سیستمى سیاسى له‌ كوردوستان ته‌نانه‌ت ریفراندۆمیش سه‌رناكه‌وێت ره‌نگه‌ ئه‌مجاره‌ به‌ نه‌خێر زیاتر ده‌نگ بێنێت گه‌ر به‌م دۆخه‌ى ئێستاوه‌ بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ ئه‌وه‌ى هه‌شمانه‌ ئه‌فه‌وتێت.
ئه‌وه‌ى ئێستا یه‌كێتى نیشتیمانى كوردوستان ئه‌یكات گفتو گۆى سیاسى و چاره‌سه‌رى دۆخه‌كه‌ نى یه‌ بگره‌ ئاڵۆزتر كردنى دۆخه‌كه‌یه‌, یه‌كێتى به‌ ته‌نها ویست و خواسته‌كانى پارتى ئه‌گه‌یه‌نێت, ئه‌وان هاوسه‌نگى سیاسیان رانه‌گرتووه‌, ئه‌مه‌ش به‌ زره‌رى زیاتر یه‌كێتى و كایه‌ سیاسى یه‌كه‌ى كوردوستان ئه‌شكێته‌وه‌, چونكه‌ هه‌موو باش ئه‌زانن گۆران ئێستا به‌ ته‌نها ئه‌وه‌ى به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ پارێزگارى له‌ سه‌ر بنه‌ما یاسایى و پرنه‌سیبه‌ دیموركاسى یه‌كانى خۆى بكات, گۆران ئێستا خۆى به‌ پارێزه‌رى مافه‌كانى هاونیشتمانى و هه‌ژاران ده‌زانێت, له‌ هه‌موو كات زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ رێبازى رێبه‌ره‌كه‌یه‌وه‌, هه‌ر ته‌نازولێك له‌م پرنسیپانه‌ دارمانى گۆران به‌ دواى خۆیدا ده‌هێنێت.
ته‌نها چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێشنیاره‌كه‌ى یه‌كه‌مجارى پارتى جێبه‌جێبكرێت ئه‌ویش له‌ گۆرینى هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تى یه‌كه‌, وه‌ پاشان به‌ یاسایكردنى پرسى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و پرسى ریفراندۆم و ووردبونه‌وه‌ له‌ پێشهات پاشهاته‌كانى ئه‌نجامه‌كانى ریفرادۆمه‌كه‌, به‌ ده‌ر له‌مه‌ هه‌ر چاره‌سه‌رێكى تر دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆز بوونى زیاتر ئه‌بات و گفتۆ گۆى لایه‌نه‌كان له‌ شكست زیاتر هیچى به‌ دوادا نایه‌ت.

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت