هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

سۆسیال دیموکراتی ئایدۆلۆجیایەکی ڕامیارییە کە کار لە پیناوی دیموکراسییا ئەکات و ڕژدئەکات لەوەی کە ئەبێ کۆمەڵگە خاوەندارێتی بەشێک لە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان بکەن. ئیدئۆلۆژی سوسیالدیموکراتەکان سوسیالیزمی دیموکراتیکە ،کە حیزبەکە خۆی پێیوایە کە ھاوواتایە لەگەڵ سوسیالدیموکراسی.
مێژووی ئەم ئیدۆلۆگییە زۆر کۆن نیەو ئەگەڕێتەوە بۆ کۆتای ساڵانی 1800 کاتێک کە گروپە سۆسیالیستەکان دروسی بوون و لە 14-7-1889 لە پاریس لە یادی سەدەمین ڕۆژی شۆڕسی فەرەنسییا کە ئەو ەش بە خاڵی کۆکردنەوەو پەیوەندیکردنی گروپە سۆسیالی دیموکراتەکانی ئەوروپا دائەنرێ کە ئەو کات هەڵگرانی بیر “ئایدیا”ی سۆسیال دیموکراتی لە ئەوروپا گرووپی ئۆپۆزسیۆنی بوون.
لەم ئایدۆلۆگیەیا بەشێکی زۆر لە حیزبی ڕاستەڕەو بوونی هەیە کە داوای دروست کردنی وڵاتێکی خۆشگوزەرا ن ئەکەن لە چوارچیوەی مەنزومەیەکی بۆرجوازییا، سۆسیال دیموکراتی بۆ حیزبە ڕاستڕەوەکان ئەبێ بە ڕێچکەیەک یان ڕژێمێکی ڕامیاری گشتی کە کۆی خۆشگوزەرانییەکان ئەگرێتەوە لەڕێی گرێدانی پەیماننامەیەکی گشتگیری نێوان کار،کرێکارو خاوەنکار یان سەرمایەدار بەشێوەی ئابوری بۆرجوازی “کەپیتالیزم” نمونەی یەکەمینەکانی ئەم جۆرە لەو ڕژێمە سۆسیالی و ئابورییانەیا بناغەی لە ڕۆژئاوا و باکوری ئەوروپا داکوتا لە پاش 1950ی سەدەی ڕابردوو.
لە کاتێکا حیزبە چەپەکانی هەڵگری ئەم ئایدۆلۆژییە داوای زیاتر هاوبەشی و دیموکراسی سۆسیالیزمی ئەکەن لە ڕێگەی چاکسازیەوە. حیزبە سۆسیال دیموکراتەکان وا پێناسە ئەکرێن کە زمان حاڵی چاکسازی سۆسیالیزمین کە بەستراوەتەوە بە سۆسیالیست ئنتەرناشناڵەوە.
کۆڵەکە گشتی و ناسراوەکان کە سۆسیال دیموکراتی لەسەر دروستکراو داڕێژراوە بریتین لە “یەکسانی، دیموکراسی، بەدەنگەوەهاتن، عەولەمە یان ئینتەرناسیۆنالیزم و حوکمی گەل” وەک قیەمــی گشتی جیهانی. یەکێکی تر لە ئامانجەکانی ئەم ئایدۆلۆجیایە دروست کردنی کۆمەڵگەیەکە هەلی هاوبەش و یەکسان بۆ هەموو تاکێک فەراهم بکات. سۆسیال دیموکراتی باوەڕی وایە کە جیاوازی سەرەکییەکان لە داهاتی تاک و سامان و دەسەڵات ڕێگر ئەبێ لە گەشیتنی تاک بە تواناکانی خود لەبەر ئەوە هەوڵی بەردەوام ئەیەن کە داهاتەکان بە یەکسانتر دابەشبکرێ.
جوڵەی گشتی سۆسیال دیموکراتی ڕژد کردنە لەسەر ڕژێمی ڕامیاری هاوبەش لە ڕێگای بزوتنەوەی گەلی و بەرگری کردن لە ڕەوتی دیموکراتی لەکارە پێشینەکانیانە کە ئەیانەوێ هەموو ئەو گروپ و تاکانەی کۆمەڵگا کە بەشدارنین لە دەسەڵاتی سیاسیا بەشداری پێبکەن بەهەمان شێوەی بەشداریکردنیان لە ڕەوتی ئابوریدا هەروەک چۆن زۆربەی حیزبە سۆسیال دیموکراتەکان کار ئەکەن بۆ دیموکراتی لەناو خودی حیزبەکانی خۆشیانا. ناسراوترین کاری ئەم ئایدۆلۆجیایە بۆ چارەسەری کەپیتالیزم و بەدەستهێنانی تەرازویەکی هاوسەنگ لە نێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا دروست کردنی سەندیکا “نقابات”ی بەهێزە بۆ نمونە سەندیکای کرێکاران، پیشەوەران، فەرمانبەران و… هتد.
خاڵێکی ناوەندی ئیدئۆلۆژی سوسیالدیموکراسی کزکردنی پشکۆی ئاگری شەڕی چێنایەتییە‌ و هەوڵدراوە‌ یارمەتی ئەو ھێزە لە کۆمەڵگایا بدەن کە قوت و سکی تێر دابین ئەکات و ھۆی بەرھەمیھێنانی زۆرتر و گەشەی ئابووری و دابەشکردنی عادڵانەی دەستکەوتەکانی بەدواوەیە‌، لەبری ئەوەی پەرەگرافی نوسراوی خاون کار و سەرمایەدار بسڕنەوە ئەم خاڵانەیان سەپاند بەسەریانا:
1- مافی دامەزراندنی ڕێکخراوەی ‌تایبەت بۆ کرێکار و خاوەنکار.
2- مافی باسکردن و وتووێژ لەمەڕ چۆنیەتی کار ، جێی کار و ھەر چەشنە ئاڵوگۆڕێک.
3- مافی بوونی زانیاری.
4- بەشداری کرێکاران لە بەڕێوەبەرایەتی ( دەرکردن ،ڕاگرتن وگواستنەوە).
5- دژایەتی لەگەڵ ھەر چەشنە گرژی و تووند و تیژییەک بە مەبەستی چارەسەر کردنی کێشەکان.
6- نێوبژیوانی کردن نێوان خاوەنکار وکرێکار(چارەسەری کێشەکانیان لەڕێی ڕێکخراوی نێوبژیوانی ‌).
7- بوونی گرێبەستی گشتی وەک یەک بۆ ھەمووان.
8- قەرەبوو کردنەوەی ھەرچەشنە زیانێک بە ھۆی کارەوە.
ئەم ڕوونکردنەوەیە لەسەر هۆکار ی دروست بوون و کاری ڕێکخراوەی حیزبە سۆسیال دیموکراتەکان “سۆسیال ئینتەرناسیۆنال”ی جیهان بە گشتی و ڕۆژئاوا بە تایبەتی هێندەی ڕووی لە مەلا حیکمەت محەمەد کەریم ناسروا بە “مەلا بەختیار”ە هێندەی ڕووی لە کۆمەڵگە نیە چونکە کۆمەڵگە تا ئاستێکی باش بەئاگایە لە شێوازی کاری ئەو ئیدۆلۆژییە بەڵام دواین چاوپێکەوتنی مەلا حیکمەت لە کەناڵی ڕووداو ئەوەی بۆ ڕژدو سەلماندین کە ئەو کەسایەتییە وێڕای ئەوەی کە ئەندام و کارگێڕی مەکتەب سیاسی حیزبێکە کە هەڵگری لایەنی کەم ناوی سۆسیال دیموکراتییە بەڵام هیچ زانیارییەکی گشتی لەسەر ئەو ئایدیایە نیەو مافیشی نیە چیتر لافی ئەوە بەسەر کۆمەڵگەیا لێبات کە کەسێکی سۆسیال دیموکراتە بەڵکو ئەوەی گوێبیستی بووین و لە زاری خۆیەوە درکانی ئەو زاتە هەڵگری ئادیای حیزبە تۆتالیتاری و لینینی و ستالینیەکانە و هیچیتی ئەگەرچی بەزارەکی ووتیشی کاتیان بەسەرچووە کە لەوێدا حیزب ئامانجەو گەلیش کۆیلەو ژێر دەستە وە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حیزب و سەرکردە هەموو جۆرە توندوتیژی و ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی دژی میلەت ڕێپێدراوە.
سۆسیال دیموکراتی یەکسانی چیینایەتی فەراهم ئەکا بەڵام مەلا حیکمەت ساڵانێکی کۆن پێش ئێستا لە چاوپێکەوتنێکی تێڤییا خۆی ووتی “خاوەنی ملیۆنێک دۆلارم خۆ ئەگەر بازرگانیم بکردایە لەبری پێشمەرگایەتی ئەوا ئێستا زیاترم ئەبوو”! واتە ساڵەکانی خەباتی بەپارە ئەگۆڕێتەوە بە میلەت گرنگ نیە گەل هەژارو نەداربێ گرنگ ئەوەیە خودی خۆی سەرمایەداربێ، گرنگیشە لێی بپرسرێ ئایا ئێستا چەن ملیۆن دۆلاری هەیە چونکە ئەو چاوپێکەوتنە زۆر کۆنە؟ ئەو تەنها سیاسی و دەسەڵاتداری هەرێم نیە کە وەک کێلەکەی کاک ئارام پاکبن بەڵکو گەل لەوە وشیارترە و باش ئەزانێ هەموویان لە فەرمانگەی تاپۆو عەقارات بێگەردن و خاوەندارێتی یان هیچ ناکەن یان شتێکی زۆر کەم کە پرسیار دروست نەکات!
سۆسیال دیموکراتی دژایەتی ھەر چەشنە گرژی و تووند و تیژییەک بە مەبەستی چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان مووچەخۆر و کرێکاری مافخوراو ئەکا کەچی مەلا حیکمەت لە ڕووداو ئەڵێ لە ڕووبەڕوو بوونەوەی خۆپیشاندەرە مافخوراوەکانی ئەم دواییەدا توانیمان لەماوەی 24 کاتژمێرا هاوکێشەکان بگۆڕین! بەو واتاییەی کە ئەو زاتە خوێنی ڕژاوی خوێندکاری زانکۆو خەڵکی مافخوراو بەگۆڕینی هاوکێشە ئەبینێ هەر وەک ئەوەی بڵێی خۆپیشاندەرەکان حشدی شەعبیبن! بەڵێ جەناب حشدی شەعبی و سوپای عێراق هاوکێشەکەیان گۆڕی و ئێوەومانان %51ی خاکی هەرێمتان تیا دۆڕان کە حیزبە ناوزەنکراوەکەی جەناب بە سۆسیال دیموکراتی خاونی هێزی چەکدارە، هەر بەڕاست ئەتوانی نمونەیەکی ترمان بەیتێ لە ئێوەبچێ سۆسیال دیموکراتێکی چەکدار؟
1= 100 تازەترین هاوکێشەی ماتماتیک! ئەوەی باوە ئەوەیە لە دنیای دیموکراسی و مۆدێرن و مەدەنیدا وە بەتایبەت حیزبە سۆسیال دیموکراتەکان هێندە پابەندن بەپرەنسیپە دیموکراتییەکانەوە کە لەدوای هەڵبژاردنەکانەوە ئەگەر بەڕێژەی زۆر کەم یان چەند سەد دەنگێکەوە لە دوای حیزبە ڕکابەرەکانەوەبن ئەوا ڕاستەوخۆ دان بە شکستی خۆیان بردنەوەی ڕکابەرەکانیان ئەنێنن و ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ڕائەگەیەنن کەچی مەلا حیکمەت “بەختیار” زۆر بە سانای و بەدەنگی بەرز ئەڵێ گرنگ نیە یەک کورسی بێنین یان سەد، کە ئەم دەستەواژەیە پەیامێکی زۆر ترسناکی تیایە بۆ هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات کە ئەو زاتە بەناڕاستەوخۆ پەیامێک ئەنێرێ بۆ کۆمەڵگەو حیزبە سیاسیەکان بەوەی کە ئەوان بەشداری کردنیان لە هەڵبژاردنەکانا تەنها کارێکی ڕۆتین و ڕەمزیی و ڕوکەشەکە بەڵام لە ناوەرۆکا ئەوان بڕیاری پێشوەختیان داوە کە هەرگیز دەست لە دەسەڵات هەڵنەگرن و حوکمی ناوچەکە بە هێزی چەک ئەکەن و جومگە گرنگ و کاراکان بەرنایەن و هێزی چەکدار لای خۆیان ئەهێڵنەوە حکومیش بە کوتەک ئەکەن!
هیچ سیاسیەکی هەرێم هێندەی مەلا حیکمەت قسەی لەسەر دیموکراسی و مەدەنەییەت و مۆدێرنە نەکردوەو هێندەی ئەویش لە مێدیای نوسراو بینراو بیستراوەوە دەرنەکەوتووە کەسی تریش هێندەی ئەو باس لە دیبەیت و خوێندنەوەی کتێب و وتار نەکردوەو ساڵانێکی زۆریش سەپەرشتیاری ڕێکخراوە دیموکراتییەکان!ی ی.ن.ک و سەرۆکی لیژنەی ئۆلۆمپیش بوو کە بەم کارانەی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەیا بووە ڕووکەشی خۆی بە ئاڵتونی دیموکراسی تەڵا بکات بەڵام سەرئەنجام ناخ و بیر و هزری مرۆڤ چی تیابێ و چۆن بێت هەر ئەوەیەو کارەکان ئاوێنەی ناخن نەک زمان کە مەلا حیکمەت بۆ دواین جار پێناسەی ناخی خۆی بەزاری کرد.
هەر بەڕاست بیریشمان نەچێ ئەوانەی شادەماری یەکێتی بوون %90ی یان یەکێتیان بەجێهێشتووە یان کۆچیان کردووە وە ئەوانەی ئەدەبیاتی یەکێتیشیان نوسیوەتەوە ئەوانەی نین کە لە مەکتەبی سیاسی ئێستایان بەڵکو ئەوانە ڕەوان شادان (کاک نەوشیروان، مام جەلال، د. کەمال فواد و عومەر دەبابە) و سەرۆک کۆماری عێراق د.فواد مەعسوم و شەهیدە سەرکردەکان بوون.

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت