هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

لەپەراوێزی زنجیرە بابەتی چۆنێتی لێکۆڵینەوەی زانستی دا
بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەکی زانستی، کە ئەنجامدەدرێت پێویستە کەسی لێکۆڵەر شارەزایی هەبێت لەسەر شێوازی دیزاینی لێکۆڵینەوەکە و چۆنێتی وەرگرتنی نمونەکانی و پاشان چۆنێتی شیکارکردن و لێکدانەوەی ئەنجامەکانیش. سەرەڕای ئەمانەش، لێکۆڵینەوەکە ئەبێت بە تیمێکی شارەزا ئەنجامبدرێت و پێشوەختە بەرنامە (Research Proposal)ی بۆ بنوسرێت کە چۆن چۆنی و لە ماوەی چەنددا (چونکە زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان ماوەی ساڵێک بۆ 5 ساڵ یان زیاتری پێدەچێت) لێکۆڵینەوەکە ئەنجامبدرێت.
گەر لێکۆڵینەوەیەکیش لە لێکۆڵینەوەی “خوێندن”ی وەک لێکۆڵینەوەی دکتۆرا (بۆرد) و ماستەر و دبلۆمەوە (Thesis or Dissertationـ کە لەم جۆرە لێکۆڵینەوانەدا لێکۆڵەر بەدرێژی ــ 152 بۆ 250 لاپەڕە ــ باسی چۆنێتی ئەنجامدانیی و وردەکاری ئەنجامەکان دەکات و بەراووردیان دەکات بە لێکۆڵینەوە زانستییەکانی پێشووتر و لێکدانەوەیان بۆ دەکات و لەلایەن سەرپەرشتیار و چەن کەسێکی پسپۆڕی ترەوە لە هەمان بواردا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت … وە لە هەموو دنیادا، هێندەی من ئاگادار بم، لێکۆڵینەوەی ناوەندە زانستییەکانی وەک زانکۆ و پەیمانگا و ئەنجومەنە زانستییەکان لەم چەشنەن) ویسترا بگۆڕدرێت بۆ لێکۆڵینەوەیەک کە لە گۆڤارێکی زانستیدا بڵاوبکرێتەوە ئەوا پێوویستە کە لێکۆڵەر تەواوی لێکۆڵینەوەکە کورت بکاتەوە و بەگوێرەی شێواز (Style)ی گۆڤارە زانستییەکەش جارێکی تر دایبڕێژێتەوە و بینوسێتەوە. بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەش لە گۆڤارێکی زانستی باوەڕپێکراو کارێکی هێندە ئاسان نییە!
کاتێک کە بڕیار دەدەیت لێکۆڵینەوەکەت بنێریت بۆ گۆڤارێکی زانستی بۆ بڵاوکردنەوە، ئەوا سەرەتا پێویستە زانیاری تەواو لەسەر ئەو ناوەندی بڵاوکردنەوەیە یاخود پەبڵیشەرە (Publisher) وەرگریت کە دەتەوێت لێکۆڵینەوەکەت بۆ گۆڤارێکی سەر بەو بنێریت تا بزانیت کە ساختە نیە و خۆت بپارێزیت لەوەی کە لێکۆڵینەوەکەت بفەوتێت و ناوبانگی زانستی خۆشت لەکەدار نەکەیت، چونکە بڵاوکردنەوە لە گۆڤاری ساختەدا، سەرەڕای ئەوەی کە پارەیەکی زۆریشت بۆ بڵاوکردنەوە لێدەسەنن، لێکۆڵینەوەکەت دەفەوتێت و ناوبانگی زانستیشت لەکەدار دەبێت و بەمەش گۆڤارە زانستییە دروستەکانی تر لێکۆڵینەوەکانی ترت، هەرچەندە باشیش بن، وەرناگرن.
پاشان، دوای نوسینی لێکۆڵینەوەکە بەگوێرەی شێوازی گۆڤارەکە، پێویستە لێکۆڵینەوەکە لەگەڵ نامەی هاوپێچ (Cover Letter) دا بنێریت بۆ گۆڤارەکە. نامەی هاوپێچیش بریتییە لە نامەیەک کە لە یەک لاپەڕە تێپەڕ ناکات و بەکورتی و پوختی باسی لێکۆڵینەوەکەتی تێدا دەکەیت بۆئەوەی سەرنجی سەرنوسەر (Editor-In-Chief) ی گۆڤارەکە ڕابکێشیت و بینێرێت بۆ شیکارکردنی لەلایەن دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکەوە.
دوای ئەوەی کە دەستەی نووسەران بڕیاریان دا کە بابەتی لێکۆڵینەوەکە لەگەڵ ئامانجی گۆڤارەکەیان دەگونجێت و زانیاری تازەی تێدایە ئەوا لێکۆڵینەوەکە دەنێرن بۆلای بەلای کەمەوە “سێ” کەس یان زیاتر کە پسپۆڕن لە هەمان بابەتی لێکۆڵینەوەکەدا بۆئەوەی لێکۆڵینەوەکە لەڕووی زانستییەوە هەڵبسەنگێنن و بەمانەش دەوترێت پێداچووەوەکان یان پیر ڕیڤیوەر (Peer Reviewer).
دوای ئەوەی کە سەرنووسەر لێکۆڵینەوەکەی نارد بۆلای دەستەی نووسەران و ئەوانیش بڕیاریان دا کە بینێرن بۆ پێداچوونەوە (Peer Review) ئەوا بەگشتی ئەو ماوەیەی تا وەڵامی پیر ڕیڤیوەکە بە نوسەر یا لێکۆڵەری بەرپرس (Corresponding Author – ئەم لێکۆڵەرەوەیە ژمارەی پۆست، گەر هەیبێت، و ژمارە تەلەفۆن و ئیمەیڵی لای گۆڤارەکە دەبێت و گۆڤارەکە لەڕێگەی ئەمەوە پەیوەندی دەبێت و خوێنەریش هەر لەڕێگەی ئەمەوە پەیوەندییان پێوە دەکات) دەگاتەوە بەلای کەمەوە بریتییە لە (4 بۆ 6 مانگ) و لە زۆرێکیاندا ماوەکەش زیاتر دەخایەنێت. سەرنووسەری گۆڤارەکە لەگەڵ تێبینییەکانی (Comments) پیر ڕیڤیوەرەکاندا بڕیار لەسەر ڕاستەوخۆ ڕازیبوون بە بڵاوکردنەوە (Accept) (کە ئەمەیان زۆر دەگمەنە…) یان بڵاوکردنەوە دوای دەستکاری و چاککردن (Accept after Revision) یان بڕیاردان بە بڵاونەکردنەوە (Rejection)ی لێکۆڵینەوەکە دەدات چونکە یان لێکۆڵینەوەکە نازانستییە یان زانیاری تازەی تێدا نییە یان لەگەڵ ئامانجی گۆڤارەکە ناگونجێت و ئەم بڕیارەش بە نوسەری بەرپرس دەگەیەنێت. گەر بڕیارەکە بریتی بێت لەوەی دوای چاککردنی لێکۆڵینەوەکە و وەڵامدانەوەی تێبینی پیر ڕیڤیوەرەکان لێکۆڵینەوەکە بڵاوبکرێتەوە ئەوا سەرنووسەر ماوەیەک بۆ وەڵامدانەوە دیاری دەکات کە بەگشتی نزیکەی (1 بۆ 2 مانگە).
پاشئەوەی کە لێکۆڵەرەوە (Researcher or Author) بابەتە داواکراوەکانی چاککرد و وەڵامی پیر ڕیڤیوەرەکانی دایەوە ئەوا پاش ماوەیەک کە نزیکەی مانگێک بۆ چەن مانگێکی پێدەچێت ئەوجا بۆجاری دووەم وەڵام دەدرێتەوە بە بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەکە یان بە دووبارە چاککردنەوەی تر یان بە بڵاونەکردنەوەی. ئەمەش دیسان کات و ووزەی تری دەوێت و لێکۆڵەر ناچار دەبێت کە دووبارە و سێبارە و … لێکۆڵینەوەکە بەگوێرەی شێوازی گۆڤارەکانی تر دابڕێژێتەوە و بیاننێرێت بۆ ئەوان.
گۆڤارە زانستییەکان بۆ بڵاوکردنەوە دەکرێن بە سێ بەشەوە:
1- بەشێکیان ئەو گۆڤارانەن کە خوێنەران بەئاسانی دەستیان بە لێکۆڵینەوەکان دەگات و دەتوانن بەخۆڕایی لێکۆڵینەوەکان دابەزێنن و دەستخەن. ئەم جۆرانە پێیان دەوترێت ئۆپن ئەکسێس (Open Access Journals). لەم جۆرە گۆڤارانەدا تێچووی بڵاوکردنەوەکە دەکەوێتە سەر لێکۆڵەرەوە و نرخی بڵاوکردنەوەشی لە گۆڤارێکەوە بۆ دانەیەکی تر دەگۆڕێت. بەگشتی کەمترینیان لە (250) دۆلارەوە دەستپێئەکات (وەک گۆڤارەکانی سەر بە Edorium Publisher) بۆ نزیکەی ( 2500 بۆ 4000 دۆلار) کاتێک گۆڤارەکە زیاتر ناسراوە و بەناوبانگە وەک (ئەو گۆڤارانەی سەر بە Elsevier or Springer or Wiley Publishers ن).
لێرەدا ئەوە گرنگە کە ئاماژە بەوە بدەم کە گۆڤارە ساختەکان ئەم شێوازە بەکاردەهێنن چونکە بەمشێوەیە ڕاستەوخۆ پارە لە لێکۆڵەرەوەکان وەردەگرن و بێ پێداچوونەوە و پیر ڕیڤیو لێکۆڵینەوەکەیان لە ماڵپەڕەکەی خۆیان دادەنێن و ئەم گۆڤارانەش لە هیچ یەکێک لە داتابەیسە زانستییەکاندا هەژمار نەکراوون (Not Indexed).
خاڵێکی گرنگی تریش کە پێویستە ئاماژەی پێبدەم بریتییە لەوەی کە هیچکام لە (Google Scholar and Researchgate) داتابەیسی زانستی نین کە زۆرێک لە گۆڤارە ساختەکان بەوە لێکۆڵەرەوەکان دەخەڵەتێنن کە گۆڤارەکانیان لەوێدا هەژمارکراوون، چونکە لە گووگڵ سکۆڵەر و لە ڕیسێرچگەیتیشدا لێکۆڵەر بۆخۆی دەتوانێت فایلی لێکۆڵینەوەکەی تێدا ئەپلۆد بکات یان قبوڵی (Accept) بکات کاتێک کە پیشانی درا لە ئەکاوونتی تایبەتی خۆیدا و چاودێرییەکی زانستی تێدا نییە. ئەم دوو سەرچاوەیە تەنها ئەکاونتی لێکۆڵەرەوەکانن و خۆیان فایلی لێکۆڵینەوەکەی تێدا ئەپلۆد دەکەن نەک خودی خۆیان داتابەیسێکی زانستی بن وەک داتابەیسی پەبمێد (PubMed).
2- جۆری دووەم ئەو گۆڤارانەن کە لێکۆڵینەوەکانی ناوی بۆ خوێنەرانی بەخۆڕایی نییە و بۆ وەرگرتنی فایلی لێکۆڵینەوەکە داوای بڕە پارەیەک لە خوێنەر دەکات. ئەم جۆرەیان تەنها بۆ فەرمانبەر و فێرخواز و مامۆستای ئەو دامەزراوە و ڕێکخراوانە بەخۆڕاییە کە ساڵانە یاخود مانگانە دامەزراوە و ڕێکخراوەکەیان پارەی لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دەدات، واتە بۆ ئەندامانی ئەو ڕێکخراوو و دەزگایانە خۆڕاییە کە سەبسکریپشن (Subscription) یان کردووە بە پارە.

ئەکرێت ئاماژە بە دوو خاڵی گرنگ بکەم:
یەکەم: گۆڤارەکە بۆ تێچوونی بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەکە پارە لە خوێنەرەکانی یان ئەو ڕێکخراو و دەزگایانە وەردەگرێت کە سەبسکرایبیان کردووە و پارە لە لێکۆڵەر وەرناگرێت، واتە لێکۆڵەر لێرەدا پارەی بڵاوکردنەوە نادات جگە لە پارەی ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کە لە ڕووی زمانەوانی و نووسین و ناردنی لێکۆڵینەوەکە بۆ گۆڤارەکان هاوکاری لێکۆڵەریان کردووە.
دووەم: لەو ووڵاتانەی کە زانست لایان بەنرخ و گرنگە و زانست، دەزگاکانی ووڵاتەکەیان بەڕێوە دەبات، زانکۆ و پەیمانگاکانی و ئەو دەزگایانەشی کە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زانستی هەیە بۆ بەڕێوەچوونیان وەک وەزارەتی تەندروستی و کشتوکاڵ و هاتووچۆ و … هتد، پارەی سەبسکریپشنی چەندین گۆڤاری پەیوەنددار و گرنگ دەدات تا فەرمانبەران و فێرخوازان و مامۆستایانی لە لێکۆڵینەوەکان سودمەند بن و ئەمانیش هەم بەکاریان بهێنن و هەم خۆشیان لێکۆڵینەوەی زانستی ئەنجام بدەن تا ناوەندە زانستی و دەزگاکان خاوەن دۆزینەوەی زانستی خۆیان بن. بەداخەوە ئەمە لە زانکۆ و پەیمانگا و دەزگاکانی کوردستانی باشووردا بەدیناکەم و پێویستە گرنگی پێبدرێت.
3- جۆری سێیەم ئەو گۆڤارانەن کە هەردوو بەشەکەی خاڵی یەکەم و دووەمیان هەیە و پێیان دەوترێت گرین ئۆپن ئەکسێس (Green Open Access). لەم گۆڤارانەدا لێکۆڵەر لەکاتی ناردنی لێکۆڵینەوەکەی بۆیان(Submission) دەتوانێت هەڵیبژێرێت کە بە چ جۆرێک بۆی بڵاوبکەنەوە. گەر ویستی خۆی پارەی بڵاوکردنەوەکە بدات ئەوا ئەوانیش بە ئۆپن ئەکسێسس بۆی بڵاو دەکەنەوە و گەر پارەشی نەدا ئەوا وەک سەبسکریپشن بۆی بڵاو دەکەنەوە.
لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە کە دەبێت ئاماژەی پێبدەم؛ لێکۆڵینەوەکان لە گۆڤارە ئۆپن ئەکسێسەکاندا ڕاستەوخۆ دوای ڕازیبوون بە بڵاوکردنەوەی، بەخۆڕایی دەست خوێنەرانی دەکەوێت بەڵام لەجۆری سەبسکریپشندا بەبێ پارە ناتوانرێت ڕاستەوخۆ دەستیبکەوێت تا کاتێکی دیاریکراو کە پێی دەوترێت ماوەی سنوردارکردن (Embargo Period) و ئەم ماوەیەش لە گۆڤارێکەوە بۆ گۆڤارێکی تر دەگۆڕێت بەڵام بەگشتی تا ماوەی ساڵێکە و دوای ئەم ماوەیە لێکۆڵینەوەکە بەخۆڕایی دەست خوێنەرانی دەکەوێت.
ئەگەر پارەی بڵاوکردنەوەیت هەبێت یان کۆمپانیا و ڕێکخراو و ناوەندە زانستییەکان سپۆنسەریان کردیت و پارەی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکە (چونکە هەموو ئەو ئامێر و ماددانەی کە لە لێکۆڵینەوەکەدا بەکاردێت و هەموو ئەو کەسانەشی کە کاری لێکۆڵینەوەکە ئەنجام دەدەن یان شیکاری زانیارییەکانی دەکەن پارەی تێدەچێت…) و بڵاوکردنەوەکەیان گرتە ئەستۆ ئەوا باشتر وایە کە بە ئۆپن ئەکسێس بڵاوبکرێتەوە چونکە ئەگەری ئەوەی زیاتر دەبێت کە زووتر وەک سەرچاوە بۆ لێکۆڵینەوەکانی تر بەکاربێت و سایتەیشن بکرێت. بەڵام گەر پارەی ئەوەت نەبوو و هیچ دەزگا و ڕێکخراو وکۆمپانیایەکیش سپۆنسەری نەکردیت ئەوا بە جۆری سەبسکریپشن هەر باشە چونکە ئەمیش دوای ماوەی سنوردارکردن دەبێت بە ئۆپن ئەکسێس و بەخۆڕایی دەست خوێنەر دەکەوێت.
خاڵێکی گرنگی تر کە پێویستە ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە ناوی ئەو لایەن و دەزگا و ناوەند و ڕێکخراوانەی کە سپۆنسەری لێکۆڵینەوەکە دەکەن پێویستە و دەبێت بنوسرێت لە لێکۆڵینەوەکەدا، ئەمەش وەک ڕیکلامێک دەبێت بۆیان و ناوبانگی زانستی و بازرگانییانی پێ گەشە دەکات و ناسراو دەبن. بۆیە زۆر گرنگە کە دەزگا و ڕێکخراو و کۆمپانیاکانی کوردستانی باشوور سەرنجیان بۆ ئەم بابەتە ڕابکێشرێت تا سپۆنسەری لێکۆڵینەوە زانستییەکان بکەن چونکە هەم خۆیان سودمەند دەبن و هەم زانستیش گەشە دەکات، و لێکۆڵەریش هاندەدرێت کە بەردەوام بێت لەسەر لێکۆڵینەوەی گرنگ و بەهێزی زیاتر.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەم کە لێکۆڵینەوەی زانستی هێندە بێنرخ نییە کە بەچاوێکی سووک سەیربکرێت و زۆر بەسادەیی (یان تەنها بەپارە!) ئەنجام بدرێت. هەروەها، بڵاوکردنەوەی زانستیش هێندە ئاسان نییە کە ناوەندێکی زانستی وەک “ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان” پێویستی دەکات لەسەر فێرخوازانی کە لەماوەی خوێندنەکەیاندا دوو لێکۆڵینەوە بڵاوبکەنەوە! ئەزیزانم، گەر زانست لاتان گرنگە و گرنگی بە لێکۆڵینەوەی زانستی دەدەن ئەوا لەو بابەتانەوەی کە لەسەرەوە باسمکردوون دەبێت ئەوەتان لا ڕوون بێت کە پێویستە هەم سپۆنسەری فێرخوازەکانتان بن بۆ ئەنجامدان و بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەی زانستی و هەم “زانستی چۆنێتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستی”یان فێربکەن و ئەو هۆکارانە بگرنە بەر کە هانیان بدات بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستی نەک بێ زانست و سپۆنسەر تەنها فەرمان بکەن.

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە