هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

لێكۆڵينەوە، بەراورد، چێژ و پێداويستييەكانی

پێشــەكــى

هونەری مۆزيك، گوزارە زوانی گەردوونييە، دەساوێزێكە بۆ بزواندنی نەستی بيستن بۆ ئەو دەنگەی دێتەبەرگوێ. دەشێت بيشوترێت كە هونەری چۆنێتیی بيستنە بە شێوەيەكی ئاوێز و هەنداز. كاتێكيش ئەو گرنگ و پڕ بەهايەی دەردەكەوێت كە هەستونەستی جەماوەر بهەژێنێت و چێژی لێوەربگيردرێت. بەڵام لاى خودى هونەرمەندی مۆزيكار، بەدەر لە چێژ وەرگرتن، ئەرك و پێويستى گرانتری هەيە، چونكە مۆزيكار هەميشە پێويستى بە پرۆڤە و ژنەوتنە، خوێندنەوەو بەيلواييە بۆ لايەنە زانستى و كەلتوريەكانى لە پێناو بەهێز بوونيان لە خودى هونەر و بەرفراوانبوونى ئەندێشە و جيهانی بينين،

بە مەبەستى پێشخستنى ڕەوشی هونەرى نەتەوەيەك، بەهەمان شێوە ڕەخنە، لێكۆڵينەوە و توێژينەوە شيكارييەكان لەسەر هونەرى مۆزيك گرنگيەكى زۆرى هەيە، بۆ تەواو زانستى بوون و هەڵچنينی بناغەيەكى پتەو و بنچينەيى ستاندارد و ناسنامەى كلتور و مۆركى نەتەوەيى كە سەرجەم فرەبابەتێكن لە وڵاتانى جيهاندا بۆنەتە پرسێكی گرنگ و پڕ بايەخ بۆ بەرزكردنەوەى ئاستى زانستى و هونەری و فراوانكردنى هزر و گوزارەى مۆزيكــژەن و مۆزيكدانەر، لە هەمانكاتيشدا هەڵسەنگاندنی ئاستى تواناى خۆى تاكو بزانێت چ كارێكى كردوە و لەداهاتوويشدا چی پێويستە بيكات و بە چ جۆرە ڕێگايەك دەتوانێت بەرهەمەكانی لە ئاستێكی پێشکەوتووتر و جوانتر پێشكەش بكات؟..

ئەوەی کە ديارە لە جيهانی ئەمڕۆدا،گۆڕانكارييەكان بەرەو خێراتر له‌وه‌ی كە ئێمه‌ پەيی پێــدەبەين هەنگاو دەنێن، گومانيش لەوەدا نييە كە بەدوايدا بەرهەم و داهێنانی نوێتر دێتە كايەوە، ئەم گۆڕانگەرييانەيش ، ئەوى من نووسيومە ببێتە مێژوو و ئەرشيفێكى تۆماركراو بۆ سەردەمەكه‌ى، به‌نده‌ كە پتر لە بيست ساڵە لە بوارى هونەرى مۆزيكدا وەك ڤايۆلينژەن، مۆزيكدانەر و مامۆستا كاردەكەم، سەرەتا وەك چێژ و ئارەزوو، دواتر وەك پێويستی و پەرۆشيم بۆی کەوتمە نووسينی ئەو بابەتانەی كە لەبواری مۆزيكدا پێويستن.

شايەنى وتنە سەرچاوەى وشەكانم ئەو پەڕاو و گۆڤارانەن كە لە كتێبخانەكەمدا هەن و هاوتەريب لەگەڵ ئەو ئەزموونەى كە ساڵانێكە پەيدامكردووە و بۆتە پاڵپشت و زەمينەيەكی لەبار بۆم بۆ زياتر چوونە نێو هونەرەكەوە. دەبێت ئەو ڕاستييە بزانين كە چۆنێتیی كاركردن لەسەر نووسين و داڕشتنی بابەتێك لەسەر هونەری مۆزيك لە كوردستاندا گەلێك كێشە و گرفت بێنە ڕێ، دەشێت يەكێك لە هۆكارە سەرەكييەكان بگەڕیتەوە بۆ نەبوونی بە پيشەييكردنی هونەرەكە. نەبوونی ئەم پيشەيیكردنەيش چەند كاردانەوەی نەرێيی لێدەکەوێتەوە، لەوانەيش نەبوونی ياخود لاوازبوونی ڕەخنە و ڕەخنەسازی، زۆر كەمی نووسينی وتار و لێكۆڵينەوەی مۆزيكی لە چێوەيەكی هونەريی زانستانەدا، خۆ ئەگەر بێينە دوان سەر مۆزيكی مۆدێرن، بۆمانـدەردەکەوێت كە لەم سەردەمی ئێستا تاڕادەيەك ئاستەمە هەنگاوی بۆ بنرێت. هۆكاری ئەمەيش لەوانەيە بگەڕێتەوە بۆ ئەو كورتە مێژووەی كە لە بواری هونەری مۆزيكدا هەيە لە كوردستاندا.

دوا وتەم، هيوادارم ئەم بەركوڵە نووسراوه‌م ببێته‌ سەرچاوەيەكى سوودبەخش بۆ مۆزيكاران و هاندەرێكيش بێت بۆ جووڵاندنيان و كاركردن لەم بوارەدا تاكو بتوانين ئەو ئاستەنگ و ئاستەمە بڕەوێنينەوە و بچينە نێو كاروانی ڕۆشنبيریی هونەری بە گشتی و ڕۆشنبيریی هونەری مۆزيك و زوانی كوريشمانی پێ بەپێز و دەوڵەمەند بكەين،

زۆزك قەرەداخـــى    2017

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ــ مۆزيكى مۆدێرن

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت