هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

دەرکەوتنی نەوشیروان مستەفا وەک پەیامبەر و مورشیدێکی ڕۆحانی، لەجوگرافیای میزۆپۆتامیا و لەناو جەرگەی خوێندنگەکەی سلێمانی، واری پایەبەرز و منەوەرانی وەک حەرزەتی مەحوی و نالی و سالم و کوردی و مەولانا و بێکەس و شێخی نەمر و شەهید ئارام و بابانیەکان و… هتد. وەک (مانی) دوا پێغەمبەری پێواژۆکەی خۆی، بووە سەنتەزێک بۆ کۆکردنەوەی ئایین و بیروباوەڕە جیاوازەکان و ئەو شارستانیەتانەی ئەم جوگرافیەیان پێکهێناوە، وەک مانی هیچ ئایین و بیروباوەڕێکی پێش خۆی ڕەتنەکردەوە و لەسەنتەزەکەی ئەودا جێگەیان بۆتەوە و خۆی بە نوێنەر و کۆکەرەوەی هەمویان زانی.
لەناو دنیایەک جەنجاڵی و ستەمی جۆراوجۆری ئەم دەستەڵاتەدا، توانی لەناو خەڵکدا ژیری و ئارامی خۆی بپارێزێت و بە هزر و خەباتی ناتوندوتیژی مامەڵە لەگەڵ ستەمدا بکات و پەیڕەویی یاساکانیان نەکات و بە شێوازی ئەوان نەدوێت، تا ئەو ڕادەیە سەربەخۆیی بیرکردنەوەی خۆی بپارێزێت و لەبەدکاریەکانیی ئەوانەوە تێوەنەگلێت.
مانی کۆچی مەدائین گەورەترین شاری دۆڵی دیجلە و پایتەختی جیهانی کۆنی کردووە و مەولانا خالید کۆچی بۆ هندستان و گەلێک شوێنی تر و سوهرەوەردی وێڵی زانست بووە و کۆچی کردوە و دوای پەیامەکەیان کەوتون و گوێیان لەدەنگە ئاسمانیەکەی ناخیان گرتووە، نەوشیروان مستەفایش هەروا بو و کۆچی کرد و دوای پەیامەکەی کەوت و گوێی لەدەنگە ئاسمانیەکەی ناخی گرت، لەپەیامەکانیدا جەختی لەوە کردۆتەوە، کە لەگەڵ ستەمکاریشدا ئارام مامەڵە بکەن و تێوەنەگلێن، ئەوان دوژمنمان نین و ڕکابەرمانن، باوەڕی بە خۆ پەروەردە کردن بە ناوەڕۆک هەبو و نەک تەنیا بە دروشم، پێیوتین دەبێت هەر پێنج هەستەکەتان پاڵێوگەیی ڕوناکی بن و لەبۆن و دەنگی ناخۆش بیانپارێزن، مانیش دەڵێت: لەهەمو شتێکدا ڕوناکی هاوسێی تاریکییە، تەنیا بە پۆشینی جلوبەرگی سپی ڕۆحەکان سپی و پاکنابنەوە، زەردەشتیش چوار بنەماکەی (ڕوناکی و هەوا و ئاو و زەوی) و باوەڕی بە دوالیزمی تاریکی و ڕوناکی لەناخی هەر مرۆڤێکدا لەسەر ئەم بنەمایە داڕشتووە.
نەوشیروان مستەفا وەک شوێن پێهەڵگری پێغەمبەران بە کردار کۆکەرەوەی هەمویان بوو، ئەوان ئاسا پێی وتین لەسەرخۆ بەسەر ئەم خاکەدا ڕێ بکەن و خۆتان لەجوڵە ڕەقەکان لابدەن و درەخت و گوڵ و زەوی بریندار مەکەن، واتە شێوازی خەباتی ناتوندوتیژی زیندوکردەوە، کە لەمیزۆپۆتامیاوە دەستی پێکردوە و نەوشیروان مستەفا بۆی سەلماندینەووە، کە ئەم جوگرافیایە سەرزەمینی مەعنەویات و پەیامبەری و ڕۆح و خەباتی ناتوندوتیژیە نەک ڕۆژئاوا.
ئەو وەک مەولانا خالید ئارام و چاپوک بو و وەک ئەویش بەردەوام خەریکی وانەوتنەوە و بڵاوکردنەوەی زانست و نوسین بوو، لەغەمی باشکردنی سیستەم و ژیانی گەلەکەیدا بو و ئەوەی دەیوت کرداریشی پێدەکرد، مەولانا لەساڵی 1228ی هیجرەتدا سلێمانی بەجێهێشت و کۆچیکرد، زانایان و خەڵکیتر لەهەموو لایەکەووە چوون بۆ لای و تەریقەتیان لەسەر دەستیی وەرگرتوە، زۆر کەس لەسەر دەستی کاک نەوشیروانیش تەریقەتیان وەرگرت و لەهەموو لایەکەوە سەردانیان کرد و لێی فێربون و زۆریشیان بە کردەوەیان نەکرد و خیانەتیان لێکرد، هەروەک چۆن خیانەتیان لەمەولانا و حەواریەکانیش لەمەسیحیانکرد.
ئەو تەریقەتەی مەولانا ئیرشادی خەڵکی بۆ دەکرد، خەڵکی هەڕەمە و ئەو مەلایانەی لەم ڕاستییە بێ ئاگان، باش تەماشای ناکەن و بە توندی بەرەنگاری دەوەستن، کە بوە بەهۆی ئەوەی هەندێک لەمەلایانی بێ ئاگا نکۆڵی بکەن، یەکێک لەهۆ بەهێزەکانی ئاشوب و هەرا لەهەر لایەکیش حەسودیە، گەلێک لەو مەلایانەی لەخوێندندا هاوڕێی مەولانا بون و خۆیان لەو بە باشتر تەماشا کردوە، چون بۆ لای شێخ مارفی نودێ وایان نیشانداوە، کە ئەم مەولانایە هاتوە دین تێکبدات و ئاشوب بنێتەوە، سەرەنجام کە شێخ مارفی نودێ ڕاستی بۆ دەرکەوتوە پەشیمان بۆتەوە و عوزری بۆ هێناوەتەوە، جگە لەتاقمێ لەو جۆرە مەلایانە ئەو کەسانە بون، کەئیدیعای شێخیەتی و پایەی ئیرشادیان کردوە و لەڕاستیدا خاوەنی ئەو پایە نەبون، هۆیەکیتری نەمانەوەی مەولانا لەوڵاتی خۆماندا ئەوەیە پیاوی گەورەی کوردەواری ئەگەر کەنار نەبێت، لەخەڵک واتە لەکێوێ یان لەشێوێ یا لەپەنایەکدا نەبێت و بیەوێت لەناو کۆمەڵی شارەوانیدا بژی دەوام ناکات، چونکە لای ئێمە وا بوە بە باو قەدری کەسانی خزمەتگوزار و گەورەی خۆمان ناگرین، مەگەر ئەو کەسە خاوەن عەشیرەت و دەستەڵاتێکی وا بێت خەڵک لێی بترسن، بەڵکو ئەگەر خاوەن عەشیرەت و دەستەڵاتیش بێت هەر هەراسان دەبێت.(مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، یادی مەردان)
مەحمود پاشای بابان بە سەفەر چوە بۆ بەغدا و سەردانی مەولانای کردوە، زۆر بە دڵگەرمی تکای لێ کردوە، بۆ سلێمانی بگەڕێتەوە و چاو لەناڕەحەتیەکانی پێشو بپۆشێت، بۆ ئەوەی خەڵکی وڵاتەکە زیاتر سود لەنور و بەرەکەتی وەربگرن، مەولانایش تکاکەی پەسند کردوە و گەڕاوەتەوە، مەحمود پاشا خزمەتێکی زۆری کردوە و خانەقای گەورەی سلێمانی بە ناوی مەولاناوە دروستکردوە، مەولانا لەم خانەقایەدا حەساوەتەوە و هەندێک موڵکی باشیشی وەک دێی(کەماڵان) و چەند دێیەکیتری لەسەر خانەقاکەی مەولانا، بۆ ژیان و خزمەتی هەژاران و دانیشتووان وەقف کردوە. (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، یادی مەردان).
گرنگە بۆ ئەوەی خەڵک سوود لەنور و بەرەکەت و پامەکەی نەوشیروان مستەفا وەربگرن و هەژاران لەسایەیدا بحەسێنەوە، خانەقاکەی باش ئاوەدان بکەینەوە و تەریقەت و ڕێبازەکەی و سەربەخۆیی بیرکردنەوە و ڕێچکەکەی بێ تواندنەوەی لەناو هیچ حزبێکدا بپارێزین و بزری نەکەین و ئەوانەی ڕۆژانێک ئازاریان داوە و خیانەتیان لێکردوە سنوریان بۆ دابنرێت.
مەولانا بۆ دواجار وتویەتی: لەبەرئەوەی حەز بە ئارامی وڵاتەکەی دەکات و بۆ ئەوەی نەبێت بە بەهانەیی هەندێک شتی ناڕەوا و نەگونجاو، نەگەڕاوەتەوە و تا لەشام کۆچیی دواییکردووە، نەوشیروان مستەفایش سەرەڕای ئەوەی گەلێک چاوەڕوانی گەڕانەوەی بوو، بەڵام بە کۆچە یەکجاریەکەی پێیوتین: بۆ ئەوەی بە هۆی منەوە کۆمەڵگەکەم توشی گرفتی زیاتر نەبێت، چونکە ستەمکاران لەسێبەرەکەیشی دەترسن و لەبێ توانایی و بودەڵەیی خۆیانەوە لەئاست گەورەیی کاک نەوشیروان سزای توندی شوێنکەوتوان و کۆمەڵگەکەی دەدەن، بۆ ئەوەی گەلیش لەنابەرپرسیارێتی و پشت بەستن بە قەڵایەک ڕاچڵەکێنێت و بەرپرسیارانە شوێنپێکەی هەڵبگرن کۆچی هەتایی کرد، تا کۆتایی بە هزری ناتوندوتیژی بەرەنگاری ستەم بویەوە و ملی بۆ نەدان و گەنجینەیەکی بەجێهێشت، ئەو لەلوتکەدا ژیا و لەلوتکەیشدا کۆچیکرد، گەورەییە بۆ مرۆڤ نەهێڵێت لەپێش چاوی گەلەکەی کاڵ ببێتەوە و مردنەکەیشی لەلوتکەدا بێت.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە