هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

بە ئاوڕدانەوەیەک لە 27 ساڵ تەمەنى حوکم ڕانى ئەم هەرێمە دەبینین کە بێ هیوایی و نائومێدى کۆمەڵگا خەرمانێکى پڕبەرهەمى ئەم جوت حزبەیە. ئەمانە وەک چۆن زۆر بە ڕێکخراویى کاریان لەسەر دزى و تاڵانى کردووە، وردتر لەوە کاریان لەسەر پەروەردەکردنى کۆمەڵگایەکى نائومێد کردوە، کۆمەڵگایەک کە بڕواى بە چەمکە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان نەمێنێت، بڕواى چاکسازى و گۆڕانکارى ئاشتیانە نەمێنێت، کۆمەڵگایەک هێندە دەستى سوتێندراوە بەنمایش و کارى قێزەونەکانى ئەم جوت حزبە خەریکە وا ئاڕاستە دەکرێت تا چاک و خراپەکان بخاتە یەک تاى تەرازوە.
وەختێک لە نیو ئەم هەموو نائومێدیەدا بزوتنەوەیەک بە ئیرادەیەکى پۆڵاینەوە سەرهەڵدەدات، ئیتر ئەمانە توشى شۆک دەبن، دەبینن بزوتنەوەیەک کە تەنیا سەرمایەى جەماوەری هەیە، هەم کار لەسەر هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگا دەکات، هەمیش بەوپەڕى بوێریەوە ڕوبەڕى هەموو ملهوریەکانیان بۆتەوە. لە پاڵ ئەمەشدا بزوتنەوەیەک خاوەن ڕوئیاو بەرنامە و پڕۆژەى نوێ یە بۆ بنیاتنانەوەى دەوڵەت لەسەر بنەماى یاسا سەروەرى کە تێیدا ئیرادەو کەرامەتى تاک پارێزراوبێت. ئیتر ئەمە بۆ ئەوان هستریا بوو، چونکە دەیانزانى کە ئەمە کۆتایی خەون و دەسەڵاتى خێڵەکى و بنەماڵەیی یانە. بۆیە هەرزوو کەوتنە دژایەتى سەرسەخت و بەرگرتن لەم ڕەوتە نوێیە. وەختێکیش دڵنیابون ناتوانن بەر بە ئیرادەى بزوتنەوەیەک بگرن کە هەڵقوڵاوى جەماوەرە، ئیتر گومانم نیە هانایان بۆ شارەزاو ڕاوێژکارى نێودەوڵەتى بردووە، بە پشتیوانى وڵاتانى دراوسێ و داگیرکەرى پارچەکانى ترى کوردستان تا بتوانن درێژە بەدەسەڵاتە چەتەگەریەکەیان بدەن. لەم ڕێگەیەوە هەم هاوکارى تەوایان مسۆگەر کردووە لە ساختەکاریەکانى هەڵبژاردن و، هەمیش پلان و نەخشەڕێگەیان داڕشتوە بۆ لاوازکردنى ئەم بزوتنەوەیە لە چەند ئاستێکدا:
1- لە ڕێگەی میدیا کانیانەوە کە پارەیەکی کراوەیان خستونەتە بەردەست کار بۆ نائومێد کردنی کۆمەڵگا بکەن و ئامانجیانە لەم ڕێگەیەوە خەڵکی بێ هیوابکەن لە پرۆسە دیموکرسیەکانى وەک هەڵبژاردن و دەستاودەست کردنى ئاشتیانەى دەسەڵات، لەپەنا ئەمەشدا بەشى زۆری دەنگدەرانی خۆیان بەزۆر لە ژێر چاودێریدا دەنێرنە سەرسندوقەکانی دەنگدان و ئەنجام بە ڕێژەیی لەبەرژەوەندى ئەوانە و ژمارەى کورسیە پەرلەمانیەکانیان زیاد دەکات. ئەمەشیان دروست لە هەڵبژاردنی عراق پێکا لەپاڵ ساختەکاریە زەبەلاحەکەیان کە کوردستان و عڕاقیان توشی شەرمەزاری کرد لەبەردەم کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى.
2- دروستکردنی گومان و لێڵ کردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی ئامانجیان گۆڕانکاریی و بنیات نانی وڵاتێکی دامەزراوەییە، ئەویش لەڕێگەی دروستکردنی چەند لیست و هێزی ساختەوە کە هەڵگری هەمان دروشم و بانگەشەی گۆڕان بن تا بەمەش جۆرێک لە دودڵی و ساردبونەوە لای دەنگدەر دروست بکەن، بەلام لەراستیدا تەواو ئەمە ڕوون بۆتەوە کە ئەمانە شاگردی خۆیانن و بەسانایی ئاراستە دەکرێن.
3- قسەکردن لەسەر گۆڕان و چەواشەکارى و دروستکردنى گومان لە ژێرتایتڵى ڕەخنەدا لەڕێگەى هەندێ رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندنی بەناو سەربەخۆیان کە بەشێکیان ژێربەژێر سپۆنسەرکراون تا شەوورۆژ قسەلەسەر گۆران بکەن، بۆ ئەوەى وای لە خەلک بگەیەنن کە گۆڕان ئەوهێزەنەبو کە هەموان ئومێدیان لەسەر هەڵچنیبوو وەئێستا لە پرەنسیپەکانی لای داوە، لەکاتێکدا گۆران تاکە هێزی سیاسیە لە کوردستان بچوکترین پاشەکشەو لادانی نەبوە لە پرنسیپەکانیدا و هەمیشە پێداگرى سەرسەخت بوە بۆ وەدى هێنانى ئامانجە سەرەکیەکانى بۆ ئەمەش باجى زۆر داوە لە سزاى سیاسی و ئیدارىدا.
4- کێشەى ناوخۆی، گومان نیە هەر هێزێکى فراوان و جەماوەرى دەشێ لەناوخۆیدا کێشە و ناکۆکى هەبێت بەتایبەت بۆ هێزێک کە ڕێکخەرەکەى لەدەست دابێت، تازە خەریک بێت دەستورە ناوخۆییەکەى بخاتە سەرسکە ئاسایی یە ناکۆکى و تێڕوانینى جیاوازلە ناوخۆیدا هەبێت. بەڵام دواجار هەموان پەیوەست نین بەم بابەتەوە بەڵکو بزوتنەوەکە خۆى خاوەنى دەزگا و ئۆرگانى تایبەتە، بەمەرجێک ئەم ناکۆکیانە ئەگەر هەبن نەبنە هۆکارێک کە بزوتنەوەکە لە ڕێڕەوى بەرگرى کردن لەمافى هاوڵاتى دوربخاتەوە. کەچى ئەم دەسەڵاتە بۆئەوەى سەرنجى هاوڵاتیان لەسەر مافە ڕەواکانىان دووربخاتەوە هاتون سکێڵى ئەم جۆرە بانگەشانەیان هێندە گەورەکردوە بەجۆرێک وەک ئەوەى ئیتر وڵات شامى شەریف بێت و تەنیا لە گردەکە کێشە هەبێت.
دواجار ئەوەى ئەوەی گرنگە هۆشیارى تاکە لە ئاست پیلانەکانى دەسەڵاتى جوت حزب لە پێناو مانەوە و درێژەدان بەدەسەڵاتێکى شەڕانگێز و پاوانخوازکە ئامانجیەتى تاریکستانێک بۆ هاوڵاتیانى دروست بکات کە تێیدا ئازادى خوازان بەدواى تروسکایەک وێڵ بن بۆ ڕاکردن لە نیشتمان.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.