هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

بە درێژایی مێژوو، کورد هەلێکی وا گەورەی بۆ هەڵنەکەوتووە، کە زۆربەی کوردستانی باشور لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێت، بەردەوام دابەش بوە بەسەر دو بلۆکدا نەتونراوە خاکی کوردی هەموی بچێتە ژێر دەستی حکومرانی کوردیەوە، بە تایبەتی کەرکوک و خانەقین و شەنگال. کورد زیاد لە سەدەیەکە بە بەردەوامی لە خەبات و تێکۆشاندایە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، لەئێستا بەهۆی کۆمەڵێک چەمکی سیاسی و بەرژەوەندی، ڕەوشێک هاتۆتە ئاراوە، دەتوانرێت کورد خۆی تیا بگەیەنێتە ئاستی داخوازییەکانی و جێگەو پێگەی خۆی وەک کیان تیایدا بناسێت. ئەوەی لە ئێستا بەدەستهاتووە، دەتوانرا لەماوەی 26 ساڵی حوکمڕانیدا لە باشوور، پێگەکانی دەوڵەتداریی لە ئابوورییەکی بەهێز و نەوای دابینکردنی بەرەنگاریی سەربازیی و ڕایەڵە سیاسیەکانی باشتر ئامادە بکردایە، بەڵام نەی کردووە. لەدوای رووخانی سەدام و هاتنی داعش و لە ئێستاشدا ڕووەو کۆتایی هاتنی، ڕەوشی ناوچەکە بەهۆی قەبەیی ململانییە سیاسی و داراییەکان و بەریەککەوتنە جیهانی و ناوچەییەکانەوە، پێویستە کورد پێداگری لەسەر چارەنوسی خۆی بکات و ببێتە بەشێک لە لە دەستکاریکردنی نەخشەو گۆڕانکاریی ناوچەکە، ئەمەش لە خۆڕا نابێت، پێوستی بە کۆمەڵێک ئامادەکاریی جدی هەیە، تا خۆی بخزێنێتە نێو وەدەستهێنانی بڕیارەکانەوە. هێشتا داعش لەناوچەکەدا ماوە، هێزە گەورەکان بە دەوڵەتانی ناوچەکەشەوە، هێز و جەبەخانەی سەربازیی پەلکێش دەکەن بۆ ناوچەکە، قسە لەسەر کۆمەڵێک ململانێی نوێ هەیەو ڕۆژانە گۆڕانکارییەکان بەرزو نزم دەکات، ترسی ئەوە هەیە لەدوای داعشەوە ململانییەکانی جیهان و ناوچەکە بەئاقارێکی ترسناکتردا بڕوات. کەچی کورد لەسەر پرسی ڕیفراندۆم ناکۆکە، گەر ناکۆکییەکان نەگاتە ئەوەی هەموو لایەک بەگیانی لێپرسراویی و بژاردە دانان لەسەر سوتاندی دەستکەوتەکان، دەکرێت ترسی لەبارچوونی هەموو دەستکەوتەکان بکرێت و بگەڕێینەوە بۆ خاڵی سفر. پارتی چەمکی پرسی ڕیفراندۆمی گرتووە بەدەستەوەو وەک حیزب بژاردەی بۆ دەکات، ئەم ڕێگایەش بڕینی هێڵی سوری رەهەندە نیشتمانیەکانە کە لە غیابی پەرلەماندایە، هەڵەیەکی سیاسی کوشندەو داڕشتەی مێژوویەکی ڕەشە، بۆیە دەکرێت لە کاتی کایە نیشتمانییەکاندا کۆمەڵێک فاکت هەیە ڕەچاویی بکرێت، بەتاکە هێزێک ناتوانرێت نەبڕیاری لەسەر بدرێت و نە ئەنجام بدرێت وەک ڕیفراندۆم لەسەر چارەنوسی گەلێک. ڕەچاوکردنی کۆمەڵێک خاڵ، یان بەدیووەکەی تردا پشتگوێ خستنی ڕەچاوکردن، ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، بەم ئالیەتانەی کە لەبەردەستدایە، زیانی زۆریی لێ دەکەین، نەک دەگەین پێی. بۆیە لە پشتگوێ خستنی ئامادەکارییەکاندا، کە تا ئێستا خۆمان بۆ ڕێکنەخستووە، لەوانە، پتەکردنی ئیدارەی هەرێم وەک دەزگایەکی دامەزراوەیی و بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە و کاراکردنی هەر پێنج دەستەڵاتەکە و ئاشتی کۆمەڵایەتی و، هەروەها ڕایەڵە دیبلۆماسییەکان و ڕازیکردنی زۆربەی وڵاتان، دەکرێت ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەچاو بکەین و چارەسەری بۆ بدۆزینەوە:
1- لە ئێستای عێراقدا هێزێکی تری بە ناوی حەشدی شەعبی لە ئامادەباشی دایە بەرامبەر بەکورد، کە خەتەریی هیچی کەمتر نی یە لە داعش، وە بەتایبەتی کە سنورێکی دورو درێژمان لە گەڵیان هەیە هەر لە شەنگاڵەوە هەتا حەمرین، وە ئیمکانیەتێکی زۆری مادی و چەکی قورس و سوک [کە زیاد لە 100 دەبابە] لە بەردەستدایە، دڵنیابن حەشدی شەعبی لە دوای رزگار کردنی حەویجە پەلاماری کەرکوک دەورو بەری ئەدات، دەبێت ڕێگا چارەیەکی بۆ بدۆزینەوە.
2 – بزوتنەوەی گۆڕان هەتا ئێستا لە هیچ شوێنێکدا نەی ووتووە دژی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆم. دەکرێت لەم پرۆسەدا ڕەچاویی داخوازییەکانی بکرێت، گەر پشتگوێ بخرێتە، ئەوا کۆی پرۆسەکە دەخرێتە ژێر پرسیارەوە.
3 – ژێرخانی کورد لە ئێستادا زۆر خراپە جگە لەو هەموو کەم و کوریە خزمەتگوزاریانەی لە ئاوو کارەباو … هتد، بوونی هەیە، دەکرێت وەک فریاکەوتنێکی خێرا پشت بە گوندەکان ببەسترێت و لەبەرنامەیەکی خێرادا پرۆژەیەکی فراوان بنیادبنرێت و لایەنی بوژاندنەوەی گوندەکان دەست پێبکات، تا لەکاتی گەمارۆیی ئابووری لانی کەم بەرگەی دەرکەوتەکانی گەمارۆ بگرین.
ئێستا ڕیفراندۆم سەرەتاکانی گەشبینی پرۆسەکە نادیارە، کەچی شەقامی کوردیی بۆتە دوو بەرەوە، بەرەیەک لە گۆران و کۆمەڵ و… هتد، وەک لە بەیاننامەو وتە فەرمییەکانیاندا دەبیسترێت، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان ئەم ڕیفراندۆمە ماوەیەکی تر ئەنجام بدرێت و کۆی حیزب و کۆمەڵگای مەدەنی و حکوت و خەڵک بەگشتی تیا بەشدار ببن ، لەوانە:
A- پتەوکردنی ماڵی کورد
B- ڕێگاچارەیەک بۆ گەشەکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێم
C- ڕازیکردنی تورکمان و ئاشوری عەرەبەکانی ناو کوردستان، بە پرۆسەکە
D- گەشەپێدان هێزی پێشمەرگە لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە
E- هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی دەوڵەتانی ناوچەکەو جیهان، تا پشگریی پرۆسەکە بکەن.
ئەم خاڵانە، دەچێتە ئاستی دڵسۆزی و گوێدان بە پرۆسەکە، نەک بەرەی دژ. بۆیە لە ئێستادا ململانییەکان لەسەر پێگەی باڵای حیزب و کەسایەتی، ببێتە هۆکاریی پشتگوێخستنی کۆدەنگی و دوو بەرەیی لەم پرۆسەدا، هەموولایەن بەرپرسیار دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی هۆکاریی سەرەکین لەم ململانییەدا وەک پارتی، لەکاتێدا پرۆسەکە لەبار بچێت، بۆیە پێویستە بە گیانی بەرپرسیاریەتیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە نیشتمانیەدا بکەین نەک بۆ بەرژەوەندی وڵاتان یان بۆ ڕیکلامی هەڵبژاردنەکان و وەک خەتی سور بیبینین.

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە