هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

كردنەوەی دوو كەناڵی تری عەرەبی لەلایەن شاسوارەوە، چی جیاوازیەكی هەیە لەگەڵ بە ناو سەركردەكانی یەكێتی و پارتی، كە لەدوای ڕوخاندنی سەدامەوە عێراق وێران ببو و شێوابوو، ئەمان لەجیاتی ئەوەی داواكانی كورد جێبەجێ بكەن و كەركوك و ناوچەكانی مادەی سەد و چڵ بهێننەوە سەر كوردستان و سنور دیاری بكەن و سوپای بەهێزی پێشمەرگە دروست بكەن و پرسی نەوت و گاز و سامانی كوردستان یەكلایی بكەنەوە و كوردستان بە تەواوی لەعێراق جیابكەوە و ببینە دەوڵەت و بودجەكەی كوردستان جیا بكەنەوە و سەربەخۆیی ڕابگەیەنن.
چون عێراقی عەرەبیان دروستكردەوە، بێ ئەوەی كەمترین سود بە ماف و داخوازیەكانی كورد بگەیەنن و دوایش كە عەرەبیان كرد بە یەك و عێراقیان بۆ دروست كردنەوە و حكومەتیان بۆ پێكهێنان و بەهێزیان كردن، ئینجا عەرەبەكانی عێراق كەوتنە تانە و تەشەر لەكورد و ئێستایش ببینن، پشكی كورد لەبەغدا چۆنە، بە چی خێر و سەدەقەیەك تا پۆستێك بە كورد دەدەن و دژی سەربەخۆیی كوردن و هەتا بودجە و دەرمان و بەشە خۆراكی كورد نانێرن و تازە لەبەغدا و عەبادی دەپاڕێنەوە، پشكی خۆراك و دەرمانی كورد نەبڕێت و بودجەكەمان بۆ بخەنەوە سەر سكە و بماندەنەوە.
كردنەوەی دوو كەناڵی عەرەبی لەلایەن شاسواری عەرەب دۆست و دوژمن دۆستەوە، دوبارەكردنەوەی هەمان پراكتیكی تاڵەبانی و بارزانیە لەعێراق، دەڵێت: لەبەرئەوەی كەناڵێكی عەرەبی ئەهلی نیە و هەمویان سەرقاڵی ناكۆكی نەتەوەیی و تائیفی و مەزهەبینن من دو كەناڵی پڕ بودجەی پڕ تەكنیك و پێشكەوتو لەڕوی تێچونی مادیتان بۆ دەكەمەوە، بۆ ئەوەی گوتاری عەرەبی و عێراقی پتەو بێت و ڕاگەیاندنی عەرەبی لەو سەرگەردانیە ڕزگار بكەم، لەكاتێكدا ڕەوشی گەنجانی كورد زۆر پەرێشانە و پێویستیان بە دەستگرتن هەیە و هەزاران هەزار خێزانی كورد هەن، هاوكاریان پێویستە و ڕێژەی بێكاری لەبەرزبونەوەدایە و بەهۆی قەیرانی دارایی و ئابورییەوە ڕۆژانە سەدان تاوانی كۆمەڵایەتی هەر كەناڵەكەی خۆیان بڵاوی دەكەنەوە، بۆچی كار بۆ لەناوبردن و كەمكردنەوەی ئەم قەیرانە ناكەن و دەستی گەنجانی كورد ناگرن؟.
هەر ئەوەیش ناكەن خۆ گوتاری ڕاگەیاندنی كوردی لەقەیرانی قوڵدایە، بۆچی ئەو هەوڵ و سەرمایەی بۆ ڕاگەیاندنی عەرەبی خەرج دەكەن و هیلاك دەبن، بۆ ڕاستكردنەوەی ئاراستەی ڕاگەیاندنی كوردی بەكاری ناهێنن و لەو سەرگەردانی و پەشێوییە ڕزگاری ناكەن؟.، یان هەر مەبەست قازانجی داراییە و غەمی خەڵكی كوردستان بۆ ئێوە غەم نیە و گرفتە گەورەكە تەنیا گیرفانی خۆتانە؟.
بێگومان ژمارەیەكی زۆری عەرەب بە ناوی ڕاگەیاندنكار و تەكنیك و هونەری و هتدوە، بۆ سلێمانی دەهێنن و بە بودجە و پارەیەكی زۆرەوە خزمەتیان دەكەن و خانو و ماڵ و شوقەیان بۆ تەرخان دەكەن و هاتوچۆی تەواو بێ كێشە و تەواوی تێچونەكانیتریان دەگرنە ئەستۆ، كە بێگومان ئەم كارە سەرەتا لەخزمەتی عەرەبی عێراق و زیانی كورد و گەنجەكانی و شارەكە و گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان و سلێمانیە، كە ئەگەر ساڵی پێش ڕاپەڕین بوایە، ئەم كارەی شاسوار بە جاشایەتی و خزمەتی بەعس لەقەڵەم دەدرا، هەرچەندە لەئەمڕۆیشدا دەچێتە خانەی سوكایەتی بە كورد و خزمەتی دوژمن و نەیارانی كوردە وە و بێ هەستی و كاڵفامیی و ناهوشیاری و پارەپەرستی و بەرژەوەندی پەرستیەوە.
بەهیوام خەڵك هەڵوێستی هەبێت و ئەم تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیایە بە ڕێباز و شێوازی جۆراو جۆر پەسند نەكەن، كە كەس نیە ڕێگری لێ بكات، تەنیا ناڕەزایی و دەنگ هەڵبڕینی خەڵك نەبێت، دەمێكە شاسوار خەریكی ئەم جاشایەتییە و لەپێناو پارەدا خەریكی هەراجكردنی هەمو كوردستانە و كاری چەتە و بازرگانەكانی ناو یەكێتی و پارتی تەواو دەكات، ئەگەر تەماشای پڕۆژەكانی بكرێت زۆرترین هەلی كاری بە ناوی وەبەرهێنان و قازانجەوە بۆ عەرەب و بیانی دابینكردوە و تەواوی شوقەكانی لەسەر عەرەب و بیانی تاپۆیە.
دەبێت خەڵك ئەو ڕاستیە باش بزانێت قازانجی پڕۆژەكانی تەنیا بۆ گیرفانی خۆیەتی و هیچ سودێك بە جوڵاندنی بازاری كوردستان و گیرفانی خەڵكی هەژاری شارەكە ناگەیەنێت، لەڕێگەی كەناڵە عەرەبیەكانیەوە خزمەت بە گوتاری عەرەبی و پڕۆژەكانی خۆی دەكات، یان دەبێت داوا بكەین، كەناڵە عەرەبیەكانی لەسلێمانی بباتە دەرەوە و شارەكە وەك چەتەكانی ناو سیاسەت بە جۆرێكیتر وێران نەكات.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە