هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

ئەگەر چی ئەمجارە کورد مەرجی قورستری دەبێت و پێدەچێت هەندێ کارتی جیاوازتر لە ڕابردوو ڕوو بکات، بەڵام دابەشکردنی پۆستەکانی کورد لە بەغدا ئەگەری ململانێ و ناکۆکی ناوخۆیی حیزبەکان و لایەنە سیاسییەکانی کوردی بە گشتی لێ دەکەوێتەوە.

دوای دەسنیشان کردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەموو نیگاکان لە سەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کە پشکی کورد و یەکیەتی نیشتمانی کوردستانە چڕ بوونەتەوە. یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە دوای وەفاتی تاڵەبانی چەندین قۆناغی هەستیاری تێپەڕاندووە و دوایین جار توانی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ببێتە هێزی دووەم  لەهەرێمی کوردستان بە چەشنێک ئاشتی لە نێوان حیزبەکەیان و دەنگە تۆراوەکانی دروس بکات لە ئێستادا سێ کەس لە ناو یەکیەتی نیشتمانی ڕکابەرێتی بۆ پۆستی سەرککۆمار دەکەن. وەک: دکتۆر حمەسابیرو ـ دکتۆر لە تیف رشیدو ـ مەلابەختیار.

لە هەمووی گرنگتر سەرکردایەتی یەکێتی دەیهەوێ لەم پرۆسەدا خۆی بەدووربگرێ لە نێوەندگیری هەریەکە لە بەربژێرەکان؛ خاڵی کۆتایی پرۆسەکە هێشتا بەردەوامەو چانسی دکتور بەرهم لەم خاڵە دا نزیکە؛ ئەگەر بەرهەم ساڵح بتوانێ لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان هاوپەیمانیەکی ستراتیژی ببەستێت؛ ئەو کات یەکێتی بەگەراندنەوەی ئەم پرسە بۆناو جەماوەرو لایەنگرانی؛ دەتوانێ دۆکتۆر به‌رهه‌م ساڵح وه‌ک بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار ده‌سنیشان بکات؛ بێشک له‌ دید و تێڕوانینی خه‌ڵکه‌وه‌ ناوبراو سیاسه‌تمه‌دارێکی به‌ ئه‌زموون و سه‌رده‌میانه‌یه‌ که‌ له‌ دونیای سیاسه‌ت پرستیژێکی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ و بەئەزموونترە به‌رامبه‌ر هەریەک لەم بەربژێرانەی تر؛  زۆر به‌ ئاسانی هه‌نگاو به‌ره‌و یه‌کڕیزی و کۆده‌نگی نیشتمانی ده‌نێت. بۆیە چانسی دکتۆر بەرهەم زیاتر لە رکابەرەکانی خۆنوێنی دەکات.

کاتێک که‌  تاڵه‌بانی سکرتێری گشتی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان وه‌ک یه‌که‌مین سه‌رۆک کۆماری کورد له‌ عێراق هه‌ڵبژێردرا، شه‌پۆلێک له‌ خۆشی و شایی نه‌ک ته‌نیا باشور ته‌نانه‌ت ئه‌و پارچه‌کانیتری کوردستانی گرته‌وه‌ و کوردان له‌ ڕێگای کورته‌ نامه‌وه‌ پیرۆزبایی ئه‌م پێشهاته‌ گرنگه‌یان له‌ یه‌کتر ده‌کرد. ئه‌مه‌ به‌شێکی بۆ که‌سایه‌تی و کاریزمای که‌م وێنه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م ڕێبه‌ره‌یان ده‌کرد و گه‌شبین بوون به‌ وه‌ی که‌ ڕۆڵی مام بتوانێت بۆ به‌دیهاتنی ئاواته‌ له‌ مێژینه‌کانیان ڕێگا خۆشکه‌ر بێت و دۆزی کورد به‌ره‌و ئاقارێکی باشتر ببات.

لێره‌دا داوه‌ری له‌ سه‌ر چه‌ندیه‌تی سه‌رکه‌وتنی مام جه‌لال له‌ پۆسته‌که‌یدا ناکه‌م به‌ڵام به‌ ته‌ئکید ده‌توانم بڵێم: سیفه‌تی یه‌که‌مین سه‌رۆک کۆماری کوردی عێراق به‌ شانازییه‌وه‌ شایه‌نی فه‌خامه‌تیان بووه‌ و کوردان هه‌رده‌م به‌ ڕێزه‌وه‌ بۆ مام و خه‌باتی شاخ و کاخی ده‌ڕوانن. به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی دۆکتۆر فواد مه‌عسوم وه‌ک سه‌رۆک کۆماری نوێی عێراق، چه‌شنێک له‌ ساردی له‌ کاردانه‌وه‌ی هاووڵاتیان و کوردانی ئه‌و پارچه‌کانیتر ده‌بینرا.

له‌ یه‌که‌مین هۆکاری ساردی شه‌قامی کوردی و نه‌بوونی هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری، که‌سایه‌تی سه‌رۆک کۆمار بۆ ئه‌و پۆسته‌ به‌ کاریگه‌ر ده‌زانم، هه‌ر چه‌نده‌ له‌و باوه‌ڕه‌دام که‌ فواد مه‌عسومیش خاوه‌نی ده‌یان ساڵ خه‌باته‌، به‌ڵام به‌ وته‌ی فارسه‌کان که‌ ده‌ڵێن: ( هر کسی را بهر کاری ساخته‌اند ) باشتر بوو کورسیه‌که‌ی کۆشکی سه‌لام که‌ پشکی کوردە؛ که‌سێکی به‌هێزتری بۆ ده‌سنیشان ببایه‌ تا له‌م دۆخه‌ قه‌یراناوییه‌ی ئێستای عێراق کۆڵ نه‌ده‌رانه‌ به‌رگری له‌ ماف و ئیمتیازاتی کورده‌وه‌ بکات.

له‌ ڕۆژانی پێش یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی کاندیدی کورد بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار له‌ ڕیگای ڕاگه‌یاندنه‌کان و تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووک، زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کورد پێیان باشتر بوو که‌ دۆکتۆر به‌رهه‌م ساڵح وه‌ک که‌سێکی شیاو بۆ ئه‌م پۆسته‌ له‌ لایه‌ن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە ‌ ده‌سنیشان بکرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دیپلۆماتکاره‌ گه‌وره‌که‌ی کورد بوو به‌ قوربانی ئەو رۆژگارە پر رەمزو رازە.

که‌ واته‌  چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌ کردنی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان به‌رامبه‌ر به‌ یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆک کۆمار و دابه‌ش بوونی مه‌کته‌ب سیاسی ئه‌و حیزبه‌ بۆ دوو بەرە و سه‌پاندنی کاندیدێک به‌ سه‌ر دۆکتۆر به‌رهه‌م ساڵح هۆکاری ناڕازی بوونی شه‌قامی کوردییه‌ و ئه‌دا و هه‌ڵسوکه‌وتی سه‌رکرده‌کانی یه‌کیه‌تی سه‌ره‌کی ترین هۆکاری لاوازی کورده‌ له‌ پۆسته‌ سیادییه‌که‌ی.

به‌ تێڕوانینێک به‌ ڕووداوه‌کانی پاش ڕوخانی حکومه‌تی به‌عس بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ به‌ داخه‌وه‌ کوردستان خاوه‌نی هه‌ڵوێستێکی واحید به‌رامبه‌ر به‌ به‌غدا نه‌بووه‌ و حیزبه‌کان له‌ ژێر کاریگه‌ری وڵاتانی دراوسێ ئه‌دا و تێڕوانینیان به‌رامبه‌ر به‌ ناوه‌ند تووشی گۆڕانکاری بووه‌. له‌م قۆناغه‌شدا جگه‌ له‌ سوتانی کارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، مه‌ترسی گەورە ئەوەیە کەچلۆن کاری بۆبکەینەوە؛ سه‌ره‌ڕای شه‌هیدبوونی ڕۆڵه‌ قاره‌مانه‌کانمان له‌ سه‌نگه‌ره‌کانی به‌رگری له‌ خاکی نیشتمان، جارێکی دیکه‌ کورد لە سەر دەستی سەرۆکی ناشەرعی و سەپێنراو پاشه‌کشێی له‌و ناوچانه‌ کردوو گەراینەوە بۆ خاڵی سفر.

هه‌ر بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم که‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان له‌ به‌شداربوون له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و نه‌بوونی هیچ پاکێجێکی دیاریکراو و به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌ت بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی به‌غدا له‌ داهاتودا نیگه‌رانن و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ که‌ پۆستی سه‌رۆک کۆمار به‌ لایانه‌وه‌ خاڵی له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ بایه‌خ و ئیعتبارێک بێت.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.