هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

کە باس لە مێژوی شۆڕشێک دەکرێت، بەڵگە مێژوییەکان دەبێتە گەواهی ئەو ڕووداوانە.

ئەوانەی، کە بەشێک بوون لە ڕووداوەکان، بابێن و گەواهی ئەو ڕوداوانە بدەن و ببنە بەڵگەی کۆنکرێتی، وە ببنە فاکتێکی هەقیقی و ڕووداوەکان پشتڕاست بکەنەوە. لێرەوە ئەگەر ئەنفال وەک وێنەی دووەمی ئاشبەتاڵێکی تر سەیر بکرێت، ئەوا لە هەناویی دوای شەڕیی ئێران و عێراق و ئەنفالە بەدناوەکاندا، سەرکردەیەک هەیە، کە نەیهێشت وەک کەوتنی ئەسپی ئەیلول، ئاشبەتاڵێکی تر ڕوو بداتەوە.

نەوشیروان مستەفا، وەک کەسێکی بە ئاگا لە مێژووی دووبارەبوونەوەی هاوکێشە ناوچییەکان و پیلانداڕێژەریی هەستانەوەی پاش هەر کەوتنێک، ئەم بەئاگابوونە لای سەرکردەی شۆڕشەکانی تر بوونی نەبوو. بۆیە لە پاش کارەساتی ئەنفال، شۆڕشەکەی جێنەهێشت و چنگی پڵنگ ئاسای لە چیای سەرکەشی قەندیل گیرکردو، وەک فیگورێکی شتابیلی جاریی بەردەوامی شۆڕشی داو، هەستانەوەی بە سەرکەوتن و سەرکەوتنیشی کردە، ئاسۆیەکی ڕوون.

لەو قۆناغەدا، دەکرێت نەوشیروان مستەفا وەک رۆحی بەرگری و هەستانەوە وێنای بکەین. ئالێرەوە دوای ئەنفال، ئەم سەرکردەیە لەناو خێمەیەکەوە دەستی کردەوە بە ڕێکخستنەوەی هێزەکانی یەکێتی.

گوێزێی بناری قەندیل، پیگەی سەرەتای بڕیاردانی کۆکردنەوەی هێزە پەرشوو بڵاوەکەی یەکێتی پاش ئەنفال بوو. وە سەرەتای داڕشتنەوەو خۆئامادەکردن بە پیلانێکی وردو لێپرسراوانە، بۆ دەستپێکردنەوەی سەرلەنوێی خەباتێکی سەخت، بەڵام بە ئالەو داڕشتنی پیلانێکی نوێ. هەر ئەم ڕۆحیانەتە بوو لای کاک نەوشیروان، کە هەمیشە وا بیری دەکردەوە دوای هەموو کارەسات و شکستێک ئاسۆی ڕوون و هەستانەوە هەیە. بۆیە ئەم  ڕۆحیانەتە بوونی نەبوو لەو سەرکردانەی بەجیهانە خەیاڵییەکەی پڕۆلیتار، کە ڕیزیان بەستبوو ڕووەو هەندەران و، ئەوانی تریش لە لافلێدانی پێخەفی گەرمی کەرەجدا، کوردستان و کوردیان دەگۆڕییەوە بە خەوێکی قوڵ.

مانگی 3 ی  1988 دوای ئەنفالەکان شەرێکی جەبهەیی بە درێژایی 70کم، کە دوژمن هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراویی تیا بەکارهێنا [وەک لە بەیاننامەی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ]دا هاتووە، دوژمن بەقیمەتێکی گران سەرکەوتنێکی بچوکی لە گرتنی ناوچەیەکی جوگرافی تەسک بە دەستهێنا. ئالەو کاتەدا کاک نەوشیروان،مژدەی ئەدات بە خەڵکی کوردستان، ئەم شەرە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی ئەبێت لە جەنگی 27 ساڵەی گەلی کوردو جەیشی عێراقی دا، وە بە قازانجی گەلەکەمان ئەشکێتەوەو. وە ڕۆژی لە گۆرنانی بەعس نزیکە.

لە سەروەختی ئەنفالەکاندا مام جەلال لەدەرەوەی وڵات بوو، کاک نەوشیروان ڕاستەوخۆ، سەرپەرشتی  یەکێتی ئەکرد. ئەو لەهەوڵی ئەوەدا بوو هێزەکانی پێشمەرگە پەرتوبڵاو نەبن و نەچنە ناو شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، سەرەتا زووربەیان ئاگادارکران و لە سەرخەتێکی سنوریی، هەر لە قەندیل و قاسمەرەش و زەڵێ و بلەکێ و چێوەرۆ هەتا پاوەو دزڵی ….. وە هێزێکیشی لێ جیاکردەوە بە سەرپەرشتی جەبار فەرمان بەرەو هەورامان [هەڵەبجەو عەبابەیلێ و جەلیلەو … دەورو بەری]نارد، هەتا مانگی  10- 1988 لەوێ مانەوە.

من گەرامەوە بۆ گوێزێی بناری قەندیل، کە کاک نەوشیروان لەناو خێمەیەکدا سەرکردایەتی یەکێتی دەکرد. لە ناو ئەو خێمەیەدا، پلانی بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکان و خۆ ئامادەکردن بۆ ڕووبەرووبوونەوەی دووژمن بە تاکتیک و پیلانی نوێ. سەرەتا لە ڕێی بێسیمەکانەوە بەبروسکە، ئاگاداریی هەموو بەرپرسە سیاسی و عەسکەریەکانی یەکێتی کرد، کە بەپێی بەرنامە ڕووەو گوێزێ پاشەکشێ بکەن  تا هێزەکان بە شێوەیەکی نوێ و گونجاو  ڕێک بخرێنەوە، کە لە گەڵ ئەو بارو دۆخەی ئێستادا بگونجێ. پاشان دروستکردنی مەفرەزە پارتیزانەکان وە ناردنەوەیان بۆ ناوەوە.

ئەنفال، وەک ستراتیژی بەعس، توانەوەی  کورد لەبۆتەی عروبەدا بوو، یان تەفروتونا بکرێت. ئەم سیاسەتە فاشیانەی بەعس نەیتوانی کۆتایی بە شۆڕشی گەلی کورد بهێنێت. لەدوای ئەنفالەکان یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرپەڕشتی ڕاستەوخۆی کاک نەوشیروان توانی سەرلەنوێ خۆی ڕێک بخاتەوە. جیگۆرکیی بە پایەکانی خەباتکرد. سەرلەنوێ هیزەکانی خۆی پۆلینکردو، خۆی بۆ ئەگەرەکان ئامادەکرد.

لە ساڵی 1984 وە یەکێتی نیشتمانی لەهەوڵی ئەودا بوو، هەموو هێزە کوردییەکان لەبەرەیەکدا کۆبکاتەوە، ئەم دەستپێشخەرییە تا دوات ئەنفال و لە ژێر گوشاریی زەماندا، هێزەکانی تر بەتایبەتی پارتی” ڕەتیان دەکردەوەو، ئەوە بوو لە ئابی 1988 دا بەیانی دامەزراندی بەرەی کوردستانی درا.

راستە بەرەی کوردستانی درەنگ دامەزرا، بەلام لەکاتی راپەرین دا، توانی ڕۆڵی خۆی لەسەرکردایەتیکردنی ڕاپەڕین ببینێت.

کاتیک بەرەی کوردستانی دامەزرا، بەپێی ڕێکەوتنێکی سیاسی، هەڤاڵ مام جەلال بۆ سەرۆکی بەرەی کوردستانی لەدەرەوەی وڵات و، کاک مەسعود بارزانی یش بۆ بەسەرۆکی بەرەی کوردستانی بۆ ناوەوەی ولات.

هێشتا سەدام هەڵە گەورەکەی ئەنجام نەدا بوو، وە  |دەوڵەتی کوەیەتی| داگیر نەکردبوو، کاک نەوشیروان، بەپێی بەرانەمەیەکی گونجاو، مەڵبەندەکانی هەڵوەشاندەوەو، هێزی پێشمەرگەی بە شێوەی بەتالوێن ڕێکخستەوەو مەفرەزە پارتیزانەکانیشی گەشە پێدا.

کاتێک سەدام |دەوڵەتی کوەیەتی| داگیرکرد، هێزەکانی یەکێتی بە پێی ڕیکخراوەییە نوێکە، ڕێکخرا بوو. ئامادە بوو بۆ هەر ئەگەرێکی نوێ. ئەوەی گرنگە دەبێت ئاماژەی پێبدەم: لەسەروەختی داگیرکردنی دوڵەتی کوەیتدا، هەڤاڵ مام جەلال لەدەرەوەی وڵات بوو، بۆیە تەواوی ئەرکو پیلان و بڕیاری جێبەجێکردنی ئەرکی یەکێتی لەدەست کاک نەوشیرواندا بوو.

پاش داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سەدامەوە، سەرکردایەتی و (م. س)یەکێتی خۆیان بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەکردو، دەستکرا بە کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، وە ئێمەش وەک دەزگای بێسیمی (ی.ن.ک)ئاگادارکراینەوە کە چەند جیهازێکی زیادە و پێویستەکانی ئامادەبکەین، ئەرکەکانی خۆمان جێ بەجێکرد. هەفتەیەک پێش ڕاپەڕین جیهازێکمان تەسلیمی خوا لێخۆش بوو کاک عزیزبەگ کرد بۆ ڕانییە، وەجیهازێکی تر بۆ ڕێکخستنی سلێمانی لەڕێی ره‌تڵی پارتیزانەکانی سورداشه‌وه (شەهید غه‌ریب هه‌ڵه‌دنی)، ‌جیهازیکیش ئامادەکرا بۆ ناو کەرکوک، ئێمە پەیوەندییەکانمان زیادی کرد. هێزی پیشمه‌رگه‌و ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکرادیه‌تی له‌گەڵ فه‌رمانده‌ مه‌یدانیه‌کانی هێزی پیشمه‌رگه‌دا، دابه‌شی سه‌ر 10 میحوه‌ره‌که‌ بووین، هه‌ر له‌ خانه‌قینەوه‌ تا زاخۆ. ڕاستەوخۆ لەسەردەستی کاک نەوشیروان دادەنرا و جێبەجێ دەکرا.

یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌ڕێی وه‌فدێکی سه‌رکردایه‌تی، ته‌واویی به‌رنامه‌که‌ی نارد بۆ کاک مه‌سعود بارزانی. له‌ هه‌فته‌کانی کۆتایی دا، کاک نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ خۆشی سه‌ردانی کاک مه‌سعودی کرد له‌ ڕاژان، تا له‌ نزیکه‌وه‌ به‌رنامه‌و میکانیزمه‌کانی جێبه‌جێکردنی پلانی ڕاپه‌رینی بۆ شیبکاتەوەو، قه‌ناعه‌تی پێ بکات، که‌ زه‌مینه‌سازی ته‌واوکراوه‌ بۆ ڕاپەڕین، ئەوکات کاک مەسعود و پارتی قەناعەتیان بە ڕاپەڕین نەبو، وە نەیان دەزانێ، کە هاوکێشەکان گۆڕاوەو، زەمینە لەبارە بۆ ئەوەی کورد بتوانێت ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە.

کاتێک بەرزانی و پارتی بڕیاری بەشداریکردنی ڕاپەڕینیان دا، بەپێی بەرنامەی دارێژراو ئامادە، بەشدار بوون، تەنها هێز و لێپرسراوییان لەو شوێنانەدا بەپێی بەرنامە ئامادەکراو و دارێژراوەکە پاش گفتوگۆکردن لەگەڵیان، جێگیرکران و بەشداربوون.

ئێمە وەک عەدەد جیهازەکان کەوتینە جووڵە بۆ شوێنە دیاریکراوەکان، وەهێزەکانی یەکێتی بەرێ کەوتن بەرەو سنورەکانی خۆیان. بۆ نمونە گەرمیان و سلێمانی، کە چەند ئەندام مەکتەبی سیاسییەک سەرپەرشتیان ئەکرد، کە هێزەکانیان لە پاوەو دزڵی کۆکرابونەوە بۆچونە خوارەوە.

پێویستە لێرەدا ئەوە بڵێم: هێزەکانی پارتیزانی، بەپێی بەرنامەیەکی پێشوەخت گەشەیان پێدەدرا، بە مەفرەزی پچووک، پچوک. ئەوانیش بەپێی بڕیاری سەرکردایەتی لەئامادەباشیدا بوون، بۆ بەشداریکردنی ڕاپەڕین.

هێزەکان کەوتنە ئامادەباشییەوە، بۆ نمونە هێزەکان لە دزڵی و پاوەوە بۆ گەرمیان، لە بلەکێ وە بۆشارباژێر، لە قاسمەرەش و زەڵێ بۆ ئاسۆس و پیرەمەگروون. هەروەها سێ جیهازی ئیحتیاتی ڕاکاڵمان لە زەڵی ئامادەکرد، جگە لەوەی ڕادیۆیەکی سەفەری بۆ ئەم مەبەستە.

ئەو ماوەیە بروسکەی زۆر ئاڵ و گۆڕ ئەکرا لە نێوان کاک نەوشیروان و کاک مەسعودو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی، هەروەها بەردەوامیش پەیوەندی هەبوو لە نێوان کاک نەوشیروان و مام جەلال، کە ئەو لەدەرەوەی وڵات بو.

ئێمە لە چاوەڕوانی کاک مەسعود و برادەرانی پارتی بووین بۆ ئەوەی بێن بۆ قاسمەڕەش، بەداخەوە ئەوان زۆر دواکەوتن و تا ئەوکاتەش کە بەڵینیان دابو بەشداریی بکەن باوەڕیان بە ڕاپەڕین نەبو، کاک نەوشیروان و مام جەلال زۆر تەئکیدیان لە یەک دەنگی ماڵی کورد ئەکرد، دوای ئەوەی کە کاک مەسعود و برادەرەرەکانی گەیشتنە لای کاک نەوشیروان لە قاسمەڕەش، لەوێوە بەرەو ڕانیە بەڕێکەوتین.

 سیستەمی جیهازی یەکێتی پێشکەوتوو بوو، بۆیە کاک مسعود لەڕێگەی ئێمەوە زیاتر هەواڵەکانی پێ دەگەیشت. وە هەروەها ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان کاریگەریی زۆریی هەبوو. دەقە بە دەقە هەواڵی خۆش و سەرکەوتنی گەلەکەمان وه‌رده‌گرت.

کاک مه‌سعود و کاک نه‌وشیروان پێکه‌وه‌بون و، من وەک عه‌ده‌دجیهاز لە گەڵیاندا بوم، بۆیه‌ هه‌واڵه‌ گه‌رموگوره‌کانم ئه‌دا پێ یان.

له‌دوای ڕزگارکردنی هه‌ولێر، کاک مه‌سعود و کاک نه‌وشیروان به‌پێێ به‌رنامه‌یه‌ک لێک جیابوونه‌وه‌. ئه‌وه‌بو ڕزگارکردنی که‌رکوک به‌ کاک نه‌وشیروان سپێردراو، لەشەوی نەورۆزدا ئەم ئەرکەکەی خۆی جێ بەجێکرد، ڕزگارکردنی موسڵیش به‌ کاک مه‌سعود سپیردرا، بە داخەوە جێ بەجێ نەکرا.

بەڵێ، نەوشیروان مستەفا لەژێر خێمەیەکی بناریی قەندیلەوە، بە کۆمەڵێک هیواو پشت بەستن بە باوەڕە پۆڵاینەکەی و خوێندنەوە بۆ هێزە ئازاو خۆنەویستەکەی یەکێتی و، پەی بە شەوەزەنگی دوای ئەنفال داو، چۆکی دانەداو، مردنی پێباشتر بوو، نەک چۆڵکردنی مەیدانەکە و. بەردەوامی، ئاسۆی پڕ هەلی بۆ بژاردە دەکردو. ئەمیش لێزانانەو، لێپرسراوانە، هەلەکانی دەقۆزتەوەو، وەک سەرکردەیەکی کاریزماو مامۆستا، نەخشەی ڕزگاریی کوردی لە باشوور گرتە ئەستۆ و،  لەبەردەم خواو گەلەکەییدا بە سەرکەوتنی گەیاند.

لەدوای ڕاپەرینش، بەرهەمی ژیریی داڕێژەریی ئەوە، نەوشیروان مستەفاش ئەو پیاوە بو لە پێناو دروستکردنی حکومەتی هاوڵاتی و بە نیشتمانیکردنی کۆی هێزە نیشتمانییەکان خەباتی دەکرد، ئەوانەی ئەمڕۆ دەستەڵاتیان لایە دەبێت ئەو ڕاستیە بزانن، کە ڕۆژی دێت دەدرێنە دادگای نیشتمانی و نەوشیروان مستەفاش دەبێتە سمبولی ڕاستگۆی و پاکی بۆ نەتەوەکەی.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە