هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

بەداخه‌وه‌ ، كه‌ سه‌ره‌تای هه‌ر كۆبونه‌وه‌و كۆنفرانسێك به‌ خوله‌كێك راوه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام هه‌رگیز یه‌ك خوله‌ك راوه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان له‌و هه‌موو كۆبونه‌وانه‌دا پرناكرێته‌وه‌و راناوه‌ستن تا خوله‌كه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت به‌ په‌له‌ كۆتایی پێده‌هێنرێت .

بۆیه‌ بێئه‌وه‌ی پێیبزانین به‌رپرسانی ریزی پێشه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌كان‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م هه‌رێمه‌ سوكایه‌تی به‌ گیانی پاكی شه‌هیدان‌و به‌های نه‌ته‌وه‌یی‌و ئینتمای كوردبونمانده‌كه‌ن .

هێنده‌ی له‌م هه‌رێمه‌یشدا كۆنفرانس‌و كۆبونه‌وه‌و چالاكی هه‌مه‌جۆر ساز ده‌كرێت‌و به‌ بودجه‌یه‌كی زۆرو ناوه‌رۆكێكی پوچه‌وه‌ كۆتایی دێت، به‌ چاره‌كی ئه‌وه‌ سوودیان نیه‌و ئه‌زمونیان لێهه‌ڵناهێنجرێت، بۆیه‌ به‌ناو راوه‌ستان بۆ شه‌هیدانیش زۆر ده‌بینین .

هێنده‌ی من چاودێریمكردووه‌و كاتژمێرم راگرتوه‌ قه‌ت یه‌ك خوله‌كی راوه‌ستانه‌كه‌، كه‌ پێویسته‌ یه‌ك خوله‌ك واته‌ شه‌ست چركه‌ رابوه‌ستن تا خوله‌كه‌كه‌ پرده‌بێته‌وه‌ رانه‌وه‌ستاون، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ 15 تا 16 چركه‌ زیاتر راناوه‌ستن‌و بووه‌ به‌ نه‌ریتێكی نه‌گریس له‌م هه‌رێمه‌دا.

كلتوری ئه‌و خوله‌ك راوه‌ستانه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ خه‌بات و تێكۆشان و گیانی پاكی شه‌هیدانێك، كه‌ رۆژانێك گیانی خۆیان له‌ پێناو ئازادی خه‌ڵك و حكومه‌تدا به‌ختكردوه‌ به‌ یاد بهێنرێنه‌وه‌ .

ئه‌و خوله‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌ عه‌قڵ‌ به‌ خه‌بات‌و رۆژانی سه‌ختی ئه‌واندا قوڵببینه‌وه‌و قه‌رزداری خۆمانیان بۆ دووپاتبكه‌ینه‌وه‌و به‌ خه‌بات‌و قوربانیان بزانین .

ئه‌و خوله‌كه‌ رێزه‌ له‌ تێكۆشانی میلله‌ت، بۆیه‌ ده‌بێت خاڵی كۆتایی هێنان به‌خوله‌كی راوه‌ستانه‌كه‌ییش په‌یامێك به‌ خه‌ڵكبدات‌و تێی بگه‌یه‌نێت بۆچی راده‌وه‌ستێت ؟.

ماوه‌ی خوله‌كێك راوه‌ستان له‌ كۆنفرانس یان هه‌ر چالاكیه‌كیتردا شتێك له‌ ئاوه‌زی مرۆڤدا ده‌ئافرێنێت بۆچی یه‌ك خوله‌ك له‌سه‌ر پێ بێت؟، هه‌ر بۆیه‌ دیاریكردنی یه‌ك خوله‌ك راوه‌ستان حیكمه‌تی ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ی بۆ مرۆڤ تێدایه‌.

ئه‌وه‌ی من ده‌زانم‌و به‌شداریم تێداكردوه‌ له‌ وته‌ی كۆتایی راوه‌ستانه‌كه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بوان دابنیشنه‌وه‌ ده‌وترێت «شه‌هیدان رێگای روناكمانن«، كه‌چی به‌رێزی پێشكه‌شكاری ئه‌و جۆره‌ كۆبونه‌وه‌و كۆنفرانسانه‌ی هه‌رێم، دوای «15« چركه‌ راوه‌ستان به‌ ئاماده‌بوان ده‌ڵێت، «فه‌رموو دانیشن« وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ پۆلێكی خوێندنی سه‌ره‌تاییدا بێت.

ئه‌گه‌ر به‌ زاناییه‌وه‌ كوشتنی گیانی نیشتمانی و ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی هاوڵاتیان، به‌ هه‌موو بواره‌ جۆراو جۆره‌كانی ژیانی رۆژانه‌مانه‌وه‌ دیار نه‌بێت و به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنراوی بوێت، ئه‌وا به‌ خوله‌ك راوه‌ستانه‌كه‌دا دیاره‌ ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی‌و پارتی به‌ به‌رنامه‌ هاوڵاتی له‌ گیانی نیشتمانپه‌روه‌ری‌و به‌هاكانی نه‌ته‌وه‌ دوور ده‌خه‌نه‌وه‌ و زۆر ده‌مێكه‌ سه‌لمێنراویشه‌.

ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ هیچ ئینتمایه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ری له‌ناو خه‌ڵكدا نه‌هێشتۆته‌وه‌و به‌جۆرێك كاڵیكردۆته‌وه‌، كه‌ ئیتر ره‌وایی وه‌ربگرێت‌و هاوڵاتیان لایان ئاسایی بێت سه‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌یان له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانی و بۆ خۆ دزینه‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی ناوخۆی هه‌رێم، ئاسایشی هه‌رێمه‌كه‌ به‌ گشتی بكات، به‌ قوربانی داخوازییه‌كی تاكره‌وی بنه‌ماڵه‌ و شه‌ری گۆرینی تاكه‌ كه‌سێكی وه‌ك مالیكی و قوڵكردنه‌وه‌ی نه‌هامه‌تیه‌كانی كورد بكات.

ئیدی هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌ ناچار بكرێن چاویان له‌ سه‌ردانی هه‌فتانه‌ی سه‌رۆكی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت بۆ تازه‌كردنه‌وه‌ی په‌یمانه‌ ترسناكه‌كانی له‌گه‌ڵ‌ توركیا دابخه‌ن، ئه‌گه‌ر سه‌ودا به‌ ئاسایش‌و ژیانی هاوڵاتیانیشه‌وه‌ بكات.

بۆیه‌ ده‌كرێت ئه‌م مه‌راسیمه‌ له‌ سیسته‌مێكی نوێی حوكمرانی كوردییدا، كه‌ چاوه‌رێین ئه‌م خه‌ونه‌مان بێته‌دی، به‌ یاسا رێكبخرێت‌و له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا یاسای تایبه‌تی بۆ ده‌ربكرێت و یه‌ك خوله‌ك راوه‌ستان بۆ گیانی شه‌هیدان بكرێته‌ نه‌ریت‌و له‌ خوله‌كێك كه‌متر راوه‌ستان سزای هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نا تكایه‌ رامه‌وه‌ستن باشتره‌ با ماندوو نه‌بن .

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت