هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

ئەو کاتەی دیکۆمێنتی کۆنکریتی دەردەکەوێت، ئەوکات هەمو ئەو دیکۆمینتانەی کە ساختەن و ماکیاجن روی راستەقینەیان دەردەکەوێت، دیکۆمێنت کاتێک قسە دەکات، ئیتر دەبێت ئێستا لەبەردەم دیکۆمێنتەکانی رابردودا بێدەنگ بن و گۆی بگرن، زۆر کارئەکتەری گەورە بون بەژێر هەرەسی دەسەڵاتێکەوە کە دیکۆمێنت و مێژوی بەخواستی سەرکردە ناشەرعی و پاوانخوازەکان نوسیوە، بەڵام لە دوردا و پاش هەرەسی دەسەڵاتەکە تەپو تۆزی سەر دیکۆمێنتە شاراوەکان رۆیشتوە و هەقیقەتە مێژوییەکان جارێکی تر لە سەر شانۆی روداوەکان خۆیان نمایش کردوەتەوە.
ئا لێرەوە سەرەڕای کەمی نوسراوی شۆڕشی نوێ و نەبونی دیکۆمێنتی کۆنکرێتی باوەڕ پێکراو ئەوەشی هەیە بەشێکی گەورەی دەگەڕێتەوە بۆ کاک نەوشیروان مستەفا، کە بتوانرێت ببێتە بەڵگە بۆ ئێستا، ئەوەی کە ماوەتەوە ئەو کەسانەن کە خۆیان کارئەکتەری ناو روداوەکان بون و تا ئێستاش لە ژیاندا ماون، ئەو سەرکردانەی کە رۆڵی پلە یەکیان هەبوە و چەند دیکۆمێنتێک هەیە بۆ کاری سەرکردایەتی کردنیان، بە هیچ هێزێک لە بەها و رۆڵی کەمناکرێتەوە.
لێرەوە من وەک کارئەکتەرێکی ناو ئەم شۆڕشە نوێیەو وەک ئەوەی بێسیمی کاک نەوشیروان مستەفا بوم بەتایبەتی لە راپەریندا، چەندین نوسراو و وێنە و نوسینەوەی روداوەکانی رۆژانی سەخت و سەرکردایەتی کاک نەوشیروان مستەفام لایە، دەتوانم بیسەلمێنم کە سەرکردەیەک بوە لە سەر ئاستەکانی (سەربازی و رێکخستن و فکری) چی رۆڵێکی گەورەی هەبوە، هەر لێرەوە ئەو پەیامەش بە هەمو سەرکردەکانی تر لە حیزبەکانی تر رادەگەیەنم کاتێک ئەو توانی سەرکردایەتی بکات هەمو سەرکردەکانی ناو حیزبەکان نەیانتوانیوە ئەو رۆڵە ببینن، کە نەوشیروان مستەفا بینیویەتی.
ئەم پەیامەم بۆ کاک مسعود بارزانیە کە ئێستە سەرۆکێکی ناشەرعی هەرێمی کوردستانە بەپێی ئەو دەستورەی کە خۆی واژوی کردوە و لە کاتی روبەڕوبونەوەی رژێمی بەعس سەرۆکی پارتی بوە، کە من پرسە نامەکەیم بینی لە ناخەوە توشی هەژانێکی گەورە بوم، کە وەک مەسعود بارزانی و شۆڕشی نوێ قەرزاری نەوشیروان مستەفان، ئەو شێوە سادەیە لەسەرخۆشی ئەوە دەردەخات کە دەیەوێت خۆی لە هەقیقەتە مێژوییەکان بشارێتەوە، کە نەوشیروان مستەفا بە درێژایی تەمەنی سەرکردایەتی کردنی باوەڕی بە هێزی نیشتمانی هەبوە کاری بۆ کردوە، من کە بێسیمی بەڕێزان کاک نەوشیروان و مام جەلال بوم لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی ترمدا، هەر لێرەوە ئەوە بیری کاک مەسعود بارزانی دەهێنمەوە کە کاتێ بەرنامەی راپەڕین دانراو هەمو ئامادەکارییەک لەسەر دەستی ئەندازیاری راپەڕین نەوشیروان مستەفا تەواو بوبو، کە کاک نەوشیروان زۆر جەختی دەکردەوە لە بەشداری پێ کردنی هەمو هێزەکان لە راپەڕین و مام جەلالیش بەردەوام لە پەیوەندی دا بو جەختی دەکردوە لە بەشداری پێکردنی هەمو هێزەکان بە پارتیشەوە، تا رۆحێکی نیشتمانی بکاتە بەر راپەڕین، هەر بۆیە چەندین جار ناردی بە شوێنتانا لە کەرەج و راژان، تا ئێوەش بەشداری ئەو راپەڕینە بکەن بێنە سەر سفرەی حازری، هەمو بروسکەکان گەواهی دەدەن کە کاک نەوشیروان ئەگەرچی هەمو ئامادەکاریەکی بۆ راپەڕین بەسەرکردایەتی خۆی و یەکێتی ئەو کاتە بوە، بەڵام ویستویەتی راپەڕین بکات بە نیشتمانی دەی وت (با بەیەک دەنگ و رەنگەوە بچینەوە ناو خەڵك).
ئەوەتان بیردەهێنمەوە هەر لە بەڕێکەوتنمان لە قاسمەڕەشەوە کە دێ بە دێ و شار بەشار هاوڕێی کاروانەکەمان بون، لەهەر وێستگەیەک کە دەوەستان قسەتان بۆ جەماوەری ناوچەکە دەکرد، بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەتان پێ ئەوتن، تاکو گەیشتینە مەسیف سەڵاحەدین لەوێ دو مقەری جیاتان دانا، بەڵام هەمو پرس و رایەک و بڕیارێک بە بێ کاک نەوشیروان نە ئەدرا، تەنانەت هەمو بروسکە گرنگەکان کە بۆم ئەهێنایت، پێت ئەوتم ئەگەر کاک نەشیروان پێی باشە منیش پێم باشە.
بۆ وەبیر هێنانەوە تەنها یەک بروسکە باس ئەکەم کە رژێمی بەعس لە هێرشێکی بەربڵاو بو بۆ گرتنەوەی کوردستان، بەرەی کوردستانی بڕیاری دا هەردو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان بتەقێننەوە، کاتێک بروسکەکە بە دەست من گەیشت بردم بۆ کاک نەوشیروان یەکسەر وتی ئەمە بڕیارێکە پێویستی بە بیرکردنەوەی ورد هەیە، دوایی مێژو رەحم بە کەس ناکات، ئەگەر ئەمە بکرێت، چونکە دو بەنداو و دو سەرچاوەی ئاوی گرنگ لە کوردستان لە دەست ئەدەین، هەر هەمان کات کاک نەوشیروان وتی بیبە بۆ کاک مەسعود بارزانی با ئەویش ئیمزاو بڕیاری لە سەر بدات، منیش هێنام بۆ بەڕێزتان و رەزامەندیت لە سەردا، پاشان کارەکە سەرکەوتو بو یان نا ئەوە پەیوەندی بە منەوە نیە، بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو رۆژە سەختانە کاتێک دوژمن هێرشەکانی فراوانتر کردو تۆپبارانی مەسیف سەڵاحەدینی ئەکرد، هەمومان مقەرەکانمان چۆڵ کردو بەرەو ئاراستەی کۆڕێ و شەقڵاوە ئەرۆیشتین، بەڕێزتان لەو هەمو پێشمەرگەو هێزەی کە لە گەڵتا بون کەسی دیار نەما جگە لە چەند پێشمەرگەیەک بە بێ ئەوەی ئێوە ئاگادار بن کاک نەوشیروان وتی بڕۆن ئاگاتان لە کاک مەسعود بێت، چونکە کەسی لە دەور نەماوە، کاک نەوشیروان باوەڕی بەسەروەری یاساو حکومەتی دامەزراوەیی هەبو بە خۆشەوە دەیویست هەمومان بکەوینە ژێر حوکمی یاسا هەر کات دژایەتی کەسێک یان حیزب و گروپێکی کردبێت، هیچ شتێکی شەخسی لە پشتیەوە نەبوە، تەنها ئەوە نەبێت کە دەیوست یاسا سەروەر بێت ئەوەی لە یاسا لای دا بێت ئەو دژی بوە، بە کەسانی ناو حیزبەکەی خۆشیەوە.
لە کۆتایدا دەڵێم مێژو شایەتی چەندان هەڵوێستی یاسایی و نەتەوەیی ئەم سەرکردەیەیە، ئەوە کاک نەوشیروان بوە کە توانیویەتی نەهێڵێت جارێکی تر شەڕی ناوخۆ روبداتەوە و ململانێی سیاسیی لە خوێنەوە گۆڕی بۆ ململانێی ئاشتیانە و خەباتی چەکی گۆڕی بۆ خەباتی قەڵەم و هیوادارم هیواکانی ئەم سەرکردەیە ببێتە خاڵی دروست بونی قۆناغێکی نوێ و سەروەری یاساکان و ئێمەش بەردەوام دەبین لە بڵاوکردنەوەی دیکۆمێنتەکان، تا وەک ئەرکی بەرپرسیاریەتی بۆ مێژو ئەو راستەیانە بخینەڕو.







هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت